ئەدەب بایۆگرافی

خوشکێک گوڵی بەر ڕۆژە

نیهایەتی خوشکم لوتکەی شادی بوو. هەر بۆیە گوڵە بەر ڕۆژە پەسەندترین گوڵی ژیانی بوو. هەندێ جار ووشەی کەسێکت بە درێژایی ژیانت لە گوێ و هەستت دا دەزرنگێتەوە . ئەو دەیوت “ژیان شادیە بۆچی ئێوە کە سیاسەت دەکەن ژیان زۆر غەمگین دەبینن”. لە هەموو کاتەکاندا ژیانم ئەم وشەیەی دەیهێنایەوە پێش زەینم و هانی دەدام لەم مانا قوڵەی خوشکە گوڵەبەرڕۆژەکەم لە شادی ژیان تێ بفکرم.
تا ئەو ڕۆژەی خۆم لە دەشتاییەکی پڕ لە گوڵە بەڕۆژەدا بینیەوە و شادیەک سەرتاپای داگیرکردم. دەبوایە وەک گوڵە بەر ڕۆژەکان بگەشێیتەوە و ڕوو لە ڕوناکی بکەی تا بزانی مانای ئەو ووشانەی خوشکە گوڵە بەر ڕۆژەکەی من چی بوو؟
ئەو خوشکەم هەمیشە وەک گوڵی بەر ڕۆژ دەم بە خەندە بوو و تا ڕوناکی هەبوایە ئەو گەشاوە و جوان بوو. ئەو دڵێکی هەبوو کە هەر سوپاسگوزاری بۆ ژیان دەزانی. خۆشەویستی ئەو بۆ من گەورەترین سوپاس گوزاری بوە کە هەمیشە هەستی شادیم دەداتێ. دەبێ چ نهێنیەک لە نێوان ئەو هەموو شادی و جوانیەی ئەو لە ژیاندا و ئەو هەموو جوانیەی ئەم گوڵە بەر ڕۆژانەدا هەبوبێت کە دەڵێی دوانەی ژیانن و سروشت بە یەک سک هەردوکیانی بوو بوو.
ئەو مرۆڤانەی وەک گوڵە بەر ڕۆژە هەمیشە ڕوناکی دەدەن خۆری ژیانی ئێمەن. ژیان بۆ هەمیشە پڕ دەکەن لە مانا و هەستی گەرم و گوڕی پەیوەندیمان پێکەوە. ئەو زۆر زوو ڕۆشت، تەنیا ٣٦ جار گوڵی ژیانی گەشایەوە، بەڵام یادەکانی خۆی لەگەڵ هەستی هەموو گوڵەبەڕۆژەیەکاندا بۆ بەجێ هێشتم. دوای چارەکە سەدەیەک هێشتا ئەو هەستەکانی زیندوون و هەمیشە ڕوو لە خۆر دەکەن تا پێم بڵێ ژیان خۆشە و دەبێت هەمیشە شاد بژین تیایدا.

Add Comment

Click here to post a comment