کۆمۆنیزم

پرسیارەکانی ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ

بۆ هاوڕێی خۆشەویستئاسۆ کەمال

وێڕای سڵاو و ڕێزمان،

وەک، بە پێویستی دەزانین لە هەلومەرجی سەخت  و دژواری ئەمڕۆی جیهاندا….. لەگەڵ بەڕێزتان ئەم گفتووگۆیە ساز بکەین بە هیوای ئەوەی، کە هەم ڕۆشنایی بخاتە سەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی سەرمایەداری لەم قۆناغە تێپەڕ و هەستیار و مەترسیدارەدا، چ  لە ئاستی فراوانبوونەوە و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری سەرمایەداری و  چ لە ئاستی ئاڵوگۆڕە سیاسی یە جیهانی، یان لۆکەڵییەکان لە نێو عێراق و کوردستاندا. هاوکات دەرگایەک ئاواڵا بکات بۆ گفتووگۆیەکی هەمەلایەنەتر و فراوانتر، لانی کەم لە نێو ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا و هەموو ئەو ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە کۆمۆنیست و بەشێک لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا دەبینن.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: جیهانی سەرمایەداری لەئێستادا، لە نێو شەپۆلێکی گەورەی قەیرانی ئابوری سیستمەکەیدایە. باسی ئێمە لێرەدا باسی قەیرانی ئابوری نیە، بەڵکو باسە لە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا لە ئاستە جیهانیەکەیدا. دەزانین کە بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا گوژم و تینێکی بەهێزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لایەنی کەم دەکرێت یەکی ئایاری ئەمساڵ -ڕۆژی جیهانی کرێکار- بکەینە خاڵی وەرچەرخانێک لەمبارەوە… بزووتنەوەیەک کە دژ بە گرانی و برسێتی یە، لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و  ئەندنوسیا و فلیبین….. هتد، پرۆلیتاریا وەک هێزێک، ئەگەرچی پەرشووبڵاو، بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی بەردەوام ناچارکراوە کە ناڕەزایەتی بکات و لەمبارەوە درێغی نەکردووە. پرسیار ئەوەیە ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی  دیاری بەدەستنەهێناوە. هۆی سەرەکی ئەم پۆینتە چییە؟

ئاسۆ کمال: سەرەتا سوپاس بۆ ئێوە کە ئەم پرسیارە گرنگانەتان خستۆتەڕوو. هیوادارم کە لە دورودرێژی وەڵامەکانم خوێنەر بێزار نەبێ چونکە باسەکان خۆیان قوڵ و هەمەلایەنەن. لەڕاستیدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە  لێکۆڵینەوە و هێنانەوەی فاکت و سەرچاوەیان پیویستە و ناکرێ کە هەر وەک ستەیتمەنت و ڕاگەیاندنی ڕای بڕاوە بخرێنەڕوو. هەربۆیە من هەوڵم داوە سوود لە لێکۆڵینەوەی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” [1]وەرگرم و لێرەدا وەک ئەنجامگیری هەندێ شت هاتوە کە کەسانێک بیانەوێ وردەکاری بۆچونەکە بزانن دەتوانن سود لەو سەرچاوەیە ببینن. ئەوانەی تریش کە لە شوێنی تر وەرم گرتوە سەرچاوەکەیم نوسیوە.

لێکدانەوەی لاوازیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی جیهانیدا باسێکی بەرفراوانە و پێویستی بە هێنانەوەی بەڵگەی زۆرە بۆ خستنەڕووی هەموو لایەنەکانی کێشەکانی ئەم بزوتنەوەیە. لێرەدا چەند خاڵێک سەبارەت بەم کێشانە باس دەکەم.

سەرەتا پێویستە بە دیدێکی هەمەگیر و ئۆرگانیکەوە بڕوانینە چینی کرێکار و بزوتنەوەی کرێکاری. واتە نابێت بەتەنیا خەباتی ئابوری یان خەبات بۆ کرێ و باش بژێوی ژیان بە جیا لەباقی هەوڵەکانی تری ئەم چینە دژی سیستمی سەرمایەداری لەبەر چاو بگرین. لەبەر ئەوەی ئەوەی لە مەیدانی خەباتی ئابوری کرێکاراندا وەک لاوازی دەیبینین خۆی پەیوەندی بە جێگاوڕێگای چینی کرێکار و ئاستی خەباتی سیاسی و ڕیکخراوەیی ئەم چینە و سەرجەم سیاسەت و هێرشەکانی دەوڵەتی سەرمایەداران و چینی سەرمایەدارەوە هەیە. هەر بۆیە لەم لێکدانەوەش لە مەیدانی خەباتی ئابوری پێویستە لەو هەلومەرجە مادیە بکۆڵینەوە کە ئێستا ئەم چینەی تێدایە و هەروەها لە ئاستی وشیاری چینی کرێکار بەم هەلومەرجەی چەوسانەوە و ئەزمونی خەباتی کرێکاری و ئاسۆیەک کە ئێستا لە نێو کرێکاراندا بۆ باشترکردنی ژیانیان و ڕزگاریان لە دەست ستەمی سەرمایەداران و حکومەتەکانیان.

وەک ئێوە باستاکردوە کە ناڕەزایەتیەکان دژ بە گرانی و برسێتی و لەپێناو بەرزبوونەوەی کرێدایە. ئەم ڕاستیە ڕەنگدانەوەی چوار دەیە لە کەڵەکەی سەرمایەیە لە سایەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری نیولیبرالیزمدا کە لە ئاستێکی جیهانیدا پەنای بردۆتە بەر سیاسەتی لێگرتنەوەی خزمەتگوزاریەکان و بڕینی کرێ و دەرکردن لەسەر کار و هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئاستی گوزەرانی کریکاران دەست پێکردوە. بەتایبەت لەو کاتەوە کە توشی قەیرانێکی گەورە بوەوە  لە ٢٠٠٨ و  بۆ دەرچوون لەم قەیرانە ئەم هێرشانە زیاتر بوە و ناڕەزایەتیەکان کاردانەوەیەکن بەرامبەر بەم هێرشانە.  ئەم واقعیەتە و سیاسەتی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان تەنیا پەیوەست بە قەیران نیە و فاکتەرە ئابوری و سیاسیەکانی تریش بەشدارن لە قوڵ کردنەوە و درێژەکێشانی ئەم دۆخە نالەبارەی ژیان و ستەمی سەر کرێکاراندا. ڕێژەی چڕبونەوەی سەرمایە لە دەستی ٪١ چینی سەرمایەداردا کە ئێستا ٪٥٠ و لە کۆتایی ئەم دەیەدا واتە ٧ ساڵی تر ٪٧٥ داهاتی کۆمەڵگە پاوان دەکات، ئاڵوگۆڕێکی بەرفراوان و خێرای لە بازاڕی کار و بەرهەمهێناندا دروستکردوە. یەکێک لە ئاکامەکانی دڵنیانەبونی کرێکاران لە پەیداکردنی کار  و بێکاری ملێۆنیە، کەئەمڕۆ بوەتە کێشەیەکی جیهانی ئەم چینە.  ئەمەش ڕادەی توانایی ئەم چینەی لە خەباتی ڕۆژانەدا هێناوەتە خوارەوە و ئاکامەکانی وەک دابەزینی کرێ و هاتنەخوارەوەی ئاستی بژێوی کرێکاران لە چاو گەشەی توانای بەرهەمێنانیاندا*[2] و  ئەمەش پێشبڕکێ بۆ پەیداکردنی کاری لە نێوکرێکاراندا زیاد کردوە. ئەم فاکتەرە ئەگەر لە پاڵ فاکتەری گلۆبالیزم و چڕ بونەوەی سەرمایە لە دەست کۆمپانیا گلۆباڵەکان و کۆنترۆڵی بەرهەمهێنان و بازاڕی کار بەپێی قازانجی ئەم کۆمپانیا و دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالیستەکان سەیر بکەین، دەبینین کرێی کەم و بێکاری ملیاردی کە ڕوبەڕوی چینی کرێکاری جیهانی بوەتەوە ژیانی ئەم چینەی چۆن ڕوبەڕوی هەلومەرجی کۆیلایەتی هاوچەرخ کردۆتەوە، وەک هەلومەرجی کرێکارانی دابڕاو لەیەکتر و پریکاریەت و جێگرتنەوەی کرێکار بە ڕۆبۆت و ئامێرەکان. سەرمایەی مالیش کە سوڕی گەڕانی سەرمایە و کەڵەکەکردنی سەرمایەی لە ڕێگەی بانک و بۆرسەوە کۆنترۆڵ کردوە ئەمەش توانای کڕینی کرێکاران و کرێی هێناوەتە خوارەوە تەنانەت بۆ ئەو بەشانەش لە کرێکاران کە لەسەر کاردان. ئەمەش قەڵشتی چینایەتی و جیاوازی ئاستی ژیانی چینی کرێکاری لە چاو چینی سەرمایەداراندا بەوپەڕی گەیاندوە و  کرێکارانی توشی نامۆیی و خۆبەکەم گرتن و نائومێدی زیاد کردوە.

