ئەو دوو وێنەیەی گۆنا و من چیرۆکی گەشتێکی خۆشەویستی ٣٢ ساڵەیە لە گڵکەندی هەولێرەوە بۆ نۆتەردامی پاریس.
دەڵێن خۆشەویستی ژیرانەترین کردەوەی مرۆڤە. من ئەو ساتەی دڵم گۆنای خۆش ویست دەروازەیەکی خۆشم بەڕووی ژیانمدا کردەوە. بەڵام خۆشەویستی یەک سات نیە، بەڵکو گەشتێکە خۆت دەیڕازێنیتەوە. پرۆسەیەکە دڵت هۆگری کەسێک دەبێت و ژیان لە ڕێگەیەوە هەناسەی خۆشەویستی دەدات.
توانایەکانمان دەڕژێنە ئەو شوێنانەوە کە گرنگن بەلامانەوە لە ژیاندا. کاتێ توانای خۆشەویستیت دەڕژێتە دڵی کەسێکی ترەوە ئەوکات بیر لە ژیان و ئارەزوەکانی ئەو کەسە دەکەیتەوە و گەشتی ژیان پێکەوە دەست پێدەکەن.
لە گەشتدا مرۆڤ بە دوای شادی و خۆشی و ئارەزووەکانیدا دەگەڕێ و هەوڵی دۆزینەوەی شتە نوێ و سەرنج ڕاکێشەکان دەدات. لە گەشتی خۆشەویستیدا ئەم ئارەزوو و خواستانەت لە دڵی ئەو هاوڕێی گەشتی ژیانتا لێدەدا و دەبێ هەست بە ترپەی ئەو دڵە بکەیت کە بە چی دەگەشێتەوە و تۆ چۆن دەتوانی شاد و سەرحاڵی بکەی؟
تۆ تەنیا نیت لە گەشتی خۆشەویستیدا، چونکە تۆ لە دەریایەکی ژیاندا مەلە دەکەیت کە هەر دڵۆپە ئاوێکی چرکەیەکە لە زیندویەتی ژیانێکی پڕمانا، کە نایەڵێت نوقمی فشاری سەختیەکانی ژیان ببیت.
خۆشەویستی ئومێدێکە کە لە گەشتی ژیاندا تۆ لەژێر سێبەریدا دەحەسێیتەوە. ئەو تابلۆیانەی تۆ لە ڕۆژ و ساتەکانی خۆشەویستیدا دروستی دەکەیت پێشانگای ژیانی خۆتی پێ دروست دەڕازێنتەوە. لە هەر سەردان کردن و بەسەر کردنەوەیەکی ئەم پیشانگای گەشتی خۆشەویستیەدا، تۆ پێزانینی خۆت بە توانای خۆشەویستیت دەبێتە مایەی وزە بەخشین و چێژ بەخشین بە ژیانت.
گەشتی خۆشەویستی ڕێگای مرۆڤە بۆ دۆزینەوەی توانا و خەیاڵە بێسنورەکانی خۆی بۆ گەیشتنی بە کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی ڕاستەقینە.
من لە خۆشەویستی “گۆنا”دا لە جیهانێکی گەش و پڕ لە هەستی خۆشەویستی بۆ مرۆڤدا دەژیم.
Add Comment