کۆمۆنیزم

چ تێگەیشتنێکمان لە پرۆسەی شۆڕش هەیە؟

هاوڕێ ئیبراهیم محمد لە نوسینەکەیدا [i]* تێبینی لەسەر وتاری “شۆڕشی سۆشیالیستی و ئەزمونی شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠” [ii] ی من هەیە و ئەو پرسیارە دەوروژێنێ کە، ئایا شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا پرۆسەیەکە یان ڕوداوێکی بەرئەنجامی کاتی شەڕ و دروست بونی بۆشاییە لە دەسەڵاتی بورژوازیدا؟

ئەو دەڵێ ” هاوڕێ ئاسۆ لە لاپەڕەی بیست دا دەڵێ …ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە پرۆسەیەکە…نەک بە تەنها ئەزمەیەک یان ڕووداوێک…بەڵام تەواوی شۆڕشە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم بەرئەنجامی کارکردن شەڕەکان بوون ،بۆشایەک لەدەسەڵات و کۆمەڵگادا دروست بووە و بە شۆڕش پڕکراوەتەوە لەو ڕێچکەی پرۆسەی بەسەر ئەنجام گەیاندنی شۆڕش دا خۆی نەگرتوەتەوە واتە هەر کە سەرمایەداری گەڕاوەتەوە سەر ڕێچکەی خۆی ،ئەو بۆشاییەی کە لەدەسەڵات دا دروست بووە پڕکراوەتەوە، ئەمە بۆ هەردوو شۆڕشی ئەڵمانیاو کۆمۆنەی پاریس ڕاستە،بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەریش ناڕاستەوخۆ لە پرۆسەیەکا ئەمەی کردووە.”

لەو وتارەدا بە شێوەیەکی کورت من چومەتە سەر ئەم پرۆسەیە . ئاماژەم بەوە کردوە کە ” ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە پرۆسەیەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیە، نەک بەتەنها ئەزمەیەک یان ڕوداوێک بێت کە لە ساتێکدا ڕودەدا و ئیتر هەموو کۆمەڵگە ئامادەبێ بۆ شۆڕش و شۆڕش دەکرێ و دەسەڵاتی سیاسی دەگیرێتە دەست و مەسەلەی شۆڕش تەواو دەبێت.”

ئەم پرۆسەیە “پەیوەستە بە پەیوەندی فکر بە پراکتیکەوە، گۆرانی فکرەی شۆڕش و تەجروبەی عەمەلی شۆڕش، ئامادەبونی فکری و ڕێکخراوەیی و گرتنی دەسەڵات، دەوڵەت و سیستمی سیاسی و گۆرانکاری ئابوری…هتد.

ئەگەر لە بورای مێژووییەوە سەیری بکەین، دەبینین شۆڕشی پرۆلیتاریا پرۆسەیەک بووە لە خۆئامادەکردنی ئەم چینە لەسەرەتاوە تا ئەوکاتەی لە ئەزمەیەکدا ڕوبەڕوبونەوەی چینەکان لە ئاستێکی باڵای سیاسی و لەگەڵ دەوڵەتدا دێتە ئاراوە، وە دەبێتە تەقینەوەیەک بەشێوەی شۆڕش کردن بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێیەکە ڕودەدا. پێویستە شۆڕش بەشێوەی ئەم پرۆسەیە سەیربکەین.”