لەپاڵ هەموو ئەم واقعیەتە ئابوریانەدا ئێمە لە دەورانی دەسەڵاتی چەند دەیەی نیولیبرالیزمدا دەژین کە سیاسەتەکانی فشاری گەورەی لەسەر ئاستی خەباتی کریکاران داناوە. یەکێک لە کاریگەریەکانی ئەم سیاسەتانە دابەزینی ئاستی ڕیکخراوبونی کرێکارانە لە سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکاندا، بەتایبەت لە رۆژئاوادا کە مێژووی نزیک بە دوو سەدەی لەم ئەزمونی ڕیکخراوە جەماوەریانەدا بوە. لە ٤٠ ساڵی ڕابردودا ڕیکەوتنەکانی نێوان سەرمایەداران و کرێکاران کە پیشتر لە ڕیگەی ڕیکخراوە  کریکاریەکانەوە دەکرا لەسەر کار دابەزیوە بۆ نیوە.*[3]

میدیای نیولیبرالیزم لە شکستی جیهانی سۆڤیەت و سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەو بەرەیەدا هێرشێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی گەورەی کردە سەر هەموو جۆرە سۆشیالیزم و بیروڕای ڕزگاری چینی کرێکار و ئایدیۆلۆژی تاکگەرایی و خۆپەرستی بورژوازی زاڵترکردوە. یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم هێرشەش ئەو دابەزینی ئاستی ڕیکخراوبونەی کرێکاران و هێرشی زیاتری حکومەتە نیولیبرالیستەکان بوە بۆسەر یەکێتیە کرێکاریەکان و سەپاندنی یاسای دژی مانگرتن و خۆپێشاندان. لە سایەی ئەم دۆخەشدا لە ئاستی جیهانیدا بزوتنەوەی ناسیونالیزم و ئیسلامیزم و نازیزمی نوێ و فاشیزم و ڕاستگەرایی جۆراوجۆر ژیاوەتەوە و بە‌هێزتر بوون.

هەموو ئەمانە لەپاڵ چین دا کە هەر لە ٥ کرێکاری دنیا کرێکارێک لەم وڵاتەدایە کە لە سایەی کرێی کەم و قەدەغەی سەندیکا و ڕیکخراوی کرێکاری سەربەخۆدا لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی بوژوازیەوە بەتوندترین شێوە دەچەوسێنرێتەوە و بوەتە شادەماری بزوێنەری سەرمایەداری لە ئاستی جیهانیدا.

بەڵام سەرەڕای ئەم هەلومەرجە سەختە ناڕەزایەتیە جیهانیەکانی ئەمڕۆ لە لە زۆربەی زۆری وڵاتان ، لەکوردستان و عێراقەوە بگرە تا بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئیتاڵیا، چیک، تورکیا، یۆنان، ئێران و نێجیر و نەمسا و  ئەندنوسیا و فلیبین….. هتد شتی ترمان پێ دەڵێن. ئەم ناڕەزایەتیە جیهانیە نیشانی دەدا کە دەورەیەکی نوێی ئەم خەباتە چینایەتیە دەستی پێکردوە کە سیماکانی دوو قوتب و دوو بەرەی چینایەتی کرێکاران دژی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان لە هەرچی کات زیاتر بەناوی خەباتی چینایەتیەوە دەناسێنێ.

 دروشمی  زیادکردنی کرێ و  دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و ئازادیەکان دژی نیولیبرالیزم  و حکومەتە سەرمایەداریە جۆراوجۆرەکان لە هێلەک زەردەکانی فەرەنساوە بۆ کرێکارانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین و لاوانی بێکار و موچەخۆرانی هەژاری عیراق و کوردستان، تاکو ژنان و کرێکارانی ئێران پێمان دەڵێ کە بزوتنەوەی کرێکاران سەرەڕای هەلومەرجی سەختی سیاسی و ئابوری ئەمڕۆ  بەدوای ڕێگەچارەیەکەوەیە بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە هێرشی نەبڕاوە و بەردەوامی ئەم سیستمە سەرمایەداریە. لێرەدایە کە پێویستە سەیری ئەو لاوازیانە بکەین کە ئەم چینە دەست وپێی لەگەڵدا نەرم دەکا و دەیەوێ بەسەر کۆسپەکانی باسمانکردن بەسەریاندا زاڵ ببێ. بەڵام هەرچۆن کێشەکان هەمەلایەنەن و پەیوەندیان بەیەکترەوە هەیە هەربۆیە هەوڵەکانی ئێستاش بۆ سەرکەوتن بەسەر لاوازیەکانی مەیدانی ناڕەزایەتیەکان بۆ کرێ و دابینکردنی ژیانی شایستە و ئازادیەکان پەیوەستن بە سەرجەم مەیدانەکانی تری خەباتی سیاسی و فکری ئەم چینەوە دژی سەرمایەداری.

بۆ نمونە لای کریکارانی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا نیشانی دەدا کە گۆڕانێک لە سەندیکاکانی ئێستادا پێویستە، لەوەی لە ئامڕازێکی بەرتەسکی پیشەییەوە یان شێوازی مانگرتنی ڕەسمیەوە ببنە ئامڕازی کۆکردنەوەی سەرجەم توانای شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار، هەر وەک نمونەی مێژوویی کۆمۆنەکانی پاریس. لە کوردستان دوای دەورەیەک لە ئەزمونی بایکۆت و خۆپیشاندان و کەوتنەلاوەی هەموو ڕیکخراوە و سەندیکاکانی سەر بەدەسەڵات، لاوازیەکان لە توانای هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایتیانە  بۆ هێنانەئارای ڕیکخراوەی جەماوەری لەو دەستەی ناڕەزایەتیانە هەیە خۆی نیشان دەدا و کە پێویستی بە پەیوەست بوونی کۆمۆنیستەکان و گروپەکانیان بەو ناڕەزایەتیانە و دەستەی ناڕەزایەتیانەوە هەیە تا وەڵام بدەنەوە بە کەم کاریگەری بایکۆت و خۆپیشاندانەکان و پەرژوبڵاوی و سێکتاریزمی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانیش لەم خەباتەدا نەهێڵرێت. لە ئێراندا خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی ئێستا نیشانی دەدا کە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی پێویستی بە نواندنی پێشڕەویەکە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو هێزە شۆڕشگێڕە لە پێناو پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەستهێنانی ئازادیەکان و ئازادی ژنان، وە سەپاندنی ئازادی ڕێکخراوبون و سەپاندنی خواستی زیادکردنی کرێ و خانەنشینی و خواستە ئابوری و سیاسیەکان. دەرس وەرگرتنی ئەم بزوتنەوەیە لە شکستی شۆڕشی بەهمەنی ٥٧(شوباتی ١٩٧٨) لە بەرامبەر بزوتنەوەی ئیسلامی و خومەینیدا بریتیە لە دروستکردنی بەرەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی جەماوەریە لە ناو  ئێراندا لە هەڵسوڕاوانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان تا بتوانێ ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر بەرێ.

ئەگەر وەک نمونەیەک سەیری مانگرتنەکانی ئەم چەند ساڵەی بەریتانیاش بکەین ،کە بەنزیکی ڕۆژانە ڕودەدەن، دەبینین لەبەرامبەر ئەزمەی ئابوری بورژوازی لەم وڵاتەدا کە ئاستی کرێ لە چاو گرانی بازاڕدا هاتۆتە خوارەوە، هەوڵێکی بێ وچان دەدرێ لەلایەن سەندیکاکان و کرێکارانەوە. بەڵام هێشتا ئاستی ئەم فشارە ئابوریەی مانگرتنەکان حکومەتی کۆنسەرڤاتیڤی ناچار نەکردوە دەست لە سیاسەتی بڕینی خزمەتگوزاریەکان و دەرکردن و گرانی هەڵبگرێ و بە پێچەوانەوە باج لەسەر سەرمایەداران کەم دەکاتەوە. بەڵکو حکومەتی بورژوازی  هێرشەکانی زیاتر دەکا بۆسەر مافی خۆپیشاندان و مانگرتن ، وەک لە یاسای PCSC دەسەڵاتی پۆلیس بەسەر خۆپێشاندەراندا زیاد دەکا. مانگرتنە بەردەوامەکانی کرێکارانی بەریتانیا لەم چەند ساڵە نیشانی دەدا کە پێویستیان بە ئامڕازێکی سیاسی کاریگەرترە لە مانەوە لە چوارچیوەی حزبی لەیبەردا کە باڵی ڕاستی ئەم حزبە چینی کرێکار و یەکێتیە کرێکاریەکان لە پێشڕەوی و هێرش بۆ سەر حکومەتی پارێزگارانی بورژوازی دەخا. هەروەها پێمان دەڵێ کە ناڕەزایەتیەکان و مانگرتنەکانی ئێستا دژی حکومەتی پارێزگاران چ ئامڕازێکی سەندیکایی و جەماوەری کاریگەرتری  پێویستە لەوەی ئێستا کرێکاران هەیانە . جۆرێک لە یەکێتی کرێکاری کە لە جیاتی بیرۆکراسی سەرکردایەتی سەندیکا بڕیار و هەنگاوەکان لەلایەن زۆربەی کرێکارانەوە بدرێ و لەجیاتی لە خۆگرتنی تەنیا کرێکارانی بەشێک یان تەنیا کرێکارانی لەسەر کار هەموو کرێکاران بگرێتە خۆ و خەباتی بەشەکانی کرێکاران لە ڕیکخراوێکی سەراسەریدا یەکگرتوو بکات. ئەم جۆرە هەوڵانە بەردەوام لە بزوتنەوەی کرێکاریدا هەبوە، بەڵام ئەمڕۆ وەک بەدیلێک زیاتر خۆی نێسان دەدا لە کاتێکدا توانای خۆپیشاندان و ناڕەزایتیە کرێکاریەکان دەبینین کە لە چوارچێوەی سەندیکاکان بەرفراوانترن و ئەم سەندیکایانە کەوتونەتە ژێر فشاری رادیکالیزمی ناڕەزایەتی کرێکارانەوە. ئەم نیشانی دەدا کە بەرامبەر بە نیولیبرالیزم سەندیکای کریکاری ناتوانی بەشێوەی دەورانی پێشوو چاوەڕێی بە دەسەڵات گەیشتنی سۆشیال دیموکراتەکان یان حزبی لەیبەری بەریتانای بکات بەڵکو پێویستە خۆی ببێتە ڕیكخراوێکی سەربەخۆی سەرجەم کرێکاران و بەشێک لە بەدیلی کرێکاران بەرامبەر بە حکومەتی بورژوازی و سەرمایەداری.

