بایۆگرافی

بیۆگرافی

کورتەیەک لەسەر ژیان و بەرهەم و چالاکییەکانت باسبکە؟
ئاسۆ کمال: له‌ ساڵی 1981 به‌مارکسیزم ئاشنابوم و له‌ 1982 چومه‌ ناو کۆمه‌له‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان و له‌1984 په‌یوه‌ندیمم له‌گه‌ڵ حزبی کۆمۆنیستی ئیران په‌یداکرد و له‌ساڵی 1985 له‌گه‌ڵ گروپی کریکارانی کۆمۆنیست کارم کرد و چه‌ند ژماره‌یه‌ک له‌ بلاوکراوه‌ی کریکارانی کۆمۆنیستمان ده‌رکرد و چه‌ند مانگرتن و ناره‌زایه‌تیم له‌ دائیره کارگه‌‌کانی سلیمانیدا ریکخست.کۆلیژی ئه‌ندازیاری میکانیکم له‌1990 له‌به‌غداد ته‌واوکرد و له‌1991 به‌شداری راپه‌رینم کردو له‌ ریکخه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی بوم.له‌ 1991 هه‌سته‌ی کریکارانی سوسیالیست و له‌ 1992 سه‌رنجی کریکارمان دروست کرد.له‌ 1993 له‌ دامه‌زرینه‌رانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بوم و تیایدا به‌رپرسی کاری جه‌ماوه‌ری و سه‌رنوسه‌ری بۆپێشه‌وه‌ و به‌رپرسی رادیۆی حزب بووم. له‌ 1999 گۆڤاری رفراندۆمم ده‌رکرد له‌له‌نده‌ن و که‌مپینی رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستانم دروستکرد که‌ چه‌ند کۆنفرانسی له‌له‌نده‌ن و کوردستان گرت . له‌ 2008 له‌ دامه‌زرینه‌رانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بووم و به‌رپرسی ته‌له‌فزیۆنی سه‌نای کوردیش بوم.

خۆشەویستی دولایەنە نەبێ هێزی نیە “مارکس”
گۆنای خۆشەویستم ٢٣٣ی مارس ڕۆژی خۆشەویستی من و تۆیە. بمبورە ئەمساڵ بەبۆنەی سەفەر و سەرقاڵی ڕۆژانە دوو ڕۆژ بەسەر یادەکەماندا تێپەڕی بەڵام سیلیبرەیت و خۆشی گێڕانی خۆشەویستی هەمیشە خۆشە .ئەم خۆشەویستیە دوولایەنەیە هێزی بەهەردوکمان دا تا ژیانێکی پڕ لەخۆشی و پڕمانا دروست بکەین. من کاتێ تۆم خۆشویستوە وەک تۆلستۆی دەڵێ ژیانم وەک تۆ کردوە و بێگومان تۆش .ئەمە نهێنی خۆشەویستیە کە دووژیانی جیاواز تێکەڵاو دەبن و ڕیزبۆ یەکتر دادەنێن ودەژین لەژیانی یەکتردا. خۆشەویستی بینینی تۆ کاتی گۆڕینی ماندویی ڕوخسارم بە بزەیەکی گەش بینیوە. ماچ و سۆز و دڵسۆزی و هاوڕێیەتی تۆ ئۆقیانوسێک بوو کە دڵم پێی ئاشنابوو. ئەمڕۆ ڕۆژی درکاندنی ئەو نهێنیەیە کە هاوڕێکانم لەسەر “فەرشی کاشان”ەکەی من دەیپرسن ،پاسۆردەکەی خۆشەوسیتی گۆنایە.

