بابەتی هەڵبژاردە

پلاتفۆرمی چەپ بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان

بزوتنەوەیەکی جەماوەری سیاسی کەلە کوردستان وعێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەڕێکەوتوە ئامانجی گۆرینی سیستەمی سیاسی دیکتاتۆریەکانە. دەسەڵاتی یەکیتیءپارتی لە کوردستان کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری. خواستی نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە و ئەو سیستەم و حوکمڕانیەی لە کوردستاندا بەزەبری چەک و هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان دەیپارێزن ،هەروەها خواستی نەهێشتنی گەندەڵی و بەدەستهێنانی ئازادیء ئالوگۆری ئابوریء سیاسیء کۆمەلایەتی قووڵ بووە بە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران.
دەسەڵاتی یەکیتیء پارتی لەماوەی ڕابردوودا سەلماندیان توانای وەڵامدانەوە و جێبەجێکردنی ئەم خواست و چاکسازیانەیان نیە لە سیستەمی حوکمڕانیدا هەر هەنگاوێک لەم بوارەدا واتە نەمانی دەسەڵاتی چەکداری حزبەکانیان و هەلوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان ، لەبەرئەوەیە ڕێگای کاتکوشتن و پەلاماردان وهەڕەشە و سەرکوتیان هەڵبژاردوە.
بەڵام لەبەرانبەر ئەم سەرکوت وبێدەربەستیەی دەسەڵاتدا خەڵکی کوردستان بێدەنگ نەبووە وبێدەنگ نابێ ، بزوتنەوەکەی بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی وژیانێکی باشتر لە فراوانبوونەوەی زیاتردایە، ئێمە بۆ بەرەو پێشەوەبردنی ئەم بزوتنەوەیە تا بەسەرکەوتن گەیاندنی خواستی هەڵوەشانەوەی سیستەمی حوکمڕانی میلیشیایی ئیستای پارتی و یەکێتی تێدەکۆشین.
بەدیلی ئێمە بۆ دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی دامەزراندنی حکومەتێکی مەدەنی نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی خەڵکە .ئەم حکومەتە پشت بەهەڵبژاردن ودەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵک دەبەستێ بۆ دانانی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت و یەکە ئیداریەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوە. ئەم حکومەت وسیستەمە لە دەستور ویاسا بنەڕەتیەکانی خۆیدا ئەم بنەمایانە جێگیر دەکا:
1-دەستورێکی عەلمانی و مۆدێرن پشت بەستوو بە ماف وئازادیە مەدەنی و فەردیەکانی مرۆڤ بەجۆریک کەمافى هاولاتى بوونى یەکسان بۆهەمووان دەستەبەربکات..
2-بەڕەسمی ناسینی ئازادی بێ قەیدوشەرتی سیاسی،ئازادی ریکخراوبوون، خۆپیشاندان و مانگرتن وڕادەربڕین.
3- یەکسانی هەمەلایەنەی ژن وپیاو و قەدەغەی هەڵاواردنی جنسی لە هەموو ئاستەکاندا.
4- دابینکردنى هەموو خوزمەتگوزارى وبیمەکۆمەلایەتیەکان کەروویان لەباش بژیووى وهەلومەرجى ژیان وکارى هاولاتیانى کوردستانە
ئێمە کاردەکەین بۆ بەرینکردنەوە و سەراسەری کردنەوەی خۆپیشاندان وناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستا و گوێزانەوەی بۆ ناوەندەکانی کار،گەرەک،زانکۆ،کارگە و سەرهەڵدانی کۆبونەوە ومانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەری تیایاندا. هەروەها کاردەکەین بۆ گەڵاڵەکردن وخستنەڕووی خواستی جەماوەری دیاریکراو بۆ هەر ناوەند و کۆکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان لەدەوری. لەپێناو فراوانکردنەوە و بەرەو پێشەوە بردنی خۆپیشاندانەکانی کوردستان کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەم خواستانە:

جێبەجێکردنی “داواکاریەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان” کە لەلایەن ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادیەوە ڕاگەیەندراوە.
دادگایی کردنی هەموو ئەو تاوانبارانەی کە دەستیان هەبوە لە شەهیدکردن وبریندارکردنی خۆپیشاندەران و گرتن و رفراندنی هەلسوراوانی نارەزایەتیەکان و خستنەڕووی ئەنجامی لیکۆڵینەوەکانی دادگا وبڵاوکردنەوەى لەڕاگەیاندنەکاندا.
هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانی حیزب و دەزگاکانی زانیاری وپاراستن و ڕێگرتن لەوەی حزب خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگای هەواڵگری وسیخوری بێت .
داماڵینی حزبەکان و هەموو بەرپرسە حکومیەکان لە هەر سەرمایە و سامانێک کە لە ڕێگای بەکارهێنانی دەسەلاتەوە پاوانیان کردوە و دەستیان بەسەرداگرتوە.
زیادکردنی کرێ بە ڕادەیەک کە تێچونەکان گوزەرانێکی تەسەل دابین بکات و بەرزکردنەوەی بەپێی چونەسەری گرانی وە دابینکردنی بیمەی بیکاری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی .
ئێمە بانگەوازی هەموو لایەنء کەسانی چەپء ئازادیخواز دەکەین کە بێن پێکەوە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم خواستانە کۆببینەوە و ئامادەی هاوکاری و کاری هاوبەشین لەم پێناوەدا.

کۆبونەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازان و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
14.03.2011
Chapcom11@gmail.com

Add Comment

Click here to post a comment