لایەنێکی تری خەسڵەتی جیهانی و گلۆباڵێ سەرمایەیە لە سەدەی ٢١دا ئەوەیە کە خەباتی کرێکاران و ناڕەزایتیەکانیش ڕوبەڕوی دوژمنێکی هاوبەشی جیهانی دەکاتەوە .  ئەمرۆ  هەرچەند ناڕەزایتیەکان ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووی حکومەتی وڵاتە جۆراوجۆرەکانە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەی بێکاری لە عێراق و کوردستان و ئێراندا دروست دەکا تەنیا حکومەتی ئیسلامی عیراق و ئێران و ناسیونالیزمی کورد نیە، بەڵکو ئەم بەڵای هەژاری و بێکاریە بەشی چینی کرێکاری ئەم وڵاتانەیە لەو بازاڕە جیهانیەدا کە بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز کە بەشی شێری (٪٨٥) سەرمایەی جیهانیان کۆنترۆڵ کردوە و مەرجەکانی خۆیان بەسەر بورژوازی و بازاڕی کاری وڵاتانی تردا لە ژێر ناوی “ڕینونێنی و بەرنامەی گەشەپێدان و مرۆیی” بۆ نەهێشتنی خانەنشینی و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاری و باج دانانی زیاتر لەسەر کەلوپەلە پێداویستیەکانی ژیان دادەسەپێنن . سەرمایەدارنی کورد و فارس و عەرەب بەشێک لەو خێزانە گەورەیەی بورژوازی جیهانین و پێکەوە کرێکارانی عێراق و کوردستان و ئێران دەچەوسێننەوە و لە دۆخی هەژاری و بێ موچەیی و بڕینی خزمەتگوزاری و سەرکوتی سیاسی و پۆلیسیدا دەیان هێڵنەوە. ئەمە بۆ کرێکارانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکاش هەروایە و هەربۆیە ئەوەی لە ڕۆژئاوای جیهان و لە وڵاتە زلهێزە ئیمپریالیستیەکانی وەک روسیا و چینیشدا ئەم ستەم و بێ مافیەی بەسەردا دەسەپێنرێ ئەوە کرێکارانی ئەو وڵاتانەن. هەربۆیە سیمای ئەنتەرناسیونالی ناڕەزایتیە چینایەتیەکانی ئەمرۆ هەم ڕۆژئاوا  و هەم باقی جیهانی گرتۆتەوە. هەرچەندە ئەمە هێشتا لە ئاستێکی نێونەتەوەیی ڕیک نەخراوە و خاوەنی ئەنترناسیونالی کرێکاران نین لە بەرامبەر بانکی جیهانی و دەسەڵاتی سەرمایەی جیهانیدا و ئەمە یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی خەباتی ئەمڕۆیە. بەبێ پێکەوە گرێدانێکی جیهانی ڕیزی ناڕەزایەتیەکان لە ئاستی جیهانیدا بزوتنەوەی کرێکاری لە ئاستی وڵاتەکاندا کەم توانا دەبن و پێویستە ئەم ڕەهەندە ستراتیژیە لە پێکەوە بەستنەوەی خواست وتۆڕەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئێستاوە شکڵ بگرێ.

هەربۆیە بە گشتی ئێمە لەبەردەم دەورەیەکی نوێی خەباتی چینایەتیداین کە خەریکی هەستانەوەین لەبەردەم پاشەکشەیەکی گەورە کە نیولیبرالیزم لە نزیک بە نیوسەدەی ڕابردودا بەسەر چینی ئێمەدا سەپاندویەتی. ئەم هەستانەوەیە خۆی لەو هاتنە مەیدانە ملیۆنی و ملیاردیەدا دەبینێتەوە کە هەر ڕۆژە و لە گۆشەیەکی ئەم سیستمی سەرمایەداریەدا وەک بورکانێک دەتەقێتەوە دژی حکومەتە بورژوازیەکان. بێگومان وەک لە سەرەتادا ووتم ئەمە چوارچێوەیەکی گشتیە و لەهەر وڵاتە و لەهەر مەیدانێکی ناڕەزایەتیەکان و خەباتی چینایەتیدا، ئابوری و سیاسی و فکریدا پێویستی بە لێکدانەوەی زیاتر و وردترە لەوەی ئامڕازەکانی ئێستای خەباتی کرێکاری پیویستیان بە چ گۆڕان و نوێ بونەوە و گەشەکردنێکە. هەر لە سەندیکا و ڕیکخراوەی جەماوەری تا حزب و ئاسۆ و سیاسەتی سۆشیالیستی کۆمەڵێک مەسەلەن کە لە مەیدانەکان و لە ئەزمونی خەباتی چینایەتی دا پیویستە سەرنجیان بدەینێ و بەدوای خستنەڕووی تێگەیشتن و زانستێکی نوێ وە بین لەسەریان. بورژوازی سەدەی ٢١ بە ئامڕازی گلۆباڵ و پێشکەوتوی مۆدێرنەوە لە میدیا و حزب و حکومەت و ڕیکخراوی جیهانی و فکر و سیاسەت و شیوازی چەوسانەوەی نوێی ئابوریەوە بەرەو ڕوی چینی کرێکار بوەتەوە، هەربۆیە ئەم چینەش پێویستی بەو ئامڕازانەیە کە لە خەباتی ئەمڕۆدا دەتوانن کاریگەر بن و ڕیزی سەرجەم جەماوەری ئەم چینە کۆبکەنەوە دژی سەرمایە.

 مۆدێلێکی نوێ لە ڕیکخراوبونی جەماوەری کە سنوری لاوازیەکانی سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکانی ئێستا تێپەڕێنێ و پەیوەندی لەگەڵ باقی ڕیکخراوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کریکاراندا پێک بێنێ و پێکەوە سەرجەم ئەم ڕیکخراوانە بتوانن بەرامبەر بە حکومەت و سەرمایەداران ناڕەزایتیەکانی ئێستا بەرەو پێشەوە بەرن و ئەم چینە بکاتە قوتبێکی سیاسی و جەماوەری کە فشار و هەڕەشە دروست بکا لەسەر دەوڵەت و ناوەندە سەرمایەداریەکانی جیهانی ئەمڕۆ.  ڕیکخراوە جەماوەریەکانی کرێکاران پێویستە”جگە لە ئامانجە  بنەماییەکانیان، ئەوان ئێستا پێویستە فێر بن کە بە وشیاریەوە، وەک ناوەندی ڕێکخستنی چینی کرێکار لە بەرژەوەندی فراوانی ڕزگاربونی تەواوی ئەم چینەدا هەڵسوکەوت بکەن”.*[4]

بەکورتی لاوازی بزوتنەوەی کرێکاری کە ئیوە لە پرسیارەکەتاندا وەک ” ئەم بزووتنەوەیە تا ئێستا لە بارێکی زۆر بەرگریدایە و لەهەمانکاتدا دەستکەوتێکی  دیاری بەدەستنەهێناوە” ئاماژەتان پێکردوە ، هۆیەکی سەرەکی و گشتگیری هەیە ئەویش لاوازی ئەم بزوتنەوە کرێکاریەیە لە خستنەڕووی بەدیل و مۆدێلێکی تر لە ڕیکخراوبونی چینایەتی کە ڕیفۆرمی ڕۆژانە و خەباتی گشتگیر دژی سەرمایەداری پێکەوە کۆبکاتەوە. مۆدێلێک جیاواز لە مانەوەی سەندیکا و ڕیکخراوی جەماوەری لە ئاستی بەرگری و مامەڵە لەگەڵ حزبە ریفورمیستەکاندا  لە پێناو بوونی پشتیوانی ئەم حزبانە بۆ خەباتی ئابوری و مافی کاری سەندیکایی. ئەم مۆدێلە جگە لە یەکگرتوبونی حزبی کرێکاری و ڕێکخراوەی جەماوەری خودی کرێکاران لە بزوتنەوەیەکی سیاسی و ناڕەزایەتیە ئابوریەکاندا نیە. ئەمە بەدیلی سۆشیال دیموکراتی و سەندیکالیزمی قەتیس ماو لە بازنەی سۆشیال دیموکراتی و حزبە ریفۆرمیستەکانی بورژوازی و وردە بورژوازیدایە. ناڕەزایتیەکانی ئێستا لە نەبونی ئەم ڕیکخراوە چینایەتیە هەمەلایەنەیە ڕەنجی بەخەسار دەڕوا و ئەمڕۆ زەمینەی هاتنەمەیدانی ئەم بەدیلە چینایەتیە لە ئارادایە و پێویستی بە ڕۆشنبیرانی ئەم چینەیە کە لەهەر وڵاتێک چۆنیەتی دروستبون و ڕیکخستنی ئەم ڕیزە چینایەتیە بەرفراوانە بخەنە ڕوو و  وەک هەڵسوراوانی کرێکاری  لە مەیدانەکانی خەباتی چینایەتیدا بە پراتیک جێی بخەن.

