کۆمۆنیزم

چۆمسکی کۆمۆنیستە یان نا؟

کاک سەردار سوپاس بۆ بەشداریەکەت.. من چەواشەکاریم نەکردوە کاتێک بە چۆمسکی و هاورڤی و سەلامم وتوە “ئەم ٣ مرۆڤە کۆمۆنیست و خەباتکارەی مرۆڤایەتی چەوساوەی ئەمڕۆ”. فەرموو ئەوە چاوپێکەوتنی چۆمسکی خۆی بخوێنەرەوە (https://truthout.org/articles/noam-chomsky-on-anarchism-communism-and-revolutions/) کە چۆن بەرگری لە بنەمای کۆمۆنیزم دەکا لە بەرامبەر کۆمۆنیزمی ڕوسی و چینی و ئەو سۆشیالیزمە دەوڵەتیەی لە سەدەی ٢٠ دابوە. ناکرێ بۆچونی من و تۆ لەسەر چۆمسکی مەحەکی ئەوە بێت ئەو چیە؟ بەڵکو دەبێ فاکت لە قسەوکردەوەکانی خۆی بهێنیتەوە. لەم فاکتانەوە من ستایشی کارەکانی ئەو ٣ هاوڕێیەم کردوە و نەهاتوم بۆچونەکانی ئەوان لەسەر مەسەلەی جۆراوجۆرهەڵسەنگێنم، وەک ئەوەی چۆمسکی ئانارکیستە یان کۆمۆنیست؟، بەڵکو خاڵی هاوبەشیان بۆم گرنگ بوە کە بنەمای باوەڕبونی ئەوان بە سۆشیالیزم و کارکردنی جدیانە بۆی. سۆشیالیزمێک ، کە وەک چۆمسکی دەڵێ” خاوەندارێتی بەرهەمهێنان لەلایەن بەرهەمهێنەرانەوە بنچینەی سۆسیالیزمە.”

لێرەدا ئەوەی جیاوازی بۆچونەکەی منە لە بۆچونی تۆ ئەوەیە کە؛ کۆمۆنیزم تەنیا ئەو ڕەوتانە نیە کە لە سەدەی ٢٠دا بە ناوی کۆمۆنیزمەوە کاریان کردوە، بەڵکو لە بنەڕەتدا من بە هەوڵی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی دەزانم بۆ کۆتایی هێنان بە سیستمی سەرمایەداری و ئەم ٣ کەسە خەباتکاری ئەو ڕێگایەن و ژیانیان و کارەکانیان گەواهی ئەو بڕوا بونەیان بەم جۆرە لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکی کۆمەڵایەتی دەدا. من تەنیا ئەو کەسانە بە سۆشیالیست و کۆمۆنیست نازانم کە تەنیا وتەکانی مارکس و لینین دەڵینەوە یاخود لە حزب و گروپێکی کۆمۆنیستیدان، بەڵکو بۆ من ئەو خەباتە چینایەتیەی دژی سەرمایەداریە لە دنیای ئێستادا لە ئارادایە بە خەباتێکی کۆمەڵایەتی دەزانم کە کرێکاران و ڕۆشنبیرەکانی سەر بە خەباتی کرێکاران بێ ئەوەی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم وەک نازناو بەکاربێنن بەشداری ئەو خەباتە سۆشیالسیتیەی چینی کرێکار دەکەن کە بۆ بەدەستهێنانی مافی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەموو ڕۆژێ لە گۆشە و کەناری دنیا دژ بە حکومەتە دیموکراتیەکانی بورژوازی لە ڕۆژئاوا یان دژ بە حکومەتە دیکتاتۆریەکانی ڕۆژهەڵات وەک حکومەتی پوتین دەیبینین. لە بەشی دووەمی کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ” دا ئەم تێگەیشتنە جیاوازەم لە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم باس کردوە. (https://asokamal.com/index/?p=1681)