سەرەتا ئەگەر لەم خاڵەی کۆتاییەی وتارەکەی خۆمەوە دەست پێ بکەم، ئەوە دیارە کە چ کۆمۆنە و چ ئۆکتۆبەر خۆیان بەرهەمی پرۆسەیەکی مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکاران بوون. کریکارانی فەرەنسە لە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ ئەوروپاوە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ خەباتی بەردەوامیان دژی دەسەڵاتی پاشایەتی دەستوری و لویس پۆناپارت و حزبە بورژوازیەکان کرد تاکو فرسەتی گرتنە دەستی دەسەڵاتیان لە شکستی حکومەتی فەرەنسا لە پاریسدا بۆ هاتە پێشەوە و کۆمۆنەیان ڕاگەیاند. هەرچی شۆڕشی سۆشیالیستی ئۆکتۆبەر ڕوسیاشە بەرهەمی ١٢ ساڵ لە پرۆسەی شۆڕش و خەباتی چینایەتی کرێکارانی ڕوسیە دژی قەیسەریەت و حکومەتی بورژوازی بوە. ئەم پرۆسەیە لە شۆڕشی ١٩٠٥ دەست پێ دەکات دواتر شۆڕشی شوباتی ١٩١٧ هەڵدەگیرسێ بەهۆی لاوازی و شکستی حکومەتی کاتی بورژوازیەوە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا ، وە هەروەها بەهۆی بە‌هێزبونی شورا کرێکاری و سەربازیەکان وحزبی بەلشەفیەوە دواتر لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا شۆڕشی سۆشیالیستی لە ڕوسیادا حکومەتی بورژوازی ڕادەماڵێت . ئەمانە زەمینە مێژوویی و پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی فەرەنسە و ڕوسیا بوون کە گەیشتە ئاستی شۆڕشی سیاسی و ئەم شۆڕشانە تەنیا کاردانەوەیەکی کتوپڕ و بێ پێشینە نەبوون و لە پرۆسەیەکی خەباتی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا چونەتە پێش و ڕویانداوە.

بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە مادام شۆڕش پرۆسەیەکە ئەوا دەبوایە ئەم پرۆسەیە هەر بەرەو پێشەوە هەنگاوی بنایە و شۆڕشەکان سەرکەوتوبونایە و لەلایەن بورژوازیەوە نەشکانایە، وەک لە نمونەی کۆمۆنەی پاریس و ئەڵمانیادا، یاخود دیسانەوە دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداری سەری هەڵنەدایەتەوە، وەک لە نمونەی ڕوسیادا. چونکە ئەو فاکتەرە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیانەی بەشدارن لە دروستکردن و سەرکەوتن و شکستی شۆڕشەکاندا پرۆسەی شۆڕشەکان ڕۆشن دەکەنەوە کە بەرەو کوێ دەچن.

ئێمە دەبێ ئەوە ڕۆشنبکەینەوە کە پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی خۆی چیە؟ وە ئەو شۆڕشانەی ڕویاندا چی بوون؟ کرێکاران چی دەگۆڕن لە شۆڕشدا دژی کاپیتالیزم؟ ئایا شۆڕش گۆڕینی دەسەڵات و دەوڵەتە؟ یان ئایا گۆڕینی یاسا و موڵکایەتی و بازاڕ و پارەیە؟ شۆڕشی کۆمەڵایەتی چی دەگرێتەوە؟ لە شۆڕشی سۆشیالیستیدا سیاسەت و ئابوری و کەلتور لە کۆمەڵگەدا چی بەسەر دێ؟

لە بەشی دووەمی وەڵامەکانم بە هاوڕێ ئیبراهیم محمد دا باسی پەیوەندی نێوان شۆڕش و ڕیفۆرمم کرد*[iii]. لەوێدا باسی دوالیزمە کرا کە توشی کۆمۆنیزمی سەدەی ٢٠ بوو، کە خوێنەر دەتوانێت ئەوە وەک پێشەکیەک یان باسێک کە پەیوەستە بەم باسەوە سەیربکا و لێرەدا دوبارەی ناکەمەوە.  لێرەدا باسی پرۆسەی شۆڕش دەکەم لە گۆشە نیگایەکی ترەوە .

ئەم باسە ئایا کرێکاران دەبێ شۆڕش بکەن واتە ڕیڤۆلوشن یان تەنیا ڕێگای گەشەی بەرەبەرە و ئیڤۆلوشن بگرنە بەر بەرامبەر بە سیستمی سەرمایەداری؟ئەمە خۆی باسی سەرەتای سەدەی بیستە کە لە ئەڵمانیا لەسەر دەستی برشتاین لە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا و ئەنتەرناسیونالی دووەمدا دەستی پێکرد و بە ڕەوتی ڕیڤیژنیزم واتە چاوپێدا خشانەوە ناسرا.