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: کۆمۆنیزم و چینی پڕۆلیتاریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەدارییەوە، پێکەوە هاتوونەتە دنیاوە. کۆمۆنیزمێک کە لەسەر دەستی مارکس لەسەردەمی خۆیدا گەیشتە ئاستێکی باڵا لە ڕۆشنی فکری و سیاسی و فەرهەنگی خەباتکارانە و ڕێکخراوبوون، بەجۆرێک کە چینی پرۆلیتاریای ئەو سەردەمە وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە هاتە سەر  شانۆی سیاسی و کۆمۆنیزمی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کردە زانستی ڕزگاری بەخشی پڕۆلیتاریا. بەڵام ئەمڕۆ سەرەڕای ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا، دەبینین ئەم جۆرە لە یەکگرتوویی چینی پڕۆلیتاریا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر لاوازە یان هەر نابینرێت کە ئاڵای سۆشیالیزمی پڕۆلیتاری بەرزبکاتەوە. دەبینین کە ئەم دیاردەیە کاریگەری گەورەی داناوە لە سەر ئاستی ڕێکخراوبوون و فەرهەنگی خەباتکارانەی ئینتەر ناسیونالستیدا. هۆی ئەم دیاردە بابەتی و مێژووییە چیە؟

ئاسۆکمال: بەپێی تێگەیشتنی ماتریالیستی  خەباتی چینەکان و ململانێی ئەوانە کە مێژوو دروست دەکا و بەرەو پێشەوەی دەبات، وە بزوتنەوە فکری و سیاسیەکان قاڵب و ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری شکڵ گرتنی ئەو خەباتە چینایەتیەن، کە بەپێی ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی گەشەی خەباتی چینی کرێکار دژی سەرمایەداری دەگۆڕێن.

لەم ڕوانگەیەوە چینی کرێکار لە هەوڵی بەردەوامەیدا دژ بە حکومەت و سەرمایەداران و بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری تیۆر و تاکتیک و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەوانەش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆمۆنیزم و سیاسەتی کۆمۆنیستی نیە کە ئەم مێژووە و شۆڕشەکان دروست دەکا، بەڵکو ئەوە قۆناغی گەشەی سەرمایەداری و گەشەی خەباتی چینایەتی کرێکارانە کە هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان دەخاتە قاڵبێکی مێژووییەوە، کە بەپێی دیدگای مارکس، ئەم هەوڵانە “ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی گەشەی چینی کرێکاردا نەبێت ئەوا دەبینین چەند بێ دەسەڵاتە لەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، بە پێچەوانەشەوە چۆن لە شکان نەهاتووە، ئەگەر لەو چوارچێوە مێژووییەی بزووتنەوەی چینی کرێکاردا بێت”. [5]

هەر بۆیە ئەوە تیۆری مارکس نیە کە ئایندەی خەباتی چینایەتی دیاریدەکا و وشیاری چینایەتی لەقاڵبی حزبیدا دەخاتەڕوو، بەڵکو ئەو ململانێ سیاسی و ڕۆشنبیریەیە، کە لەئاستی چینی کرێکار و لە مەیدانەکانی خەباتی ڕۆژانە و هەمەلایەنەدایە، بڕیاردەدا لەسەر چۆنیەتی بەرنامە و تاکتیک و تێگەیشتنەکان لەسەر کۆمۆنیزم و حزب و ئامڕازەکانی خەبات و ئایندەکەی، کە بەرەو کوێ دەڕوا؟ 

کەواتە ئەگەر” هەوڵە کۆمۆنیستی و سۆشیالیستیەکان وەک قاڵبێکی مێژوویی ببینین ” ئەوکاتە من پرسیارەکەی ئێوە بە شیوەیەکی تر دەکەم؛ ئایا بۆچی سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠ لەمڕۆدا لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر لاوازە یان هەر نابینرێت لە ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا لە دنیای ئەمڕۆی سەدەی ٢١دا؟

 لەکاتێکدا ناڕەزایەتی فراوانی پڕۆلیتاریا هەیە و ئەم خەباتە چینایەتیە بنەمای هەر جۆرە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمێک بێت، ئەوا دەبێ بپرسین بۆچی ئەم قاڵبانەی پێشوو و تا ئێستای کۆمۆنیزم بەرەو لاوازی و پەراوێزکەوتویی چوون و ناتوانن چیتر هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە بهێننەسەر شانۆی سیاسی، وەک ئەو دەور و نەخشە مێژووییەی ڕابردوویان کە نواندیان بەرامبەر بە بورژوازی و حکومەتەکانیان لە سەدەی ٢٠دا ؟

 سەرەتا پێویستە سنوربەندیەک بکەین لەگەڵ تێگەیشتنی زاڵ لە کۆمۆنیزمی سەدەی ٢٠ کە بەگشتی وەک سۆشیالیزمی دەوڵەتی خۆی ناساندوە.  ئەم کۆمۆنیزمە دەوڵەتیە دیدگا و تێگەیشتنی ماتریالیستانەی نیە بۆ خەباتی چینایەتی کرێکاران و بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە تێگەیشتنێکی میتافیزیکی بۆ کۆمۆنیزم و چینی کرێکار هەیە. مێژووی کۆمۆنیزم وەک مێژووی گروپە جێگیرەکان و ڕوداوەکانیان و ئەو جیاوازیانەی ئێستای ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەبینێ.  قاڵبە فکری و سیاسیە مێژوویەکانی وەک مارکسیزم و بەلشەفیزم و سەندیکالیزم و ئانارشیزمیان کردۆتە قاڵبی جێگیر و پیرۆز و بەپێی ئەوانە دنیای ئێستا و خەباتی دژی سەرمایەداری چینی کرێکار لێک دەدەنەوە. لەمەش زیاتر لە سەدەی ٢١ دا کە ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم لە قەیرانێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیدایە، کۆمۆنیزم کراوەتە گروپی عەقیدەتی بچوکی جیاجیای دژ بەیەک، کە کۆمۆنیزم لای ئەم گروپانە چارەنوسی بە شوینێک گەیشتوە کە هەریەکەی خەریکی سەمای ئایدیۆلۆژی خۆیەتی و گۆرانی کۆمیدیایانەی “کۆمۆنیزمی خۆم باشترە لەوانی تر” دەڵێتەوە. کۆمۆنیزم لای ئەم گروپانە چیتر بزوتنەوەی چینێک نیە، بەڵکو ئەو قسە و کردەوانەیە کە لیدەری ئەم گروپانە دەیکەن و ئەندامەکانیان پەیڕەوی لێ دەکەن، وەک هەر گروپ و دەستەیەکی تری عەقیدەتی و دینی.

ئەم دیدگایە، نەک هەر چینی کرێکار بەپێی قاڵبە فکریەکان پەرت پەرت دەکا، بەڵکو کۆمۆنیزم خۆشی دەکاتە شتێکی جیاواز لە چینی کرێکار و ئەو خەباتە چینایەتیەی ئەمڕۆ لە مەیدانەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا لە ئارادایە. هەر گروپە قاڵبێکی بۆ جیاکردنەوەی سنوری کۆمۆنیستی خۆی و ناکۆمۆنیستی گروپەکانی تر دروستی کردوە، لەبەر ئەوەی ئەم سنورانەش تەنیا لە فکری خۆیدا بونی هەیە، هەر بۆیە هیچ کاتێ ئەو ناکۆکیەی تەنیا لە فکری خۆیدا بونی هەیە ناتوانێ چارەسەری کێشەی جیایی ئەم جۆرە کۆمۆنیزمەی لە چینی کرێکار پێ بکا. لێرەوە  دەگات بەو ئاکامەی کە کێشەی جیایی کۆمۆنیزمیش لە کرێکار هەر لە فکردایە و هەربۆیە پێویستی بە گەڕان بەدوای کۆمۆنیزمێکی فکری خالسە و پوختە تا بتوانێ ئەم دوانە پێکەوە گرێ بداتەوە، وەک چۆن پەیڕەوانی ئاینەکان بۆ دەقەکان و ڕەفتاری پێغەمبەرەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕزگارکردنی دنیای ئێستا.

