کۆمۆنیزم

کۆمۆنەی پاریس یەکەمین نمونە وپارادایمی شۆڕشی کرێکاری دژی دەوڵەتی سەرمایەداریە

ڕۆژنامەی ڕەوت: هاوڕێ ئاسۆ زۆر سوپاس بۆ ئامادەیت کە ئەم دیدارە رۆژنامەییەمان لەگەل ئەنجامبدەی.سەبارەت بەپرسێکی یەکجار گرنگی مێژوویی،یەکەمین حکومەتی کرێکاری، کۆمۆنەی پاریس. لە ناوەڕاستی مانگی مارس تا کۆتایی ئایاردەخایەنێت لەساڵی ١٨٧١ دا، ئایا دەتوانیت بەکورتی پرۆژەی ئەو حکومەتەمان بۆ ڕوونبکەیتەوە؟ پرۆژە سیاسی وکلتوریی وئابوریی وئازادییەکانی؟

ئاسۆکمال: کۆمۆنەی پاریس یەکەمین نمونە وپارادایمی شۆڕشی کرێکاری دژی دەوڵەتی سەرمایەداریە. هەمان دەوری شۆڕشی گەورەی فەرەنسای هەیە، کە سیستمی دەرەبەگایەتی و پاشایەتی کۆتایی پێ هێنا. دوای کە کەمتر لە سەدەیەک لە هاتنەسەرکاری سیستم و دەوڵەتی بورژوازی لە فەرەنسا چینی کرێکار شۆڕشێک دژی دەوڵەتی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداری بەرپا دەکا و دەیەوێت سەرتاپای ئەم سیستم و دەزگاکانی دەوڵەتی سەرمایەداری بگۆڕێت بە مۆدێلێکی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی جیاواز.

لە هەموو بەشەکانی پاریسدا هەڵبژاردن کرا و نوێنەرانی گەرەکەکان هەڵبژیردران و نوێنەرانی شار بونە دەسەڵاتی کۆمۆنەی پاریس. ئەم نوێنەرانە موچەیان بەهێندەی موچەی کرێکار بوو و هەرکات پێویست بوایە لەلایەن خەڵکەوە لادەبران. دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان بوبەیەک لە کۆمۆنەدا. دادوەرەکان هەڵدەبژێردران. هەموو خەڵک چەکدارکران و سوپای پیشەیی هەڵوەشایەوە و پۆلیس تەنیا کاری پاراستن بوو نەک سانسۆری خەڵک. خوێندن و پەروەردەی لە کڵێسا جیاکردەوە. هەموو کەسێک کە لە پاریس دەژیا هاوڵاتی بوو و وە ناسنامەی ئەنتەرناسیونالی ڕێگەی دەدا کە هەموو کەس خۆی بۆ پۆستی کۆمۆنە هەڵبژێری بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشتر خەڵکی چ وڵاتێک بوە. قوتابخانە و خوێندنی بۆ ژنان ڕەخساند. کارگەکان لەلایەن کرێکارانەوە بە شێوەی هەرەوەزی بەڕیوەدەبرا و ماوەی کار کەمکرایەوە و باج و قەرزەکانی سەر خەڵک هەڵپەرسێردران و کاری شەوانەی نانەواخانەکان و کاری مناڵان قەدەغەکرا.

لەمێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئەمە یەکەم جارە شۆڕشێک لەلایەن زۆربەی خەڵکەوە دەکرێ کە خۆیان دەبن بە دەسەڵاتدار و کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی خۆیان نەک بەبێ دامودەزگای دەوڵەتی و سەربازی و بیرۆکراتی و کەمایەتی بورژوازی بەڕێوەدەبەن، بەڵکو نابنە میراتگرو درێژەپێدەری سیستم ودەوڵەت و حکومەتی بورژوازی و لە هەموو ئاستەکاندا پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەم و دەوڵەتە دەست پێ دەکەن.. کۆمۆنە وەک نمونەیەکی نوێی دەسەڵاتی زۆرینەی  دامەزراند کە پێشتر مێژوو بەخۆیەوە نەدیبوو. ئەمە ناوەرۆکی شۆڕشی کۆمۆنە بوو لە مێژوودا.

