بابەتی هەڵبژاردە

چ سیناریۆیەک بۆ ڕاوکردنی ڕاپەرین لەئارادایە؟ دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی تونس و میسر و کوردستان

OLYMPUS DIGITAL CAMERA

ڕاپەڕینەکانی جەماوەری تونس و میسر و ناڕەزایەتیەکانی ووڵاتانی تری عەرەبی و کوردستانیش لەپشتی کامێرا و بۆمبارانی میدیای غەرب و سەرانی ئەم دەوڵەت و هێزە بورژوازیە حاکم و ئۆپۆزسیۆنانەوە سەیری بکەیت سیناریۆ وقەفەزێکی ڕاوکردنی ئەو ڕاپەڕینانە کراوەتە چوارچیًَوەی ئەو وێنە وقسانەی بەناوی ڕاپەڕین و خواستەکانی ناڕازیەوە دەکرێ. جەماوەر لە دەست بێکاری و گرانی و سەرکوت و بێمافی ڕاپەڕیوە و داوای نان و ئازادی دەکا و خەریکی لەگۆڕنانی دیکتاتۆرەکان و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و زیندانە بەڵام ڕیزی ئەحزابی بورژوازی بەدەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنیانەوە ڕاوەستاون لەسەرەی دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی و سازدانی سیناریۆی بەخشینەوەی دەسەڵاتدا. لە تونس تەنها سەری بن علی دیکتاتۆر لابراوە و هەمان سیستەمی پێشوو بە سەرێکی چەند حزبیەوە خراوەتە جیگای و لە چاوەڕوانی هەلبژاردنی “ئازاد”ی دوای 6 مانگدا خواستەکانی ڕاپەڕین موسادەرە کراوە. لە میسر خەریکن جێنشینی مبارک بە زەمانەتی پارێزراوی دەسەڵاتی سوپا و حکومەتێکی فرەحزبی کە بتوانێ خەڵکی ڕاپەڕیو کۆنترۆل بکا و ئاگری ئەم ڕاپەڕینە ناوچەییە خامۆش بکاتەوە ساز دەکەن. لە کوردستانیش دەسەڵات پاکانە لە دیکتاتۆربونی خۆی دەکا وهەڕەشە لەدەستبردن بۆشەرعیەتی حاکمیەتی دەکا و ئۆپۆزسیۆنی گۆڕانیش چارۆکەی هەڵکردوە و چاوەڕوانی هەوای ڕاپەڕینێکە تا جەماوەر بیگەیەننە دەسەڵات. نهێنی ئاشکرانەبونی ئەم دزیە ئاشکرایەی ئەحزابی بورژوازی لەبەرهەمی قوربانی دانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش چیە؟ ئەم کڵاوە چۆن دەنرێتە سەر ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیەکان و ئەم هونەری فێڵ وبەلاڕێدابردنی خواستی خەڵکە لەچیدایە؟ سیناریۆسازانی دەسەڵات لە کۆشکی سپی و یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل و تورکیا وئیران و کوردستان چ یاریەک بەم ڕاپەڕینانە دەکەن؟ دەستکەوتی کریکاران و ئازادیخوازان چی دەبێ لەم حەرەکەتانەدا؟
گۆڕینی سیناریۆ