من ئەم دایەلۆگەم لە هاوڕێیەکی ئانارکیشدا بوە (https://asokamal.com/index/?p=2384)،کە بۆچی جیاواز بیردەکەمەوە لەسەر ئەو ڕەوتانەی لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا کاردەکەن و چۆن ئەو دیوارانەی لە نێوان بۆ نمونە لە مێژووی سەدەی١٩ و ٢٠دا لە نێوان ئەنارکیزم و مارکسیزمدا هەبوە ئێستا گۆڕاوە. بە بڕوای من ئەوە بۆچونێکی میتافیزیکە سەبارەت بە تێڕوانین بۆ مێژووی فکری خەباتی چینایەتی دژی سەرمایەداری لە دوو سەدەی ڕابردوودا، کە سەنگەرەکانی بەپێی قاڵبی فکری ئەو ڕەوتانە پێشوو نەبێت ناتوانین لێک بدەینەوە و لێی تێبگەین.

هەربۆیە ڕەخنەی من لە مۆدێلی سوشیالیزمی دەوڵەتی بۆ حزب و دەوڵەت و کۆمۆنیزم لەوانەیە کە هاوبەشی لەگەڵ ڕەخنەی ئەنارکیستێکدا هەبێ، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە من خوازیاری گواستنەوە لە کۆمۆنیزمەوە بۆ ئەنارکیزم ببم، چونکە پێم وایە کە ئەو سەنگەرانە خۆیان گۆڕاون و بەردەوام لە گۆڕاندان.

وەک ئەنگلس لە کتێبی “دیالەکتیکی سروشت”*[2]دا دەڵێ” فکری تیۆری هەر سەردەمێک ، ئەم سەردەمەشمان، بەرهەمێکی مێژووییە کە ، لە سەردەمە جیاوازەکاندا ، شێوازی زۆر جیاواز و ناوەرۆکی زۆر جیاواز لە خۆدەگرێ. بەم پێیە ، زانستی فکر ، وەک هەر زانستێکی تر، زانستی گەشەی مێژوویی فکری مرۆڤایەتیە.”

لێرەدایە کە کۆمۆنیزمی ئێستا ناتوانێ کۆپی نە کۆمۆنیزمی پێشوو و نە ئەنارکیزمی پێشوو و جەدەلەکانی پێشوو بێت، بەڵکو دایەلۆگ و جەدەلێکە سەبارەت بەو مەسەلانەی ئەمڕۆ کە درێژەی مێژووی سەرجەم ڕەوتەکانی نێو خەباتی چینایەتی پێشووە نەک ڕەوتێکی فکری دیاریکراو، وەک مارکسیزم، یان ئەنارکیزمی باکۆنینی، یاخود لینییزم یان بوکچینی. ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە تیۆری مارکس سەبارەت بە ئابوری سەرمایەداری یان لێكدانەوەی ئانارکیستێک سەبارەت بە پەرلەمان دروست نەبێ کە بە تەجروبەی جەماوەری کرێکار ڕاست و دروستی سەلمابێت.

کاتێک ئەو چاوپێکەوتنەی سەرەوەی چۆمسکیم خوێندەوە زیاتر هاوڕایی خۆم لەگەڵیدا ناسی و ئەمەش نیشانی دەدا کە چۆن دەبێ ئەم بەشانەی چینی کرێکار و ڕۆشنبیرەکانی خۆیان لە مێژووی جیاوازیەکانی ڕابردویاندا قەتیس نەکەن و بەدوای خاڵە هاوبەشەکانیانەوە بن. ئەمە هۆی ئەوەیە کە من ئەو ٣ کەسە وەک خەباتکاری یەک بزوتنەوە دەبینم سەرەڕای جیاوازی بۆچون و ئاستی کارکردن و توانایی و کاریگەریان.

هیوادارم وەلامەکەت بۆ ڕۆشن بێت.

Add Comment

Click here to post a comment