کۆمۆنیزم

کۆتایی ڕێگایەک

 نامەی وازهێنانم لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان

دوای  لە ٣٠-٤٠ ساڵ کارکردن لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا، کە شانازی بەو مێژووەوە دەکەم کە خەباتی کۆمۆنیستیمان دژی سەرمایەداری و حزبە دەسەڵاتدارە بورژوازیەکانی لە کوردستاندا کردوە، چونکە بەشێکە لە بونی واقعی خەباتی چینایەتی و کۆمۆنیستەکانیش بەهەر ئاستێکەوە لە توانای تیۆری و پراتیکیان بەشێک لەو خەباتەن، من ئەو پرسیارەم بۆ دروست بوو کە “بۆچی کۆمۆنیستەکان و گروپ و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی سەرەڕای ئەو هەموو ساڵە تێکۆشانە هێشتا لاواز و پەرژوبڵاو و لە پەراوێزدایە، لە کاتێکدا کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە مەیدانی ناڕەزایەتیەکاندان و یەکگرتووانە ڕوبەڕوی دەوڵەت و سیستمی سەرمایەداری دەبنەوە ؟”. ئەم هەڵوێستە و بیرکردنەوە ڕەخنەگرانە منی هاندا کە لێکۆڵینەوەیەکم لە کێشەکانی کۆمۆنیزمی ئەم سەردەمەمان کرد و گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە مۆدێلی سیاسی حزب و بنەما فکری و شێوازی کاری ڕیکخراوەیی ئەم کۆمۆنیزمە پێویستی بە گۆڕینی ڕیشەیی و سەرتاپاگیر هەیە. هۆکاری ئەوەش کە ئەم ڕێگایەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و دروستکردنی حزبی سیاسی کرێکاران داخراوە و بێ ئاکامە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەمیان: دابڕانی ئەم کۆمۆنیزمی کرێکاری و گروپەکانێتی لە مێژوو و وە لە مەیدانە ڕاستەوخۆکانی خەباتی چینایەتی کرێکاران و مانەوەیەتی وەک گروپی سێکتاریستی و پەرژوبڵاو و پەراوێزکەوتو لەم خەباتە ڕۆژانەیەی چینی کرێکاردا. دووەهەمیش:  بەهۆی قاڵبێکی فکری و سیاسی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوەیە، کە لە درێژەی ئەو مۆدێلە لە حزب و سۆشیالیزمی دەوڵەتی کە لەسەدەی بیستدایە، و ئەم مۆدێلە لە سۆشیالیزم بە بن بەست و شکست گەیشتوە لە گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا، وە چیتر ناتوانێ ببێتە چوارچێوەی تیۆر و پراتیکی بۆ گەشەپێدانی خەبات و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و بنیات نانی حزب و بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری کۆمۆنیستی و کرێکاری.

بەڵام بڕوام وایە کە گەیشتنی یەکێک لە ڕێگاکانی خەبات بە کۆتایی خۆی، وە یاخود کەموکوڕی تیۆری و ناکامی و شکستی پراتیکی لە دەورەیەک و قۆناغێکی خەباتدا، بەشێکن لە تەجروبە و هەوڵەکانی چینی ئێمە و بەهیچ شێوەیەک بەمانای کۆتایی خەبات و شۆڕش نیە، چونکە خەبات دژی سەرمایەداری بۆ چینی کرێکار بەشێکی جیانەبوەوە لە بونێتی و لەم ڕێگا بەردەوامەدایە کە ئەم چینە فێر دەبێ و وشیاری گەشە دەکا سەبارەت بە چۆنیەتی سەرکەوتن و هێنانەئارای بەرنامە ومۆدێلی کۆمەڵگەی ئیننسانی خۆی. هەربۆیە هەرچەند بڕوام بەوە هەبوو کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بەپێی تەجروبەی نزیک بە نیوسەدەی خۆی و تەجروبەی سەدەیەکیش لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بەشێکی ڕادیکال و ڕەخنەگری ناو هەمان مۆدێلە، بە کۆتایی ڕێگای خۆی گەیشتوە لەوەی پێشڕەوی بنوێنێ لە خەباتی چینایەتی ئێستای کرێکاراندا، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستیەش دوو ساڵی ڕابردوو لەڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا مامەوە تاکو نیشانی بدەم کە کێشەکە تەنیا کۆمۆنیزمی کرێکاری نیە، وە ڕێگاچارەمان تەنیا بریتی نیە لەجیابونەوە لەم گروپانە و دروستکردنی گروپێکی تر بەهەمان ناوەرۆکەوە، بەڵکو سەرجەم کۆمۆنیزمی سەردەمە کە توشی ئەزمە و ڕێگایەکی  سیاسی داخراو  بوە و ئەم گروپەش وەک باقی گروپەکانی تر بەشێک لەو ئامڕازانەی خەباتن کە پێویستە لەم سێکتە فکری و سیاسیە داخراوانەیان دەرچن و لە پرۆسەی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا ببنە بەشێک لەو هێزانەی حزبێکی سیاسی کرێکاری پێک بهێنن.

