چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی کۆمۆنیزمی نوێ
زاهیر باهیر/حوزەیرانی 2025
پێشەکی و پێزانینم
زۆر بە وردی کتێبەکەم ( کۆمۆنیزمی نوێ) خوێندمەوە. دەبێت پێ لەوە بنێـم کە کتێبەکەت کتێبێکی زۆر باشە و دەکرێت ئەوانەی کە لەگەڵتا دێنەوە و ئەوانەشی کە هاوڕات نین بیخوێننەوە. وردەکاریی و گێڕانەوەیەکی مێژویی حیزبی کۆمۆمۆنیستی کرێکارانی ئێران و ئەو دۆخەی کە تێیدا هەڵتۆقین و سیاسەت و پەیوەندی سیاسیانەیان لەتەك گروپە چەپەکانی دیکە و مامەڵەی ناهاوڕێیانەیان لەگەڵ هاوڕێیانی ناهاوڕاو و هەژمونی کەسی یەکەمی حیزب و بوونی مەرکەزییەت و تاکڕەویی ئاڕاستەی خۆبەڕاستزانی و دابڕان لە مێژو و چینی کرێکارانی ئێران .. تد کە هەمو ئەمانە بۆ من تا ڕادەیەك زانیاری بوون بە حوکمی ئەوەی کە من لە ساڵی 1985 وە کوردستانم جێهێشتووە، تا ڕادەیەك بێ ئاگا بووم لەوانەی کە تۆ باست کردوون.
هەروەها کۆپیکردنی سیاسەت و چالاکی هەندێك لە گروپە مارکسی و چەپەکانی عێراق و کوردستانی لای خۆشمان لەسەر شێوە و ڕۆیشتن بە هەمان ئاراستەیان لەگەڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران زانیارییەکی دیکەی بە سوود بوون.
لەمانەش زیاتر کە تۆ زۆر پێوەی ماندووبویت، گەڕانەوەت بۆ مارکس و لینین و کاوتسکی وگرامشی و ستالین سەبارەت بە حیزب و حیزبی کرێکاران و چینی کرێکاران و شۆڕش و دەسەڵاتی سیاسی کرێکاریی و بەراوردکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی و گروپ و ڕەوتە مارکسییەکانی کوردستانی باشوور و عێراق .
هەموو ئەم زانیاریانە بە زیادەوە مایەی ئەوەن کە بخوێنرێنەوە و لە ناو گروپ و ڕێکخراو و حیزبە مارکسییەکاندا کە باوەڕیان بە حیزب و دەسەڵاتی سیاسی کرێکاران و پڕۆلیتاریا هەیە، تاکو بزانن خۆیان لە کوێی مێژووی بزونتەوەی کرێکاران و لە چ پێگەیەکدان و هۆکاری تێشکان و پێشەونەچوونیان و ئەو هەموو کەرتکارییەی کە لە نێویاندا ڕوویداوە بدۆزەنەوە .
لەمانەش زیاتر بۆ من ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی چەند ساڵەتە کە لە توێژینەوە و بیرکردنەوە و گەڕان بە دوای ڕێڕەوێکی دیکەدا ، ئیدی گرنگ نییە کە لە کوێوە سەر دەردەهێنیت، بۆ من گرنگە. لای من ئەوەی کە تۆ دەیکەیت جیات دەکاتەوە لەوانەی کە خەریکی بزنس و خڕکردنەوەی پارە و سەرمایە و ڕۆچوونە لە ڕۆحییەت و گیانی موڵکدارێتیدا و ساختە و فێڵن بە هەر شێوەیەك بێت لەسەر حسابی کرێکاران و خەڵکانی چەوساوەی ئەو وڵاتانەی کە لێی دانیشتون و گەڕانەوەی هەندێکیشیان بۆ زەلکاوی چەپەڵ و خوێناوی کوردایەتی و ئیسلامی بە لەبیرکردن و بە هەند نەگرتن و پێنەزانین ئەو هاوڕێیانەیانە و دۆستە کۆنەکانیانە کە بە چەشنێك لە چەشنەکان بوونە قوربانی .
بۆ هەموو ئەوانەی سەرەوە من پێزانینی تایبەتی و بەنرخم هەیە بۆ کار و چالاکییەکانت .
ئێستاش با بێمە سەر کتێبەکە کە من لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا سەرنجی خۆمی بە گوێرەی تێگەیشتن و ئیدارکمی لێدەدەم .
تێپەڕاندنی سەردەمی مارکس و مارکسیزم
بە بۆچوونی من لە هەموو شیکردنەوە و پشکنین و گەڕان بە دوای هەڵە و خاڵی تێکشکانی بزوتنەوەی کرێکاران و حیزبە مارکسی و سۆشیالیستییەکاندا، بەرچاوگرتنی بارودۆخی کرێکاران و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە کۆنە و ئاڕاستەی ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕی دەرەوە و ناوەوەی حیزبەکەیە. گەر هەر کام لە ئێمە ڕەچاوی ئەو خاڵانە نەکات ناکرێت و ناتوانێت سەرەنجامێکی دروست و واقیعیانەمان بخاتە بەردەست.
گەر ڕونتر قسە بکەم دەڵیم پشکنین و خوێندنەوەمان بۆ ئەوەی واقیع لە هەموو بوارەکاندا بپێکێت دەبێت لە بازنەی شیتەڵکردنی مارکس و ئەنجلس چ بۆ سەردەمەکەیان و چ بۆ ئایندە و گەلێك لە بیرمەندە سۆشیالیستەکانی سەردەمی کۆنیش دەربچین. گەر ئاوا نەبێت هەر بە هەمان ئەنجام دەگەینەوە، گەرچی شیکردنەوەکانیشمان جیاواز بێت، بەراوردی ڕۆڵی ئەم حیزب و ئەو بزوتنەوە بە بڕگە و وتەکانی ئەوانەی سەردەمی کۆن بکەین .
لینین، ترۆتسکی، گرامشی ئەوانەی کە تۆش ناوت هێناون وەکو تۆنی کلیف و مەنصور حیکمەت کۆرشی مودەڕیسی و ئازەرین و تد هەر یەکەیان بە چەشنێك لە چەشنەکان، کە ڕەنگە لە بەیانکردنی وتە و خیتابی سیاسییاندا بە جۆرێکی جیاواز ڕایانگەیاندبێت، بەڵام هەمان بۆچونی مارکس و ئەنجلسە یاخود لینینە بۆ نەوەکانی ئێستیای من یاخود تۆ.
کەسێك لەمانەی سەرەوە دژ بە حیزب نەبووە، بەڵام حیزبی بەو شێوەیە بینیوە ویستویەتی دروستی بکات کە خۆی دەیویست، کەسیان دژ بە دەوڵەتی پڕۆلیتاریی، حکومەتی کرێکاریی نەبوون، کەسیان دژ بە دەسەڵات و حکومەت نەبوون ، کەسیان دژ بە پلەبەندی و ڕۆڵی واقیعیانەی کرێکاران نەبوون . ئەوانەی کە هەر یەکەیان لەسەری، جیاوازییان هەبووە خاڵە لاوەکییەکان بووە، هۆکارە بچوکەکان یا سانەوییەکانی نێو خودی حیزب و دەوڵەت بووە، هیچیان لەو کەسانە پەنجەیان بۆ کرۆك و جەوهەری کێشەکە، گرفتەکە ڕانەکێشاوە. کە بوونەتە ئەوەی کە هەرگیزا و هەرگیز کۆمەڵی سۆشیالیستی لەو ڕێگایەنەوە ناتوانرێت دروست بکرێت .
بە کورتی مارکسیزم و مارکسییەکانی ئەم سەردەمەش هەر بە نەفەسی سەردەمی مارکس قسە دەکەن و دێنە ئاخاوتن، بۆ نموونە تا ئێستا هەمان پێناسەی کرێکاران کە مارکس کردویەتی بەکار دەهێنرێت، کرێکار هەمان کاراکتەر و هەمان تایبەتمەندی و کەسایەتی ئەو سەردەمەی کۆنی هەیە، هەر ئاواش هەمان وەزیفە و ئامانجی بەسەردا سەپێنراوە کە نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر بەسەریدا سەپێنراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارە و جۆرییەتی کرێکار و بزوتنەوە و تەنانەت ئامانجیشیان گۆڕاوە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەدا.
بە گوێرەی ئامارەکان ژمارەی کرێکاران لە سەردەمی مارکس دا 1848 بۆ 1883 لە جیهاندا لە نێوانی 50 بۆ 100 ملیۆن کرێکار بووە کە ڕەنگە نزیکی زیاتر لە ملیۆنێك کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نقابی و ئەنارکستیش هەبووبێتن . ئەڵمانیا 8 بۆ 10 ملیۆن کرێکار، فەرەنسا بە هەمان ژمارە ، ئەمەریکا 10 بۆ 15 ملیۆن بریتانیا 10 بۆ 12 ملیۆن کرێکار . بەڵام ئێستا هەر بە تەنها لە ئەمەریکا ژمارەی کرێکارانی لە هەموو ئەو کاتەی جیهان زیاترە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش لە پاڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، جۆری جیا جیای کرێکارن یاخود کەرتی جیای کرێکاران دروست بووە کە لە سەردەمی مارکس-دا هەر وجودیان نەبووە . کەواتە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا دەبێت پێناسەیەکی نوێ بۆ کرێکار بکرێت ، دەبێت دینەمۆی شۆڕشیش لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ بکرێت، دەبێت ئەوەش ببینرێت کە توێژالێکی گەورەی خەڵکی گڵۆبەڵی هەیە کە بار و دۆخی ژیانیان زۆر لە کرێکاران خراپترە و بە تەواوی پەراوێز خراون ، هەر ئاواش دەبێت دەستبەرداری چەمکی بورژوای بچوك و تەنانەت لە هەندێك وڵاتدا چینی ناوەڕاستیش ببین، دەبێت حسابی ئەوە بکرێت کە توێژاڵێکی گەورەی ئۆرۆستۆقراتی کرێکاران لە سای تەکنەلۆجیای نوێ و پێشکەوتنی سەرمایەدارییەوە دروستبووە، دەبێت حسابی ئەوە بکرێت کە کۆمپانیا و کارگەکانی بەرهەمهێنان لە ئێستادا لە دووبەش پێك نایەن کە ئیدارە و ئیدارەدانی کارگە و لایەنەکەی دیکە کە کرێکاران بوون. لە ئێستا لە هەر کارگە و کۆمپانیایەکدا پێنج بۆ شەش بەش هەیە کە هەر بەشەیان کارەکەیان و موچەکەیان و بیمە و ئیمتیازەکانیان جیاوازن، کە ئەمەش وای کردووە کە یەککگرتنی کرێکاران لەسەر ئاستی کارگەیەکدا وەکو گشت، گران بکات.
لە کاتێکدا کە دەڵێم لە ئێستاشدا کە مارکسییەکان هەر بەو نەفەسەی سەردەمی مارکس و بە سەنگ و تەرازووەکەی مارکس چین و ڕووداوەکان و بزوتنەوەکان دەپێون، دەتوانم بەو بەڵگانەی کە تۆ لە کتێبەکەتدا هێناوتنەوە و بەراوردت کردون بە ئەوانەی پێشو، بیسەلمێنم .