هەربۆیە من باس لە پرۆسەی شۆڕش وەک ڕێبازی ئیڤۆلوشن ناکەم کە شۆڕش ڕەت دەکاتەوە و ڕۆشنە باسەکەی من باسی خودی پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی بۆ گۆڕینی سەرمایەداریە، نەک ڕیفۆرم و چاکردنی سەرمایەداری. هەربۆیە دەتوانین چەمکی “شۆڕشی بەردەوام” لە جێگای پرۆسەی شۆڕشیش بەکاربهێنین.  هەرچەند بۆ هەر چەمکێکی مێژوویی دەبێ ئاگامان لە مۆرکی مێژوویی بێت کە ئەو چەمکە هەڵی گرتوە و پێی پێناسە کراوە و پێویستە ڕۆشنکردنەوە بدەین کە لە ئێستادا چۆن لەو چەمکە دەگەین یان بەکاری دێنین.

ئێمە بۆ ئەوەی باسی چەمکی پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالسیتی بکەین دەبێت بزانین کە دەمانەوێت چی بگۆڕین؟ ئەگەر دەڵیین سیستمی سەرمایەداری دەگۆڕین بە سیستمێکی سۆشیالسیتی دیسانەوە ڕوبەڕوی ئەوە دەبینەوە کە چ شتێک لە سەرمایەداریدا دەگۆڕین کە جیاوازە لەو گۆڕانکاریەی شۆڕشەکانی تری وەک ئۆکتۆبەری ڕوسیا و سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە سەدەی ٢٠دا گۆڕی؟ ئەوکات ئێمە دەتوانین بزانین کە پرۆسەی گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی سەرمایەداری کە مەبەستی باسەکەی ئێمەیە باسی چ پرۆسەیەکە وە بۆچی ئەم گۆڕانکاریانە پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە، نەک تەنیا گرتنە دەست دەسەڵاتی سیاسی لە ئەنجامی ڕوداوێکی سیاسی یان شەڕێکدا.

گۆڕینی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی زۆر جار لە ئەنجامی شکستی سیاسی یان سەربازی حکومەتێکی بورژوازیدا ڕودەدا و تەنانەت لە هەڵبژاردنیشدا ئیمکانی ڕودانی هەیە و هەبوە، ئەگەر حزبێکی کرێکاری لەم کاتانەدا هێزی هەبێ دەتوانێ جێگای حکومەت و دەسەلآتی حزبە بورژوازیەکان بگرێتەوە و دەتوانێ دەسەڵاتێکی سیاسی تاک حزبی یان نوێنەرایەتی و پەرلەمانی و یان شورایش دابمەزرێنێ، بەڵام مانا و ناوەرۆکی شۆڕش لێرەدا بەرتەسک و قەتیس کراوەتەوە بە گۆڕانی ئەوەی پێی دەڵێن سەرخانی سیاسی و دەسەڵات نەک سیستمی سەرمایەداری. هەربۆیە ئێمە کاتێک باسی پرۆسەی شۆڕش دەکەین باسی تەنیا شۆڕشێکی سیاسی و گۆڕانکاری سیاسی ناکەین، بەڵکو باسی پرۆسەی گۆڕینی سیستمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری پێکەوە دەکەین کە سیستمی سەرمایەداریە.