سەیر لەوەدایە لەلایەک شۆڕشی تەکنەلۆژی یارمەتیەکی زۆری خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازی لە تونس ومیسر و کوردستان داوە کە خێرا بتوانن هێزی جەماوەریان کۆبکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی میسر بۆ بەرگرتن بە ڕاپەڕینی ئەم جەماوەرە دەستی دایە بڕینی وەسیلەکانی کۆمینیکەیشن و پەیوەندی گرتن، بەڵام ئەم شۆڕشی تەکنۆلۆژیایە سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هەوڵەکانی بورژوازی لە کۆشکی سپی و یەکێتی ئەوروپا ولە تونس و میسر بۆ گۆڕینی دەموچاوی دیکتاتۆرەکان لوغزی سەرکەوتنی ئەم هەوڵانە دەرناخەن . دەتوانن جەماوەر فریوبدەن و لەجیاتی نان وئازادی و دەسەڵات رژێمێکی تر لە ئەحزابی قەومی و ئیسلامی و “ئیسلاحی ” کە هەمان دەستور و سیاسەتی برسیتی وبیکاری و هەمان دەزگای پۆلیس و ئاسایش و سوپای پێشوو بەناوی گۆڕانەوە دەرخواردی خەڵک دەدەن. هونەری ئەم شۆڕشی تەکنەلۆژیایە لەلای بورژوازی ئەوەیە کە دەتوانێ سیناریۆکە بگۆڕێت وبەخێرایی سیناریۆی راپەرین بکات بە سیناریۆی هەلبژاردن. سیناریۆی ڕاپەڕینی سەرجادە بۆ ئازادی لەدەست سیستمێکی دیکتاتۆری سەرمایەداری لە چاوی کامێرا و میدیای “BBC”و”CNN”ومیدیاکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بکات بە سیناریۆی ڕاپەڕینی ویژدانی دیموکراسی پەرلەمانی لە ڕۆژهەڵاتدا. لەتونس هەمان دەستەی دەسەڵاتداری پێشوو و هەمان حزب و سوپا و دەستوری پێشوو ئیدعای ڕاوەدونانی دیکتاتۆریەت و بەنەماڵەی دیکتاتۆری دەکا. تا دوێنێ بەشێکی زۆری ئەم میدیاو دەوڵەتە زلهێزە بورژوازیانەی غەرب باسیان لە هاوپەیمانی و دۆستایەتی ئەم دیکتاتۆرانە دەکرد ئیستا کاتێ خەڵک لە دیکتاتۆریەتی بورژوازی ڕاپەڕیوە کۆشکس سپی بوەتە ژووری عەمەلیاتی پرۆسەی جیبەجێکردنی دیموکراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی پەرلەمانی و فرەحزبی لەمیسردا. لەکوردستانیش دەسەڵات کەوتۆتە ڕەخنە لەخۆگرتن و باس لە ڕێگای یاسایی بۆ نەهێشتنی “کەموکوڕی!” لە سیستەمی میلیشیایی عەشیرەتی دەسەڵات دەکەن و شانازی بەجیاوازی خۆیان لە تونس ومیسر بەوەوە دەکەن لەڕێگای سیناریۆی هەڵبژاردنەوە هاتون نەک کودەتا وشەڕی ناوخۆ وسەرکوتی ئازادیەوە . ئۆپۆزسیۆنی گۆڕانیش سیستمی حزب سالاری بەسەرچاوەی قەیرانی بێبەش بوونی خۆی لەدسەلات دەزانێ و سیناریۆی هەلبژاردنێکی ئازاد بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی خۆی بەپشت بەستن بە پێشمەرگە و ئاسایش وزانیاری و دینی ئیسلام کردۆتە سیناریۆی دەرچوونی کوردستان لەقەیرانی گەندەڵی و دیکتاتۆری. ئەوەی خاڵی هاوبەشە لەم بەدیلانەی حزب و هێزە ڕەنگاوڕەنگەکانی بورژوازییە گۆڕینی سیناریۆی ئیستای ڕاپەڕینە بە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حکومەتی فرەحزبی .ئەسڵی مەسەلەکەیان زۆرشارەزایانە گۆڕیوە.