با لێرەدا چەند بڕگەیەك یا چەند نموونەیەك بخەمە پێش چاوت سەبارەت بە نەبوونی جیاوازییەك لە نێوانی هەموو مارکسییەکانی سەردەم و خودی مارکسیشەوە کە بوونی حیزبە ، حیزبی کرێکارانە . تۆ لە لاپەڕە 24 دا نوسییوتە ” پێداگری مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەوەی حزب واتە هەموو چینی کرێکاری سیاسی و ڕێکخراو، نەک حزبی گروپێکی جیاواز و نەک تەنیا حزبی کۆمۆنیستەکان ، جیاوازیی لە تێگەیشتنی لینین هەیە لەسەر حزبێک کە تەنیا کۆمۆنیستەکان دەگرێتەخۆ و جەخت لەسەر بەرنامە و تاکتیکی سیاسی وەک خاڵی جیاکەرەوە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستیدا دەکاتەوە. ئەمە بەرهەمی مێژوویەک لە خەباتی چینایەتی بووە لە ئاستی ڕۆژئاوا و ڕوسیادا، وەک لە خوارەوە ڕۆشنی دەکەینەوە.” ئەم ئاماژەیەی تۆ دەکرێت زۆر زۆری لەسەر بنوسرێت، بەڵام من هەر ئەوەندە دەڵێم ، گەرچی من باوەڕڕم بە حیزبی کرێکاران نییە، بەڵام حیزبی بەلشەفی حیزبی کرێکاران بووە، چالاکییە کردەییەکانی ئەوان کە لە کاتێکدا توانیویانە بە دەیان هەزار کرێکار بەرەو مانگرتن وەستانەوە بەڕوی دەسەڵاتی ئەو کاتەی ڕوسیادا سازدەن. حیزبی بەلشەفی وەکو خۆتیش بە جوانی و ورردی باستکردووە کە بە دەسەڵات گەیشتن، ئەو کاتە بە تەواوی دەرکەوت کە ئاڕاستەی حیزب گۆڕاوە و وردە وردە لە حیزبی کرێکارانەوە بووەتە حیزبی گروپی کۆمۆنیستەکان و دواتر حیزبی سەرکردەکان. من دڵنیام ئەگەر مارکس و ئەنگلس-یش لە جێی لینین بوونایە ئەوە حیزبەکە هەر ئەو ئاڕاستەیەی دەگرت. چونکە خودی کێشەکە لینین نەبوو بەڵکو عەرەبانەی حیزب و نوخبە بوو کە شۆڕشی کردووە. دەبێت ئەوەش بلێین کە لینین هەم کابرایەکی تیۆری زیرەك بووە هەم کەسێکی ئێکجار کردەییش بووە .
حیزبی کرێکاری ناتوانێت کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمی کاری کرێگرتە ڕزگار بکات و کۆمەڵگەی ناچینایەتی دامەزرێنێت، لەبەر ئەوەی خودی ئەو پرۆژەیە کاری حیزب نییە ئیدی گرنگ نییە شێواز و ناوەرۆکی ئەو حیزبە چۆنە و کێ سەرکردایەتی دەکات و پلانەکانیان چۆنە و چۆن بووە. لینینێك کە حکومەتی کرێکاری بوێ لە هەر وڵاتێکدا کە ژمارەی هەر هەموویان لە 10 ملیۆن تەجاوازی نەکردوە، ئەو دەوڵەتەی دروست دەکرێت، ئەو حکومەتە کەمینە دەبێت و حوکمی زۆرینە دەکات و زۆرینەش بە بەردەوامی ناڕازی دەبن لەو حوکمە بە هۆکاری زۆرەوە کە من لە وتار و نامیلکەکەی خۆم و وەرگێڕاروە ئەنارکستییەکاندا بە بەڵگەوە پەنجەم بۆ ڕاکێشاون. من لە بەشەکانی دیکەدا دێمەوە سەر ئەمە .
لە لاپەڕە 29 دا دەڵێیت ” ئەم گەشە ئۆرگانیکەی سیاسەت لای چینی کرێکار ،واتە دروست بوونی وشیاری چینایەتی کرێکاران بەدەوری مێژوویی خۆیان، لە پرۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا دروست دەبێ و لەسەرەتادا لای گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار دەچێتە قاڵبی تیۆریەوە و دواتر لە خەباتی ڕۆژانە وئابوری پەرژوبڵاوەوە دەبێتە جوڵانەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینەکە دروست دەبێ و لە حزبدا فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ.” بە بروای من ئەم جۆرە تێڕواننیە ڕەنگە لەگەڵ واقیعدا جووت نەبێتەوە چونکە هۆشیاری چینایەتیی با هۆشیاربوونی کرێکار بە ئازار و چەوساندنەوە لەو کاتەوەی کە دەست بەکاردەکەن یا جوتیارێك دەست بە کێڵان دەکات دەزانێت کە دەچەوسێنرێتەوە. تۆ هەر تەماشای ڕەنج و بەرهەمی جوتیار بکە کە بۆچی دەبێت سێیەکی یا چواریەکی یا پێنجیەکی بەرهەمەکەی بداتە خاوەن موڵك ؟ باوەڕ ناکەم هیچ جوتیارێك بەمە خۆشحاڵ بوبێت یاخود لە بژاردەی خۆیەوە ئەمەی کردبێت و بیکات. ئەمە یا فەرامۆشکردنی ئەو ڕاستییە بۆ تەنها وەکو تاکتیکێکی سیاسیانە بەکاردەهێنرێت بۆ ڕابەری و پێشڕەوایەتیکردنیان کە گوایە ئەوان بە ئێش و ئازارەکانیان ئاشنا نین، پاساودانێکە کە هەر لە سەرەدەمی مارکسەوە تا ئێستا بۆ دروستبوونی حیزب. دیارە دروستبوونی حیزبیش لە کەسە هۆشیارە کۆمۆنیستەکان دەبێت ئەویش هۆشیار کردنەوەیانە تاکو لە ” پرژو و بڵاوی ڕزگاریان بێت” و ببنە ” جوڵانەوەیەکی جەماوەری ڕیکخراو …تد”
هاوڕێ تۆش لە پرسی حیزب و حیزبی کرێکاریی جیاوازییەکت نییە لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە ناونوست کردون بە مارکسیشەوە هەروەها ئەوانەشی کە ڕەخنەت لێگرتون، لە ئەرک و وەزیفەی حیزبیشدا هاوڕای لەگەڵیاندا تاکو بەسەر دەزگەی دەسەڵاتی بورژوازیدا سەرکەوێت بێ گومان بە بوونە جێنشینی ئەو ڕژێمە ، ئەو چینە، بەڵام بەناوی دەوڵەت، حکومەتی کرێکاری یا پڕۆلیتارییەوە. ئەوەتا لە لاپەڕە 34 دەڵێیت :” پەیوەندی حزب و چین لای کرێکاران پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە. لەلایەک چینی کرێکار پێویستی بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ .”
لە لاپەڕە 40 ئاوا هاتووە کە گوایە ئەمە قسەی مارکسە ” هەرکاتێک کرێکاران بوونە پاشکۆی ئەم پێشبڕکێیەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ئیتر ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە لەدەست دەدەن کە بەهۆی ژمارەی زۆریانەوە دەتوانن ببنە خاوەنی.”تەنیا هێزێکی کۆمەڵایەتی کرێکار هەیبێ ژمارەکەیەتی. بەڵام هێزی ژمارە بەهۆی نایەکگرتوو بونەوە تێکدەشکێ. یەکگرتوو نەبونی کرێکاران بەهۆی پێشبڕکێی ناچاری نێوانیانەوە دروست دەبێ و درێژەی پێدەدرێ.”
لە ڕاستیدا کرێکاران نابنە پاشکۆی پێشبڕکێی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ، بەڵکو ناچارن بە خواست یاخود ئەوە ڕیفۆرمانەی کە دەوڵەتەکانیان دەیکات ڕازی بن بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە کە دەبنە پاشکۆی سیاسەتی دەوڵەتەکە، ئەوەی کە ئەمە دەخولقێنێت لاوازی بزوتنەوەکەیانە کە لەو بارەدا سەرمایەدارەکان، خاوەنکارگە و دەوڵەت دەتوانن مەرجەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن و کپیان بکەنەوە. ئەوە ڕاستە کە گەر کرێکاران یەكگرتوو بن تێکناشكێن، بەڵام دەبێت لێرەدا هۆکاری یەکنەگرتنیان دیاری بکەین ئەویش بەڕای من ئەوەیە کە کرێکاران ڕاستە چینێکن بەڵام ئەم چینە لە توێژاڵی جیا جیا پێکهاتووە کە ئۆرستۆقراتی کرێکاران توێژی سەرەوەی چینەکەیە کە گۆڕینی سیستەمەکە و بۆ ئەوان گرنگ نییە ئەمەش وایان لێدەکات کە هەوڵی گۆڕینی سیستەمەکە نەدەن. توێژاڵەکانی دیکەشیان هەر یەکەیان بە گوێرەی تایبەتمەندی کارەکەی و بەرز و نزمی مووچەکەیی و بیمەکانی کە هەیانە ، گرنگی گۆڕینی سیستمەکە وەردەگرن. ئەم تایبەتمەندیانە ئاستی ڕاوەستانەوەیان بەرانبەر خاوەنکارەکان و ئاستی هەوڵ و تێکۆشانەکانیان ڕادەی سنوری خواستەکانیان دیاری دەکات .
ئێمە ئەم دیاردەیە لە ئەمڕۆدا زۆر بە باشی دەبینین، لەبەر ئەوەشە کە نەك مانگرتنی گشتی لەسەر ئاستی وڵاتێك ڕوونادات بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمپانیایەکی گەورەش ئاسان نییە.
لە لاپەڕە 56-57 دا ئاماژەت بە بڕگەیەکی ئەنگس کردوو کە دەڵێت ” . ئەو دەیوت “کەسێک دەتوانێ بیهێنێتە پێش چاو کە لەوانەیە کۆمەڵگەی کۆن گەشە بکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ لەوڵاتانەدا کە نوێنەرانی خەڵک هەموو دەسەڵاتێکیان لەدەستدایە، لەو شوێنەی، ئەگەر لایەنێک پشتیوانی زۆربەی خەڵکی لە پشت بێت، ئەوە دەتوانێ ئەوە بکا کە لەگەڵ ڕێگەی دەستوری بگونجێ: وەک لە کۆماری دیموکراتی وەک فەرەنسا و لە ئەمریکا و لە شانشینی بەریتانیا.” ئەنگلس
لەم بڕگەیەی ئەنگلس و لە هەندێك شوێنی دیکەشدا کە من لە نوسینەکانمادا نیشانم داون خودی مارکسیش باوەڕی بەوە هەبووە نەك هەر ئەنگلس . گەر بە وردیش سەرنجی ئەم بڕگەیە و ئەوانەی مارکس-یش بدەین ناکرێت هێڕش بکەینە سەر سۆشیالدیمۆکراتەکان و بڵێین دەستکرد و دروستکراوی فڵان و فیسارن، چونکە لە ڕاستیدا سەرچاوەکەی خودی مارکس و ئەنجلسن، ئەوان باوکی ڕاستەقینەی سۆشیالدیمۆکراتەکانن. ئەم تیۆرەی مارکس و ئەنجلس تەنانەت لە سەردەمی خۆشیاندا ڕاست نەبووە، ئەمە چ جای ئەم سەردەمەی ئێستە کە سیستەمەکە و دەوڵەتەکانی ئەوەندە بەهێزن نەك هەر ئەوە ڕوونادات کە ئەوان وتویانە تەنانەت حیزبێکی تۆزێك چەپی ڕادیکاڵیش وەکو چۆن لە بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و سویدیش ناتوانێت زۆرینە لە هەڵبژاردندا بهێنێت. من و تۆو زۆربەمان ئەمانەمان بە چاوی خۆمان بینیوە و ئەزموونمان کردووە.