بەڵام ئەم دابڕانەی کۆمۆنیزمی دەوڵەتی تەنیا لە بواری فکردا نەبوە، بەڵکو دابڕانە فکریەکە خۆی بەرهەمی دابڕانێکی واقعی ئەم جۆرە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتیە لە خەباتی چینی کرێکار بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری. لە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزمدا دوو نمونەی سۆشیالیزمی دەولەتی سەدەی ٢٠ بوون کە لە ئاستی دەوڵەتدا حزبیان لە زۆرینەی چینی کرێکار و خەباتی سۆشیالیستی ئەو چینە جیاکردەوە. چ ریفۆرمیزمی سۆشیال دیموکراتی و چ دیکتاتۆریەتی حزبی بەلشەفی سیستمێکی سیاسی دەسەڵاتی کەمینە و مۆدێلێکی ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتی پیادەکرد و بوە مۆدێلی زاڵی سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠، ئەم مۆدێلە لە گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری شکستی هێنا و هەربۆیە لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا ئەم سۆشیالیزمە بە بنبەست گەیشت و لاوازە و ناتوانرێ بە بێ ڕەخنە و لابردنی ئەم مۆدێلانە و جێگرتنەوەی بە دیدگا و پراتیکێکی نوێی جیاواز ناتوانێ سۆشیالیزمی پرۆلیتاری بە‌هێز ببێ و ببێتە بەدیلی سیستمی سەرمایەداری.

ئەم چینە بە چەندین شۆڕش لە سەدەی نۆزدە و بیستدا مۆری خۆی داوە لە مێژووی تا ئێستای دنیای سەرمایەداری.ئەم کۆمۆنیزم و سۆشیالیزمە دەوڵەتیەش بەشێک لەو هەوڵ و تەجروبە تەواو نەخەمڵیوانەی چینی کرێکار بوون کە لە ڕیگەیانەوە هەوڵی گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری نیشان داوە لە بواری فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بووەتە یەکێک لەو بزوتنەوانەی کاریگەری لەسەر پێکهاتەی ئاڵۆز و قەیراناوی سیستمی سەرمایەداریدا هەیە. هەر قۆناغێکی ئەم هەوڵە فکری و سیاسیانە دەبێ وەک ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو سەردەمە و پێداویستیەکانی خەباتی ئەو دەروەیە سەیربکرێن، نەک وەک قاڵبێک و دۆگمێکی کە مێژووی تیادا قەتیس بکرێ.

ئەم چینەش بەپێی جێگەوڕێگای ئابوری و ئاستی گەشەی سەرمایەداری و ئاستی وشیاری و ڕێکخراوبوونی کرێکاران تیایدا ئایدیاکانی دنیای کۆمۆنیستی و یەکسان و ئازادی سەریهەڵداوە و توێژی ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و بیریاران و هەڵسوڕاوانی سەر بەم چینەش تەعبیریان لەم خواست و ئامانجانە کردووە. کۆمۆنیزمیش وەک بەشێک لەم هەوڵە ڕۆشنبیری وسیاسیە، پێ بەپێی تەجروبە سیاسی و پراتیکە شۆڕشگێڕانەکانی کرێکاران گەشەی دەکرد و لە کۆمۆنیزمێکی خەیاڵیەوە گەشتە ئاستی تیۆریەکی سیاسی و ئابوری و فەلسەفی و دواتریش بەشێوەیەکی زانستی لێکدانەوەکانی لەسەرسیستمی سەرمایەداری و ناکۆکی و قەیرانەکانی و ئامڕازەکانی گۆڕانی بە سیستمێکی کۆمۆنیستی خستەڕوو.

لای چینی کرێکاریش چەمک و دیاردەی کۆمۆنیزم، پێ بە پێی گەشەی ژمارە و جێگاو ڕێگای ئەم چینە لە ئابوری سەرمایەداری دا، وە هەروەها بەرئەنجامی تاقیکردنەوە شۆڕشگێڕیەکانی چینی کرێکار گەشەی کردووە. سەرەتا بزوتنەوە “خۆڕسک” و ئامانجە خەیاڵیەکانی ئەم چینە لە ئەوروپادا سەرهەڵدەدا. لە ژاکوبینەکانی شۆڕشی فەرەنسەوە تا چارتیەکانی بەریتانیا و شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپادا، کۆمۆنیزم وەک توخمێکی مێژوویی خەباتی چیانیەتی سەرهەڵدەدا، نەک وەک تیۆریەکی چەند کەسێکی چاکخوازی لە چەشنی ئۆوین و پرودون و مارکس. لە نێو ئەو توخمە خۆڕسکانەی چینی کرێکاردا هەمیشە وشیاریەکی چینایەتی هەیە، کە دەربڕینێکە لە بەرژەوەندیەکی مادی و چینایەتی. کۆمۆنیزم لە هەناوی ئەو پرۆسە خۆڕسکانەوە گەشەی کردووە و ئەو وشیاریە چیانیەتیەی ڕۆشنترکردۆتەوە و بەرگێکی زانستی خستۆتە جێگای خواستە خەیاڵیەکانی ئەو چینە. حزب و ڕێکخراو بوونی کرێکاران بەرهەمی ئەو پرۆسە وشیارانە بووە کە ئەم چینە لە قۆناغی جیاجیادا بەشێوەی جیاجیا خۆی وەک چینێک تیایدا نمایش کردووە. هەربۆیە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی قاڵبێکە کە چین دروستی دەکا، نەک حزب چین و خەباتی چینایەتی دروست بکا. حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی قۆناغێکە لە خەباتی ڕێکخراو کە وشیار بوونەوەی چینێک لە خۆی نیشان دەدا، نەک وشیاریەک بێت کە چینێک و خەباتی چینایەتی دروست بکا. کاتێ کە خواستی کۆلیکتیڤ و هاوبەشی کرێکاران گەیشتە ڕادەی شۆڕش دژی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداری، ئەوکات کۆمۆنیزم بووە تیۆریەکی شۆڕشگێڕانە کە تەعبیری لە پێویستی وچۆنیەتی ئەو گۆڕینە کرد. مانیفێست و ئینتەرناسیونالی یەکەم دەرخەری ئەو واقعیەتەن کە چینێک لە مەیدانی خەباتی سیاسیدایە کە فۆرمێکی کۆنکریت و بەرجەستەی وەرگرتوە. وەک گرامشی دەڵێ “مێژوو ئەم ئۆرگانیزمەی پێشکەش کردووە، ئەمە حیزبی سیاسیە، کە تۆوی سەرەتای ئەو خواستە هاوبەشە بەرەو جیهانی بوون و گشتی بوون دەچێ.”[6].

ئەگەر لە مانیفێستدا حزب بە مانای چینێکی کرێكاری ڕێکخراو بوو، کە دەبێت وەک دەسەڵات خۆی ڕێک بخا، لەدوای تاقیکردنەوەی کۆمۆنەوە حزب مانای چینێکە لە شۆڕشێکی بەردەوامدا، نەک تەنیا بۆ جێگۆڕکێ لەگەڵ حزبی بورژوازیدا لەسەر کورسی دەسەڵات، بەڵکو بۆ لەناوبردنی هەموو دامودەزگای دەوڵەتی بورژوازی و خودی دەوڵەتیش. ئەمە مانای حزب دەگۆڕێ و گەشەی پێدەدا و ئاسۆ و ڕوانگەی خەباتی چینایەتی لە خەباتێکی ئابوری و داواکاری دیموکراتی و ئابوریەوە دەبێتە خەباتێکی سیاسی ڕێکخراو کە دەیەوێ شۆڕش بەسەر هەموو سیستمی سەرمایەداریدا بکا. لێرەوە تیۆری مارکس دەبێتە دەربڕینێکی کامڵتری کۆمۆنیزم لەچاو تیۆریە سۆشیالیستیەکانی پرۆدۆن و بلانکی و لاسال و ئەوانی تر.بەڵام ئەوە تیۆری مارکس نیە کە ئایندەی خەباتی چینایەتی دیاریدەکا و وشیاری چینایەتی لەقاڵبی حزبیدا دەخاتەڕوو، بەڵکو ئەو ململانێ سیاسی و ڕۆشنبیریەیە، کە لەئاستی چینی کرێکار و لە مەیدانەکانی خەباتی ڕۆژانە و هەمەلایەنەدایە، بڕیاردەدا لەسەر چۆنیەتی بەرنامە و تاکتیک و تێگەیشتنەکان لەسەر حزب و ئامڕازەکانی خەبات و ئایندەکەی، کە بەرەو کوێ دەڕوا؟ 

جارێکی تر لە دوای کۆمۆنەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەکەوێتەوە بەردەم تاقیکردنەوەی پەیداکردنی هەژمونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا و دەبێت وەک بەدیلی دەسەڵاتی سیاسی بورژوازی هێزی خۆی نیشان بدا. ئەمە دابڕانێک دروست دەکا لە چاو شێوازی سۆشیال دیموکراتی باوی ئەو سەردەمە، کە لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانی و مانەوە لە چوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا بە شوێن گۆڕانکاریەوەیە.

ئەگەر لە سەردەمی مارکسدا هێشتا چینی کرێکار لە تاقیکردنەوەی سەرەتایی خۆیدایە و مانیفیستی کۆمۆنیست بەشێوەیەکی سەرەتایی باس لەوە دەکا  کە کرێکاران دەبێ بۆ چینێکی دەسەڵاتدار ڕیکخراو ببن، کە کۆمەڵێک ریفۆرم دەکەن، ئەوا لە تەجروبەی کۆمۆنی پاریسدا دەردەکەوێ کە ئەم سیستم و جیهانە کۆمۆنیستیەی کرێکاران تا چ ڕادەیەک خواستێکی ناڕوونە و چۆن ئامڕاز و هەنگاوی تر پێویستە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی؟

 لینین بەپێی ڕاسپاردەکانی مارکس سەبارەت بە کۆمۆنەی پاریس کار لەسەر دەوڵەتی کرێکاریی دەکا، وەک ئەوەی دەبێ بورژوازی چەک بکرێ و چەکدارکردنی گشتی جێگای بگرێتەوە و کرێی نوێنەرانی دەوڵەت لە کرێکارێکی شارەزا زیاتر نەبێ و شوراکان لە جێگای پەرلەمان بگرنەوە. ئەم هەنگاوانە بەرەو پێشەوە چونن لە دید و ستراکتۆری حزبدا وەک شەخسیەتی دەوڵەت، بەڵام ئێستا دوای سەدەیەک دەبینین کە ئامانج و هەنگاوەکانی حزبێکی کرێکاریی و کۆمۆنیستی وەک بەلشەفیەکان چەندە ناکامڵ و ناڕۆشنن ، وە ئاکامەکانی دەسەڵاتدارێتی بەلشەفیەکان و دەوڵەتی سۆڤیەت چەند ناکۆکە لەگەڵ پێویستیەکانی ڕزگاری سیاسی و ئابوری چینی کرێکار لەدەست سیستمی سەرمایەداری!

 پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ڕەخنەگرتن و جیابونەوەی بەلشەفیزم لە ڕەوتە سۆشیال دیموکراتیە ریفۆرمیستیەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاریی بۆچی بەرەو دروستکردنی مۆدێلی حزبێکی بیرۆکراتی و دەوڵەتی بیرۆکراتی هەنگاوی نا؟ ئایا ئەم مۆدێلە چ کاریگەریەکی لەسەر هەموو شیوازەکانی حزب هەبووە لەسەدەی بیستدا و چۆن دروستبونی حزب بەپێی هەمان بەرنامە و لایەنگری لە دەوڵەتێک جێگای کۆنسێپتی یەکگرتوکردنی چینی کرێکاری لە حزبێکدا گرتۆتەوە؟ ئەم پرۆسەیە دەوری چی بووە لەسەر جیابونەوەی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کرێکاران؟ چۆن تێگەیشتن لەسەر خەباتی چینایەتی و حزبی چینی کرێکار گۆڕاوە بە حزبی نوێنەری چینی کرێکار و نوخبەیەک کە لەجێگای چینی کرێکار مێژوو بۆ چینی کرێکار دروست دەکەن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم زۆری تریش لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا  لێکۆڵینەوەیەکم خستۆتەڕوو تا نیشانی بدەم کە کۆمۆنیزم خۆی چۆن گۆڕانی بەسەر هاتوە وەک بزوتنەوەیەکی فکری و سیاسی و حزبی لە جەرگەی خەباتی چینایەتیدا. 

 کۆمۆنەی پاریس لەسەر دەستی دوژمنانی چینی کرێکار توشی شکست هات ، بەڵام شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر دەستی حزبی کرێکاریی و کۆمۆنیستی توشی شکست هات. هەموو ئەم سەرکەوتن و شکست و ئەزمونانە پێمان دەڵێن کە خەباتی چینایەتی کرێکاران لەم دەورانەدا ڕوبەڕوی کێشە و گرفتی وا بونەتەوە کە ئەم چینە هێشتا ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی پێویستی نەبوە بۆ زاڵ بون بەسەریدا. ئەمەش وامان لێدەکا کە لەجیاتی پیرۆزکردنی ئەو ڕابردووە خەریکی لێکدانەوەی زانستی بین لەو کەموکوڕیانە و لەناو دڵی ئەو خەباتە چینایەتی و ئامڕازەکانی ئەو خەباتەدا بەدوای هۆکارەکانی شکستی ئەم شۆڕشانەدا بگەڕێین.

 

هەربۆیە بەکورتی وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە ئەوەیە کە ئەو سۆشیالیزمە پرۆلیتریەی سەدەی ١٩ و ٢٠ لە جەرگەی خەباتێکی چینایەتیدا گۆڕانێکی بەسەردا هاتوە کە جیابوەتەوە لە چینی کرێکار و ئەو مۆدێلە سۆشیالیستیە دەوڵەتیەی جێگای چینی کرێکار و خەباتی ئەو چینەی دژی سەرمایەداری گرتەوە بوە بە قاڵبێک کە ناتوانێ هێزی ناڕازی و ڕادیکالی ئەم چینە بۆ مۆدێلێکی تری جیاواز لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی ڕێک بخا و ئەمەش بە تەجروبە شکستی مێژوویی خۆی لە گۆڕینی سەرمایەداریدا نیشانداوە. هەربۆیە ئێمە دەبێ بەدوای ئەو سۆشیالیزمەدا بگەڕێین کە لە ناڕەزایەتی و خەباتی خودی ملیۆنی و ملیاردی کرێکاراندا لەسەرتاسەری جیهاندا لە مەیداندایە و ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیستی چینی کرێکار هەروەک مارکس بتوانن بەپێی بنەما و دەستکەوتە تیۆری و ئەزمونە پراتیکیەکانی دوو سەدەی ڕابردوو سیما و بەدیلی ئەم سۆشیالیزمە نوێ یە و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بنەخشێنن.

ئەم ئەزمەیەی ئێستای سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠ نیشانی دەدا کە دۆگما و بەرنامە و مۆدێلەکانی سەدەی ڕابردووی ئەم کۆمۆنیزمە لە ئاستی حزب و ڕیکخراوی جەماوەری کرێکاری، لە ئاستی مۆدێلی سیاسی دەوڵەتی کاتی و لە ئاستی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانەی ئابوریدا ناتوانایە و پێویستە لە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنی فکری و سیاسی و پراتیکیدا لە دڵی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا شکل بە کۆمۆنیزمیكی نوێ لە هەموو بوارەکانی ئەم خەباتەدا بدرێ.

 

ئاڕاستەی مارکسیستی هاوچەرخ: لە کۆتایی  ئەم بەشە لە گفتوگۆکەدا، ڕۆشنە کە هەلومەرجی ئێستای نێو بزووتنەوەی “کۆمۆنیستی” چ ناوخۆیی و چ جیهانی، هەلومەرجێکی نالەبارە و هەر یەک لە ئاوازی خۆی دەخوێنێت. لێرەدا مەبەستمان کۆمۆنیزمی بورژوزای و شێوە جیاوازەکانی نیە، بەڵکو ئەو کۆمۆنیزمەی کە ڕەخنەگرە لە کۆمۆنیزمی ڕەسمی و بورژوازی.  پرسیارەکە ئەوەیە پێویستە چی بکرێت لە نێو ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتەریدا، وەک ئەرکی پراتیکی باس دەکەین، چ ڕێڕەوێک بگیرێتە بەر لە پێناو بەهێزکردنەوەی سۆشیالیزمی پڕۆلیتەری لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا؟

ئاسۆ کمال: سەرەتا بەڕای من ئەم توێژە ڕۆشنبیرەی پرۆلیاتیاریا ، لێرەدا باسی کۆمۆنیستەکان دەکەین بەتەنیا کە تەنیا بەشێکن لەم توێژە لە پاڵ ئەنارکیست و سەندیکالیست و ڕیبازەکانی تردا، پێویستە جێگەوڕێگەی واقعی خۆی لە نێو جەماوەری چینی کرێکاردا بناسێت. بەگشتی کۆمۆنیستەکان لە دابڕانێکی مێژووییدان لە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و تازە دەبینین کە کۆمۆنیزمێکی تر لەدەرەوەی کۆمۆنیزمی ڕەسمی هەوڵ دەدات دەستوپەنجە نەرم بکات لەگەڵ واقعی ئێستادا و لە دنیای دۆگمای سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ دەربچێ. ئەم دەرچونە پێویستی بە دەرچونە لە قاڵبی حزبی جێگرەوەی چینی کرێکار و تاقە نوێنەری چینی کرێکار و ڕووکردنە ئەو تێگەیشتنە ماتریالیستیەی کە ئەم توێژە ناتوانێ خۆی بە جێگرەوەی کۆمۆنیزم بناسێنێ، بەڵکو پێویستە خۆی وەک بەشێک لە چینی کرێکار سەیر بکا کە بە تیکەڵاوبوون لە هەڵسوران و خەباتی ئەو چینەدا ئەرکی ڕۆشنبیرانەی خۆی بگێڕێ و وەڵام بە پێداویستیەکانی خەباتی چینەکەی بداتەوە. ئەم دەوری ئێستای وەک پەیام دەری کۆمۆنیزم بگۆڕێ بە بەشی ڕۆشنبیری چینێک کە لە دنیای واقعی ئێستادا دەیەوێ سەرمایەداری بگۆڕێ. ئەم جێگاگرتنە لەناو ناڕەزایەتی و خەباتی چینایەتیدا ئەم رۆشنبیرانە و گروپەکانیان لە سێکتاریزم و بەرنامە دۆگماکانی ئێستایان ڕزگار دەکا و ئاسۆی بیرکردنەوە و توانای لێکدانەوەکانیان فراوان دەکا و هەستکردن بە شەڕی واقعی چینەکان لە لایان دروست دەکا و  دەبنە بەشێک لە پراتیکی سیاسی چینی کرێکار بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستادا. هەربۆیە لە ڕاستیدا وەک ئەم توێژە ڕۆشنبیرە پێویستیمان بە گۆڕانکاری جدی و فێربونە پێش ئەوەی “چینەکە فێر بکەین” .