ئەمە پرۆسەیەکە کە پێویستە کۆمۆنیستەکان پیایدا تێپەڕبن و لەم قۆناغەی ئێستای پەراوێزکەوتوییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بگوێزنەوە بۆ قۆناغێکی گەشەکردوو، کە تیایدا لە ناو چینی کرێکار و ناڕەزایەتی ئەم چینەدا ببنە بەشێک لە حزب و هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کڕیکار. بۆ ئەم گۆڕانە پێویستیان بە گۆڕینی قاڵبی فکری و سیاسی و ڕیکخراوەییانە و ئەمەش سەرەتا بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە مێژوو و تەجروبەی چەند دەیەی ڕابردووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەست پێ دەکا. ڕەخنەیەک کە نەک تەنیا لە ئاستی تیۆریدا گەشە بە فکری کۆمۆنیستی و شێوازەکانی خەبات بدات، بەڵکو بە پراتیکیش تێهەڵکێشێک بێت لە خەبات و ناڕەزایەتی کریكاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە بە کردەوە بەرێتە ئاستێکی گەشەکردووتر و ڕیکخراوتر.

لەم پرۆسەیەدا جەدەل و کێشمەکێشی فکری و سیاسی دێتەئاراوە، ئەوەی ئامانجی من بوو ئەوەبوو کە چارەنوسی ئەم جەدەل و دایەلۆگانە لە دەرەوەی سونەت و شێواز و کەلتوری زاڵی تائێستای نێوان گروپە کۆمۆنیستیەکان ڕووبدا.  بەتایبەتیش جیاواز بێت لەو شەڕ و کێشە و جیابونەوانەی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوخۆی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ڕویداوە. بەڕای من پێویستە ئامانجی کار و گفتوگۆ و بەدواداچون و هەوڵە فکری و سیاسیەکان خستنەڕووی ڕاستی و ڕێگای زانستی و زەمینە سازکردن بۆ یەکگرتوویی ڕیزەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاران بێت. ئەمە شێوازێکی هەرەوەزیانەی فکری و تیۆریە کە لە زانستدا بوەتە مایەی سەرکەوتنە گەورەکان و لە خەباتی چینایەتیشدا دەبێتە مایەی دەرچوون لەم دۆخە چەق بەستو و سێکتاریستیەی ئێستا و گەشەپێدانی فکری و سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری. ئامانجەکە بردنی ئەم جەدەل و گفتوگۆ سیاسیانەی ناوخۆی کۆمۆنیستەکانە بە کەناڵێکدا بۆ دەربازکردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ئەزمەی فکری و سیاسی ئێستای  و یەکگرتوکردنی سیاسی ڕیزەکانی کرێکاران بە جیاوازیەکانیشیانەوە، وە هەروەها بە جێهێشتنی کەلتوری ناسیاسی و سێکتاریستی گروپەکانی ئێستایە. هەربۆیە سەرەڕای جیاوازی فکری وسیاسیشم لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هێشتا وەک ئەندامێکی ئەم حزبە مامەوە تا نیشانی بدەم کە نابێت ناکۆکی و جیاوازیەکانمان ببێتە مایەی جیابونەوە و کارنەکردن لەگەڵ یەکتردا، لەبەرئەوەی ئێمە دەمانەوێت بزوتنەوەیەکی سیاسی چینی کرێکار بە هەموو جیاوازی و بەشەکانیەوە دژی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەیان دروست بکەین و ئامانجمان کۆتایی هێنان بە دابەشبون و ناکۆکی نێوان چینەکەمانە. حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری وەک ڕۆحی دەسەڵاتی سیاسی داهاتوی چینی کرێکار دەبێت بەپێی ئەم بنەمایە کاربکا، نەک بنەمایەکی سێکتی و گروپی دروست بکا کە سنور و ڕیزەکانی خەباتی چینایەتی و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەیەکتر جیابکاتەوە، وەک کۆمۆنیزم لە ئێستادا دەرگیری ئەم دۆخەیە.