پێویستە من لێرەدا پەنجە بۆ بڕگەیەکی تۆ ڕاکێشم کە لە لاپەڕە 64 دا باسی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و خەباتیان دەکەیت. باس لەوە دەکەیت کە گوایە هەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مانەوەی ئەو هەژموون و کولتورە لەنێو کرێکاراندا بۆ ماوەیەکی درێژ دروست کردووە کە ئەمەش بە ڕای تۆ میراتییەکی باشی بەجێماوە بۆ بزوتنەوەی کرێکاران لە جیهاندا. با هەر ئەوەش فەرامۆس بکەین کە تۆش لێڕەدا وەکو هەر هەموو ئەوانەی پێش خۆت بە مارکسیشەوە کۆمۆنیستەکان لە کرێکارەکان جیا دەکەنەوە. تۆ سەرنجی برگەکەت بدە. ” کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دەبێ بزانن، کە هەرچی بورژوازی لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، بۆ ماوەی سەدەیەک و تا ئێستاش، دژی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بەلشەفیزم دەیکا ناتوانێ ئەو ئاستە لە باوەڕ بەخۆ بوونی چینایەتی و ئەو ئاستە لە گەشەکردنی زانستی سیاسی چینی کرێکار کەم بکاتەوە، کە بەهۆی تەجروبەی هەژمونی پەیداکردنی کۆمۆنیزم و سەرکەوتنی حزبی سیاسی کرێکاران لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دامودەزگای دەسەلاتدارێتی بورژوازی لە روسیادا، چینی ئێمە فێری بووە. بەڵام دەبێ ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی زانستی بناسین و بزانین کە چ شتێک ڕێگربوە کە ئەم هەوڵ و تەجروبەیە تا ئاستی گۆڕینی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری هەنگاو نەنێ ؟” لا64
هاوڕێ گیان تۆ لەم سەردەمەدا دەژیت وەکو من، کەسمان ناتوانێت ئەوەی کە تۆ نوسیوتە و لەو بڕگەیدا هاتووە بیسەلمێنێت. ئەو واقیعەی کە ئێستا کرێکارانی تێدایە واقیعی بێ باوەڕییە بە گۆڕانکاری بنەڕەتی، بێ متمانەییە بە خۆی، بێ هێزی و لاوازییە. دەی ئەگەر وا نییە بۆچی بزوتنەوەی کرێکاران تەنانەت نەك هەر ناتوانن داخوازییەکی نوێ بەدەستبهێنن بەڵکو ناتوانن پارێزگاری لەوانەش بکەن کە پەنجا، شەست ساڵ لەمەوبەر بەدەستهێنراون . بە پشتبەستن بە واقیع دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ بزوتنەوەیەكی کرێکاری بەو پێناسەی تۆ و مارکس کە گوایە دینەمۆی شۆڕشن و سیستەمی سەرمایەداری هەڵدەوەشێننەوە و بنیاتی کۆمەڵی سۆشیالیستی دەکەن، لە هیچ شوێنێکی دوونیادا وجوودی نییە.
وەڵامی پرسیارەکەی نێو بڕگەکەت زۆر زۆر ئاسانە کە بوونی حیزب و کردنی حیزبایەتی و سییاسەتە لەگەڵ مەیلی دەسەڵاتخوازیی. ئیتر گرنگ نییە تۆ چ جۆرە حیزبێك دروست دەکرێت یا خود چ جۆرە دەسەڵاتێك دەگیرێتە دەست و لەژێر چ ناوێکدایە . هەرگیز نەسەلمێنراوە و هەرگیزیش ناسەلمێنرێت کە لە ڕێگەی حیزب و دەسەڵاتەوە ئازادیی و یەکسانی و دادەوەری کۆمەڵایەتی دەتوانرێت بەدەستبێت، چونکە خودی حیزب زۆر کەمایەتییە هەتا هەموو کرێکاران وڵاتیش بگرێتە خۆی هێشتا هەر خەڵکانێکی زۆر دەمێنێتەوە بەدەر دەبن لەو و نامۆش دەبن لە دەسەڵات.
لە لاپەرە 70 دا ڕستتەیەکی مارکست هێناوەتەوە کە تارمایی شۆڕش باڵی خۆی بەسەر جیهاندا ڕاکێشاوە . ئەم وتەیەی مارکس لە سالی 1848 کە لە بەیانی شیوعیدا هاتووە تۆش بە تەماشاکردنی هەندێك لە ناڕەزاییەکانی خەڵکی کە زیاتر وڵاتانی پیشەسازی دواکەوتویان گرتۆتەوە ، کە هەرگیز مارکس باوەڕی بەوە نەبووە کە شۆڕش لەو ولاتانەدا ڕووبدات، ئەو هەمیشە ڕوی دەمی لە وڵاتانی پێشکەوتوی پیشەسازی ڕۆژئاوا بووە کە تیۆرە ئابووری و سیاسیەکەی لەسەر بارودۆخی ئەوێ هەڵهێنجاوە. ئەمە لە لایەك لە لایەکی دیکەوە ئەوەی کە ڕوی دا لە ساڵی 2019 هەتا کۆتایی ساڵی 2020 لە هیچ شوێندێکدا شۆڕش نەبوو، بەڵکو ناڕەزایی خەڵکی بوون، داوای داخوازی نوێش لە هیچ شوێنێکدا نەکراوە، بەڵکو پەرچەکرداری سیستەمەکە و دەوڵەتەکان بوون کە خەڵکی وڵاتەکان پێشتر ئەو بارودۆخە خراپەیان بە خۆیانەوە نەبینی بووو. خەڵکی لەژێر هەڕەشەی گەورەی دەوڵەت و کۆمپانیا گەورەکاندا بوون هەر وەکو کە ئێستاش بەردەوامە سەبارەت بە لێسەندەنەوەی ئەوانەی کە پێشتر هەیان بوو. لێرەدا خاڵێکی دیکەش هەیە کە تۆ ناوت هێناوە بە ” مافی شۆڕش ” شۆڕش ماف نییە بەڵکو ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خەڵکییە، لێرەدا جیاوازی لە نێوانی ماف و ئەرکدا بە ڕوونی دیارە . ئەمەی کە تۆ نوسیتوتە ” لە ئێستادا تارمایی شۆڕش بەسەر جیهانی سەرمایەدا جارێکی تر لەهاتوچۆدایە . ئەم هەموو ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە گەورە و ملێونی و سەراسەریانە نیشانی دەدا کە بەشێوەیەکی خۆبەخۆیی مافی شۆڕشکردن بەسەر سیستمی سەرمایەداریدا بووەتە وشیاریەکی گشتی و لێرەشەوە بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکانی چینی کرێکار هەنگاو بۆ سەپاندنی هەژمونی شۆڕش بەسەر چینی دەسەڵاتداردا دەدا.” لەگەڵ واقیعدا نایەتەوە و تەنها لەگەڵ حەز و ئارەزوی خۆتدا دێنەوە. بریا ئەوانەی کە ڕوویان دا ئاوا بووایە، بەڵام بەداخەوە نە ئەو کاتەش و نە ئێستاش هیچ ئاسۆیەکی شۆڕشی کرێکاران لە هیچ کونجێکی ئەم دوونیایەوە دیار نییە .
لە لاپەرە 24-25 دا دەڵێیت ” پێداگری مارکس و ئەنگلس لەسەر ئەوەی حزب واتە هەموو چینی کرێکاری سیاسی و ڕێکخراو، نەک حزبی گروپێکی جیاواز و نەک تەنیا حزبی کۆمۆنیستەکان ، جیاوازیی لە تێگەیشتنی لینین هەیە لەسەر حزبێک کە تەنیا کۆمۆنیستەکان دەگرێتەخۆ و جەخت لەسەر بەرنامە و تاکتیکی سیاسی وەک خاڵی جیاکەرەوە لە نێو بزوتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستیدا دەکاتەوە. ئەمە بەرهەمی مێژوویەک لە خەباتی چینایەتی بووە لە ئاستی ڕۆژئاوا و ڕوسیادا، وەک لە خوارەوە ڕۆشنی دەکەینەوە.” من پێشتر ئیشارەتم بە ناوەرۆکی ئەم بڕگەیە کە لە شوێنی دیکەشدا هاتووە، کردووە ، هاوکاتیش هەر لە لاپەڕەکانی دیکەشدا جارێکی دیکە دێمەوە سەری .
لە هێنانەوەی ئەو بڕگەیەی مارکس-یشدا کە ئاماژەت پێداوە، لە دوای ئەنجامگیرییەکەی خۆمەوە لە خوارەوە دامناوە چەند ڕاستییەکمان بۆ دەسەلمێت : یەك: کە تۆش وەکو هەموو مارکسییەك باوەڕت وایە کە حیزب دامەزراوەیەکی زۆر زەروورییە بۆ دەسەڵاتگرتنە دەستی کرێکاران، کە تەنها دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت کرێکاران ڕزگار بکات. دوو: جارێکی دیکە پاش 35 ساڵ مارکس دێتەوە پێداگریی لەسەر زەروورییەتی حیزب بۆ کرێکاران، بۆ ئەوەش وەکو خۆت ئیشارەتت پێکردووە مارکس دوو خاڵی گرنگی ڕەچاو کردووە. [دواتر دایان دەنێمەوە] سێ: جیاوازی گەورەی نێوانی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانە.
مارکس لێرەدا پێ لەوە دەنێت کە کۆمۆنیستەکان لە کرێکاران جیاوازن، جیاوازییەکەشیان بێ گومان هۆشیاری کۆمۆنیستەکانە کە لە کرێکاران جیایان دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە مارکس باوەڕی تەواوی بە حیزب هەیە بەڵام نایەوێت کە دوو حیزبی جیاواز هەبێت واتە نابێت کۆمۆنیستەکان حیزببێکی جیا لە کرێکاران دروست بکەن. من لێرەدا نابینم کە جیاوازی لە نێوانی مارکس و لینین دا لەسەر پرسی حیزب هەبێت. ڕاستە کە لە دوو قۆناخی جیاوازدا بوون بەڵام بوونی حیزب بۆ کرێکاران لای هەردوکیان جەوهەریی بووە، زۆر بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت کە شتەکان یا پێشبیینەکان بەو ئاراستەیەدا بڕوات کە خودی مرۆڤ پێشبینیان دەکات. ئەم مەسەلەیە بۆ خودی لینین-یش هەر ڕاستە لینین فکری لەسەر دروستبوونی حیزب و ڕابەرایەتیکردنی کرێکاران و هۆکاری سەرەکی بۆ دەسەڵاتگرتنە دەست، گەشەی کردووە. هەرچی مارکسیشە لە بارودۆخێکی جیاوازدا ژیاوە و سەرقاڵی بە تەنها پرسی کرێکاران نەبوو، ئەو سەرقاڵی پرسی نەتەوایەتی و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا و گەشەی سەرمایەداری بووە ، بە واتایەکی دیکە ئەو دوو پرسە لای مارکس بنەمای خولقاندنی ژینگەیەك کە کرێکاران تێیدا هۆشیار دەبن و ئامادەکارییان تێدا دروست دەبیت بۆ شۆڕش گرنگ بووە. لە لایەکی دیکەشەوە مارکس وەکو پرسی تیۆری لەو بارەوە بیری کردۆتەوە و قسەی لەسەر کردووە بەڵام لینین کە کەسێکی زۆر پراکتیکەڵتر بووە لە مارکس ڕووبەرووی واقیعەکە بووەتەوە و ساڵانێکی دوورو درێژیش کاری لەسەر بوونی حیزب و پێشڕەوییەتی حیزب و ڕێێکخراوبوونی کرێکاران کردووە، کە لەوێدا بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە کە یا دەبێت لەگەڵیدا بڕوات یا دەبێت بەجێیبهێڵێت کە لەم حاڵەتەیاندا ڕەنگبووبێت بۆ لینین هەل و بارودۆخێکی ئاوا چی تر نەیەتە پێشەوە.
لیرەدا دەتوانم بڵێم کە من ناکۆکم بەو بڕگەیەی کە لە لاپەڕە 85 دا هێناوتەتەوە، کە دەڵێیت:
” لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ەوە مارکس لە ئینتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار و دواتر لە ساڵی ١٨٧٢ زیادکردنی ئەم خاڵانەش تێدا دەبێتە بڕیار، کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی و دەنگی هەڵپەساردوو(٢٩بەرامبەر بە٥ و ٨).”
- ” لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکاران ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕێک نەخەن.
- حزب بۆ یەکگرتوو کردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پێکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.”