ئەم توێژە ئەرکێکی مێژوویی گرنگی لەسەرە ئەویش خستنەڕووی ڤیژن و جیهان بینیەکی نوێی کۆمۆنیزمە. کۆمۆنیزم تا ئێستا بەوە ناسراوە کە لە ڕوسیا و چین و کوبا ڕویداوە. ئایا مۆدێلی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی کە کرێکاران بەرامبەر بە سەرمایەداری دایدەمەزرێنن چیە؟ بێگومان ئەگەر دووبارە بونەوەی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفیەکان و ماویەکان و کاسترۆکان بێت، چینی کرێکار لە دنیای ئەمڕۆدا ئەم مۆدیلانەی تاقیکردۆتەوە و ناتوانرێ لەوە زیاتر بکا کە تا ئێستا سەرمایەداریان درێژە پێداوە. مۆدێلی دیکتاتۆری حزبی کۆمۆنیست و سەرمایەداری دەوڵەتی و هێشتنەوەی کرێکاران وەک کۆیلەی کاری کرێ گرتەی ئەم دەوڵەتە دیکتاتۆریە ناتوانێ ئاڵای ئەو ناڕەزایەتیە جیهانیەی ئەمڕۆ بێت کە دژ بە بێکاری و نەهێشتنی خزمەتگوزاریەکان و سەرکوتی دەوڵەتی لە زۆربەی وڵاتان هاتۆتە مەیدان. ئەم توێژە ڕۆشنبیرە پێویستە ڤێرژنێکی نوێ لە سیستمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزم بخاتە ڕوو. ڕەخنە لە لیبرالیزمی نوێ و سەرمایەداری سەدەی ٢١ هاوکاتە لەگەڵ ڕەخنە لە سەرجەم ئەو مۆدێلانەی بە ناوی سۆشیالیزمەوە کرێکارانیان لە کۆیلایەتیدا هێشتەوە. لەم بواری مۆدێلی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەدا بێگومان لە ئاستی جیهانیدا پیویستمان بە لێکدانەوەی دۆخی جیهانی سەرمایە و شێوەی کارکردنی بازاڕی جیهانی و کاریگەری ئەم دۆخە ئابوری و سیاسیانە لەسەر خەباتی چینایەتیە و بەتایبەتیش لەهەر وڵاتێکدا پێویست بە لێکدانەوەی دیاریکراو و تایبەتە لەسەر ئەم هەلومەرجانە و ئاستی خەباتی چینایەتی و ڕیگریەکانی بەردەم خەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران ، تا لەم ڕێگایانەوە تێگەیشتنێکی ڕۆشنمان لەسەر واقعیەت و ئایندەی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی و تاکتیک و ستراتیژی هەر دەورەیەکی ئەم خەباتەمان هەبێ. ئەم کارانەش ئەرکێکی هەرەوەزی فکری و لێکۆڵینەوەیە کە پێویستمان بە کردنەوەی ناوەند و دەرکردنی گۆڤار و زۆر شتی ترە تا ئاستی ڕۆشنگەری و کەلتوری چینی کرێکار بەرینە سەرەوە بۆ ئەو ئاستەی کە ئێستا ئەم مەیدانەی خەبات دژی بورژوازی پێویستیەتی.

ئێمە لە سەدەی ٢١ دا چاودێری گۆڕانکاریەکین لە خەباتی چینایەتیدا ئەویش هاتنە مەیدانی ڕیزێک لە ڕۆشنبیرانی پرۆلیتیری ڕادیکاڵین کە خۆیان بە حزب و گروپە نەریتیە کۆمۆنیستیەکان نابەستنەوە و شێوازی جۆراوجۆری خەباتی جەماوەری و سیاسی جیاواز لەو سۆشیالیزمەی لەدەوری تاکە حزبێکی سەرەکی کۆدەبونەوە هاتۆتە ئارا. دروستبونی بەرەکانی چەپ و چالاکی ڕۆشنبیرانی پرۆلیتیری لە یۆنان و ئیسپانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکای لاتین و سودان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە تا بزانین ئەم مۆدێلە نوێیانە چین و چ گۆڕانکاریەک بەسەر کۆمۆنیزم و چەپی سەدەی ٢١ دا هێناوە و چۆن سۆشیالیزیمی پرۆلیتریان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بەهێزکردوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان چیە؟

دەمەوێ لێرەدا لەسەر نمونەیەکی زیندووی نزیکی خۆمان، لەسەر ئیران، قسە بکەم. دەمانەوێ بزانین ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا چ کاریگەریەکی لەسەر  دەوری ئەم توێژە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیە هەیە. بەداخەوە لەبەر سەرکوتی ئەم داعشە دەوڵەتیە جمهوری ئیسلامی نازانین کە ئێستا چۆن ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان لەناوخۆی ئێراندا چ گۆڕانێکیان بەسەردا هاتوە لەژێر کاریگەری ئەم چەند ساڵەی ناڕەزایتیەکاندا، بەڵام ئەوەندەی ئاگادارین کە سەندیکا و گروپە کرێکاری و جەماوەریەکان بەرهەمی دەورەیەک لە کاری جدیە کە بێگومان دروشمە کۆمۆنیستیەکانی وەک نان ، کار ، ئازادی و دەسەڵاتدارێتی شورایی و قسەکەرانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە بەشی ڕۆشنبیری ئەم چینە لە ئێراندا چالاکە و ئەم ئاستە لە چالاکیش نیشانی دەدا کە بەو شێوەی گروپە کۆمۆنیستیەکانی دەرەوەی وڵاتی ئێران سێکتاریزم تیایدا بە‌هێز نابینرێ . هەروەک چۆن ئێمەی کۆمۆنیستەکان لە کوردستانی عیراقدا لە ڕاپەڕینی ١٩٩١دا لە سێکتاریزمی گروپە ناسیاسیەکانەوە بوین بە هەڵسوراوانی بزوتنەوەیەکی شورایی کە چوینە ناو خەڵکەوە ولەبەرامبەر ناسیونالیزمی کورددا وەستاینەوە .

کاریگەری ئەم دۆخەی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئێران بەسەر  ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی دەرەوە دەبینرێتەوە. دەبینین  ئاسۆی ” دروستکردنی بەرەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی جەماوەری لە ناو  ئێراندا” لەبەردەم ئەم بەشە ڕۆشنبیرانەی چینی کرێکاری ئێراندایە.کە لەم ڕۆژانەدا بەشێوەی دەستپێشکەری لەلایەن حزبی حیکمتیست و باڵێکی کۆمەڵە (ڕیکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)ەوە دەستی پێکردوە و بانگەوازێکیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی چەپ و سۆشیالیستی کردوە[7]. ئەم کارە جێگای پشتیوانیە و پێویستی بە خستنەڕووی ڕۆشنی پرۆسەیەکە کە ئەم کارە بەسەرکەوتن بگەیەنێت.

 هەر چەند ئەم هەوڵانە لە چەند ساڵی ڕابردووشدا لە دەرەوە لەلایەن کۆمۆنیست و چەپەکانەوە دراوە بەڵام ئەمڕۆ زەمینەیەکی لەبارتر هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە.

 سەرنجی من لەم بارەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم بەرەیە کە پیویستە مۆدێلێکی جیاواز بێت لە ئەزمونی پێشتری کۆبونەوەی تەنیای گروپە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە، کە وەک هاوڕێ سەلاحی مازوجییش وتویەتی ( لە گفتوگۆیەکی کەناڵی هیوادا لەگەڵ هاوڕێ شەماڵ علی و هاوڕێ ڕەحمان حسین زادەدا) [8]، پێویستە ئەم بەرەیە بریتی بێت لە یەکگرتوکردنی ڕیزەکانی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و هەڵسوراوانی چەپ و سۆشیالیست لە ناو ئێران و کوردستاندا . ئەمە بۆچونێکە کە گروپی “یەکێتی سۆشیالیستی کرێکاری” و هەڵسوڕاوانی تریش دەری دەربڕن.

ئەمە خۆی دەرسێکە کە کۆمۆنیستەکان و چەپەکانی ئێران پێویستە لە شکستی شۆڕشی بەهمەنی ١٩٧٨ وەریگرن، کە ئەوەی تێکی شکاندن نەبونی ئەم ڕیزە یەکگرتوە سیاسیە کرێکاری و کۆمۆنیستیە بوو بەرامبەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی و خومەینی کە هێرشی کردە سەر ئەو شۆڕشە و چینی کرێکار و  شکستی بە شۆڕشەکەیانی هێنا و  بۆ ٤٠ ساڵ سەرکوتی کردن. ئەمە نیشانەی دەورەیەکی نوێی خەباتی یەکگرتوانەی چینی کرێکارە کە کاریگەری لەسەر گروپە کۆمۆنیستیەکان داناوە. هەربۆیە ڕێگای یەکگرتوبونی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستانە بریتیە لە بەشداری یەکگرتوانە لەو خەباتەی ئەمڕۆ کرێکاران و ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ و توێژە ژێردەستەکانی ئیران دەیبەنە پێش.

 ئەم پرۆسەیە دوو ئاستی جیاوازی هەیە. یەکەمیان کە سەرەکی و بناغەیە ئەو بەرەیەیە کە لەناو خۆی ئێراندا ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری لەم ڕاپەڕین و خۆپیشاندانانەی ئێستادا دروستی دەکەن. بەرەیەک کە هەموو هێزی ناڕازی کرێکاران و لاوان و ژنان  و توێژە زەحمەتکێشەکان کۆبکاتەوە و بەکردەوە ببێتە ناوەندی یەکگرتوبونی هەموو سەندیکا و ڕیکخراوە خەماوەریە پێشەییەکان و گروپە جیاوازەکان. هەرچەند ئەم کارە لە سایەی سەرکوتی جمهوری ئیسلامیدا سەختە بەڵام ئیمکانی هەیە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دروست ببێ هەرچۆن ئێستا ئەم سەندیکا و گروپانەی تر خۆیان سەپاندوە لە ئێراندا.

