بایۆگرافی ژنان

یادی دایکم ، دایە سەبری هەمووان

بەردەوام بۆماوەی 12ساڵ لە کارگەی جگەرەی سلێمانی کاریدەکرد کە پێشتریش نزیک بە 10ساڵێک فەڕاشی قوتابخانە بوو شان بەشانی باوکم ، تا 6 کچ و 2 کوڕی گەورەکرد.ئەو لە نەوە سەرەتاییەکانی کریکارانی کوردستان بوو و ژیانی کارگە لە شێوەی ژیانی ژنانی ماڵەوەی تێداگۆڕیبوو. باوەڕ بەخۆبون و ئازایەتی لەداوای مافی کریکاراندا و چونی بەگژ سونەتی پیاوسالارانەدا تیکەڵ بە سوک سەیرکردنی مەلای مفتەخۆر و نەچونی بەلای ئیسلامدا کرد ژنێکی کۆمۆنیستی بە إغەریزە لێدروست کردبوو. پەیوەستی وێڵاشی ئەم غەریزەیە بە مناڵەکانیەوە وای لێکردین زۆر ئاسان کۆمۆنیزم وەک تیوری تەفسیری واقعی ژیانمان و بەرنامەی بەدیهاتنی خواست و ئارەزوەکانمان بدۆزینەوە. ئەمە سەرەتای غەریزەیەکی ئاگایانەی کۆمۆنیست بوونی ئێمە بوو ،کە ئایدیالی خێزانی خۆمانمان لە کتێبی “دایک” ی مەکسیم گۆرکی یەوە وەردەگرت. هەربۆیە ئەو ڕۆمانەمان پێکەوە تەواوکرد. دایکم دوای هیلاکی کاری کارگەی جگەرە حەسانەوەی خۆی لەگوێگرتن لەو ڕۆمانەدا دەبینیەوە بۆیە هەموو شەوێ پێی دەوتم “کاکە گیان کەی دایکمان بۆ دەخوینیتەوە”. دایک بۆ دایکم بوو بەو شەخسیەتەی کە ژیانی خۆی تیدا بەرجەستە کرد و ئەو دەورەی دایکی بە واقعی لە ڕوسیاوە خستە سەرشانۆی ژیانی کۆمۆنیستەکان لە کوردستان.ئەو باسی دەکرد کە لەهاتنی وەزیرێکی بەعسدا بۆ کارگەی جگەرە لە کۆبونەوەی هۆڵەکەدا هەستاوەتە سەرپێ و باسی لە بێمافی خۆیان و سەندیکای زەردی بەعس کردبوو و دەست وپیوەندەکانی سەندیکای بەعس بەپەلە کردبویانە دەرەوە و ترسیان لە قسە ئازاکانی بوو کە لەبەرچاوی وەزیردا ڕیسوای کردبوون.
کاتێک حزبی کۆمۆنیستی ئیران-کۆمەڵە مان ناسی لە سایەی ناسیونالیزمی کۆمەڵەی رەنجدەراندا نەماین و بوینە بزوتنەوەیەکی جیاواز و دژ بە ناسیونالیزم . زۆربەی مەراسیمەکانی کۆمەڵە کە لە مالومە دەکرا دایکم بە حەزێکی زۆرەوە بو بینینی ڕێگەی شاخەکانی گاپیلۆنی دەبڕی و کە هیلاک دەبوو دەیوت ڕۆڵە من پیربووم با لەبن ئەم دارەدا ئیسراحەتێک بدەین و دایە سەبری زوو بوە ڕوخساری خۆشەویست لای پێشمەرگەکانی کۆمەڵە . وەک خۆی دەیوت پەیوەندی دایک و فەرزەندی لەگەڵ ئەواندا دروست کردبوو کە هەمیشە لە خەمیاندا بوو. لەناو هاوڕێکانماندا دایکم جێگای ڕێز و خۆشەویستیەکی زۆر بوو کە وێنەی خێزانێکی کۆمۆنیستی بەرجەستەدەکرد کە ناسین وئاشنابوون پێی هاندەرێک بوو بۆ هاوڕێیانێک کە تازە کۆمۆنیستەکانیان دەناسی.