بەڵام لە نیوان ئەم ئامانجەی دروستبونی حزبی کرێکاری  و دۆخی واقعی ئەم گروپانەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا جیاوازیەکی گەورە هەیە. لەبەرئەوەی لە تەجروبەی ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوەی بینومانە ئەمانە بوون. بەرنامە و خەتی فکری بریتی بوە لە سنورکێشان بۆ “خۆجیاکردنەوە لە چەپ” و گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستەکانی تر. مۆدێلی حزبی تاقانەی جێگرەوەی چینی کرێکار و گروپی جێگیری سەرکردە و لیدەرشیپی نەگۆڕ، بونەتە سێکتێک ڕێگرن لە بەردەم تێکەڵاوبونی ئەم گروپە لەگەڵ هەڵسوڕاوانی ناڕەزایتەیەکان و گروپە کۆمۆنیستیەکانی تر و ڕیزەکانی خەباتی کرێکاراندا. وە لە ئەنجامی ئەمەدا پێوەری کاری ناوخۆی ئەم گروپەش بەرەو بیرۆکراتیزمی زیاتر ڕۆچوە و ڕێسا ڕیکخراوەییەکانی ئەم گروپە ڕێگای مانەوەی موخالفین و ڕەخنەگرانی دەستەی ڕابەری مەحفەلەکانی نادا بەبێ کۆنترۆڵ و سانسۆر و سزای تەشکیلاتی.  سێکتی ڕێکخراوەیی ئەم گروپانە میکانیزمی کارکردنی مەحفەلی  تێدا زاڵە، هەربۆیە ڕەخنە و کەلتوری ڕەخنەگرانەش مۆرکی شەخسی و ناسیاسی لەخۆدەگرێ.

 بە ئاشکرا دەبینین لەگەڵ دەرکەوتنی هەر جیاوازیەک لەگەڵ خەتی لیدەرشیپی جیابونەوە و لێکترازان و ئینشقاق ڕویداوە و هیچ کام لە گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوی تری قبوڵ نەکردوە و بەهەمان پێوەری نوێنەری تاقانەی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار شەڕی لیدەری و باڵادەستی لەبەرامبەر یەکتردا کراوە و بەمەش گروپەکان بچوکتر و لاوازتربوون و سونەتی ململانێی شەخسی و ئوتوریتەی شەخسی و یەکتر شکاندن بوەتە فەرهەنگی زاڵی نێو ئەم ڕەوتەی کۆمۆنیزمی کرێکاری. ئەمانەش ئەو هەقیقەتەیان سەلماندوە کە ڕێگەدان بە بۆچونە جیاوازەکان و فراکسیۆنەکان و قبوڵکردنی یەکتر و تۆلێرانسی حزبی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ڕوینەداوە و ناتوانێ ڕووبدا. گروپی سەرکردەی مەحفەلەکانیشی بۆ تۆخکردنەوەی ئەم سنورانە و خۆنیشاندانیان بە دۆنکیشۆتی پاراستنی ئەم سنورە سێکتاریستیە فکری و گروپییەیانەوە پەنا بۆ گەشەدان بە فەرهەنگێکی ناسیاسی و زمانی تەشهیر و پەلاماردانی شەخسی دەبەن کە لەم ٣٠ ساڵەی ڕابردوودا بەلێشاو لە جیابونەوەکانی نێو ڕیزەکانی هەمان بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریدا خۆی نیشان داوە کە زیانێکی زۆری مەعنەوی و سیاسی بە خەباتی کۆمۆنیستی نێو کرێکاران گەیاندوە. ئەم چوارچێوە فکری و سیاسیە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئێمەی گەیاندۆتە کۆتایی ڕێگایەکی داخراو،وە بەبێ دەرچونی ئەم گروپانەیە لە سێکتی فکری و ڕیکخراوەیی دابڕاوی ئێستایان و جێگەگرتنیانە لە نێو خەباتی چینایەتی کرێکاراندا ناتوانن ببن بە بەشێک لە حزبی سیاسی کرێکاران . ئەوەی لە تەجروبەی ٣٠-٤٠ ساڵی ڕابردوو بینومانە ،ئەوەیە کە مانەوەی ئەم سێکتاریزمە خۆی هۆکاری پاراستن و درێژەپێدەرانی دابەشبونە فیرقەیی و ناکۆکیە مەحفەلیەکان و هەوڵنەدانە بۆ دروستکردنی حزبی سیاسی کرێکاران.

