ئەدەب

باران ڕێگەی نەدا!

زۆر کات ئەو هەنگاوە نانێن کە لەوانەیە دواتر زۆر بە داخەوە بین بۆی!
ئەوڕۆژە باران ڕیگە نەدا بچمە ئەو باخچەیەی سروشتێکی خەیاڵی هەبوو، کەوتمە بیری ئەوەی چەند ڕوداوی تر لە ژیانماندا بوە و باران و لێزمەی دەرونمان ڕیگەی نەداوین بچینە ئەو دیو ئەو دوڵدڵیەوە و بزانین چی دەبێ؟
قاڵبێک هەیە کە کۆمەڵگە و ستایلی ژیان و کەلتوری دەورەیەک هەرچی خەون و خەیاڵەکانە دەبەستێتەوە و لێناگەڕێ ئازاد بەناو باخچەی ژیاندا گوزەر بکەی و شوێنی تازەی ژیان بدۆزیتەوە. ئەم قاڵبانە وەک ئەو لێزمە بارانە نابینرێن بەڵام لەسەر دڵ و پێیەکانمان قورساییەکی زیاتر لەو بارانەن!
ئای کە داستانی ژیان هەیە کە ئەگەر جارێکی تر بتوانی دەوری تیا ببینی جۆرێکی تر دروستیان دەکەیتەوە کە هەموو ئەو ئارەزو و حەسرەتانەی هەمانە وەک نەمامێک ئاگات لێیان دەبێ گەورەببن و بەر بگرن نەک بەدەم باوە بڕۆن یا وشک ببن.
ئەو سروشتەی ئەو ڕۆژە کە هەموو شاخ و دوڵ و سەوزاییەک و تەمی سپی سەردارەکان و خۆری خۆپیچاوە لە پەشمەکی سپی تەمەکاندا بانگیان دەکردم بۆ پیسایەک لەگەڵیاندا زۆر ئاسان پشت گوێم خستن، وەک ئەو مرۆڤانەی لە ژیانماندان بەڵام وەک ڕێبوارێکی نەناسراو بەلای ژیانیاندا تێدەپەڕین.
چی ئێمەی مرۆڤ دەگۆڕێ بۆ بونەوەرێک کە ئاگاداری زیاتری ساتەکانی ژیانی دەبێت؟
هێشتا ژیانی ڕۆژانەی ئێمە لە گومانی ڕابوردودا وەنەوز دەدا وەک لەوەی خەریکی دۆزینەوەی داهاتووی خۆی بێت!
گۆڕانێکی ڕیشەیی لە تەرزی بیرکردنەوەی ڕۆژانەماندا پێویستە!
بیرکردنەوە لەوەی ئەبێت مرۆڤی ئازادی ئایندە چۆن بێت؟ لە چیدا لە ئێستای ئێمە جیاوازە!
ئەمە ئەو خەونەیە کە دەمانەوێ کاتێک بەخەبەرین بیبینین!

Add Comment

Click here to post a comment