ئەوەی خاڵی جیاکەرەوەی لەم تیڕوانینەدا بۆ پرۆسەی شۆڕش ئەوەیە کە کاری شۆڕش گۆڕینی پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیە لە نێوان دوو چینی کۆمەڵگەدا، کە پەیوەندی کاری کرێ گرتەیی کرێکارانە بۆ سەرمایەداران. ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە بە شێوەی یاسا و دەوڵەت و سیاسەت و موڵکایەتی ئابوری و کەلتور و فەرهەنگی چەوسانەوە و بێ مافی و لە شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ڕەگەز و جێندەر و نەتەوە و ئیتنیک و زۆربەی بوارەکانی ژیاندا سەپێنراوە و پارێزراوە.  گۆڕانی ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە خۆی بەنێو زنجیرەیەکی لێک هەڵپێکراوی خەباتی بەردەوامی ئاشکرا و نهێنی ڕۆژانە و مێژووییدا تێپەڕ دەبێت. من ئەم گۆڕانکاری و خەباتە کۆمەڵایەتیەی کرێکاران وەک پرۆسەیەکی شۆڕشگێرانە دەبینم کە مەرج نیە لەهەر قۆناغێکی هەڵچون و تەقینەوەی سیاسی یان ئابوری و کۆمەڵایەتیدا کۆتایی پرۆسەکە بگەیەنێت هەروەک ئەو تێگەیشتنەی لەسەدەی ٢٠دا بۆ شۆڕش و شۆڕشی سۆشیالیستی باو و زاڵ بوە، کە گۆڕینی حکومەت و دەسەڵاتێکی بورژوازی بە شۆڕش لەقەڵەم دراوە.

ئەم تێگەیشتنە ئەنجامی ئەزمونی شۆڕشەکانی دوو سەدەی ڕابردووی ١٩ و ٢٠ی کرێکارانە. ئەم چینە سەرەتا ڕزگاربونی خۆی لەدەست سەرمایەداری بە شکاندنی ئامێرەکان دەزانی، بەڵام دوای ئەم ئەزمونە فێربوو کە سەرمایە و کاپیتاڵ تەنیا ئامێر و بەکاڵابونی هێزی کار و پارە وبەرهەمهێنان نیە، بەڵکو سیستمێکی ئابوریە کە هەموو ئەمانە دەکاتە بناغەیەک بۆ درێژەدان بە چەوسانەوەی کرێکاران و لەم پێناوەدا دەوڵەت و سوپا و دامودەزگای بیرۆکراتی و یاسا و دادگاشی بۆ دادەمەزرێنێ. لە دەورانێکیشدا کرێکاران ئەم وشیاریەیان سەبارەت بە دەزگای سیاسی و چینایەتی دەوڵەت لە ئەنجامی کۆمۆنەی پاریسدا بۆ ڕۆشن بوەوە کەوتنە هەوڵدان بۆ گۆڕین و تێکشکاندنی دەزگای دەوڵەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی کرێکاران. بەڵام پاش شۆڕشەکانی ڕوسیا و ئەڵمانیا و خەباتی سیاسی پەرلەمانی لە ئەوروپادا ئەو ڕاستیە دەرکەوت کە تەنیا گۆڕینی حکومەت و پەرلەمان و یاساکان ناتوانن پرۆسەی شۆڕش بەسەرکەوتن بگەیەنن و بەم کارە سیاسیانە ناتوانین ئەو شێوازی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی و کەلتور و پەروەردەیە بگۆڕین کە بونی دەوڵەت و فەرهەنگی چەوسانەوەی سەرمایەداری بەزیندویەتی دەهێڵنەوە.

لێرەوە ئێمەش فێردەبین کە پرۆسەی شۆڕش ڕادیکاڵانەتر دەبێ درێژەی پێ بدرێت تابتوانێ هەموو لایەنەکانی پەیوەندی کرێکار بە کار و بەرهەمهێنان و ڕێکخستنی سیاسی و ئیداری و کەلتور و یاساکانەوە بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕێت.  ئەگەر کاپیتاڵ و سەرمایەداری بریتین لە سیستمێک کە پەیوەندی کرێکار بە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە لە کۆیلایەتیدا ڕادەگرن، نەک تەنیا سیستمێکی ئابوری ڕوت یان چەوسانەوە بێت لە کارگەدا، هەروەها دەوڵەت و یاسا و سوپای بورژوازی تەنیا سیستمێکی سیاسی ڕوتی سەرکوت نین کە ڕزگاری کرێکار و مرۆڤ تەنیا لە گۆڕینی ئەم سیستمە سیاسیە و نەهێشتنی ستەمی سیاسی و بەدەستهێنانی ئازادی سیاسیدا بێت، بەڵکو ئەمانە بەشێکن لە ئامڕاز و پێداویستیەکانی پرۆسەی چەوسانەوە و سیستمی کۆیلایەتی کرێکاربۆ سەرمایە، وە سەرمایەداری سیستمێکی سیاسی و ئابوری پێکەوەگرێدراوی کۆمەڵایەتییە، ئەوا دەبێ هەڵوەشانەوەی ئەم سیستم و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە بریتی بێت لە پراتیکی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران بۆ گۆڕینی سەرجەم ئەم سیستم و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەی سەرمایە و جێگیرکردنی سیستم و پەیوەندیەکی جیاواز لە بەرهەمهێنان و ئیدارەی کۆمەڵگەدا بە هاوبەشی لەلایەن کرێکاران و سەرجەم هاوڵاتیانەوە.