ئەمە ناوەرۆکی جیاوازی دوو مۆدیلی حزبە. ئێمە پێویستمان بە مۆدێلێکی تر لە حزبە،  کە ڕێکخراوی سیاسی کرێکاران بە موڵکی یەک خەت و یەک پایەی سێکتێکی فکری و گروپی ڕابەری مەحفەلی نازانێ، بەڵکو حزب بە حزبی سیاسی سەرجەم کرێکاران دەزانێ، ئامڕازێکە کە دەتوانێ ڕوو بە سەرمایەداری و دەوڵەتەکەیان ڕێکیان بخات، وە حزبێکە لەسەر بنەمای یەکێتی چینەکە بەهەموو جیاوازیەکانیەوە دامەزراوە و کاردەکا و پەیڕەو لە بەشداری ئازادانەی کرێکاران لە حزبدا دەکا. لەبەرئەوەی ئامانجی چینی کرێکار ئەوەیە کە دەیەوێ کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای بەشداری هەموان دامەزرێنێ، نەک دەسەڵاتی کەمایەتی بورژوازی بگۆڕێت بە دەسەڵاتی کەمایەتی کۆمۆنیستەکان و هەربۆیە مۆدێلی حزبەکەشی لە ئێستاوە ئیلهام لەو جۆرە کۆمەڵگە هەروەزیە وەردەگرێ. لە دەوڵەتی کاتیشدا ئیرادە و کاری ڕاستەوخۆی زۆربەی کرێکاران نەک کۆمۆنیستەکان دەنوێنێ و دەبات بەڕێوە. هەربۆیە ئەم حزبە سیاسیە کەلتوری سیاسی گونجاویش لەگەڵیدا بریتی دەبێ لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی سیاسی و هەمەلایەنەی مرۆڤەکان لە چۆنیەتی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە و پەیوەندی یەکسانی نێوان ئەندامەکانی. کاری من لەگەڵ ئەم گروپە و هەموو گروپە کۆمۆنیستیەکانی تر بۆ ئەوە بوە کە جەدەل و دایەلۆگێکی سیاسی لەسەر ئەم بۆچونانە و گۆڕانکاریە پێویستیەکانی نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بخوڵقێنین و هەموو گروپەکان جیێگای واقعی خۆیان بزانن و هۆکاری ئەوە بزانن کە بۆچی تا ئێستا وەک مەحفەلە ڕۆشنبیریە کۆمۆنیستیەکانی چینی کرێکار لە پەراوێزی خەباتی چینایەتیدا ماونەتەوە؟  تا لە ئەنجامدا پێکەوە بچین حزبێکی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەین و ئەم جێگاوڕێگایەی کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ لە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاراندا بگۆڕین تا ئەم چینە بتوانێ پێشڕەوی بکا بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمۆنیستی و دامەزراندنی مۆدێلێکی تر لە کۆمەڵگەی سۆشیالیستی کە جیاواز لە مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەدەی بیست بێت.

بەپێی تەجروبەی شەخسیشم لەم چەند ساڵەدا لە نێو ئەم حزبە و کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، نیشانی دەدا کە نەک مانەوەم سەرنجی ئەم گروپە ڕاناکێشێ بەلای ئەو مەبەست و ئامانجەدا کە ئەم گروپە ببێتە بەشێک لەو هێزەی دەبێ گۆڕانکاری بکا لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریدا، بەڵکو چوارچێوەی فکری و ڕیسا ڕێکخراوەییەکانی ئەم حزبە و کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێکی لەم چەشنەدا کە دەیەوێ جموجۆڵێکی ڕەخنەگرانە لە کۆمۆنیزمی کرێکاری دا بخاتەڕوو.