لەجیاتی هەواڵی راپەڕین چی گۆڕیوە و چ دەسەڵات و دامودەزگایەکی ڕوخاندوە و خەڵک چ ماف وئازادیەکی بەدەست هێناوە،باس باسی ئەحزابی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە حکومەتی کاتی و هەلبژاردنی داهاتو چی دەکەن؟ ئەم سیناریۆیە کراوەتە قەفەزێک تا ئەو هێزە یاخی بوەی جەماوەری کریکار و ئازادیخوازی پێ ڕاو بکەن و سیناریۆی سەرکەوتنی دیموکراسی پەرلەمانی بەسەر دیکتاتۆری تۆتالیتاریدا بکەنە ئەو عەقدەی جەماوەر ئازادی خۆی پێ دەفرۆشێ. یەکەم سەرکەوتنی هێزە بورژوازیەکان لەبەلاڕیدابردنی ئەم ڕاپەڕینانە لە گۆڕینی سیناریۆی ڕاپەڕیندایە بە سیناریۆی دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەنیوخۆیاندا و سڕینەوەی سیناریۆی نان وئازادی و دەسەڵاتداریتی کریکاران وخەڵکی ستەمدیدە. هەرکات بورژوازی توانی سیناریۆی ڕاپەڕین بکات بەسیناریۆی حکومەتی فرەحزبی و هەلبژاردنی پەرلەمانی بەمانای شکستی ڕاپەڕین و خواستی ئازادی و یەکسانی یە. بەمانای سازدانەوەی سەرلەنوێی دەسەڵاتداریتی کەمایەتیەکی بورژوازیە لەژیرناوی دیموکراسی پەرلەمانی و خستنەوەکاری بازاڕی کاری هەرزان و بیکاری و چەوسانەوەیە. ئەوەی لە دوو دەیەی ڕابردوودا چ لەووڵاتانی غەرب و چ لە هەلبژاردنی پەرلەمانی تورکیا وئیران و کوردستاندا بینیومانە نمونەی جۆراوجۆری ئەم دیموکراسیەی چینی دەسەلاتداربوە کە لەشوێنێک بەرژەوەندیە ئابوریەکانی و ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی پێویستی بەسەرکوت وشەڕ و پیشیلی مافی مرۆڤ بوبێت بێشک و بێگەڕانەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە لەڕێگەی پەرلەمانەوە نوینەرایەتی دەکا کاری خۆی ئەنجام داوە. پەرلەمان وهەلبژاردنی پەرلەمانی نەک لە تیوردا بەڵکو بەعەمەلی دوو سەدەیە بورژوازی تەنها شەرعیەتی دەولەت کردنی خۆی پێوەردەگرێ و ئیرادە و نوینەرایەتی خەڵکی پێ تەزویردەکا وهیچی تر . هەربۆیە خەڵک ڕێگای ڕاپەڕین دەگرن و بەدیار ئەفسانەی پەرلەمانی بورژوازیەوە دانانیشن. خەلک بۆ دوبارەکردنەوەی هەلبژاردنی پەرلەمان ڕانەپەریون لە تونس و میسر و شوینەکانی تر و ئەمە سیناریۆی راپەرین نیە بەڵکو سیناریۆی ئەو بەشەی لە بورژوازی کە لەدەسەڵاتدا نیە یاخود ئەو هێزانەی دەیانەوێ زیان بە بنەما ستراتیژی و پایەکانی دەسەڵاتداریتیان لە تونس و میسر و کوردستاندا نەگات هەلبژاردنی ئازادی پەرلەمانی دەکەنە سیناریۆی چارەسەری قەیرانێک کە سەرمایەداری و دەسەڵاتی ئەحزابی بورژوازی ئیستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و کوردستان ڕوبەڕویان بۆتەوە.