کاتێک ڕاپەرینی 1991 بوو ئەو لە ڕیزی پێشەوەی شوراکاندا بوو. قسەکانی ئەو لەبەردەرکی سەرا سەرنجی هەموو خەڵکی بۆ لای کۆمۆنیستەکان ڕادەکێشا کە دایکێکی وا کۆمۆنیستیان لەگەڵدایە. لەشورای کارگەی جگەرەش بانگەوازی کریکارانی دەکرد کە بێن ڕێگای کریکارانێکی کۆمۆنیستی وەک حەمە شوکر کە لەلایەن بەعسەوە ئیعدام کرا ، بگرن و کەسانی وەک کمال خۆشناو کە کاربەدەستی بەعس بوو وە ببوە پارتی لە کارگە دەرکەن.
کاتێکیش هێشتا خەڵک سەرگەرم بوون بە کاکە و مامە کە جێگای سەدامیان گرتبوەوە ئەو وەک کرێکارێک لەسەر مانەوەی سفرەی خاڵی خۆیەوە وێنەی واقعی ئەم تازە دەسەڵاتدارانەی دەبینی. هەربۆیە حەپەسان کاتێک لەشاشەی تەلەفزیۆنی حسکەوە لەساڵی 1992 چاوپیکەوتنی دایەسەبریان بە سەرە سپیەکەیەوە بینی کە لەناو بازاڕی گرانی سلێمانیدا دەیوت ئەم دەسەڵاتدارانە”سەرمایەدارن ، بورژوازین بۆیە خەڵکیان لە برسیەتی ونەبونیدا هێشتۆتەوە و خۆیان لە ئیسراحەت و نیعمەتدان”. ئیتر دایە سەبری کۆمۆنیست لە زۆر شوێن دەناسرا وببوە ڕوخساری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ناو شاری سلێمانی. کاتێک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری پێکهات دایە سەبری زۆر خۆشحاڵ بوو وە بە حزبی خۆی دەزانی و حسابی مناڵەکانی خۆی بۆ هەموو ئەندامانی حزب دەکرد. ماڵە بچکۆلانەکەی لە خانوەکانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار ببوە شوێنی هاوڕییانی حزب و هەموو ئەو کەسانەی دوور ونزیک دایەیان دەناسی و لەکاتێکدا پیویستیان بە مانەوە بوو. ئەو لەکاتێکدا یەکێتی هێرشی دەکردە سەر ڕادیۆکەمان لە گردی زەرگەتە بەخۆی مەنجەڵێک یاپراخەوە هاتبوو بۆ مقەر ئەویت نانم بەبێ ئێوە پێنەخوراوە لەم کاتەدا کە ئەو دز و پیاوکوژانە هاتونەتە سەرتان. هەمیشە لەدژی ئەو دەسەڵاتدارانە بە وشە پڕلەقینەکانی خەڵکی ئاگاداردەکردەوە کە کۆمۆنیستەکان چۆن لەگەڵ زوڵم وستەمی سەرمایەداران و جەهەنەمی سەرمایەداران لەشەڕدان . بەسۆز و دڵسۆزی بێپایانیشی بۆ کۆمۆنیستەکان و بەشمەینەتانیش نیشانی دەدا کە چ دنیایەکی ئازاد ویەکسانی بۆ هاوچینەکانی دەوێ وچۆن ژیان و خۆشی خۆی لە هاوبەشی خەم وخۆشی لەگەڵ ئەواندا دەبینیتەوە. شانازی بەوەوە دەکەم کە کوڕی دایکێکی وا گەورە و کۆمۆنیست بووم و ژیانی ئەو ئیلهامە بۆ کۆمۆنیستەکان ،بەڵام بەداخەوەم کە هەموو ئاواتەکانی نەهاتنەدی لەوانە خانویەک کە باخێکی لەسەر جادەکەی سەرچنار بێت ولەخانوە دڵتەنگەکەی ناو کۆڵانەکانی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار نەمێنێ. دایکم بەدڵێکی گەورە و ئاواتێکی بچکۆلانەوە بەجێی هێشتین بەڵام یادی بۆ هەمیشە لەلای هەمووان زیندوە چونکە بەڕاستی دایکی هەمووان بوو.
ئاسۆ کمال
19.12.2010

Add Comment

Click here to post a comment