ئەوەی لێرەدا هاتووە هەمان بنەمایە کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە ”کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵێک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”
” دووەم؛ ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران لە شۆڕشدا تەنیا بریتی نیە لە گروپێک کە بەرنامەیەکیان قبوڵ بێت، بەڵکو ڕێکخستنی خەباتی چینێکە بە هەموو بەش و گروپەکانیەوە دژی چینی بورژوازی بەهەموو لق و حزب و ناوەندە ئایدیۆلۆژیەکانیەوە. وەک مارکس وتەنی؛ “هەر هەنگاوێکی عەمەلی کە بزوتنەوەی فیعلی دەینێ، گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە. کەزانرا ناتوانین بەرنامەی ئیزیناخ ( کە باوەڕم وایە بەهیچ شیوەیەک بەکەڵک نایە و ڕۆحیەتی حزب تێک دەدا) تێپەڕێنین – هەلومەرجەکە ڕێگە بەمە نادات- پێویست بوو کە ڕێکەوتن بکەین، لانی کەم لەپێناو کارکردن دژی دوژمنی هاوبەش.”198 لا 157 مارکس
حیزبی خوازراو چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ سەندیکایەکدا؟
هاوڕێ، ئا لەم بەشەدا حەز دەکەم سەرنج لەسەر ئەو تایتڵەی سەرەوە بدەم بە سەرنجدانم لە کتێبەکەت لەو بڕگانەی کە تایبەتن بە حیزبێکی جیاواز کە تۆ دەیخوازیت دروست ببێت . من لێرەدا دەمەێت ڕۆشنایی بخەمە سەر دوو خاڵ . یەکەمیان جیاوازی حیزبەکانی کە مارکس و مارکسییەکان بە لینین و ترۆتسکیشەو کە تۆش لە هەوڵی دروستکردنیدایت. دووەمیان حیزبی هەموو چینی کرێکاران یاخود حیزبێکی یەکگرتوو و جیاوازی ئەم حیزبە لەگەڵ سەندیکاکانی کرێکاراندا لە کەرتە جیا جیاکاندا.
ئەوەی کە من دەرکم پێکردووە لە کتێبەکەتدا حیزبەکەی کە تۆ دەتەوێت دروستی بکەیت سێ جیاوازیی یا ڕاستتر تۆ سێ تایبەتمەندیی بەو حیزبە دەدەیت . یەك: کە حیزبەکە سەرکردەکانیان لە خوارەوە هەلببژێرێت نەک لە سەرەوە . دوو : بڕیارەکانیش هەر لە خوارەوە نەك لە سەرەوە بدرێت. سێ: ئەم لیدەرانە وەکو خۆت وتوتە، نابێت بۆ هەمیشە لەوێدا بن، پێویستە بگۆڕێن .
ئەمە سێ مەرجە یاخود سێ تایبەتمەندییە کە تۆ داتناون. ئەمانە هەرسێکیان لە سەندیکای کرێکاراندا هەن. سەندیکاکان سەرکردەکانیان لە خوارەوە هەڵدەبژێرێت هەموو ئەندامێك مافی تەواو و سەربەخۆی خۆی هەیە لە دەنگدان بە بەربژێرەکانی سەرکردایەتی یا سکرتێری سەندیکاکان. هەموو بڕیارەکانیش لە خوارەوە دەدرێت یانی بریاری خودی ئەندامەکانە نەك سەرکردە و سکرتارییەتی سەندیکان سەبارەت بە مانگرتنیان، سەبارەت بە زیاد و کەمی کرێ و مووچەیان، ڕازیبوونیان بە یاسای نوێی نقابە یا چالاکیەکانیان . هەر ئاواش ماوەی سەرکردایەتیان یاخود سکرتارییەتییان بۆ دەوروبەری چوار ساڵە و دوای ئەوە هەڵبژاردن دووبارە دەبێتەوە. پاشانیش هەموو ئەو سەرکردە کۆنانە گەر هەڵنەبژێرێنەوە ئەوە دەگەڕێنەوە سەر کارە کۆنەکانیان مەگەر خۆیان نەیانەوێت . ئەوە ڕاستە جۆرێك لە بیرۆکراتییەت و بەرتەرەیی بۆ سەرکردەکان لە ناو سەندیکاکاندا هەیە بەڵام لە ڕاستیدا زۆر دیمۆکراتیترن و کەمتر بیرۆکراتیشن تا سەراپای هەموو حیزبە سیاسییەکانی هەر لە کۆنەوە تاکو ئێستا کە نوێنەرایەتی کرێکارانیان کردووە.
ئەگەر بیشگەڕێینەوە بۆ وتەکەی مارکس کە دەڵێت ئەوە دەورەبەر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەیە کە هۆشیاری دروست دەکات ، لەو بارەدا دەبێت ڕەتی حیزب و حیزبایەتی بکەینەوە بۆ کرێکاران کە ئەرکی زۆر قورس و ناقۆڵا دەخاتە سەر کرێکاران لە کردنی شۆڕش و لە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرمایەداریدا . هەرگیزیش ئەمە ئەرکی کرێکاران نەبووە و هەرگیزیش نابێت، ئەمە ئەرک و ئامانجی کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان بووە نەك کرێکاران . کرێکاران ململانێیان لەگەڵ ئیدارەی کاردا بووە نەك دەوڵەت، ئەوان ڕێکخراوێکی پیشەیی بوون و ئامانج و هەوڵیان چاککردنی بارودۆخی کارکردن و خەبات بۆ هەندێك بیمە و ئیمتیاز بووە، کە لێرەدا پێویست ناکات لیستیان بکەم ، ئەوان ڕێکخراوێکی سیاسیی نەبوون.
ئەوەتا خۆتیش دەڵێیت کە ” ئینتەرناسیونالی یەکەم دوای کۆمۆنە بڕیاری پێکهێنانی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار پەسەند دەکا و حزبە سۆشیال دیموکراتەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی پێک دێن .” لا49
پرسیارێك لێرەدا خۆی قوتدەکاتەوە: بۆچی نێونەتەەیی یەکەم ئەو بڕیارەی دا؟ ئایا نەیدەزانی ماهییەتی حیزب چۆنە، نەیدەزانی بیرۆکراتییەت و پیشەی سەرکردایەتی لەوێد هەر دەبێت و لەت و پەتکردنی ڕیزەکانی کریاران دەکات نەك کۆیان دەکاتەوە؟ خۆ بەچاوگێڕانێک بە مێژوی ئەو حیزبانەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کەواتە لەم بارەدا حیزبەکانی دوای ئەوان و ئایندەش لە سۆشیالدیمۆکراتەکان باشتر نابن ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو حیزبانە بەدیار چاو و چاودێری مارکس و کەسانی سەرەکی نێونەتەوەییەوە دروستبوون و کاریان کردووە.
تۆ دەڵێیت ” چینی کرێکار کرێکار لە سەرمایەداریدا، بە هەمان شێوەی چینی بورژوازی لە سیستمی دەرەبەگایەتیدا ، خەباتێکی چینایەتی دەکا دژ بەو کۆیلایەتیەی کە کاری بەکرێ بۆ سەرمایە بەسسەریدا سەپاندووە. ئەم چینە لەم هەوڵە بەردەوامەیدا بۆ لابردنی ئەو ڕێگریانەی لەبەردەمیدایە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە سیستەمی سەرمایەداری ، تیۆر و تاکتیك و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەواەنش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەو ” لا14 . راستییەکە ئەوەیە چینی کریکار لە بەرانبەر سەرمایەداریدا خەباتێکی ئابووری چینایەتی دەکات، نەك خەباتێکی چینایەتی، جونکە کە وتمان خەباتی چینایەیی خەباتی ئابووری تێدەپەڕێنێت و لایەنەکانی دیکەی خەباتیش دەگریتەوە. کەواتە وەکو لە سەرەوە باسم کرد ئەرکی ئەمان ئەرکی دەسەڵاتگرتنە دەستی سیاسی نییە و کۆتاییهێنان بە سیستمی سەرمایەداری نییە، دوای ئەوەش کام ” تیۆر و تاکتیك و شۆڕشی جۆراوجۆر و لەواەنش کۆمۆنیزمی تاقی کردۆتەوە” ئەوەی لە کۆمونەی پاریس دا روی دا زیاتر ئەزموون و هەوڵی ڕۆشنبیرە سۆشیالیست و ئەنارکستەکان بووە، ئەوەی ئۆکتۆبەری 1917 ش تاقیکردنەوە و ئەزموونی خودی حیزبی بەلشەفی بوو، ئەمەش بە ئاشکرا هەر لە ساڵی 1919 وە دەرکەوت .
هاوڕێ ئەمەی تۆ لێرەدا باسی دەکەیت، کە دەڵێیت ” هەربۆیە تاکی کرێکار کە دەبێتە ئەندامی حزبی کرێکاری نابێ بەناوی بەرنامە و بڕیارەکانی حزبەوە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵسووڕانی سیاسی خۆی لەدەست بدا، بەڵکو دەبێ حزب چوارچێوەیەک بێت کە هەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و هەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغ بوونەوەی بڕیار و هەنگاوە عەمەلیە هاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی هەموو ئەندامان بێت.” لا33 ئەمە هەرگیز لە حیزبدا ڕوونادات و ڕویشی نەداوە ، چونکە حیزب لە قاڵبدانی کەسەکانە، هەیکەلی پلەبەندییە، حیزب ڕێ لە هەموو ڕا و بۆچونێکی ئازادانەی سەربەخۆ دەبڕێتەوە، حیزب بۆ کۆنترۆڵی ئەندامەکانێتی نەك کردنەوەی دەرگەی ئازادیی و دەستپێشخەری بۆیان، حیزبیبوون کۆیلەیەتییە، حیزب بکوژی هەموو داهێنانێک و دەستپێشخەرییەکی ئەندامەکانێتی. تەنانەت لە نێونەتەوەییدا کە مارکس کەسی یەکەم و هەڵسوڕاوی چالاکی بووە ڕێگەی نەداوە بە باکۆنین و ئەنارکستەکانی هاوڕێی کە ڕای جیاوازیان هەبێت، ئەوە بوو نەك هەر وەدەری نان بەڵکو باکۆنینی کردە جاسوسی حکومەتی ئەو سەردەمەی ڕوسیا . هاوڕێ گیان ئەوە حەقیقەتی حیزب و حیزبایەتیکردنە، ئەوەی کە تۆ دەیڵێیت تەنها لە ڕێکخراوێکی نقابیانەدا بەرجەستە دەبێت .
“كۆمۆنیستەكان، حزبێكی جیاواز بەرامبەر باقی حزبەكانی چینی كرێكار پێك ناهێنن. ئەوان، هیچ بەرژەوەندییەكی تایبەتی و جیاواز لە بەرژوەندی كارگەرانیان، نییە. ئەوان لە خۆوە هیچ چەشنە شێوازێكی گرووپی ناهێننە كایەوە كە بزووتنەوەی كارگەریی پێ بخەنە قاڵبەوە.” لا21
کۆمۆنیستەکان حیزبی جیاواز بە جیا لە کرێکاران دروست ناکەن ، نەك لەبەر ئەوەی کە نایانەوێت بەڵکو لەبەر ئەوەی کە خۆیان بە پلەیە زیاتر و باڵاتر لە چینی کرێکار دەزانن، چینی کرێکار بە ناهۆشیار، یەكنەگرتوو و کۆیلەی خاوەنکار دەزانن، دەیانەوێت هۆشیاریان بکەنەوە، دەیانەوێت پلان و بەرنامەیان بۆ دابنێن، دەیانەوێت بە پەیژەی شانی ئەواندا هەڵزنێن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات . کۆمۆنیستەکان دەیانەوێت ئەركێك بخەنە سەرشانی کرێکار کە کردنیانە بە مقاشی دەستیان کە گوایە کرێکارانیش وەکو کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و ئەنارکستەکان هەڵواشاندنەوەی کاری کرێگرتەیان دەوێت، کۆتایی ئەم سیستەمەیان دەوێت ، سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمیان دەوێت ، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەوە کاری کرێکاران نییە و مەبەستی ئەوانیش نییە ئەوە بکەن، بەرنامەی کرێکاران لە کرێی باش و باشی شوێنی کارکردن و کەمکردنەوەی ماوە و کاتی سەر کار و هۆڵیدەیی و هەندێك داخوازی تریان دەوێت . داخوازی کرێکاران چی تر لەمانە تەجاواز ناکات .