دیوی ناوەوەی ڕوداوەکان
ئەگەر سینایۆسازانی دەسەڵات لە تونس ومیسر و هەموو ئەو ووڵاتانەی ئەمڕۆ جەماوەر دژ بە سیستەمە دیکتاتۆریەکان ڕاپەڕیون خەریکی بەلاڕیدابردنی خواستی ئازادی ویەکسانی بن بێگومان ڕاستیەکانی ئەم ڕوداوانە و هۆیەکانی سەرهەڵدانی و چارەسەریشی گوزارشت ناکەن. ئەگەر ئەم سیستەمانە لە سەدەی ڕابردوودا توانیویانە بە توندکردنەوەی دەسەڵاتێکی موتڵەقی عەسکەری و کۆنترۆلی دەوڵەتی ڕەها هێزی کاری هەرزانی کریکاران بۆ بازاری جیهانی دابین بکەن و چینی کریکار لە بیمافی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕابگرن و ئیسلام وەک چەکێکی ئایدیولوژی دژ بە کۆمۆنیزمی کریکاران بەکاربهێنن و دەزگای وەکو ئەزهەر و مەرجەعی جۆراوجۆری دینی تیکەڵ بەدەسەڵات بکەن. ئەم سیستەمە دیکتاتۆری تاک حزبی و تاکەکەسی و ئەم حکومەتەی جەنرالەکان کاتێک لەخوارەوە کریکاران چیتر تەحەمولی ناکەن و لەدژی بیکاری وبرسیەتی وسەرکوت ڕادەپەڕن ئیتر بۆ چینی بورژوازی خۆشی دەبێتە جێگای ڕەخنە و کرانەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی دەخالەتی دەوڵەت لەسەرمایەی خسوسی و ئازادی ئەحزابی بورژوازی لە نوینەرایەتی کردنی بەشەکانی سەرمایە و سەرمایەداران و لابردنی ڕوخسارە ئیستفزازیەکانی بورژوازی لە سەرکوتدا و شاردنەوەی دیکتاتۆریەتی بورژوازی لەڕیگای شەرعیەت وەرگرتن بەدەنگدانی خەڵک بە دەسەڵاتەکەیان و ڕیگاگرتن لە شۆڕش کردن ،ئەمانە لە پاڵ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سوپا وپۆلیس وئاسایش دەتوانن وەڵامدەرەوەی ئیستای بورژوازی بن. تەنانەت لەترسی ڕادیکال نەبونەوەی خواستەکانی کریکاران وخەڵک لە تونس ومیسر بورژوازی دەتوانێت بە قەیدوبەندیکەوە تەحەمولی هێزە ئیسلامیەکانی وەک “ئیخوان المسلمین” بکات.
لە کوردستانیش هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەلومەرجێکی لەباریان بۆ بورژوازی کورد دابینکردوە و ئەگەر بێزاری خەڵک گەیشتنە ڕادەی ڕاپەڕین ئەوا دەسەڵات مل بەبەشێک لەداواکانی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان وئیسلامی دەدات. جیاوازی کوردستان لە تونس و میسر لە جێگیرنەبونی کوردستانە وەک بازارێکی هەمیشەیی بۆ سەرمایە و نادیاری ئایندەی سەرمایەیە لەم بازارە کتوپڕ دەوڵەمەند بوەدا.هەربۆیە مەیلی بورژوازی کوردی بۆ بەسیستماتیک کردنی دەسەڵاتەکەی و ڕێکخستنی دەسەڵاتداریتی لەسەر بنەمای بازار و بەشەکانی سەرمایە ناتوانێ هاندەری فیعلی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی _حزبی_عەشیرەتی بێت هێندەی شەڕێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆنە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو چینی بورژوازی کوردا. گریانی گۆڕان بۆ وەزارەتێک لە حکومەتی تەقسیمی قەومی و دینی مالکیدا نیشانەی ئەو نەبونی جیاوازیە لە بەرنامەی ئەم حزبەدا بۆ گۆڕینی وەزعی سیاسی و بنەمای دەولەت بون لە کوردستاندا .