ئەمانە پڕۆژەی سیاسی و ئابوری و کەلتوری سیستمێکی نوێی ژیان و بەڕیوەبردنی بەڕێوەبردنی کۆمۆنە بوو، کە جیابوو لە سیستمی سەرمایەداری سەدەی ١٩ فەرەنسا و ئەوروپا. کۆمۆنە جێگۆڕکێی حکومەت و دەوڵەتی بورژوازی بە دەوڵەت حکومەتی کرێکاری نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتی کۆمۆنە هەنگاوێکی سەرەتایی بوو بۆ هەڵوەشاندنەوە و نەهێشتنی دەوڵەت و حکومەت و جێگرتنەوەی بە شێوازێکی نوێی بەڕیوەبردنی هەرەوەزی کۆمەڵگە.

ئەمە بەرهەمی خەباتی چینایەتی سیاسی و ئابوری و فکری چەند دەیەی کرێکارانی پاریس و ئەوروپا بوو کە لەم نمونە و مۆدێلەی کۆمۆنەدا خۆی خستەڕوو. ئەمە سۆشیالیزمی ڕاستەقینەی کرێکاران و ئەنتەرناسیونالیزمی کرێکاری سەدەی ١٩بوو. سۆشیالیزمێک کە سەرتاپای چینی کرێکار ،سەرەڕای جیاوازی بیروڕا و گروپە سیاسیەکانی، پێکەوە دەسەڵاتیان لە دەست کۆماری بورژوازی فەرەنسی دەرهێنا،کە خەریکی خیانەت و فرۆشتنی پاریس بوو بە دەوڵەتی داگیرکاری ئەڵمانیا.

ئەم دەسەڵاتە کرێکاریەی کۆمۆنە تەنیا ١٠ هەفتە ژیا، بەڵام هەر هەفتەیەکی شۆڕشی کۆمۆنە بە دەیان ساڵی ئاسایی خەباتی چینایەتی دەتوانین مەزەندەی بکەین. هەربۆیە پڕۆژە و دەستکەوتەکانی کۆمۆنە لە چەندایەتیەکەیدا ناتوانین بیپێوین، بەڵکو لەو چۆنایەتیەوەیە کە کۆرپەلەی شۆڕشێکی کۆمۆنیستی و سۆشیالسیتی تیایدا لەدایک بوو. هەروەک وەک ژنە شۆڕشگێڕی کۆمۆنە ووتی ” کۆمۆنە مرد، بەڵام شۆڕشەکە نا.”

رۆژنامەی ڕەوت: ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان وکەسایەتی وهەڵسوڕاوەکانی ژنان چۆن بوو، لەهەموو شۆڕشەکەدا؟

ئاسۆکمال: کۆمۆنە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەموو کرێکاران بوو،نەک بە تەنیا شۆڕشێکی سیاسی بێت. هەربۆیە ژنان بەشداریەکی چالاک و بەرفراوانیان تێداکرد. بەشداری “یەکێتیی ژنان بۆ پاراستنی پاریس” لە شەڕی ڕاستەوخۆ لە بەرگریی پاریس، پشتگیری لە سوپای کۆمۆنە، و دابینکردنی خۆراک و چەک بۆ شەڕکەرەکان.

 هەروەها ژنان بەشدار بوون لە کاری پزیشکی و چاودێری لە نەخۆشخانەکان. بەشداری پڕۆپاگەندە و ڕێکخستن: بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و وتار بۆ ڕێنمایی خەڵک و پشتگیریکردن لە کۆمۆنە. ژنان بەشداری کۆمیسیۆنی خوێندنی کۆمۆنەیان کرد و هاندانی ژنان بۆ خویندن و کردەوەی قوتابخانە دەستی پێکرد. ژنان چالاک بوون لە پەیوەندی کردن بە جوتیارانی دەوروبەری پاریس بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ خەڵکی ئابڵوقەدراوی پاریس.

ئەگەر ئەم پێشڕەویانەی ژنان لە دەورانی کۆمەڵگەی پاتریارکی سەدەی ١٩ لە فەرەنسادا سەیربکەین کە ژنان بە مرۆڤی پلە نزم دادەنران و ڕێگریان لیدەکرا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شوێنی گشتیدا بەشداربن، ئەوکات دەزانین کە چەند هەنگاوی گرنگ و گەورەبوون لە کۆمەڵگەیەکدا کە سەدەیەک دواتر لە ١٩٦٨ شۆڕشی کەلتوری لە فەرەنسادا دژی داخراوی و کۆنسەڤاتیزمی کەلتوری کراوە.

