بایۆگرافی

لە ستایشی میهرەبانیدا

باوکم لە دڵە میهرەبانەکەیەوە ئەم خوشکەمی ناو نا “میهرەبان”. دایکیشم درەختی میهرەبانی بۆ دەرەوەی خۆمان لەماڵەکەماندا چاند. میهرەبانی ئەو بەشە لە میراتی بوو کە میهرەبان پەیکەری بەهرەی میهرەبانی لە ژیانی خۆیدا لێ دروست کرد.
ئێمە دەتوانین مانای قوڵی میهرەبانی لە ڕەوشتی ئینسانێکەوە فێربین کاتێک هەمیشە ئەوەی بزوێنەری ژیانێتی ئاگاداری و بەخشینی سۆز و دڵسۆزی و لەبیری خەڵکی تری دەرەوەی نەفسی خۆیدایە.
هەر ڕۆژێ لەگەڵیدا بەڕێگادا دەڕۆی دەبینی ئەم ئینسانە بیری لای هەژارانی لانەوازی سەر شەقامەکانە و دەچێتە بەلایانەوە و دڵیان بە بەخششێک خۆش دەکا. یان ڕۆژانە لە نەخۆشخانەدا وەک پەریەک بە خەندە و یارمەتیەک برین و ئازارێکیان ساڕێژ دەکا. یان لەگەڵ هەموو مناڵانێکدا دایکێکی میهرەبان و پڕ لە خۆشەویستیە. یان بۆ هاوڕێ و هاوکار و برا و خوشک و هاوسەرەکەی دەریایەک لە خۆشەویستی و دڵسۆزیە.
میهرەبانی کە دەبێتە ناسنامەی کەسێک، مرۆڤێکی لێ دروست دەکا کە دەتوانی بیکەیتە نمونەی ئەو ژیانە پێکەوەیی و مرۆڤ دۆستیەی هەموو هەوڵی بۆدەدەین. مرۆڤێکت لە ئایندەی کۆمەڵگەی ئینسانی پێ دەناسێنێ. ئایندەیەک کە چیتر مرۆڤ تەنیا بۆخۆی ناژی و چاوی لە چاوچنۆکی و کێبڕکێ و خۆپەرستی نیە، بەڵکو ئینسانێکی کۆلێکتیڤە کە خۆشی کەسانی تر دڵخۆشی دەکا و هەست بە کەم بونەوەی ئازارەکانی دەکا کاتێ ساڕێژی ئازاری کەسانی دەوروپشتی دەکا.
بێگومان ڕەگەزی ئێمەی مرۆڤ بەردەوام لە ئیڤۆلوشن و گەشەکردندا بووین سەبارەت بە ڕەوشتی ژیانمان. هەمیشە میهرەبانی یەکێک لەو ڕەوشتانە بوە کە ئێمەی هۆمۆساپیانی پاراستوە لەچاو ڕەگەزەکانی تری وەک نایندرتاڵدا، کە لە ئێمە زیرەکتر و بەتواناتریش بون. ئێمە بەهۆی ژیانی زیاتر پێکەوەیی و بەکۆمەڵیمانەوە توانیومانە بەرگەی سەختیەکانی ژیان و مانەوە بگرین. بەڵام لەلایەن کەلتوری چینە سەردەستەکان ئەم بەهرەیەمان لێ سەندرایەوە ، کاتێک ڕەگی تاک گەرایی و چاوچنۆکی بۆ چەوسانەوەی کەسانی تر لە نیو ئینسانەکاندا چاندرا و زۆربەی چینە ژێردەستەکانیشی ژەهراوی کرد.
میهرەبانی یەکێک لەوهەستە بەرزانەیە کە لەو کاتەوە کە لە ئینسانەکان سەندرایەوە دراوەتە پاڵ خوداکان. بەڵام لەناو خەڵکی کرێکار و چینە ژێردەستەکاندا کەم نین ئەو کەسانەی میهرەبانی و خۆشەیستی و دڵسۆزی بۆ یەکتر و بۆ سروشت و گیانداران دەردەبڕن. ئەمە کلتورێکە مرۆڤەکان بەرەو گەیشتن بە هەموو ئەو سیفەت و ڕەوشتە بەرزانە دەبات، کە پێشتر تەنیا لە خودا خەیاڵیەکانیاندا دروستیان کردوە. بەم فەرهەنگ و ڕەوشتە مرۆڤە چەوساوەکان بەڕاستی دەبن بەو جۆرە ئینسانەی مرۆڤایەتی دەمێکە خەونی پێوە دەبینێ.
ئەمە ئەو هەستەیە کە زۆربەی ئەوانەی میهرەبان لەنزیکەوە دەناسن هەست بەو جوانیە دەکەن کە میهرەبانی پێمان دەبەخشێ. بۆیە خۆشە هەموومان وەک میهرەبان بین لە میهرەبانیدا.

Add Comment

Click here to post a comment