لە لا 32 دەڵێیت ” لەهەر هەنگاوێکدا حزب دەچێتە پێش و گەورە دەبێ و جەماوەری دەبێ دەسەڵاتی نوخبەی سەرەوە کەمتر دەبێتەوە و پێویستی بە گۆڕینی شێوازەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە حزبدا دەبێتە پێویستیەک. ئەمە تەنیا بە هەڵبژاردنی پلەوپۆستەکان و ” سەنترالیزمی دیموکراتیک” بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە هەموو کرێکارێکی سادە دەتوانێ تیایدا بەشداری بڕیارەکان بکات و بڕیارەکان لای گروپێک کۆنابێتەوە کە ساڵی یان چەند ساڵ جارێک وەک سیستمی پەرلەمانی هەڵدەبژێردرێن و تا ئەبەد لە پۆستە “ڕابەریەکانیاندا” دەمێننەوە. دابەشکردنی کار لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا سادە و ئاسان دەکرێ تا هەر کرێکارێک بتوانێ هەر بەرپرسیاریەتیەک بگرێتەخۆ. ئەگەر بورژوازی حزب لەسەر بنەمای مەڵبەندەکانی دەنگدانی پەرلەمانی ڕێک دەخا ، کرێکاران ڕێکخستنەکانی لەسەر بنەمای شوێنی ژیان و کارەوە دەبێ، کە بنکەی خەباتی هەمەلایەنەن دژی بورژوازی. حزبی کرێکاریی لە هەموو هەنگاوێکیدا بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حزبی و خەباتی جەماوەری لادەبا و بەم شێوەیە هەمیشە لە ڕێکخراوەیەکی تایبەتی پیشەییەوە بەرەو ڕێکخراوێکی جەماوەری هەموو چینەکە دەچێ و ڕێگە لە هەموو هەنگاو و سیاسەتێک دەگرێ کە حزب بکاتە سێکت و کۆمەڵێک فەرمانبەری بیرۆکرات کە ئیدارەی حزبێک بکەن کە خۆی بخاتە جێگای چینەکە. ئەمە ئەو جیاوازیە سەرەکیەیە کە حزبی کرێکاریی لە حزبی بورژوازی هەیەتی.” لا32
ئەمەی کە لێرەدا دەیڵێیت تەنها بیرکردنەوەی خۆتە و زۆر دوورە لە واقیعەوە کە حیزبێکی ئاوا هەبێت یا دروستبکرێت . مێژوو و ئەزموونەکانی نیشانی داوین کە حیزب لە سەرەتادا گەوەرە دەبیت و دواتر وردە وردە بەرە و لاوازی و داڕمان دەڕوات. ئەزموونەکانیش پێمان دەڵێن کێشەی دیمۆکراتییەت و بوونی بیرۆکراسییەت لە ڕێکخرا و حیزبی بچوکدا یا نییە یا زۆر زۆر کەمترە لە ڕێکخرا و حیزبێکی گەورە . بروانە سەرەتا و بەسەرهات و ئایندەی حیزبەکانی 150 ساڵ لەمەو بەر دواتریش تاکو دەگاتە ئەم ڕۆژگارەی خۆمان، هەر هەموو حیزبەکان بە کۆمۆننیستی و سۆشیالیستی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی لیبراڵ و نیولیبراڵ .. تد هەر هەموویان بەرەو لاوازی ڕووتبوونەوە ڕۆیشتون. بی گومان هۆکار بۆ ئەمەش زۆرە ، بەڵام لێرەدا نامەوێت درێژە بەوە بدەم . کرێکاریش لە حیزبدا لە ڕێکخراوێکدا بە ئارەزوی خۆی کار و چالاکی بۆ دانانرێت، بەڵکو بۆی دادەنریت ئەوان بڕیاردەر نین بەڵکو جێبەجێکەرن . حیزب بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حیزب لانادات وەکو نوسیوتە، بەڵکو واقیع پێمان دەڵێت کە بەربەست دروست دەکات، سنوەرەکان ئاوەڵاتر و پانتر دەکاتەوە، بە بوونی کەرتکاریی لە ناویدا قەبارەی خۆی بچوکتر دەکاتەوە ، ئەوەش تایبەتمەندی خودی حیزبە کە لەسەر بناخەی ئایدۆلۆجییەت دروست بووە و مەبەستی سەرەکیشی دەسەڵاتگرتنە دەستە نە شتێکی دیکە ، هەر ئەمەشە کە حیزب ناتوانێت ببێتە نەک هەر حیزبێکی جەماوەریی بەڵکو زۆرینەی چینێک یاخود هەت توێژاڵی چینێك، بەم شێوەیە نەك هەر ناتوانێت خۆی بخاتە جێگەی چینەکە، بەڵکو ناتوانێت خۆشی بخاتە جێگەی سەراپای تاکەکانی تۆێژاڵێکیش لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسم کردن .
ئاماژەت بە بڕگەیەکی مارکس و ئەنجلس کردوە “ مارکس و ئەنگلس هەمیشە گوتویانە کە «ئامانج و مەیلە گشتییەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتیی خۆیەوە سەرهەڵدەدات کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێت، هەروەها بزووتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە». هەر بۆیە هەڵوێستیان سەبارەت بە فۆرمەکانی چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەوە بووە کە: «بەپێی وەزعی کۆنکرێت بڕیاریان لەسەر دەدرێت کە نابێت بە کۆمەڵە یاسایەکی جێگیرەوە بەرتەسک بکرێتەوە. لەهەر وڵات و لە هەر ساتێکدا، لێکۆڵەرەوە کۆمۆنیستەکان دەبێت کۆمەڵێک یاسا پێشنیار بکەن، نەک بەسەر هەموو وەزعێکدا بیسەپێنن». نابێت لە تێکستەکانەوە تاکتیک و ستراتیژ دەربهێنرێت، مەترسیداریشە کە وەک سێکتێکی پێشتر ئامادەکراو بسەپێنرێت260.” لا179 لا196
لەم بڕگەیەدا چەند ئەشکالێک دێتە پێشەوە: یەك: گەر هەر کەس ئەو قسانەی ئەوان بە قەناعەتەوە وەربگرێت ئەوە ناکرێت کە لە دەرەوەی کرێکارانەوە بێن حیزبیان بۆ دروست بکەین ، تاکتیك و ستراتیجییان بۆ دابنێین . دوو: ناکرێت بیر لە گواستنەوەی بیری سۆشیالیستی بۆ کرێکاران بکرێتەوە و داوای ڕێکخستن و یەکگرتنیان لێ بکەین . سێ: نابێت تێکستەکانی مارکس وەکو تێکستەکانی قورئان بەکاربهێنرێت.
هاوڕێ لەبەرانبەر ئەم بڕگەیەتدا “ حزبیەت کێشەی مۆدیلی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و گروپە کۆمۆنیستیەکانی ئێستایە. کێشەی کۆمۆنیزمی سەردەمی ئێمەیە کە لە پەراویزی کۆمەڵگەدایە. ئەم کۆمۆنیزم و حزبە پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی یە، تاکو بتوانرێ حزبیەت و خۆ دیسپلینی ببێتە دیاردەیەک لە نێوکرێکاران و کۆمۆنیستەکاندا، وە تاکو چیتر لە ژێرناوی جۆراوجۆردا ڕیزەکانی خەباتی کرێکاران و حزبەکەیان دابەش نەبێ بە گروپی جیاجیای سێکتاریستی و بیرۆکراتیەوە. حزبیەت مانای یەکگرتوو بوونی چینی کرێکار و دابەش نەبوونێتی بەسەر گروپی سێکتاریستی جیاجیادا.” ل201 ناتوانم شتێکی دیکە بلێم جگە لە دووبارە کردنەوەی خۆم کە پێشتر وتومە، کە ئەوەی تۆ باسی دەکەیت ئەو خەسڵەتانەی لە نێو حیزب و حیزبایەتیدا ناونوست کردون، ئەوانە تەنها لەناو ڕیکخروێکی نقابییدا هەیە ، نەك پێکهاتەیەیەکی حیزبیانەی خاوەن پلەبەندی و سەرکردە و ڕابەر .
حیزب خۆی وەك دامەزراوەیەکی پلەبەندیی/ قووچەکەیی، بەڵام دامەزرێنەری کۆمەڵێکی ناپلەبەندیی سۆشیالیزمیی !!
لە هەموو شت سەیرتر لای من ئامانجی حیزبێکی پلەبەندیی/ قوچەکەیی دروستکردنی کۆمەڵێكی ناپلەبەندیی و ناچیانیەتی بێت، واتە سۆشیالیزم . ببورە هاوڕێ کە دەلێم ئەمە لۆژکانە نییە، حیزبێك کە خۆی بە چەند پرۆسەیەکدا دەڕوات تاکو ئەندامەکانی بگەیەنێتە پلەیەکی باشتر و بەرزتر و دواتریش ئەندامانی سەرکردایەتییان لێدروست بکات و ڕابەریان بکات . ئەمە لە کاتێکدا کە خودی خۆی لە پێگەیەکی زۆر بچوكدایە بەڵام کار بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەك بکات کە پێچەوانەی خۆی بێت ، بە واتایەکی دیکە ئەوەی کە لە خۆیدا و بە ویست و ئیرادەی خۆی دروستی کردووە لەو کۆمەڵگەیەی کە هەوڵی دروستکردنی دەدات ئەوە هەڵوەشێنێتەوە کە هیچ لۆژکێك قەبوڵی ئەمە ناکات ، هاوکاتیش کە خودی ئەندامانی حیزب کاربەدەست و پلەدار دەبن لەو دەوڵەتە یا حکومەتە کرێکارییە و کۆمەڵە سۆشیالیستیەی کە دروستی دەکەن .
مێژوو ئەزموونەکان نیشانی دەدەن، ئەو کۆمەڵگانەی کە حیزب دروستی کردوون هەموو دامەزراوەکانیان بە تەواوی ڕەنگدانەوەی قەوارە و خەسڵەتەکانی نێو خودی حیزبەکانن بەڵام لە قەبارە و دامەزراوەیەکی زۆر زۆر گەورەتردا. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە نابێت نامۆ بین بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەك لە ڕێگەی حیزبەوە کە هەموو ئەو ڕیزبەندی دیاردانە بەخۆوە دەگرێت کە لە خودی حیزبەکەدا بوون، واتا ڕەنگدانەوەیەکی کتومتی خۆیەتی، تەنانەت بە بوونی کەسەکانیشەوە، کە ئەمەش مەسەلە کوردییەکە دەسەلمێنیێت کە دەڵێت ” چی بچێنیت ئەوە دەدووریتەوە” کۆمەڵێکی بەناو سۆشیالیستی لەسەر دەستی حیزبێکی پلەبەندی و لەژێر سێبەری ڕابەر و سەرکردەدا کۆمەڵگەیەک دەهێنیتە دی کە ناکرێت چاوەڕوانی شتێکی جیای لێبکرێت.