ڕۆژنامەی ڕەوت: بۆچی بۆرژوازی وحکومەتی فەرەنسا وەها بەشێوەیەکی هۆڤیانە کۆمۆنارەکانی کوشتار کرد و گوشاری بۆ سەر دەوڵەتەکانی سویسراو بەریتانیا وئیتالیا وفەرەنسا دەهێنا تا کۆمۆنارە پەنابەرەکان ڕادەستیان بکەنەوە؟

ئاسۆکمال: کۆمۆنەی پاریس بۆ بورژوازی فەرەنسی شۆڕشێکی سیاسی سادە نەبوو، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕادیکاڵی بوو بۆ سەر سەرجەم سیستمی سیاسی و ئابووری سەرمایەداری  ومۆدێلی دەوڵەتی بورژوازی. بۆیە حکومەتی فەڕەنسا (لەژێر سەرۆکایەتی ئادۆلف تیێر) و هاوپەیمانە بۆرژوازییەکانی بە توندوتیژی و ترسێکی زۆر ڕووبەڕووی کۆمۆنە بوونەوە.

کۆمۆنەی پاریس بەشێک  لەو تارماییەی کۆمۆنیزم بوو کە مارکس و ئەنگڵس لە مانیفێستدا دەیانوت بەسەر ئەوروپادا دەسوڕێتەوە.ئەندامانی(ئینتەرناسیۆنالی کرێکاران) پشتگیرییان لێدەکرد و بەشداربوون تیایدا، کە ئەمەش وای لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان کرد ترس لە بڵاوبوونەوەی شۆڕش بکەن.ترس لە “نموونەبوونی کۆمۆنە” بۆ وڵاتەکانی تر.

کۆمۆنە یۆتۆپیای سۆشیالیزمی سەدەی ١٩ ی ئەوروپای کرد بە سۆشیالیزمی ڕاستەقینە و ئەمری واقیع. هەربۆیە سەرەڕای شەڕو ناکۆکی نێوان سوپای فەڕەنسا لەگەڵ پرۆسیا (ئەڵمانیا)، هەردوو لایان لەدژی کۆمۆنە یەکیان گرت. هەروەها بەریتانیا و سویسرا ترسیان هەبوو کە کۆمۆنارە پەنابەرەکان شۆڕش بڵاو بکەنەوە.

ڕۆژنامەی ڕەوت: بۆ بزوتنەوەی کۆمۆنستی وهەڵسوراوە کرێکاری و شۆڕشگێرانی سۆشیالیست، تەمەنی کورتی ئەم شۆڕش وحکومەتە ئەزمونێکی مێژووییە. بەلای بەڕێزتانەوە چ بابەتێک پیویستە دەستیپێوەبگیرێت و چی پێویستە بەهیچ جۆرێک دوبارە نەبێتەوە؟

ئاسۆکمال: کۆمۆنەی پاریس تەنیا سەرەتایەکی شۆڕشی سۆشیالیستی کرێکاران بوو کە لە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابوری و جیهانی جیاوازدا لەمڕۆماندا سەری هەڵدا و تێکشکا، کە ناتوانین کۆپی ئەو نمونەیە دەقا و دەق بۆ ئێستا بەکاربێنین. بەڵکو ناوەرۆکی ئەو شۆڕشە سۆشیالیستیە گرنگە کە وەری بگرین، کە بەپێی ئاستی وشیاری و ئامادەیی ڕێکخراوەیی ئەوکاتەی چینی کرێکار توانرا ئەو نمونە و مۆدێلە سۆشیالیستیە پێشکەش بکەن.

گرتنە دەستی دەسەڵات  لەلایەن کرێکارانەوە و تێکشکاندنی توانای سەربازی و سیاسی و ئابوری و ئیداری و کەلتوری بورژوازی گرنگترین خاڵێکە کە کۆمۆنە ڕەنگی ڕشتوە. نیشانی داوە کە چۆن کاری یەکەمی شۆڕش هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی سەرکوتی بورژوازیە، وەک سوپا و بیرۆکراتی ئیداری و موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و لابردنی دەسەڵاتی دینی بەسەر خوێدن و پەروەردەدا. کۆمۆنە پێویست بوو ئەم شەڕە لە پاریسدا ڕانەوەستێنێ و پەلاماری ڤێرسای بدایە تاکو سوپای بورژوازی فەرەنسە خۆی کۆنەکاتەوە و هێرش نەکاتەوە سەری. شۆڕش ناتوانێ لەنیوەی ڕێگادا ڕاوەستێ و ئەم شەڕە تا کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سەربازی و سیاسی دەبێت درێژەثیبدرێت.