ئێمە لە ئەزمونی سۆشیالیستی دەوڵەتی سەدەی ٢٠ ەوە فێردەبین کە چیتر گرتنی دەسەڵات و دروستکردنی حکومەتی کرێکاری ئەو ئامانجە نیە کە کرێکاران بۆ بنیاتنانی دنیایەکی سۆشیالسیتی و کۆمۆنیستی پێویستیانە، بەڵکو تەنیا هەنگاوێکە کە لە پرۆسەی شۆڕشێکی هەمەلایەنە و بەردەوامدا دەتوانێ ڕێگریەکانی بەردەم شۆڕش، کە بەرەنگاری بورژوازیە لە هێشتنەوەی سەرمایەداریدا، لەناو بەرێت. هەربۆیە فکر و کۆنسێپت و پرۆسەی شۆڕشی سۆشیالیستی لەم سەدەی ٢١ دا دەبێ ڕۆشنتر قسەبکا لەسەر هەنگاوەکانی چۆنیەتی گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و هەڵوەشانەوەی دامودەزگاکانی و شێوازی بەرهەمهێنان و موڵکیەت و کەلتور. ئەمانە تەنیا بەرنامەی لانی کەمی حکومەتی کرێکاری و ڕیفۆرم لە سەرمایەداریدا نین، وەک لە بەرنامەی حزبە کۆمۆنیستیەکانی سەدەی ٢٠ و تا ئێستاش دەیبینین، بەڵکو سەروسیمای سیستمێکی جیاوازی کۆمەڵایەتیە کە جێگەی سەرمایەداری دەگرێتەوە. ئەم پێداویستیانەی پرۆسەی شۆڕش دەبێ ئامادەبکرێ و هەر کات ئەم چینە توانی بە بەرنامە و ڕێکخراویەکی نوێ وە بێتە مەیدان و ئەوکات دەتوانێ لە جەرگەی خەباتی ڕۆژانە و سیاسی و چینایەتی خۆیدا ئامادەییەکانی خۆی بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی قۆناغەکانی شۆڕش نیشان بدا لە سەپاندنی هەژمونی هێزی شۆڕشگێڕانەی لە کۆمەڵگە و گرتنی دەسەڵات تا گۆڕینی سەرجەم سیستم و پەیوەندی بەسەرمایە و سەرمایەداریەوە.

 لەوتارەکەدا باسی ئەمەم کردوە بەوەی ئەم پرۆسەیە “پەیوەستە بە پەیوەندی فکر بە پراکتیکەوە، گۆرانی فکرەی شۆڕش و تەجروبەی عەمەلی شۆڕش، ئامادەبونی فکری و ڕێکخراوەیی و گرتنی دەسەڵات، دەوڵەت و سیستمی سیاسی و گۆرانکاری ئابوری…هتد.

بەلێ ئەگەر فکری سۆشیالسیتی سەدەی ٢٠ بۆ شۆڕش بریتی بوبێت لە کورتکردنەوەی شۆڕش لە دروستکردنی مۆدێلێکی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری دەوڵەتیدا ئیتر شۆڕش دەتوانێ تەنیا گرتنی دەسەڵات و گۆڕینی کابینەی حکومەتی بورژوازی بێت بە کابینەی حکومەتی کرێکاران و گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی کەمایەتیەکی بورژوازی بە کەمایەتیەکی تری کرێکاری، پەرلەمانی بێت یان تاک حزبی و شورایی. لێرەدا باسی پرۆسەی شۆڕش یان شۆڕشێکی بەردەوام پێویست نیە و بونیشی نیە.