ئاستی دووەمیان گروپە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی وڵاتە. ئەم بەشە پێویستی سەرنجدانێکی ڕەخنەگرانەیە لە هۆکانی ئەو ڕیگریانەی بەربەستن لەبەردەمیدا بۆ بەشداربون لە دروستکردنی ئەم بەرەیەدا. ئەم گروپانە پێویستیان بە گۆڕان و تیپەڕبونە لەو تێگەیشتنە سێکتاریزمە فکری و سیاسیەی کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بۆ “خۆجیاکردنەوە لەچەپ”، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بانگەشەی بۆکردوە و گروپەکانی تریش بە سنوربەندیە “ئایدیۆلۆژی و بەرنامەی”یەکانیانەوە لەگەڵ یەکتردا هەریەکەیان لەوانی تر خۆیان جیاکردۆتەوە ، ئەمانە بونە مایەی پەرژوبڵاوی و جیابونەوە بەردەوامەکانیان. ئەم پڕۆژەیە بە پێچەوانەوەی ئەم ٤٠ ساڵەی ڕابردووی سێکتاریزم کاردەکا ئەویش “یەکگرتنی چەپ و سۆشیالیستەکانە”. ئەم گۆڕانە لە دەرەوەی وڵات ڕوونادات ئەگەر ئەم گروپانە پەیوەست نەبن بەو یەکگرتنەی ئەمڕۆ لە ناوەوەی ئێران لە ڕیزی خۆپیشاندان و ناڕەزایتیەکاندا لە نێو ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و هەڵسوراوانی کرێکاری و جەماوەریەوە لە مەیداندایە. فشاری وەڵامدانەوە بە پێویستیەکانی ئەم خەباتە بەکردەوەیەی مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی جمهوری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێراندایە کە سنورە سێکتاریستیە فکری و تەشکیلاتیەکانی ئەم گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیانەی ئێستا تێک دەشکێنێ و ئیمکانی دروسبونی ئەم بەرە کرێکاری و کۆمۆنیستیە لە دەرەوەی وڵاتیش دروست دەکا.

ئەم بەرە ئەم بەرە چینایەتیە کۆکردنەوەی هەموو ئەم ئاستانەی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات پێوسیتە تا بتوانێ لەبەرامبەر بورژوازی ئێرانی و ناسیونالیزمی کورددا بوەستێتەوە و ڕێگا نەدا خەباتی ئێستا و شۆڕشی داهاتوو جارێکی تر بەهۆی نەبونی هێزی سیاسی سەربەخۆی چینی کرێکارەوە شکست بهێنێ.

هەربۆیە ئەم ڕاگەیاندنەی ئەم دوو گروپە و شورای هاوکاری هێزی چەپ و کۆمۆنیست و هەموو هەوڵەکانی تری لە چەشنە لەبواری عەمەلیدا ڕوبەڕوی ئەوە دەبێتەوە کە چی دەکا لەگەڵ گروپە کۆمۆنیست و چەپەکانی تردا کە بیروڕای سیاسی جیاوازیان هەیە، وەک باڵەکەی تری حیکمەتیست(خەتی ڕەسمی)، لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، باڵەکەی تری کۆمەڵە(ڕیکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران)، لەگەڵ چریکی فیدایی، لەگەڵ ڕێگای کرێکار، لەگەڵ گروپە سۆشیالسیتی و لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە ڕای جیاوازیان هەیە لەم دوو گروپە و ئەو شورای هاوکاریە هەیە.

ئەمە بە مانای تیکهەڵکێش بونی ئەم گروپانە لەگەڵ هێزێکی کۆمەلایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشاندایە لە ناو ئێراندا . هەربۆیە ئەگەر ئەمە بەرەیەکی کرێکاری و کۆمۆنیستی بێت، ناتوانێ تەنیا بەرەیەکی ئیدیۆلۆژی و بەرنامەیی ڕووت بێت. بنەماکانی بەرەیەکی چەپ و کۆمۆنیستی ئێستا لە ئێراندا پێویستە وەک بەرەیەکی فرەیی سیاسی هەموو کرێکاران بێت دژی جمهوری ئیسلامی و ڕیزی سیاسی خۆی لە بورژوازی ئێرانی و ناسیونالیزمی کورد جیابکاتەوە ، هەروەها خاوەن بەرنامەیەکی پراتیکی بۆ بردنە پێشەوەی خەباتێک بێت کە ئێستا لە ئارادایە و خواستەکان و دروشمەکانی ئەو ناڕەزایەتیە بەرزکاتەوە و کار بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنیان بکات.  بۆ نمونە لە کاتێکدا هەموو خەڵکی کوردستان مانگرتنی گشتی دەکا ئەم بەرەیە نەکەوێتە تەبلیغاتی دژی مانگرتنی گشتی، هەر لەبەر ئەوەی باڵەکەی تری کۆمەڵە لەگەڵ حزبە ناسیونالسیتەکانی کوردستاندا پێشتر بانگەوازی مانگرتنی گشتیان کردوە. ئەم بەرەیە نابێت لە خەباتی جەماوەری کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ داببڕی و هەوڵی ئەوە بدات کە ببێتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزی شۆڕشگێرانە و گروپە جۆراوجۆرەکان و تاکتیکە جیاوازەکانی خەباتی جەماوەری. هەربۆیە هێزی بزوێنەری ئەم بەرەیە پێویستە هەڵسوراوانی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە ناوخۆی کوردستان و ئێراندا بێت، نەک بەرەی فەرمی دەرکردنی بەرنامە و بەیاننامەی چەند گروپێک یان کاری هاوبەشی ئەندامانی تەشکیلاتی ناوخۆی چەند گروپێک بێت. پێویستە هێزی سەرەکی ئەم بەرەیە یەکگرتووبونی ڕیکخراوە و سەندیکا و گروپەکانی کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکاران و پیشەگەرەکان و ژنانی ئازادیخوازی ناو خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران بێت. گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان دەبێت ئەو بەشە لەم بەرەیە بن کە ئەم ئاسۆ و بەرنامە و پرۆسەیە بۆ دروستکردنی حزبێکی سیاسی و جەماوەری کرێکاران بەرن لە دڵی ئەم خەباتەی ئەمڕۆی کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئیراندا. ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە سیاسیە دەتوانێ ئەم شەڕە چیانیەتیەی کرێکاران بەرەو سەرکەوتن بەرێت، نەک یەکگرتنی تەنیا گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی ووڵات.

سەرکەوتنی تەجروبەی دروستبونی قاڵبێکی سیاسی و جەماوەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لە ئیراندا ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستەکانیان دەگۆڕێ و ڕزگاریان دەکا لە دابڕاوی و نەخۆشی سێکتاریستی و پەرژوبڵاوی زاڵی ئێستا. لێرەدایە کە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکان دەبنە بەشێکی ئورگانیک و کاریگەری بزوتنەوەی کرێکاری. لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی ئەمڕۆی ئێراندا ئیمکانی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمێکی نوێ هەیە، ئەگەر ڕۆشنبیرانی پرۆلیتری خۆوشیاریان بە دەوری خۆیان لە ڕۆشنگەری و گەڵالەی بەرنامەی سیاسی و بردنە سەری ئاستی کەلتوری چینەکەیاندا هەبێ و بتوانن جەماوەری ئەم چینە لە ڕیزێکی چینایەتی سەربەخۆی سیاسی و جەماوەریدا دژ بە جمهوری ئیسلامی و بەدیلە بوژوازیەکانی تر یەکگرتووبکەن.

ئەم تەجروبەیە بێگومان کاریگەری خۆی لەسەر ئەو دۆخە چەقبەستویەی ڕۆشنبیریە پرۆلیتری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی کوردستانی عێراقیش دادەنێت چونکە ئەمە هەمان داستانی ئێمەشە و پێویستمان بە هەمان پرۆسەی خەباتکارانە هەیە بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی ئەزمەگرتوی ئێستای کۆمۆنیزم و بنیات نانی کۆمۆنیزمێکی نوێ.



[4] https://www.marxists.org/archive/marx/works/subject/trade-unions/index.htm

[5] هۆبسبام،چۆن جیهان بگۆڕین؟

http://www.asokamal.com/index/?p=1616

[6] گرامشی، دەفتەرەکانی زیندان، میری مۆدێرن ل ١٢٩، بە زمانی ئینگلیزی

Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P129 

[7] https://komala.co/%D8%A8%D8%A7%D9%86%DA%AF%DB%95%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%87%D8%A7%D9%88%D8%A8%DB%95%D8%B4-%DA%A9%DB%86%D9%85%DB%95%DA%B5%DB%95-%DA%95%DB%8E%DA%A9%D8%AE%D8%B1%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%A9%D9%88/

[8] https://www.youtube.com/watch?v=f3tze9pQy04 https://www.youtube.com/watch?v=f3tze9pQy04

Add Comment

Click here to post a comment