هەربۆیە ئەگەر لە تونس ومیسر و ووڵاتانی عەرەبی لابردنی ڕیگریەکانی بەردەم بورژوازی لەمەیدانی سیاسەت و بازاردا لە ڕێگای گۆڕینی شیوازی دیکتاتۆریەتی حوکمی تاکڕەوی حزبی و عەسکەری بە سیستەمی فرەحزبی و هەلبژاردنی پەرلەمانی و بازاری ئازاد کراوەتە چوارچێوەیەک بۆ لەقالبدانی ئەو گۆڕانانەی کە ڕاپەڕینەکانی ئیستا دەیەوێ . لەکوردستان لابردنی سیستەمی حزب سالاری لەڕێگای هەلبژاردنی ئازاد و سەربەخۆکردنی دەزگای ئاسایش وزانیاری و پاراستن و پێشمەرگە و دانانی یاسا بەپێی بنەماکانی ئیسلامەوە ناکرێ وەک ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان ئیدعای دەکا. لە کوردستان دەبێت دەوڵەتێک هەبێ تاکو سیستەمێکی مەدەنی هەبێ . هەلبژاردنی داهاتوو ئەگەر گۆڕان زۆرایەتی بێ ، حکومەتێک دروست دەکا کە چاوەڕێی بودجەیە لەبەغدا و مامەڵە لەسەر داهات و وەزارەتەکان لەگەڵ مالیکی دەکا و بۆ هەر بریاریک کە چارەنوسی سیاسی کوردستان دیاری بکا بۆ دەستوری عێراق دەگەرێنەوە و ئەگەر لەگەڵ دەستور ناکۆک بوو کوردستان دەکەنەوە پاشکۆی عێراق .ئەو پەرلەمانە تازەیە بەقسەی نەوشیروان مستەفا ” سه‌وابتێکی‌ تری‌ بۆ هه‌مو کۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵکی‌ کوردستانی‌ رون بکه‌مه‌وه‌، ئه‌ویش سه‌وابتی‌ دینییه‌، هه‌رچی‌ شتێک نه‌گونجێت له‌گه‌ڵ سه‌وابتی‌ دینی‌ که‌ دینی‌ ئیسلامه‌، دڵنیا بن که‌ ئێمه‌ ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر ناده‌ین و ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆمان بکرێت هه‌وڵده‌ده‌ین تێنه‌په‌ڕێت، چونکه‌ به‌لامانه‌وه‌ شتێکی‌ پیرۆزه‌.”*یاسای فرەژنی ئیسلام و یاسای شەریعەتی ئیسلام بەسەر مافە فەردی وئازادیەکانی خەڵکدا جیبەجێدەکەن و سەرتاپای ساڵ وەکو لەمانگی ڕەمەزانی شاری سلێمانیدا ئەحکامە ئیسلامیەکانی بەسەردا فەرزدەکەن.هەروەها ئەو دەزگایانەی ئەندام وسەرکردایەتی یەکێتی وپارتی بەڕێوەی دەبەن وەکو پاراستن وزانیاری و پیشمەرگە و ئاسایش دەیانکەن بەفەرمانبەری حکومەتەکەی خۆیان .کە بەپێی ئەم قسانەی خۆی کارنامەی تائیستای چ ئەو کات کە خۆی سەرپەرشتی کردوە و چ لەئایندەشدا دیارە چی دەبێ. ” من نازانم هه‌ندێک جار موزایه‌ده‌ به‌سه‌ر ئێمه‌دا ده‌که‌ن و خۆیان هه‌ڵده‌کێشن، ئێمه‌ خۆمان له‌وانه‌ بوین که‌ ده‌ستمان هه‌بوه‌ له‌ دروستکردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ کوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا، هه‌روه‌ها به‌درێژایی‌ نزیکه‌ی‌ 40 ساڵی‌ رابردودا ده‌ستمان هه‌بوه‌ له‌ دروستکردنی‌ ئاسایش و …هتد، پێمان وایه‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ واته‌ دامه‌زراوه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و زانیاری‌ و پاراستن، ئه‌مانه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ن که‌ زه‌رورین بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ کورد و میلله‌ته‌که‌مان و بۆ هه‌رێمی‌ کوردستان که‌ هه‌بن، ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ له‌ 20 ساڵی‌ رابردوی‌ حکومڕانیدا گه‌لێک کاری‌ وایان کردبێت که‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا و مافی‌ مرۆڤ بێت، به‌هیچ جۆرێک ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ یان ده‌ستکاری‌ خراپی‌ بکرێت، حاڵی‌ حازر به‌هۆی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حیزب به‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایانه‌وه‌ ته‌کلیفیان ده‌که‌ن که‌ بڕۆن جاسوسی‌ به‌سه‌ر حیزبه‌کانه‌وه‌ بکه‌ن، له‌کاتی‌ ململانێی‌ سیاسیدا ئه‌م حیزب ده‌یکات به‌گژ ئه‌و حیزبدا و بۆ مه‌به‌ستی‌ تایبه‌تی‌ حیزبی‌ به‌کاریان ده‌هێنن، ئه‌مانه‌ کاره‌که‌یان راونانی‌ خه‌ڵک و گرتنی‌ خه‌ڵک و حه‌پسکردنی‌ خه‌ڵک و تۆقاندنی‌ خه‌ڵک نیه‌، به‌ڵکو ئه‌مانه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ن که‌ زانیاری‌ کۆده‌که‌نه‌وه‌ نه‌ک خۆیان ببن نه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ هاوڵاتی‌ و حیزبه‌کان، به‌ مانایه‌کی‌ تر وه‌زیفه‌ی‌ ئاسایش ئه‌م ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ خه‌ڵک بگرێت، خه‌ڵگ راوبنێت، خه‌ڵک بترسێنێت و هه‌ڵبکوتێته‌ سه‌ر ماڵان، به‌ڵکو بریتییه‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ده‌زگای‌ زانیاری‌ و ده‌زگای‌ پاراستنیش، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نیه‌ له‌ کاروباری‌ ناوخۆدا ته‌ده‌خول بکات”*.ئایا بە گۆڕینی ژمارەی کورسیەکانی ئەم حزبانەی ئیستای پەرلەمان و بونی لیستی گۆڕان بەزۆربە لەو پەرلەمانەدا ،ئەم دەزگای سەرکوتانە چۆن دەبنەوە بەفریشتە و ئەم بەرنامەیە چ گۆڕانێکی بنەڕەتی تێدایە تاکو خەڵکی کوردستان لەئێستاوە بیکەنە سیناریۆی ڕاپەڕینی داهاتووی خۆیان.
دیوی ناوەوەی ڕوداوەکانی کوردستان و تونس و میسر ئەو ڕاستیە دەردەخەن کە ئەحزابی بورژوازی لە فرسەتێکیش کە خەڵک لە دژی دیکتاتۆریەتیان ڕادەپەڕێ دەیانەوێت بیخەنە خزمەت شەڕی نێو باڵەکانی خۆیانەوە. هەربۆیە مەترسی نەک تەنها لە خۆسازدانەوەی ئەحزابی دەسەلاتداردایە بۆ ڕاگرتنی پایەکانی دیکتاتۆریەتیان بەڵکو لەو هەوڵانەشدایە کە ئۆپۆزسیۆنی بوژوازی بۆ پاراستنی ئەم دەزگای سەرکوتانە بەناوی حکومەتی فرەحزبی و نوینەرانی هەلبژیردراوی خەڵکەوە ڕاپەڕینی کریکاران وئازادیخوازان موسادەرە دەکا.
سیناریۆی بەدیل
راپەرین وەسیلەی گۆرینی دەسەڵاتە لەلای کریکاران و جەماوەری چەوساوە. گۆڕٍینی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان لەژێر ئەم هەڕەشەی ڕاپەڕینانەی خەڵکدایە. دەستە وئەحزابی دەسەڵاتدار لە تونس و میسر و کوردستان لەلایەک خەریکن لەڕێگای کوشتن وسەرکوتەوە درێژە بەمانەوەیان دەدەن و لەلایەکی ترەوە شەرعیەتی ئەم سەرکوتە لەوەدا دەبیننەوە کە هەڵبژیردراون یاخود هەڵبژاردنی تر ڕێک دەخەنەوە. ئۆپۆزسیۆنی بورژوازیش بۆ گرتنی بەشی خۆی لە تونس بوەتە شەریکی حکومەتی کاتی و بەشێکی زۆری بەمەرامی خۆی گەشتوە . لە میسر کە هێشتا موبارەک ئامادەی لاچون نیە ئەم ئۆپۆزسیۆنە هێشتا لەسەر جادەیە و چاوەڕوانی فشاری ئەمریکایە بۆ بەدەست هێنانی بەشە دەسەڵاتەکەی. لە کوردستانیش ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەشێکی لەپاڵ ڕەخنە دەسەڵات وبەشێکی بەفشارهێنان بۆ دەسەڵات دەیانەوێ سوود وەرگرن لە ترسی دەسەڵات لە پریشکی ئاگری ئەم ڕاپەڕینانەی ناوچەکەی هەژاندوە.