چێژی بیرەوەریەکانی باوک
یادگاریم لەگەڵ باوکمدا وەک هەڵمی سەر پەنجەرەیەک لەسەر یادەوەریم ماوە. ئەو خەیاڵە بۆ ئەو دیمەنەم دەبات کە سەرەتای هاوینێکە و باوکم پارچەیەک سەهۆڵی لەدەستەسڕێکدابەدەستەوەیە و دەستەکەی تریشی لەناو دەستی مندایە. بەو ڕێگە بەردینەی بەناو دارەکاندا لەسەرجادەی سلێمانەوە دەچێتە ناو گوندی چنارە هەردوکمان سەردەکەوین. ئەو جۆگە ئاوەی بەناو دارەکاندا بڵاوبۆتەوە ئەو ناوەی زۆر فێنک کردۆتەوە. باوکم زوو بەجێی هێشتم بەڵام ئەو چەند ساتەکەمەی ئەو هەموو ژیانم لەگەڵمدا بوە. نازانم چۆن دەبوو ئەگەر لەژیانمدا ببوایە.ئەوە حەسرەتێکە کە ژیان بەمنی نەبەخشی. هیچ کات ئەو هەستەت بۆ دروست نابێ کە سروشت پێی نەبەخشیویت. ناتوانی دروستی بکەی.
زۆرکەس دەیوت کە ئارامیەکەم لە باوکم دەچێ. بەڵام ژیانی ئەوم لەو وشە تاک و تەرایانەدا بۆ نە نەخشێنرا.هەربۆیە وەک تابلۆیەکی تەواو نەکراو وێنەی باوکم لەلام مایەوە. باوک مێژووی تۆیە. من لەم مێژووەی خۆمدا حزورم نەبوو. مێژوویەک کە باوک بۆ کوڕ دروستی دەکا نازانم چ تام و چێژێکی هەیە.من تەنیا چەند وێنەیەکی خەیاڵاوی ئەو کەسەم هەیە کە هەموو مناڵیم بێ ئەو بەسەربردوە.ئەم بەشە لەژیانم تەواونەکراوە و لە بەشی نائاگایی بیرەوەریمدا جارجارە تابلۆیەکی ئەو ڕیگای لادێیەم پێ نیشان دەدا و چایخانەی سەر جادەی سەرەکی سلێمانی و ژیانی ناو لادێیەکە لەو یەک دوو ساڵەی لەوێ ژیاوم هەمووی وەک چیرۆکی باوکم لای من بەر شنەبای خەیاڵم دەکەوێ. ئەو یادگاریانە وەک مناڵیم هەروا ناسک ماون و پڕچێژترین دیمەنێکی ژیانمە کە خەیاڵم ئاسودە دەکا،کە وەک ئەوە وایە بەخۆم بڵێم شتێک هەیە کە جێگای بێ نازیەکەی بێ باوکیمی پێ پڕبکەمەوە!ئای کە ئارامی بەخشە یادەوەریەکانی باوک!
کاتێ خۆم چومە دەوری باوکەوە بە بێ مێژوو و مێژینە ڕۆڵم بینی. دەمەوێ هەرچی خۆشەویستیمە هەموو ساتێ بەمناڵەکانمی بدەم. بەڵام نازانم ئەوان چۆن تامی ئەو باوکایەتیە دەکەن چونکە خۆم بەو تامە نامۆم. زۆر هەوڵدەدەم مێژوویەکی نوێیان لەگەڵ دەستپێبکەم کە سبەینێی ئەوان ببینم کە بێ من وەک من نەبن و تاموچێژی باوک بگوێزنەوە بۆ مناڵەکانیان. خەیاڵ هەندێ کات دەمبات بۆ لای ئەوەی ئەگەر من باوکم بۆ ماوەیەکی زۆرترهەبوایە چۆن دەبوو؟ یان ئایا ئەویش وەکو من بیری لەوەکردۆتەوە سبەینێ مناڵەکانی چۆن دەبن و چۆن بیر لەو دەکەنەوە؟ یان وەک من لەبەر مەشغەڵەی تر هەموو کات هەست دەکا کە کاتی زۆرلەگەڵ مناڵەکانی سەرف نەکرد؟ ئەمە ئەو وێنەیەیە کە باوک لە مناڵدا وەک خوێندنەوەی بەردەوامی ژیانی خۆی دەیبینێ. کاتێک هەست دەکەیت ژیانی تۆ لەژیانی کەسێکی تردا درێژەی دەبێ هەست بەو نزیکایەتی و گرنگی پیدانە بەو منداڵەت دەکەیت. ئەمە ئومێدێکە بە بەردەوامی ژیان. ناڕەحەت دەبم بۆ باوکم کە ئەو خەون و خەیاڵەی لەوانەیە بۆی وەک تابلۆیەکی تەواونەکراو لەلا مابێتەوە!
لەوانەشە ئێمە هەمومان مەحکوم بەوەبین کە هەموو ئەو ئاوات و پێشبینانەمان بۆ نەبێتە وێنەیەکی ڕوون لە ژیانی نەوەکانمان چونکە ئەوەندە سەرقاڵی کێشەکانی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیانین. ئایندە لەوانەیە لای هەمومان هێشتا نامۆبێت چونکە خاوەنی نین. بەڵام مناڵ مەخولقێکی عەجیبە و هەمیشە پەیوەستمان دەکاتەوە بە ئایندەوە. لێ ناگەڕێ کە بیر لە ئایندە نەکەینەوە. مناڵ خۆی بۆ ئێمە و لە گۆشەنیگای ژیانی باوک و دایکەوە ئایندەیە. نەک هەر ئایندەی مناڵەکە بەڵکو ئایندەی خۆمان هی گەورەکان. نامۆبون بۆ هەر شتێکی تر ڕاست و ناچاری بێ بەڵام فشاری منداڵەکان دەتوانن ئەو ئیرادەیەمان پێبدەن کە ڕوبەڕوی ئەم نامۆییە بە ئایندە ببینەوە و کاربکەین لە پێناو باشترکردن و خۆشحاڵ کردنی مناڵەکان. کاتێ مناڵانەکانمان لە ئەمریکا و بەریتانیا دەبینین خەریکە خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە و ئایندەی ژیان لەم گۆی زەویەدا پێش ئێمەی گەورەکان دەکەون، ئەمە گەلێک مانا بەخشە. ئەمە پێشکەوتنێکە لە مرۆڤایەتیدا کە ماوەی نێوان دەورانی باوک و دایک و نەوەکانیان زۆر کورت بۆتەوە و زۆر گۆڕاوە. ئەو مناڵانە لە ئێستاوە باوک ودایکێکی گەنجن. هەرچەند ئەمە دیوە خەمناکەکەی دنیای سەرمایەداری ئێستایە کە مناڵانیشی خستۆتە ژێر فشاری نیگەرانی ئایندەوە و ئەوە ئەرکی گەورەکانە بە کاری مناڵانیش هەستن و ئەم بەڵایەی سەرمایەداری لابەرن.
باوکی منیش ،بەو کارەی وەک پاکەرەوە”فەڕاش”ی قوتابخانەکان و بە ئارامی ونەرمونیانیەکەی لەگەڵ ٦کچ و٢ کوڕدا کە بە خێوی کردوین ،هەر هەمان پەیامی باوکانەی خۆی گەیاندوە.پەیامێکی هەرچەند کورتە وەک تەلەگرافی سەردەمی ژیانی ئەو،بەڵام تێشویەکی ئارامی بەخشە.
ئەم بیرکردنەوانەم لەباوکم و لە کوڕەکانم پێی دەڵێم چێژی زنجیرەی زیندەگی.

Add Comment

Click here to post a comment