کۆمۆنیزم

پێویستی یەکگرتوبونی کۆمۆنیستەکان و کرێکاران

پێویستی یەکگرتوبونی کۆمۆنیستەکان و کرێکاران لە ڕاپەڕین وبزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای عێراقدا
لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ ئێمە کۆمەڵێک لە کۆمۆنیستەکانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکاندا کە بەشیکمان ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی بووین دەستمانکرد بە کاری هاوبەش و پێکەوە ئەم پلاتفۆرمەی خوارەوەمان بۆ کارکردن لە خۆپیشاندانەکاندا داڕشت. لەو لایەنانەی بەشداربوون لەم کارەدا (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ، یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێراق، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق ، و کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست).
ئەم تەجروبەیە درێژەی ئەو نەریتە شۆڕشگێڕانەبوو کە لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ و شوراکاندا هەموو کۆمۆنیست و چەپەکان پەیڕەومان کرد.
بەڕای من گرنگە ئەمڕۆ لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی عیراقدا هەمان نەریتی یەکگرتوکردنی ڕیزی کۆمۆنیست و کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ دەستی بۆببرێت و ڕیزێکی بەرین و بەهێز لەو گروپ و حزب و ڕێکخراوانە پێک بێت کە خوازیاری گەشەپێدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای خەڵکی کرێکار و زەحکەمتکێشێ عیراقن بەرەو سەپاندنی خواستەکان و دەسەڵاتی جەماوەری ڕاپەڕیو.
لەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەدایە کە کۆمۆنیستەکان دەبێت سنورە سێکتاریستیەکانی خۆیان تێپەڕینن و لە مەیدانی کاری شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا یەکگرتوبونی خۆیان بکەنە هەنگاوی یەکەم لە یەکگرتوکردنی هەموو هێزی چینایەتی کرێکاراندا دژ بەسەرمایەداران و حکومەتەکەیان. شۆڕش نەک هەر کرێکاران بەڵکو کۆمۆنیستەکانیش دەگۆڕێت . کۆمۆنیستەکان کاتێک دەتوانن چینی کرێکار و خەڵکی شۆڕشگێڕ یەکگرتوو بکەن کە خۆیان لە مەیدانی یەکگرتوبونی بزوتنەوەی سیاسی کرێکاراندا پێشڕەوی بکەن و سنورە سێکتاریستیەکانی خۆیان بگۆڕن بۆ سنوری بزوتنەوەیەکی سیاسی و چینایەتی کە زۆرینەی کرێکاران بگرێتەخۆی و ببنە هێزێکی سیاسی دژی دەسەڵاتی سەرمایەدارانی عێراق.
ئەمەش پلاتفۆرمەکەی ١٧ شوباتە کە نزیکایەتیەکی زۆری هەیە لەگەڵ خواستی خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق . لە کوردستانیش ئەم خواستانە دێنەوە پێش لەکاتی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیەکاندا ،کە وەک شۆڕشێکی درێژخایەن و بەردەوام لە هەناوی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای ئەمڕۆدا وەک زنجیرەی بورکانی لە جوڵەدایە و لەهەر فرسەتێکدا لە تەقینەوەدایە.
پلاتفۆرمى چەپ و کۆمۆنیستەکان سەبارەت بەخۆپیشاندانەکانى کوردستان و مەیدانى ئازادى
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەکوردستان کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری. بزوتنەوەیەکى سیاسی لەکوردستان و عێراق وناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەڕێکەوتوە بەئامانجی گۆڕینی سیستەمی سیاسیە دیکتاتۆریەکان. خواستی نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەو ئەو سیستم و حوکمڕانیەى لەکوردستاندا بەزەبرى چەک و هێزى چەکدارى تایبەت بەخۆیان دەیپارێزن، هەروەها خواستى نەهێشتنى گەندەڵی و بەدەستهاتنى ئازادی وئاڵوگۆری ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی قووڵ بووە بەداواکارى سەرەکى خۆپیشاندەران. مەیدانى ئازادى سلێمانى لەماوەى 24 رۆژى رابردوودا سەنتەرو سومبلى بەرزکردنەوەى ئەو داخوازی و داواکاریە جەماوەریانە بووە..
دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەماوەى رابردوودا سەلماندی توانای وەڵامدانەوەو جێبەجیکردنی ئەم خواست و چاکسازیانەى نیە لەسیستەمی حوکمڕانیدا، هەر هەنگاوێک لەم بوارەدا واتە نەمانی دەسەڵاتی چەکداری حزبەکانیان و هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان، لەبەرئەوەیە ڕێگای کاتکوشتن و پەلاماردان و هەڕەشەو سەرکوتیان هەڵبژاردووە.
بەڵام لەبەرانبەر ئەم سەرکوت وبێدەربەستیەى دەسەڵاتدا خەڵکى کوردستان بێدەنگ نەبووەو بێدەنگ نابێ، بزووتنەوەکەى بۆ ئازادى و خۆشگوزەرانى و ژیانێکى باشتر لەفراوانبوونەوەى زیاتردایە، ئێمە بۆ بەرەوپێشبردنى ئەم بزووتنەوەیەو بەسەرکەوتن گەیاندنى رایدەگەیەنین کە:
1- هەرچى زیاتر پشتگیرى خۆمان بۆ ئەو داخوازیە هەنووکەیى و بنەڕەتیانە دەردەبڕین کە “ئەنجوومەنى کاتى مەیدانى ئازادى” بەرزیکردۆتەوەو بەشێوەیەکى رەسمى بەدەسەڵاتدارانى کوردستانى گەیاندووە وتاکو ئێستا بەبێ وەڵام ماوەتەوە..
2- بۆ فراوانکردنەوەى ئاستى ناڕەزایەتیەکان و پوختەکردنى زیاترى داخوازیەکان ئێمە خوازیارین کە:
ڕ‌- پرۆسەى چەکداماڵینى حزبەکان و لەپێش هەموویانەوە پارتى و یەکێتى دەستپێبکات و بەرۆشنى و بێ پێچ و پەنا چەکەکانیان تەسلیم بەجبەخانەیەکى گشتى بکەن.
ب‌- بەکارهێنانى چەک لەدژى خۆپیشاندەران و خەڵکى ناڕازى و میللیتاریزەکردنى شەقام و کۆلانەکان بەهەموو شێوەیەک تەحریم بکرێ.
ت‌- هەموو دامودەزگا چەکداری و ئەمنیە نایاساییەکان لەچەشنى دەزگاى دژەتیرۆر، دەزگاى پاراستن و زانیارى هەڵبوەشێنەوە.
پ‌- لیوا تایبەتەکانى پارێزگارى لەبەرپرسانى حزبى و حکومى هەڵبوەشێنەوە، ژمارەى پاسەوانى بەرپرسەکان کەبەدەیان هەزار کەس ئەژمار دەکرێن بۆ چەند کەسێک کەمبکرێتەوە وبوونى ئەو هێزانە لەبارودۆخى ئەمنى سەقامگیرى کوردستاندا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت..
3- ئێمە خوازیارى هەڵوەشانەوەى سیستمى حوکمڕانى ئێستاى پارتى و یەکێتى و دامەزراندنى سیستم وحکومەتێکى مەدەنى و دیموکراتین لەکوردستاندا، سیستمێک کەبەرۆشنى ئەم بنەمایانە پەیرەوبکات و لەدەستورو یاسا بنەڕەتیەکانى خۆیدا جێگیرى بکات:
ڕ‌- بەرەسمى ناسینى ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی، ئازادى خۆپیشاندان و مانگرتن و رادەبڕین..
ب‌- یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو لەیاساکان و قەدەغەى هەڵاواردنى ڕەگەزی لەهەموو ئاستەکاندا
ت‌- جیایی دین لەدەوڵەت وپەروەردەو فێرکردن
پ‌- پشت بەستنى حکومەتى هەرێم بەدەنگ و ئیرادەى خەڵک و هەڵبژاردن لەهەموو ئاستەکاندا، ئەویش لەرێگەى دەربازبون لەسیستمى سانتراڵى و سپاردنى بەڕێوەبردنى شارو شارۆچەکەکانء یەکە ئیداریەکان بەنوێنەرانى هەڵبژێردراوى خەڵک.
ج‌- رێکخستنى رفراندۆمى خەڵکى کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسى سیاسى هەرێمء یەکلاکردنەوەى کێشەى نەتەوەیى کورد لەم رێگایەوە..
ئێمە بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان دەکەین لەم بزوتنەوە جەماوەریەدا بەم ئاراستەیە کاربکەن و لەدەورى ئەم پلاتفۆرمەدا کۆببنەوە و بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنى تێبکۆشن..
کۆبونەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازان و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
14.03.2011

Add Comment

Click here to post a comment