ئەم هاتنە مەیدانەی کریکاران و جەماوەری ئازادیخواز دژ بە دیکتاتۆریەتی حکومەتە بورژوازیەکان ترسێکی گەورەی لەدڵی ئەم نیزامە نەک تەنها لە باکوری ئەفریقا وخۆرهەڵاتی ناوەراست بەڵکو لە ڕۆژئاواش دروست کردوە. ئەم تەوژمە سیاسیە نوێیە چاوەڕوان نەکراوە بەدرێژەکێشانی ئاڵوگۆڕ لە تەوازنی هێز و وەزعی سیاسیدا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. بورژوازی بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات کە ئەم وەزعەی لەدەست دەرنەچێ و خواستی گۆڕینی ڕژێم تەنها بەگۆڕینی دەموچاوەکان و ناوەکان بێت ودەزگا پاییەکانی سوپا و پەرلەمان و دین و دەستور نەچێتە ژێر پرسیارەوە. هەرچی گۆڕینی دەسەڵاتە لەلایەن پەرلەمانەوە ئەوە وەسیلەی حزبە بورژوازیەکانە. کریکاران و خەلکی زەحمەتکێش ناتوانن لەڕێًگای پەرلەمانەوە دەسەڵات لەدەست حزبە بورژوازیەکان دەربێنن. پەرلەمان تەنها شوێنی شەرعیەت وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەو حزبانەیە نەک خودی ئەو دەسەڵاتە کە لەدەرەوەی پەرلەمان بەسوپا ودەستور و دەزگای سەرکوت و کۆنترۆلی داهات پاریزراوە. گواستنەوەی وەسیلەی گۆڕینی دەسەلات لە راپەرینەوە بۆ پەرلەمان و هەلبژاردنی پەرلەمانی بەواتای سپاردنی دەسەڵاتە بە حزبە بورژوازیەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لەناو ئەو بنەماڵە چینایەتیەدا و هێشتنەوەی دیکتاتۆریەتی ئەوانە بەسەر کۆمەڵگەدا. هەربۆیە جەماوەر لە خوارەوە و لەسەر جادە نەک لە هۆڵی پەرلەمان داوای گۆڕینی ڕژێمێک دەکات و دەستی بردوە بۆ شێوازی جەماوەری بۆ پارێزگاری لەخۆی و شورای لەچەند شوێن پیک هێناوە و ریکخراوەی کریکاری و جەماوەری لە مەیداندان. ئەمانە وەسیلەکانی گۆڕینی دەسەڵات و دەزگای جەماوەری کریکار وزەحمەتکێشە بۆ دەسەڵات. هەرچەند ئەم بزوتنەوە کریکاری و جەماوەریەی ڕاپەڕیوە سیناریۆیەکی بەدیلی بۆ دەسەلات نەکردۆتە هێز، بەڵام ئەو هەوڵانەی دەتوانرێ بۆ جێگرتنەوەی ئەم بەدیلە بدرێ زەمینەی هەیە.ڕیزی سەربەخۆ و حزب و ڕێکخراوەی کۆمۆنیستی و کریکاری ئەمڕۆ لەدەوری بەدیلێک بۆ سیناریۆی سازدانەوەی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێ. سیناریۆی کریکاران وکۆمۆنیستەکان بۆ سازدانەوەی دەسەڵات لە گرتنە دەستی خواستی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری تونس ومیسر و دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانی تر دەبێت. ئەم خواستە ئیستا لەلایەن ئەحزابی بورژوازی ترەوە کراوەتە شیعاری لابردنی دیکتاتۆرێک و دروستکردنی حکومەتێکی کاتی لە نوینەرانی حزبە بورژوازیەکان بە سەرانی رژێمی پێشوەوە. رادیکال کردنەوەی خواستی وەلانانی تەوای سەران و حزبی دەسەڵاتداری پێشوو و درێژەدان بە خۆپیشاندان وڕاپەڕین بۆ چەک کردنی پۆلیس و سوپا و جیگرتنەوەی بە کریکاران و شورای چەکداری خەڵک و کردنی ئەو شورا ویەکیتیە کریکاری و جەماوەریانەی کە هەن بە دەسەڵاتی واقیعی دەتوانێت هێزی واقعی جەماوەر بۆ گۆڕانی ڕادیکال کۆبکاتەوە لەدەوری خۆی. ڕاگەیاندنی ناشەرعی بوونی حکومەتی کاتی تونس و داوای ڕوخانی و بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی بۆ دەربازکردنی رژیمی دیکتاتوری عەسکەری میسر لەدەست ڕاپەرین و سەپاندنی حکومەتی کاتی میحوەری شەڕی ئیستای کریکاران و کۆمۆنیستەکانە و بە نەهێشتنی جێگیربونی ئەم حکومەتانە و هێنانەمەیدانی کریکاران و جەماوەری ئازادیخواز بەدەوری سیناریۆی دانانی حکومەت لە نوینەرانی یەکیتیە کریکاریەکان و شوراکان و حیزبە کۆمۆنیست و چەپەکان ئەو بەدیلەیە کە دەتوانێت خواستی خەڵک بۆ ئازادی و یەکسانی بەدی بێنێ. ڕیزی سەربەخۆی کریکاران و کۆمۆنیستەکان دەبێت ئەم سیناریۆیەی جێگرتنەوەی رژێمی دیکتاتۆری بەدەسەڵاتی خەڵکی ڕاپەڕیو بکەنە مەسەلەیەکی عەمەلی و هەموو هەوڵ و کۆششەکان لەدەوری سازدانی سیناریۆی ڕێکخستنی کریکاران وخەڵک بێت بۆ ئیعمالی دەسەڵات لە گەرەکەکان و کارگە و لەشارەکان ولەئاستی سەراسەریدا. سوود وەرگرتن لە بۆشایی دەسەڵات بەپرکردنەوەی دەبێ بەدەسەڵاتی ریکخراوی کریکاران و کۆمۆنیستەکان وخەڵکی ئازادیخواز . پروپاگەندە دژ بەسیناریۆی بورژوازی بۆ سازادنەوەی دەسەڵات کارێکی باشە بەڵام گرنگ سازدانی سیناریۆی بەدیلە بەرامبەری. کریکاران و کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەبێ لەبەرامبەر سیناریۆی ئیرهابی پارتی ویەکێتی دژ بە ناڕەزایەتی خەلک بەرامبەر بەدەسەڵاتەکەیان یان یاخود سیناریۆی گۆڕان بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و بەدیهینانی خەونی زۆربەبونیان ،پیویستە سیناریۆی ئامادەکردنی ڕیزێکی سەربەخۆ بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات و بەدەوڵەت کردنی کوردستان بگرینە دەست. ڕیزێک کە لەگەڵ هەر ڕاپەڕینێکی خەلکی کوردستان دژ بە دیکتاتۆریەتی میلیشیایی لەکوردستان ئەمجارە بتوانێ شوراکان بکاتە حکومەتی هەڵبژیردراوی ڕاستەقینەی خەڵکی و بەرنامەی ئازادی ویەکسانی و مافی بەرابەری ژن وپیاو و سەربەخۆیی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران دەست بەجێ جێبەجێ بکا . ئەمە سیناریۆی واقعی کریکار و زەحمەتکێشی کوردستانە بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستەکان و قەیرانێک کە دەسەڵاتی ئەوان توشی کۆمەڵگەی کوردستانیان کردوە.راپەرینی جەماوەر وەسیلەی گۆڕینی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانە بەدەسەلاتی شوراکانی خەڵکی کوردستان نەک وەسیلەی دوبارەکردنەوەی هەلبژاردنی پەرلەمانی بێت بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی حزبە ناسیونالیست وئیسلامیەکانی کوردستاندا. ئەحزابی بورژوازی وەسیلەی تری سیاسی و عەسکەری زۆرە بۆ ئەم شەڕی دەسەڵاتە و خەڵک نابێ بکرێتە قوربانی ئەم شەڕە وئەم سیناریۆی ڕاوکردنی ڕاپەڕینە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی گۆڕانەوە لەکوردستان کە دەبێ بۆ جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی یەکیتی وپارتی ئاشکرابکرێ.
چاوپیکەوتنی تەلەفزیۆنی “KNN” لەگەڵ نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە” به‌یاننامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستان “.
01/02/2011

Add Comment

Click here to post a comment