بە گوێرەی ئەوەی سەرەوە ناکرێت پێشبینی لەم بڕگەیەی خوارەوەی تۆ بکرێت کە نەخشەی حیزبێکی نموونەیت کێشاوە تاکو کۆمەڵگەیەکی جیا دروست بکەیت . ئەوەتا دەڵێیت: ” حزبی کرێکاریی لە میتافۆرێکی ئەفسانەیی دەچێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەرمایەداری. چینی کرێکار دەیەوێ خۆی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمێک ڕزگاربکا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام ئەم چینە بۆ ئەوەی ئەم کارەبکا دەبێ ئامڕازەکانی خەباتی لەسەر شێوەی دەزگاکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دروست بکا.” لا28
ناکرێت تۆ لە مێژوی چینی کرێکاران و خەبات و ململانێی چینایەتییان بنواڕیت و سەرنجی خۆتت هەبێت بەڵام داوای حیزبێکی پلەبەندیی و خاوەنڕابەریان بۆ بکەیت وەکو لەم بڕگەیەدا دەرت خستووە ” ئێمـە بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووی چینی کرێکار و ئەو گۆڕانکاری و جیاوازیانەی لە خەباتی فکری و سیاسی ئەم چینەدا دروست دەبێ پێویستە سەیری مێژووی بورژوازی وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی بکەین.” لا17 دوای ئەوەش بەڕاستی گرنگە خۆمان لە هەندێك چەمکی باو و وتراوە و بێ بیرکردنەوە لە جەوهەریان ڕزگار بکەین، وەک بینینی چینی بورجوازی بەوەی کە شۆڕشگێڕن و شۆڕشیان کردووە. ئەوەی کە بووە شۆڕشی تەکنەلۆجیا بووە ، نەك شۆڕشگێڕێتی چینی بورژوا. سەرمایەداران و ئابووریناسانی سەرمایەداریی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بیسەلمێنن ئێمە بە بێ سەرمایەداران و چینی بورژوا ناتوانین ژیان بکەین، چونکە ئەوان خولقێنەری کارن، وەبەرهێنان دەکەن ، شۆڕشیان کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا نە خولقێنەری کارن و نە وەبەرهێنانیش دەکەن بێ هێزی کار، و نە شۆڕشیشیان کردووە. شۆڕشی تەکنەلۆجیاش زەرەورەی مێژوویی گەشەی پەیوەندی بەرهەمهێنان و هێزی بەرهەمهێنەر بووە لە پاڵ ململانێی سەختی نێوانی پارەداران و بۆ مانەوەیان لە بازاڕدا و دووکەوتنی زیاتری قازانج.
لە لاپەڕە 70 دا نوسیوتە ” شۆڕش بە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک و چەند جارێک چوونە سەر شەقام دەست پێ دەکا، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنە، کە تیایدا هێزە شۆڕشگێڕەکان هەژمونی فکری و پراتیکی سیاسی خۆیان نمایش دەکەن. شۆڕش ئەوکاتە دەست پێدەکا کە چینی کرێکار و چەوساوە بەو ڕاستیە دەگا کە مافی شۆڕشکردن مافێکی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگرە. بەڵام پەیداکردنی هەژمونی و دەسەڵاتی شۆڕشی کرێکاری لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەم چینە خۆیان بەساحێبی کۆمەڵگە دەزانن نەک سەرمایەداران، وە بورژوازی و حکومەتەکەی بەڕێگری بەردەم ژیان و گوزەرانی شایستەی ئینسانی دەزانن. هەربۆیە سەرەتا بە داوای لابردنی سەرۆکێک و حوکەمەتێک و چەند داواکاریەکی چاکسازی دەست پێ دەکا و لەم ڕێگەیەوە ئەم چینە دەیەوێ مافی شۆڕشکردنی بەسەر بورژوازی و یاسا و دامودەزگاکانیدا بسەپێنێ. ” هاوڕێ هێزی شۆڕشگێڕەکان کێن کە نمایش و پراکتیکی سیاسی خۆیان دەکەن، جگە لە بوونی حیزبێك لە دەرەوەی کرێکاران، ئەمەش خۆی لە خۆیدا داننانە بە ڕابەرایەتی حیزب لە شۆڕشدا. لە کوێدا وتراوە یا نوسراوە کە زۆرینەی چینی کرێکاران خۆیان بە ساحێبی کۆمەڵگە دەزانن نەك سەرمایەداران؟ لە ڕاسستیدا ئێمە دەمانەوێت چینی کرێکار بەو شێوەیە بێت کە خۆمان دەمانەوێت، ئەوەتا نوسیوتە ” هەربۆیە سەرەتا بە داوای لابردنی سەرۆکێک و حوکەمەتێک و چەند داواکاریەکی چاکسازی دەست پێ دەکا و لەم ڕێگەیەوە ئەم چینە دەیەوێ مافی شۆڕشکردنی بەسەر بورژوازی و یاسا و دامودەزگاکانیدا بسەپێنێ” دەنا لە کوێی ئەم دونیادا کرێکاران ئەوە دروشمیانە و ئەوەش ئامانجیانە. گرنگە ئێمە لە واقیعەوە شتەکان ، ڕووداوەکان ، گۆڕانکارییەکان ببینین نەك لە دووتوێی کتێبەکانی مارکس و ئەنجلسەوە ، هەر ئەمەشە کە من لە سەرەتای نامەکەمدا وتم گەر ئێمە بمانەوێت شیکار و شرۆڤەیەکی دروست بۆ هەر بارودۆخێك بکەین دەبێت لە خودی ئەوەوە دەست پێبەکەین نەك لە کتێبەوە. ئێمە ئەوەمان لە بیر دەچێت ئەوانەی لە کتێبەکانی مارکس دا هاتوون هەڵهێنجراوی واقیعەکەی سەردەمی خۆی بووە، کەواتە گرنگە کە ئێمەش نوسین و شیکاریەکانمان ڕەنگدانەوەی واقیعەکەمان بێت نەك واقیع و سەردەمی مارکس.
حیزبی جەماوەریی
هاوڕێ لە دروستکردنی حیزبێکی جیاوازدا تۆ ناوی حیزبی کرێکاران، حیزبی جەماوەرییت هێناوە کە گوایە ونبوونی ئەو خەسڵەتە وەرگەڕانی حیزبە بەرەو ئاراستەیەکی دیکە و دواتریش تێشکاندنێتی .
تۆ کە لە زۆر شوێندا باسی ئەمە دەکەیت بە تەواوی بۆمان ڕوونناکەیتەوە و وردەکارییەکانمان پێ ناڵێیت، ئەگەر حیزبێك جەماوەریی بێت ئایا تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم حیزبە چین ئایا بوونی سیستەمێکی دیمۆکراتییە لە نێو حیزبدا؟ هەڵخڕانی ژمارەیەکی زۆری ناڕەزاییکەرانە؟ بوونی مانیفێستێکی ئاشکراو پڕ لەوردەکاری و بەخۆوەگرتنی هەمەموو داخوازییەکانی گەلە؟ ڕۆچوونی بنکەکەیەتی لەناو کرێکاران و جوتیاران و زەحەمەتکێشاندا؟ سەرکەوتنێتی لە هەڵبژاردنە لۆکاڵییەکان و تەواوی وڵاتدا؟ مۆدیرەیتبوونێتی ؟ زۆری تر لەمانە . لە هەندێك شوێندا پەنجەت بۆ ئەو جۆرە حیزبە ڕاکێشاوە، هەندێك لە خەسڵەتەکانیت خستۆتە بەرچاوی خوێنەر ، بەڵام هەر ئەوەندە کافی نییە ، چونکە ئەگەر میکانیکی دروستکردنی ئەو حیزبە کە بە ئاشکرا و بەڵگەوە ەکرێت خۆی جیاواز بگرێت لەسەراپای ئەو حیزبە باوانەی کە هەن ، بۆچوونەکانت دەکەوێتە بازنەی خەیاڵ و ویست و ئار ەزووی خۆتەوە.
لە لاپەڕە 201 نوسیوتە “ لە حزبی کرێکاریدا، حزبیەت بریتی نیە لە گوێگرتنی ئەندامانی خوارەوە بۆ بڕیارەکانی سەرەوە ئەوە شێوە و فۆرمی دائیرە و بیرۆکراسیە بەڵکو بریتیە لە بەشداری جەماوەری کرێکار لە خەباتی سیاسی و ڕۆژانەدا و ڕێکەوتنی سەراسەری لەسەر مەسەلەکانی ئەو خەباتە. حزبیەت مانایەکی تری هەیە، بریتیە لە یەکگرتوو بونی چینی کرێکار. ئەگەر هەر حزب و ڕێکخراوێک توانی کرێکاران لە خەباتی ڕۆژانەی چینایەتیاندا یەکگرتوو بکات بەرامبەر بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان، ئەوا پەیوەندی نێوخۆی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریە بەهێزدەبێ. حزبیەت چالاکیەکی ڕاستەوخۆی ئەندامانی هەموو حزبە لەو بڕیار و مەسەلانەی لە بەردەم خەباتی چینایەتی دایە.” ئاشکرایە لێرەدا قسە لەسەر جۆرێك لە دیمۆکراتێتی حیزب دەکەیت ، باس لە شلکردنی دسپلینی و وەستانەوە بە بیرۆکراسییەت و مەرکەزییەت دەکەیت، قسە لەسەر یەکگرتنی چینی کرێکار دەکەیت. ئەمانەی کە تۆ وتوتن تەواو دژ بە هەیکەل و بونیەی حیزبن. حیزب یانی مەرکەزییەت، یانی جیبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرەوە بێ وتووێژکردن لەسەریان، گوێڕایەڵیی، نەبوونی هیچ جۆرە ئازادییەك، خۆت ئەو ئەزموونەت هەیە یا تێیگەیشتویت لە حیزبەکانی کۆمۆنیستی کارگەریی ئێرانی و عێراقی، لە حیزبە کۆمۆنیستیی و کرێکارییەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە ، لە خودی حیزبی بەلشەفیدا کە توانیوێتی ملیۆن خەڵک بخاتە سەر شەقام و سەدان هەزاران کرێکار مان پێبگریت. باشە لە کوێی تردا نموونەی ئەو حیزبە بووە یاخود چۆن چۆن دروستی دەکەیت؟ دەکرێت دروستی بکەیت بەو شێوەیەی کە وتوتە بەڵام ئەوە تەنها ڕێکخراوی جەماوەری دەبێت، یاخود نقابەی مەرکەزی کرێکارانی وڵاتێک دەبێت، چونکە پلان و پێشبینییەکانی تۆ لە دووتوێی بەرنامە و مانیفێستی حیزبدا کۆنابێتەوە. وەکو پێشتر وتم حیزب بۆ کەرتکردنی کرێکارانە، نەك یەکگرتنیان و یەککەوتنیان .
ئایا حیزبی جەماوەریی یاخود حیزبێك کە یەکڕیزی و یەکگرتنی چینەکەی یا میللەتەکەی بوێت وجودی بووە و هەیە، چونکە حیزب یا حیزبی جەماوەریی ئەگەر هەر ناوێك هەڵگرێت لە دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و کرێکارییەوە ناکرێت و نابێتە حیزبێکی جەماوەریی، هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆ:
یەك: بنەمای حیزب چینە، زیاتریش یا ڕاستتریش توێژاڵەکانی چینەکەیە ، چونکە دەبینیت لە هەمان چیندا چەندەها حیزب هەیە تەنانەت لە کورستانیش، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حیزبەکە نوێنەرایەتی کەمتر چینێك دەکات بەڵام زیاتر توێژاڵەکانی نێو چینەکە دەکات، نەك جەماوەر، کەواتە ناتوانێت جەماوەریی بێت.
دوو: هەر یەك لەو حیزبانەی دونیا بەوانەی لە عێراق و ئێرانیشدا هەن بەرگری لە داخوازی چینێك یا توێژاڵی چینێك دەکەن کە لە هەموو بارێکدا کەمایەتییەکی زۆر کەمن، لێرەشدا پێناسەی جەماوەییبوون یاخود ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات وەکو یەکڕیزیی و یەکگرتن لەدەست دەدات .
