ئەدەب

بۆچی هەستی شادمانیمان هەیە لە بەرزایی دا ؟

شادیەک لە بەرزایی دا هەیە. ئەو هەست بە بەرزبونەوەیە، هێزێکی شاراوەیە کە لە چاو مانەوە لە نزمایی دا شادیەک دروست دەکا. ئەمە هەستی گەیشتنە بە ئاستێکی باڵا. ئایا باڵندەکانیش هەمان هەستی چون بۆ باڵایان لە کاتی فڕیندا هەیە؟
نازانم بۆ باڵندەکان بەڵام ناخی مرۆڤیش بەرزایی و نزمی بەهەمان شێوەی سروشت هەیە. کاتێ هەست و ویژدانی ئینسانی بەرەو بەرزایی دەچێ و لە نشێوی ڕق و خۆپەرستی قوتار دەبێ، کە پێدەشتەکانی ژیانی ڕۆژانەی تەنیوە، وە مرۆڤ هەست دەکا کە ناکەوێتە ئەو چاڵانەوە کە کینە و بەرژەوەندپەرستی لە سەر ڕێگای ژیان هەڵیان کەندوە، هەنگاوەکانی خۆشەویستی جۆری مرۆڤایەتی دەچنە ئەو بەرزایی و شاخانەی کە دەتوانین لێیانەوە ئاسۆ و دیمەنی ژیانێکی ئینسانی ببینین.
سەرکەوتن بۆ بەرزایی شاخە سروشتیەکان هەر چەند سەخت بێت هێشتا لەوانەیە هەر بتوانین بە یارمەتی ئامڕازی جۆراوجۆر بگەینە لوتکەکان و دیمەنی جوانی سروشت بەتەواوەتی ببینین. بەڵام بەرزاییەکانی دەرون و هەست و کەلتوری مرۆڤایەتی کاری زیاتر و سەختتری دەوێ تاکو شاخەوانان و کاروانی ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێ بگەنە لوتکەی مرۆڤایەتی بۆ پەیداببێ. کاتێکی دەوێ تا فێربین کە نزمی کەلتوری چەوسانەوە ئەو ئاستەنگانەیە کە لەلایەن دەسەڵات و لایەنێکەوە بۆ ڕیگرتن لە گەیشتنی مرۆڤ بە لوتکەی مرۆڤایەتی دروست کراوە.
مرۆڤایەتی بۆ جێهێشتنی سروشت و کەلتوری نزم و ناشایستەی مرۆڤ پێویستی بە قارەمانێتی و ئەقڵێکی وایە کە ئامڕازی بەرزبونەوەی بەسەر عەقڵ و کەلتوری دەستەمۆکردن و سوک کردن و بەکەم سەیرکردنی مرۆڤەکانی تر دروست بکا.
ئەمە ئەو هێزەیە کە لە گەیشتنە بەرزاییەکانی هەستی ئینسانیدا شادی ژیانێکی شایستەی مرۆڤمان پێ دەبەخشێ و هەربۆیە هەمیشە هەوڵی گەیشتنە لوتکەی ئەو کەلتورە بەرزە دەدەین تا دیمەنی مرۆڤایەتی بە تەواوەتی ببینین.

Add Comment

Click here to post a comment