بەڵام گرتنی دەسەڵات لەلایەن کرێکارانەوە تەنیا سەرەتای شەڕە لەگەڵ سیستمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دادوەری و یاسایی و پەروەردە و فەرهەنگی سەرمایەداریدا کە زۆر زیاتر و فراوانترە لەوەی سیستمەکە تەنیا دەزگای سەرکوتی دەوڵەتی بێت.

 هەربۆیە چینی کرێکار کە دەیەوێ سیستمێکی جیاوازی کۆمەڵایەتی لە جێگای سەرمایەداری دروست بکا پێویستە بزانێت کە ئەمە پرۆسەی شۆڕشێکی درێژخایەن و بەردەوامی هەمەلایەنەیە کە تاکو گۆڕینی بنەماکانی سیستمی سەرمایەداری درێژە پێ بدەن. کۆمۆنە تەمەنی درێژەی نەکێشا تابزانین چۆن کرێکارانی فەرنسا دەتوانن ئەم کارە بکەن. سۆشیالیزمی سەدەی ١٩ تاکو کۆمۆنی پاریس ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕیکخراوەیی پێویستی نەبوو تا بتوانێ نمونەی زیاتر و باڵاتر لە کۆمۆنەی پاریس نیشان بدا. ئەمە واقعیەتی شۆڕشی سۆشیالیستیە کە پشت بە ئاستی گەشەی چینی کرێکار و ئامادەییەکانی و ئاستی گەشەی سەرمایەداری دەبەستێ نەک پرۆژەیەکی فکری و کاری دەستەبژێرێکی حزبی و ڕۆشنبیر بێت.

خاڵێکی تری گرنگی کۆمۆنە بۆ ئەمڕۆی ئێمە بریتیە لەوەی کە شێوازی کار و ڕیکخراوەیی و خەبات و شۆڕشی کۆمۆنیستیمان بۆ دەخاتەڕوو. کۆمۆنە هەوڵی یەکگرتوانەی هەموو چینی کرێکار بوو نەک گروپێکی فکری ناو ئەو چینە و یان سەندیکایەکی یان بەشێکی چینەکە. ئەم شێوە کۆمۆنیستیە هەرەوەزیەی چینەکە پێشتر لە شۆڕشەکانی ناوەڕاستی سەدەی ١٩ و لە دروشمەکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەمەوە بەرزکرابوەوە کە “چینی کرێکار بەهێزی خۆی ڕزگار دەبێ” و ” کرێکارانی جیهان یەکگرن”. ئەم یەکگرتوانە چینایەتیە خۆی لە شێوەی دەسەلاتدارێتی شورایی کۆمۆنەدا نیشاندا. ئەمە نیشانی دا کە دەسەڵات و بەڕیوەبردنی کرێکاری تەنیا گۆڕینی حکومەت و کابینەیەکی کەمایەتی بورژوازی نیە بە حکومەتێکی کەمایەتی کرێکاری و حزبێک یان چەند حزبێک نیە، بەڵکو دەسەڵات و شێوازی بەڕیوەبردنی هەرەوەزیانەی سەرجەم چینەکەیە. ئەم جۆرە لە سۆشیالیزم لە خوارەوە و هەرەوەزیانە و یەکگرتوانەی هەموو بەشەکانی کرێکاران بەهۆی کاریگەری سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ و مۆدێلی سەرمایەداری دەولەتی زاڵی نێو بزوتنەوەی کرێکاری، چ لای سۆشیال دیموکراتی و چ لای بەلشەفیکی گۆڕدرا و پاشەکشەی کرد و شێوازی سێکتاریستی حزبی و دیکتاتۆریەتی حزبی جێگای مۆدێلی کۆمۆنەیی و یەکگرتووی چینایەتی گرتەوە. ئەمە وانەیەکی گەورەیە کە دەبێ لە کۆمۆنەوە وەریگرین و دیسانەوە ئەم نەریتی یەکگرتوبونی چینەکە بێگوێدانە جیاوازی سیاسی و فکری و ڕێکخراوەیی  بیژێنینەوە و کۆتایی بەم دابەشبونەی نێو چینی کرێکار بهێنین کە ڕێگریەکی سەرەکی بەردەم شۆڕشی سۆشیالیستی چینەکەیە.

Add Comment

Click here to post a comment