لەبەر ئەوانەی سەرەوە ئەو بڕگەیەی کە لە لاپەڕە 94 دایە ناواقیعیانەیە کە دەڵێیت ” حزبی کرێکاری وەک ئەم ئامڕازە سیاسیە خۆی لەسەر بنەمای ململانێی مەیلەکان دروست نەبووە و ئامانجی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێو چینی کرێکار نیە، وەک لە حزبی بورژوازیدا وایە. بەپێچەوانەوە حزب لێرەدا ئەرکی نەهێشتنی ئەو ناکۆکیانەی نێو چینی کرێکار و یەکگرتوو کردنی سەرجەم چینەکەیە و دواتریش کۆتایی هێنان بە خودی پێویستی حزب و دەسەڵاتی سیاسی حزبە لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا.” ئەمەی کە لێرەدا نوسیوتە درێژەدانە و بەرەنجامی ئەوەیە کە لە لاپەڕە 33 و 34 دا نوسیوتە و تووتە “بەڵکو دەبێ حزب چوارچێوەیەک بێت کە هەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و هەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغ بوونەوەی بڕیار و هەنگاوە عەمەلیە هاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی هەموو ئەندامان بێت.”
لە کتێبەکەتدا تێبینی ئەوەم کردووە کە تۆ حیزبت خستۆتە شوێنی چین و چینت لە حیزبدا بەرجەستەکردووە. دیارە لای من ئەمە نامۆ نیە چونکە یەكێك لە خاڵەگرنگەکانی کە پێداگریی لەسەر دەکەیت، کە ڕەنگە لە بێ ئاگاییەوە بێت گواستنەوەی هۆشیاری و ئەزموون و چاککردنی ڕیزەکانی کرێکاران و تەبابوونیانە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی. ئەمانەش وایان لێکردویت کە حیزب ئەو ئامرازە بێت کە ناوت هێناوە . لە هەندێك شوێندا بێ گومان نوسیوتە کە حیزب تا دەسەڵاتگرتنە دەست پێویستە وەکو ئامرازێك ، بەڵام لەم بڕگەیەی خوارەوەدا دەلێیت حیزب ” ڕۆحی دەوڵەتە” . ئەمەی کە دەیڵێیت دژ بەوەیە کە پێشتر و دواتریش دەیڵێیت گەر تۆ مانەوەی حیزب بە پێویست نەزانیت لە بوونی دەوڵەتدا ئەی چۆن دەیکەیتە ” ڕۆحی دەوڵەت” جەستەی بێ گیان بۆ ئێمەیەک کە دینمان نییە چۆن بوونی دەمێنێت؟ . بەڵام وەك دەزانیت لای مارکسییەکان ئەوە ئاساییە جونکە بوونی دەوڵەت بێ حیزب نابێت و دەوڵەت بە بێ حیزب نابێت چوکە لای ئەوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم دوو قۆناخی جوودان و حیزب و دەوڵەتیش لە قۆناخی یەکەمدا دەبێت بمێنێتەوە بۆ تێپەڕاندنی کۆمەڵگە لە قۆناخی سۆشیالیستیەوە بۆ قۆناخی کۆمۆنیزم، چونکە بە گوێرەی ئەنجلس دەوڵەت خۆی لەناو دەچێت . ئەوەتا لە لاپەڕە 82 دا نوسیوتە ” حزب ئەو ئامڕازیە کە ئەم هاتنە مەیدانە ڕێک دەخا و چالاکی دەکا و جەماوەر ڕوناکبیر دەکا و ریفۆرمی مۆراڵی تیادا پێک دێنێ. بەڵام حزب نەک وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو وەک چینێک کە دەیەوێ دەوڵەتێک دروست بکا. چین حزب دروست دەکا ، وەحزبەکان شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەت پێک دێنن. حزب “ڕۆحی دەوڵەتە”. ئایا پرۆسەی ئەم دروستبوونەی حزب چۆنە؟ “
حیزب و دەوڵەتی کرێکاریی – سوشیالیزمی چینی کرێکار
مێژوو زۆر شتی سەلماندووە بەڵام هەرگیز لەوە باشتری نەسەلکماندووە کە دەوڵەت ئامرازی داردەستی چینەکانە یاخود تۆیژاڵێکی چینایەییە، نەك هەر ئەوەندە بەڵکو دەوڵەتی کەمایەتیشە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەمینەیەکی کۆمەڵگەدان. ئامرازێکە کە لە ڕێگەیەوە دەکرێت کۆنترۆڵی خوێنبەرەکانی ژیانی کۆمەڵ بکرێت، سەرکوتی ناڕەزاییکەران و پڕکردنی زیاتری باخەڵی سەرمایەداران و بڕینی هەمو هەناسەیەکی ئازادیی و فراوانکردنی کەلێنی نێوانی کەمایەتتیەکی نێو کۆمەڵ و زۆرینەی کۆمەڵگەیە. دیارە من نامەوێت لێرەدا پێناسەی دەوڵەت، حکومەت بکەم، لە زۆر شوێنی دیکەدا ئەمە باسکراوە.
نە جێگای تێڕامان و دڵەڕاوکێە، نە نهێنییەکی شاراوەشە کە دەبینین هەموو مارکسییەکان دەوڵەتیان دەوێت، دەسەڵاتیان دەوێت. نەك هەر لای ئەوان لای سەراپای حیزبخوازان ئەمە ڕوونە ، حیزب هەمیشە تاکتیکێك، ئامرازێك بووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەوڵەت . گەر قسە و پرسیار لەسەر هەموو شێوەکانی حیزب و بەرنامەیان بکەیت، نابێت پرسیاری ئەوە بکەیت کە دوائامانجی حیزب چییە، چونکە تۆ خۆت دەزانیت کە دەسەڵاتە ، گرتنەدەستی حوکمە، بەڕێکردنی دەوڵەتە.
بەڵام هەرگیز دەوڵەت و دەسەڵاتخوازان ناتوانن ئەرگیومێنتێکی جددی بە بەڵگەوە بە شاهیدحاڵیکی مێژووییەوە بۆ پاساوی بوونی حوکم، دەوڵەت کە زەروورە بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئازادیی تەواو و دادەوەری کۆمەڵایەتی و لەناوبردنی پلەبەندیی و پرسی چینایەتی. لە ئەو پەڕی حاڵەتدا بیانویەك دەهێننەوە لە کەموکوڕییەکانی حکەموتەکان، لە پاڵیشیا جیاوازییەكیش لە نێوان ئەوانەی کە شکست دەهێنن لە مەبەست و ئامانجیاندا تاکو ئەمەی ئەمان. ئەوەتا هاوڕێ تۆش وەکو هەموان باوەڕت وایە کە ڕێکخراوی سیاسی بۆ سەرکەوتنی خەباتی چینایەتی پێویستە ” . لەلایەک چینی کرێکار پێویستی بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ . ” ل 34. باوەڕت بەوە هەیە کە لەو ڕێگەیەوە دەوڵەتێکی کرێکاری هەمان دەوڵەتی نموونەی ڕوسیا نابێت بەڵکو دەوڵەتێکی جەماوەری دەبێت ” ئایا دەوڵەتی کرێکاریی هەمان دەوڵەتی تاک حزبی و نەبوونی ئازادی سیاسیە، کە لە سۆڤیەت و بلۆکی بەناو سۆشیالستیدا هەبوە، وە یا خود دەوڵەتێکی جەماوەریی و کاتیی و پابەند بە ئازادیی سیاسیە، کە هەنگاوەکانی هەڵوەشانەوەی خۆی ناسنامەکەیەتی، وە دوای نەمانی ترسی گەڕانەوەی بورژوازی بۆ دەسەڵات بەرەبەرە دەزگا سەروو خەڵکی و بیرۆکراتیەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە ؟ ” لا12 باشە دەوڵەتی جەماوەری ناتاکحیزبی چییە و چۆنە ؟ تەنانەت ئەگەر سەراپای حینی کرێکاران وڵاتەکەش بەشداری بکات لەو دەوڵەتەدا هێشتا دەوڵەتێکی جەماوەریی نابێت چونکە هەموو کۆمەڵگە چینی کرێکار نین. لەو بارەدا کەواتە دەبێت دەوڵەتێکی فرە حیزبی بێت . بەڵام ئایا ئەمە ئەو کێشانە لابەلا دەکاتەوە کە باست کردن هەتا ئەگەر ئەو حیزبانەی دیکەش هەموویان حیزبی توێژاڵی دیکەی کرێکاران بووبێتن ، چونکە واقیع پێمان دەڵێت گەر ئەو حیزبانە لە دەرەوەی دەسەڵات کاتێك کە هەر هەموویان یەك ئامانجیان هەبووە یەکیان نەگرتووە و ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەو ئامانجانە ، ئەی چۆن لە ناو خودی دەوڵەتدا کە قۆناخێکی نوێی ژیان و خەباتیانە بەرژەوەندییەکی هاوبەش و بەرپرسیاییەکی بنەڕەتی و گەورە لەسەر شانیان دەبێت چۆن یەکدەگرن و ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی قۆناخی سۆشیالیزم تێپەڕێنن؟
دەی با باوەڕ بەوە بهێنین کە حوکم، حوکمی یەك حیزبە و هیچ هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ لایەن و حیزبی دیکەدا نییە، چۆن ئەم حیزبە لە دەوڵەتدا پابەند دەبێت بە ئازادییەکانەوە، کاتێك کە لەناو خودی خۆیدا ئازادی نەبووە و نییە ئەمە لە حالەتێکیشدا کە حیزب لە چاو ئێستایدا کە لە دەوڵەتدایە ئەوەندە بچوك و بێ دەسەلات بووە بە بەراورد بە ئێستای کە ئیدارەی دەەوڵەتی لە دەست دایە؟ چۆن دەتوانێت لە قۆناخی مەترسی گەڕانەوەی بورژوازی بۆ دەسەڵات ڕزگاری بێت ، ئەمە لە کاتێکیشدا کە وردە وردە لە هەوڵی خۆهەڵوەشاندنەوەدایە؟ چۆن سەرکردان و بەرپرسانی حیزب و دەوڵەت دەستبەرداری ئەو هەمو ئیمتیازەی کە هەیانە دەبن ، لە کاتێکدا کە بە تێگەیشتنی تۆش و تەواوی مارکسییەکانیش دەوڵەت بە هەموو دام و دەزگەکانی و جیهازەکانییەوە تا دەگاتە دەزگەی پۆلیس و عەسکەری و ڕێکخراوی سیخوڕیی وجودی دەبێت و دەمێنێت، هاوکاتیش دەولەتێکی سۆشیالیستییە و کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستییە؟ وەڵامی پرسیارەکان لە هەر شوێن و هەر کەس و لایەنێکەوە بێت ، وەڵامێکی باوەڕپێکرا و لۆژکیانە نییە و نابێت .
لەلاپەڕە 23-32 دا نوسیوتە ” کۆمۆنیزم لە هەناوی ئەو پرۆسە خۆڕسکانەوە گەشەی کردووە و ئەو وشیاریە چیانیەتیەی ڕۆشنترکردۆتەوە و بەرگێکی زانستی خستۆتە جێگای خواستە خەیاڵیەکانی ئەو چینە. حزب و ڕێکخراو بوونی کرێکاران بەرهەمی ئەو پرۆسە وشیارانە بووە کە ئەم چینە لە قۆناغی جیاجیادا بەشێوەی جیاجیا خۆی وەک چینێک تیایدا نمایش کردووە.” لا23 نازانم تا چەندێ ئەو چەمکە دروستە کە لەو برگەیدا هاتووە. هەر وەکو پرسێکی زمانەوانیش یا ڕێزمانیش مانایەك یا ڕاستتر مەبەستەکەت ناگەیەنێت . کە دەڵێی کۆمۆنیزم لە هەناوی ….. کۆمۆنیزم دوو تێرم بەخۆوە دەگرێت کۆمۆنیزم وەکو فکر / بیرۆکە یاخود وەکو قۆناخێك ، شێوەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگە. گەر تۆ وەکو فکر/ بیرۆکەیەك بەکارت هێنابێت مانا نادات. خۆ ئەگەر وەکو ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك، کۆمەڵگەیەک بەکارت هێنابێت دەکرا بە نموونەیەك بەرچاوی خوێنەرت بە منیشەوە ڕۆشنبکردایەتەوە. لە ڕاستیدا بەو شێوەیەی کە تۆ باست کردووە بەڕای من گەشەی کرێکاران جگە لەڕووی ژمارەوە نەچۆتە پێشەوە ، بگرە چەندەها بەست و ئامرازی دژەشۆش دروست بووە وەکو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کرێکارییەکان یا نقابە بیرۆکراتییەکان کە لە سەرەوە لەگەڵ کرێکاراندا و لە ژێرەوە دۆستی ئیدارەکانی کارن . دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی نمایشکردنێکی گەلێك ناشیرینە، هەنگاوی چوونە دواوەیە، دووژمنێکی سەرەکی نەك هەر کرێکارانە بەڵکو بەشەرییەتە کە بە بەردەوامی ڕژێمی سەرمایەداری دەژێنێتەوە و پارێزگاری لێدەکات و بزونتەوەی سۆشیالیستیش بەرەو دواوە دەبات و ڕێگرییەتی.
