ژنان

سەفرەجەیت داستانی ئازادی ژنان

گرنگە فلیمی سەفرەجەیت داستانی ئازادی ژنان ببینن
گرنگی ئەم فلیمە لەوەدایەکە پەیوەستمان دەکاتەوە بە مێژووی نزیکی خەباتی ژنان بۆ ئازادی و مافی دەنگدان و یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە یاسادا. میدیای ئێستا و سیستەمی سەرمایەداری ئێستا سیستماتیک کار بۆ ئەو دابڕانەی نەوەی ئێستا لە مێژووی مرۆڤایەتی و ئەو بەهامرۆڤایەتیانە دەکەن کە ژیانی ئێمەی نەخشاندوە تاکو بەربەریەتی ئێستای کوشتار و هەژاری و خۆپەرستی بکەنە سیما و بەهای دنیای ئەمڕۆ. ئەم فلیمە بۆ ژنان و خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لەکوردستان گرنگی لەوەدایە کە نیشانمان دەدەن چۆن کەمایتیەکی خەباتکاری ژنان مێژووی ئەوروپا و ڕۆژئاوای پیاوسالاریان گۆڕیوە و یاسای یەکسانی و ئازادی ژنانیان بەدەستهێناوە.گۆڕانی شەخسیەت و وشیاری ژنێکی کرێکاری وەک میسس ۆلتز لە ژنێکی ملکەچی خاوەنکار و مێرد و دەوڵەتەوە بە ژنێکی خەباتکار کە دژ بە ستەمی پیاوسالاری دەوڵەت و مێرد و یاسا دژی ژنەکان دەوەستێتەوە و بەشداری بزوتنەوەی مافی دەنگدان بۆ ژنان دەکات ،نمونەیەکی قارەمانێتی و توانایی و ئیرادەی ژنان نمایش دەکا کە سەرەڕای سەختی کار و بێ ماف و ئازارچەشتنی لێسەندنەوەی مناڵەکەی درێژە بە ڕێگای خەباتێک دەدا کە ژنانی سەدەی بیستی گەیاند بە ئازادی و یەکسانی لەگەڵ پیاوان لە یاسادا.
ئەم فلیمە گرنگە ژنان و پیاوان و لاوانی کوردستان بیبینن و هانی خەڵک بدەن بۆ بینینی تاکو پشتیوانی بۆ بزوتنەوەی ژنان لە کوردستان و هەڵسوراوانی ژنان و یەکسانیخوازان زیاتر بێت کە ئێستا کەمینەیەکن لە ژێرفشاری زۆری پیاوسالاری حکومەت و یاسا و حزب و ئیسلامدان.

Add Comment

Click here to post a comment