هەروەک وتم جیاوازی لە نێوان ئەم خواستەی من و واقعی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا هەیە، هەربۆیە دەرچونم لە ڕیزەکانی ئەم گروپە کۆمۆنیستیەی ٣٠ ساڵە کاری جدیان لەگەڵدا دەکەم بە هەڵبژاردەیەکی دروست بەڵام ناچاری دەزانم، لەبەر ئەوەی ئەم گروپە بەم ڕێگریانەیەوە ناتوانێ شوێنێک بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی کۆمۆنیستی کە یەکگرتوکردنی سیاسی سەرجەم چینی کرێکارە لە پێناو ڕزگاری چینی کرێکار و شۆڕشکردن دژ بە سیستمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی مرۆڤایەتیدا.

بەڵام وازهێنانم لە گروپی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەمانای سەنگەرگرتن لەو کۆمۆنیستانە نیە کە تەمەنێک کاری کۆمۆنیستیمان پێکەوە کردوە،  بەڵکو سەرەتایەکە بۆ دەورەیەکی نوێی کارکردن لەگەڵ هەموو ئەو هاوڕێیانە و باقی کۆمۆنیستەکانی تردا لە سەر ڕێگایەکی تر کە لەم ڕێگا داخراوەی ئێستامان جیاوازبێ. ئێمە بۆ ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی مرۆڤایەتی کاردەکەین و هەر ڕێگایەک کە نەتوانێ بەم ئامانجەمان بگەیەنێ پێویستە بیگۆڕین بۆ ڕێگایەکی دروست کە بەو ئامانجەمان دەگەیەنێ و بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە مۆدێلی کاری یەکێتیمانە بە جیاوازیەکانمانەوە.

ئەم گۆڕانکاریانە لە جەرگەی پراتیکێکی چینایەتیدا ڕودەدا کە گروپە کۆمۆنیستیەکان دەرگیر و تێکەڵاو و یەکانگیربن لەگەڵ هەموو بەشەکانی چینی کرێکار و خەباتی ڕۆژانە و سەراسەریاندا.  ناسینی ڕیشەی قەیرانی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ڕیکخراوەیی ئێستامان  بریتیە لە ڕەخنەیەکی پراکتیکیش لە دۆخی دابەش بوون و پەرژ و بڵاوی و ناکۆکی نێوان کۆمۆنیستەکان و دابڕانیان لە جەماوەری کرێکاران و خەباتی چینایەتی یە و هەنگاو نانی عەمەلیە بۆ تێپەڕینی ئەم دۆخە قەیراناوی و لاوازیانەی ئێستای بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە پێکهێنانی حزبی کرێکاری جەماوەری کە نیشانەی دەورەی کۆمۆنیزمێکی نوێ بێت.

سۆشیالیزم جگە لەم پراتیکەی کرێکاران خۆیان کە هەوڵی هاوبەش بۆ ڕزگاربونیان دەدەن هیچ شتێکی تر نیە و ئەم پراتیکە سیاسیە دەتوانێ بەرنامە و پەیڕەوەکانی کارکردن بگۆڕێ لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری لە دەست سیستمی سەرمایەداری ئێستا.

لەم ڕێگایەدا لەگەڵ ئەم هاوڕێیانەی خەباتی دەیان ساڵەمدا و لەگەڵ هەموو کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی تردا هیچ سنورێکی گروپی و سێکتاریستی جیام ناکاتەوە و هەموو هەوڵەکانمان لە پێناو یەکگرتووبونی ئەم ڕیزە ملێونیەی چینی کرێکار و ڕزگاری چینەکەماندایە و ئەم فشارەی خەباتی چینایەتی کۆمۆنیستەکان ناچار دەکا کە ڕێگای داخراوی سێکتاریستی ئێستایان بگۆڕن بە ڕێگایەکی نوێی حزبی سیاسی کرێکاران.

ئاسۆ کمال

٩ سێپتەمبەری ٢٠٢٢

Add Comment

Click here to post a comment