لەم مۆدێلی سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا شۆڕش پرۆسەی گەشەی چینێک نیە کە پەیوەندی ژێردەستەیی و کاری بە کرێی خۆی لەگەڵ سەرمایە و دەوڵەتەکەیدا دەپچڕێنێ بەڵکو پراتیکی حزبێکە کە کرێکاران تیایدا ئامڕازێکن بۆ خەبات و شۆڕشێکی سیاسی بۆ گۆڕینی حکومەتی بورژوازی بە حکومەتی حزبی کرێکاران. هەربۆیە بە گۆڕینی دەوڵەت پرۆسەی شۆڕش کۆتایی پێهات و قەڵشتی گەورە کەوتە نێوان پرۆسەی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و دەسەڵاتی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەوە و کرێکاران لە ژێر سایەی کۆیلایەتی کاری گرتە بۆ ئەم حکومەتانەدا هێڵرانەوە.

چ لەلای ئیڤۆلوشنی سۆشیال دیموکراتی و چ لەلای شۆڕشی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفی بەرنامەی حکومەتی کرێکاری نەبوو بە باسی پرۆسەی گۆڕینی پەیوندی کۆمەڵایەتی سەرمایە بە کاری کرێ گرتە و باسی کۆتایی پێهێنانی شێوازەکانی موڵکایەتی سەرمایە بۆ هێزی کار کە دەبێ ڕێگاکانی بدۆزرێتەوە و دەستی بۆببرێت. بەرنامەی هەردوو لایان لە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی دیسانەوە جەختکردنەوەیە لەسەر موڵکایەتی دەوڵەت و پارە و بازاڕ و دەسەڵاتی سیاسی کەمایەتی و کەلتورو فەرهەنگ و پەروەردەی کۆمەڵگەی چینایەتی و نەبونی ئازادیەکان. لێرەدایە کە ئەم جۆرە شۆڕشانە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری سەرتاپاگیر و شۆڕشگێڕانەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی نەبون و بنەماکانی کۆمەڵگەی چینایەتی و دەسەڵاتی کەمایەتی و موڵکیەت و کاری بەکرێی وەکو خۆی هێشتۆتەوە. لێرەدا پرۆسەی خەباتی چینایەتی کرێکاران دژی سیستمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یان لاواز بوە وەک لە کۆمۆنەدا، وە یان وەک لە ڕوسیادا ئیتر ئەم پرۆسە شۆڕشگێڕانەیەی کرێکاران دژی سەرمایەداری لە کەناڵی حزبی دەسەڵاتدارەوە، نەک نەچوەتە پێشەوە، بەڵکو ڕێگەی لێگیراوە. ئەمە هۆکاری شکست و گەڕانەوە دواوەی ئەو شۆڕشانە بوە بەرەو سەرمایەداری.

بە کورتی پرۆسەی شۆڕشی کرێکاران دژی سەرمایەداری پرۆسەیەکی درێژخایەنی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایتیە کە لەهەر دەورە و ئەزمەیەکی سەرمایەداریدا زەمینەی تەقینەوە و دەرکەوتنی هەیە کە ئاستی توانایی فکری و ڕێکخراوەیی هەموو چینەکە و توێژە ڕۆشنبیر و چالاکەکانی نیشانی دەدا دەتوانن چ گۆڕانکاریەک بکەن و ئایندەی ئەم پرۆسەیە بەکوێ دەگەیەنن.

ئاسۆ کمال / شوباتی ٢٠٢٥

[i] https://www.facebook.com/asokamal/posts/pfbid02VKpJsqKzZfm3cjYeZwQThg53D1UYwveMEPXvwcukcTu3nY4C5ZThr4RTHPpm2hsFl?locale=en_GB

[ii] https://asokamal.com/index/wp-content/uploads/2024/04/asokamal-art.pdf

[iii] https://asokamal.com/index/?p=3365

Add Comment

Click here to post a comment