لە لاپەڕە 20ی کتێبەکەدا نوسیوتە ” ئەم شەڕە جیهانیه بۆ جیهانی مۆدێرن بەمانای ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم و مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی بورژوازیە، کە لەبەرامبەریدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕانە سەریهەڵدا و بزوتنەوەی کرێکاریی وکۆمۆنیستیی خستە بەردەم ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی مێژوویی لەگەڵ ئەم شەڕە جیهانی وبەربەریەتەی سەرمایەداری و نیشاندانی بەدیل و ڕیگاچارەی کۆمۆنیستی بۆ کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی. هەربۆیە جارێکی تر مەسەلەی شۆڕشی کرێکاریی دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وگرتنە دەستی دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیی دەبێتە پێویستیەکی ڕۆژ” کە باس لە شەڕی جیهانی دەکەیت من نازانم چ زەمەنێکت مەبەستە: ڕابوورد و ئێستا یاخود ئایندە. ڕاستە شەڕێک هەیە بەڵام شەڕەکە لە نێوانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرمایەداریدا نییە ، بەڵکو لە نێوانی خودی کۆمەڵە یا توێژاڵە سەرمایەدارییەکاندایە. ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە نوزەیەكە، نەك شەڕ و ململانێیەکی سەخت لە نێوانی کرێکاران و سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و دەەوڵەتدا، ناڕەزایی زیاتری گەنجانە چ لە وڵاتانی ” بەهاری عەربی ” چ لە عێراق و ئێران و چیلی و هۆنگ کۆنگ و بەشێکیش لە وڵاتانی ئەوروپیدا. گەرچی لە فەرەنسا پەسەك زەردەکان هاتنە سەر شەقام بەلام بۆ تاکە دەقیەك پشتگیریی کرێکارانیان لە هیچ ولاتێکدا تەنانەت لە خودی فەرەنسەشدا حاسڵ نەکرد. هیچ کامیش لەو خۆپیشاندانانە نەبوونە هۆی نەك “ڕوخانی تەواوی پایەکانی دنیای لیبرالیزم ..” بەڵکو پایەکانیشی نەلەرزاند .
هاوڕێ تۆ لەم برگەیەشدا وتووتە ” بزوتنەوەی کرێکاریی وکۆمۆنیستیی خستە بەردەم ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی مێژوویی” لێرەدا ئاشکرایە دان بەوەدا دەنێیت کە کە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە دەرەوەی بزوتنەوەی ئەو گەنجانە و ئەو کەسانەی کە خراونەتە پەراوێزی کۆمەڵگەوەن. ئەگەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاران لە دەرەوەی ئەو شەڕە بن کە تۆ باست کردون ئیتر چۆن دەتوانن گرتنە دەسەڵاتی سیاسی دەکەنە زەرووری ، خۆ ئەگەر ئەوەش ڕووبدات ئەوە دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان و حیزبییەکان دەبێت نەك کرێکاران و چەوساوەکان .
لە لاپەرە 73 دا کە نوسیوتە “…. حکومەتی کەمایەتی بورژوازی. پێویستە بەشی ڕۆشنبیر و کۆمۆنیست و پێشڕەوی ئەم چینە خۆی نەکاتە قاڵبێکی کەمایەتی و توانای شۆڕشگێڕانەی ئەم چینەی تێدا قەتیس بکرێ، بەڵکو ئەم بەشە ڕوناکبیر و پێشڕەوە دەبێ هەموو چینەکە بۆ ئاستی گرتنە دەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردن گەشەپێبدا” بەرای من جارێکی دیکە تۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکەیتەوە و ئەوە دەسەلمێنیت کە کۆمۆنیستەکان ، ڕۆشبیرەکان خەڵکانێکن لە دەرەوەی چینی کرێکارن و ئەرکیان پێشڕەویکردنی ئەو چینەیە، ئەرکیان ئەوەیە کە هەموو چینی کرێکاران بۆ دەسەڵاتگرتنە دەست ئامادە بکەن و گەشە بەو دەسەڵاتە بدەن، واتە دەسەڵاتەکە بەهێزتر بکەن. دیارە لێرەدا دوو مەبەستت هەیە یەکەمیان بە هاتنەناوەوەی هەموو کرێکاران کە ئەمە کارێکی مەحاڵە و ڕوونادات کە هەموو کرێکاران بهێنیتە ئیدارەی دەسەڵات و حکومەتەوە. دووش کردنی ئەمەش ئەو دەسەڵاتە و جیهازەکانی بەهیزتر دەکات نەك لاوازی بکات لە بەرانبەر تێپەڕیکردنی ئەو قۆناخە بەرە و کۆمۆنیزم .
بەردەوام دەبێت لەسەر ڕا و بۆچوونەکەت. دڵەڕاوکێیەك، ڕاڕایەك، گومانێک لات دروست دبێت و هێڵێکی پاشەکشە دادەنێت کە ئەگەر نەتوانرێت سەراپای کرێکاران بهێنرێتە ناو حکومەتتەوە و بەرنامەیان بۆ داڕێژرێت و یەكگرتویان بکات ئەوە لەو حاڵەتەدا بێ هیوا دەبین شۆڕشی کۆمەڵایەتی و و بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیسستی ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە ئەوەتا لە لاپەڕە 75 هەر دوای بڕگەکانی پێشترت نوسیوتە ” لەپاڵ ئەم دوو حوکمەدا دەبێ حوکمێکی لەمانە گرنگتریش بڵێین ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو کەمایەتیە لە چینی کرێکار و حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە شۆڕشی چەکدارانە بەسەرکەوتن دەگەیەنێ، نەتوانێ سەرجەم هێزی چینی کرێکار بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بەرنامەداڕشتن یەکگرتوو بکا و بخاتەگەڕ و ئەم کەمایەتیە نەگۆڕێ بە زۆرایەتی و لە کەمایەتیدا بمێنێتەوە، ئەوا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕووبەڕوی شکست دەکاتەوە. لەبەرئەوەی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی کەمینە و جێگرتنەوەیدایە بە بەشداری هەرەوەزیانەی هەموو هاوڵاتیان لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردندا. بەداخەوە ئەمە ئەو شکستەیە کە مۆدیلی حزبی بەلشەفی لە شۆڕشی کرێکاری ڕوسیادا هێنای و نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی سۆشیالسیتی و هەرەوەزی بەرێ”
بەڵام هاوڕێ سۆڕشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیستی لە سەرەوە ناکرێت ، هەر” شۆڕشێک ” لە سەرەوە ڕووبدات، دەسەڵات بگرێتە دەست بێ گومان گۆڕانکاری جەوهەری ناهێنێت. ئەو تەنها دەتوانێت گۆڕانکارییەکان لە لوتکەدا بکات بەڵام بنکە هەر وەك خۆی دەمێنیتەو چونکە شۆڕشی سیاسی / گرتنە دەستی دەسەڵات کافی نییە، وکو دەزانێت سیستمی سەرمایەداریی لە چەند دامەزراوەیەك پێکهاتووە ئەو دامەزراوانە پایە بنەڕەتییەکانی سیستەمەکەن و تا ئەو پایانە بەردەوام بێت مانەوەی خودی سیستەمەکە و دەسەڵاتەکەی کە دەوڵەتە بەردەوام دەبێت زیاتر و زیاتر بەهێز دەبێت. ئەوەی کە گرنگە گۆرانکارییە لە بوارەکانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و کۆلتوریی و فەرهەنگی و ڕۆؤشنبیریی لە پاڵ گۆرانکاری سیاسییدا. دەستکاری نەکردنی ئەو بوارانە و مانەوەیان زەمانەتی مانەوەی خودی سیستەمەکە دەکات، هەر ئەمەش بوو کە ئەو یوتێرنە لە کۆمەڵی ڕوسیادا رویدا .
ناکۆکی لەگەڵ ڕا و بۆچونی مارکس دا
لە کۆتایی نامەکەدا دەبێت ئەوە بڵێم کە تۆ هەم لەگەڵ خۆتدا ناکۆکیت و هەم لەگەڵ مارکسیش دا . وەکو پێشتر ئاماژەم پێداوە تۆ لە زۆر شوێندا باست لەوە کردووە کە حیزبی کرێکاری زەرروورەیەکی مێژووییە بۆ گەیششتنی کرێکاران بە دەسەڵات و ئەرکی داهاتوتریشی تێپەڕاندنی دەوڵەت لە قۆناخی حکومەتی / دەوڵەتی کرێکارییەوە بۆ قۆناخی کۆمۆنیزمی، ئەمە جگە لەوەی کە هەر لە هەمان بڕگەدا ناکۆکی لە بۆچوونەکەتدا دەبینرێت. هاوکاتیش تۆ لەگەڵ خودی مارکس-یش دا ناتەبایت کە دەڵێیت ” هیچ قۆناغ بەندیەک لە نێوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا نیە” چونکە مارکس لە هەندێك شوێندا بە ئاشکراش لە لە سەروبەری هەڵکشانی تەمەنیشیدا، لە ساڵی 1872 ، جارێکی دیکە زۆر بە ڕوونی و دیاریکراوی لە بەرنامەی غۆتادا قسە لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵ لە سۆشیالیزمەوە بۆ کۆمەڵی کۆمۆنیزم دەکات. ئەویش دامەزراوەی دەوڵەتی بۆ هەمان مەبەستی هەر وەکو مارکسییەکانی سەردەم بەکارهێناوە بە حسابی خۆی و ئەنجلس بە بێ بوونی دەوڵەت، با دەوڵەتێکی کاتیش بێت گریمانی نەهێڵانی مەترسسیەکانی بورژوا هەر دەمێنێتەوە گواستنەوە بۆ قۆناخی ناچینایەتی، دواقۆناخی بەشەرییەت مەحاڵ دەبێت. تکایە سەرنجی برگەکانی خۆت بدە ” سۆشیالیزم واتە پراتیکی سیاسی چینی کرێکار بۆ ڕزگاری ئابوری و هەمەلایەنەی خۆی. سۆشیالیزم نە خشەی ئابووری بۆ گەشەپێدانی هێزە بەرهەمهێنەرەکان نیە، سۆشیالیزم زاڵ بوونی ئینسانە بەسەر چارەنووسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیدا و هیچ قۆناغ بەندیەک لە نێوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا نیە و گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم تەنیا بریتیە لە شۆڕش کردنی چینی کرێکار بەسەر هەموو شێوازێکی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی چەوسێنەردا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و گواستنەوە بۆ سیستمی بەشداری ئازادانە و هەرەوەزی هەموواندا لە بەرهەمهێنان و خۆ بەڕیوەبردن و گەشەپێدانی توانا و خۆشیەکانی ژیانی ئینسانەکان و نەمانی هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی کەمینە، بە شێوەی نوێنەرایەتی بێ یان بە دیکتاتۆری حزبی.” لاپەڕە 359
لە تەك ڕێزو خۆشەویستیم
زاهیر باهیر
Add Comment