ئەدەب بایۆگرافی

ئەو ماچەی ٣٠ بەهارە بەردەوامە

ئەو ماچەی ٣٠ بەهارە بەردەوامە
دوو ڕۆژ بوو بەهار خۆی بە هەتاوێکی نەرم گەرم کردبوەوە کاتێک یارم هات بۆلام لە بناری گۆیژە. ئەو ڕۆژە ماچێک دەرگای خۆشەویستی ئێمەی کردەوە. دیارە ماچ ئەفسونێکی سەیری هەیە کاتێک لە لێوی خۆشەویستیەوە دەڕژێ ئیتر وەک ڕوبارێکی هەمیشەیی پێدەشتی ژیان شیرین دەکا. ئەم ماچەی ٢٣مارس تا ئێستا ٣٠ ساڵی گەنجێتی خۆی تەی دەکا و باکی بە تەمەن نیە.
ماچ بۆندێکە کە هەردوولامان واژۆی خۆشەویستیمان پێی کردوە. بەڵام بە پێچەوانەی هەر ڕێکەوتنێکی ترەوە ئەم بۆندە بۆ بەخشینە نەک بۆ چاوەڕوانی پاداشت. بەخشینی خۆشەویستی شتێکە کە مرۆڤایەتی کردۆتە خاوەنی شانازی بە بونی خۆیەوە.
خۆشەویستی ئەو نهێنیەیە کەلە هەرچی شتێکی تر زیاتر مانا دەبەخشێ بە بەردەوامی ژیان. کاتێ ئاوڕ لە تەمەنی ٣٠ بەهاری خۆشەویستیمان دەدەمەوە وزە و خۆشیەکی گەورە دەبینم کە هێزی خۆشەویستی بەخشیویەتی بە ژیانمان، کە کار و چالاکی و مناڵ و دۆستایەتی و چەندین لق و پۆپی تری لێ بوەتەوە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر خۆشەویستەکەم خۆیەتی کە هەر ساڵە زیاتر لام خۆشەویستر بوە. ئەو سەرچاوەی ئەم خۆشەویستیەیە و هەموو بەهارێک لەگەڵ ماچێکی تازەدا بە پۆلە پەپولەیەکی تر دیمەنی ژیانی پێکەوەییمان دڵ ڕفێنتر دەکا.
ڕۆژی خۆشەویستی لە هەمووان پیرۆز بێت.

Add Comment

Click here to post a comment