کۆمۆنیزم

پانێڵی گفتوگۆ لەسەر حزبی سیاسی چینی کرێکار

تەوەرەی یەکەم : مارکس و ڕیکخراوی کرێکاری

شۆڕشەکانی دەیەی چوارەمی سەدەی ١٩لەئەوروپا، کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی لەو ڕاستیە تێدەگەیاند کە، کرێکاران نابێ وەک پاشكۆی شۆڕشگێڕێتی وردە بورژوازی لەمەیدانی سیاسیدا خەبات بکەن و پێویستیان بەڕیزی سەربەخۆی خۆیانە. ئەم ڕاستیەی مانیفیستی کۆمۆنیست بە شێوەیەکی تیۆری دەریبڕی، لەمەیدانی پراتیکدا چەندین دەستەو گروپی جۆراوجۆری کۆمۆنیستی و ئەنارکیستی و سۆشیالیستی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا لێکەوتەوە. ئینگلتەرە کە پێشەنگی سەرمایەداری بوو ،جگە لە سۆشیالیستە خەیاڵیە ئۆوینیەکان ، بزوتنەوەیەکی ڕێکخراوی چارتیستی کرێکاریی هەبوو کە بێ وێنە بوو لە دنیای ئەو کاتەدا.

 ئینتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. بنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بریتی بوون لە؛

  1. ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.
  2. ئامانجی کرێکاران بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە.
  3. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاریی ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.
  4. ئەبێ هەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاریی دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.
  5. ئینتەرناسیونال ڕێکخراوی هەموو کرێکارانە بەبێ گوێدانە نەتەوە و ڕەنگی پێست و بیروباوەڕ.

  هەرکەسێک بەرگری لەم بنەمایانە بکات دەتوانێ ببێتە ئەندامی ئینتەرناسیونالی کرێکاران.”[1]

 ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و سەندیکا کرێکاریەکان و کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی کرێکاران هەبوو وە کاری لەسەر دەکردن و هەروەک لە بڕیارنامەکانی ئینتەرناسیونالدا دەردەکەوێ. [2]

 لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ مارکس لە ئینتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە درووستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی (٢٩بەرامبەر بە ٥)دەبێتە بڕیار. لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکیدی لەسەر کراوە:

  1. لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکاران ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕێک نەخەن.
  2. گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەهێشتنی چینەکانە.
  3. حزب بۆ یەکگرتوو کردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پێ کردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێز کردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.
  4. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن، ئەوا دەست بەسەر داگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار.”[3]

 ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری دێتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئینتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە، نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا بنەماکانی حزبی سیاسی کرێکاران ئامادە دەبێ. حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە پێش ئەم بڕیارەی ئینتەرناسیونالیش لە مەیداندا دەبێ، وەک پێشەنگی حزبە کرێکاریەکان دەور دەگێڕێ و مارکس و ئەنگلس بەردەوام و ڕۆژانە کار لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی سیاسی و ڕێکخراوەیی دەکەن.

تەوەری دووەم: فەلسەفەی  پێویست بوونی حزبی کرێکاری چیە؟ جیاوازی حزبی کرێکاری لە حزبی بورژوازی چیە؟

 

حزبی کرێکاریی لە میتافۆرێکی ئەفسانەیی دەچێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆی سەرمایەداری. چینی کرێکار دەیەوێ خۆی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سیستەمێک ڕزگاربکا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام ئەم چینە بۆ ئەوەی ئەم کارەبکا دەبێ ئامڕازەکانی خەباتی لەسەر شێوەی دەزگاکانی کۆمەڵگەی چینایەتی دروست بکا. دروستکردنی حزبی کرێکاران و دروستکردنی دەوڵەتی کرێکاریی خۆیان پێچەوانەی ئامانجی سڕینەوەی کۆمەڵگە و دامودەزگای چینایەتین، هەربۆیە لەڕاستیدا حزبی کرێکاریی و حکومەتی کرێکاریی ئامانجی کریکاران نین و ئەمانە پیرۆزیەکانی ئەم چینە نیە و مانای واقعی خۆیان نابەخشن. حزب و دەوڵەتی کرێکاریی میتافۆریکن)مەجازی) لە حزب و دەوڵەتی بورژوازی ،کە مانا و ناوەرۆکی جیاوازیان هەیە لەوەی کە لە ڕوناکبیری و کەلتوری کۆمەڵگەی بورژوازیدا ڕەواجی هەیە. لێرەدا هەوڵدەدەین جیاوازیەکانی نێوان حزبی کرێکاری و حزبی بورژوازی و پەیوەندی حزب و چین لە ڕوانگەی چینی کرێکارەوە باس بکەین.

کۆمۆنیزم و حزب پاشکۆی خەباتی چینایەتی کرێکارن. پەیوەندی نێوان حزب و چینی کرێکاریش لە نێودڵی ئەم خەباتەدا شکڵ دەگرێ. دیدگا و جیهانبینی کۆمۆنیستی بۆ ئەم پەیوەندیە لە ڕێگەی بەشداری کۆمۆنیستەکان لە خەباتێکی ڕۆژانە و بەردەوامی ئەم چینەدا و هەوڵی بۆ شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی سیستمی سەرمایەداریدا ساغ دەبێتەوە و هەژمونی پەیدادەکا.

 بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان چۆنیەتی و ڕێگەی هەژمونی پەیداکردنی دیدگای کۆمۆنیستی و حزبێکی کۆمۆنیستی لە نێو چینی کرێکاردا لەچاو هەژمونی پەیداکردنی دیدگا و حزبێکی بورژوازی لە نێو چینی بورژوازی و لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە زانست و سونەت و یاساکانی کاری حزبی بورژوازی جیاوازە لەو یاسا و ڕێسایانەی لە کاری حزبی کۆمۆنیستدا کاردەکا.

شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەسەربونی چینی کریکار ڕادەوەستێ و سەرمایە لەسەر بەدەستهێنانی زێدەبایی لە هێزی کاری ئەوانەوە توانای مانەوەی هەیە. هەروەها بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە شێوازی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی دەدا بەم چینە کە کرێکاران بەهۆی ئەم جێگاوڕێگایە وە توانای شۆڕشی کۆمەڵایەتیان هەیە. تایبەتمەندی ئەم شۆڕشەی کرێکارانیش لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا چینێک کە زۆرینەی کۆمەڵگەیە موڵکایەتی هەرەوەزی دەکاتەوە ، بەپێچەوانەی شۆڕشی چینە کەمایەتیەکانی تری وەک دەرەبەگ و بورژواکان کە موڵکایەتی تایبەتیان لە دەستێکەوە دەدایە دەستەکەی تری کەمایەتیەکی کۆمەڵگە. ئەم موڵکایەتیە هەرەوەزیەی کرێکاران سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و خودی سروشتی مرۆڤیش دەگۆڕێت .

  گەشە ئۆرگانیکی سیاسەت لای چینی کرێکار ،واتە دروست بوونی وشیاری چینایەتی کرێکاران بەدەوری مێژوویی خۆیان، لە پرۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا دروست دەبێ و لەسەرەتادا لای گروپی ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار دەچێتە قاڵبی تیۆریەوە و دواتر لە خەباتی ڕۆژانە وئابوری پەرژوبڵاوەوە دەبێتە جوڵانەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراو و خواستی کۆلێکتیڤی سۆشیالیستی چینەکە دروست دەبێ و لە حزبدا فۆرمێکی کۆنکرێت وەردەگرێ.

حزب لای چینی کرێکار وەک وتمان بەرهەمی پرۆسەیەک لە خەباتی چینایەتی بووە. سەرەتا ئەم چینە لە حزبدا بەدوای دروست کردنی ئەو ئامڕازەوەیە کە سەرجەم هێزی ئەم چینە یەکگرتوو بکات . هەروەک لە سەدەی ١٩ەوە دروشمی “هێزی چینی کرێکار لە ڕێکخرابونیدایە” بووەتە وشیاریەکی گشتی و بەرامبەر بە چینی بورژوازی ڕێکخراو لە دەزگای دەوڵەتی و سیاسی و ئابوری جیاوازدا ،کرێکارانیش خۆیان لە یەکێتی و سەندیکای کرێکاری و حزب و دەستەی جیاوازدا ڕێک خستوە. حزب لەم سەردەمەدا مانای ڕێکخراوێک کە چینێک ڕێک بخا نەک گروپێکی تایبەت و کەسانی سەر بە بەرنامەیەکی تایبەت. نمونەی ئینتەرناسیونالی یەکەم ئەم واقعیەتە نیشان دەدا.

 فەلسەفەی پشتی ئەوەی حزب بریتی نەبێ تەنیا لە بەشێک و بەرنامەیەک ، بریتی بووە لەوەی کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی گروپێک نایکا بەڵکو بەرئەنجامی ئامادەیی چینێکە بۆ گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری بە سیستمی کۆمۆنیستی. حزب دەبێ لەلایەن چینی کرێکارەوە بوبێتە ئەو ئامڕازە کە دەتوانێ ئەم کارەی پێ ئەنجام بدا، واتە بتوانێ بورژوازی و دەوڵەتەکەی لەسەر کارلابەرێت و موڵکایەتی لەسەرمایەداران بسەنێتەوە و سیستمی موڵکایەتی هەرەوەزی و دەسەڵاتی شورایی، کە لە خوارەوە دامەزراوە، بخاتە جێگای دەزگای بیرۆکراتی دەوڵەت، کە لەسەرەوە سەپێنراوە.

 کەواتە حزب دەبێ نەک تاڕادەیەکی پێویست ڕەزامەندی چینی کرێکاری لەپشت سەر بێت، بەڵکو دەبێ بەشی چالاک و سیاسی ئەم چینەی یەکگرتوو کردبێ و لە حزبدا و لە ڕێکخراوە جەماوەریەکاندا ڕێکی خستبێ. هەر جۆرە سیکتاریزم و جیاکردنەوەیەکی ناو کرێکاران بەناوی کۆمۆنیستەکان ، سەندیکالیستەکان ، ئانارکیستەکان و هتد دەبێ وەک ڕێگریەک و کێشەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سەیربکرێ، کە دەبێ چارەسەربکرێ، نەک گروپێک لەمانە بەناوی چینی کرێکارەوە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکار و باقیەکەی بە دوژمنانی چینی کرێکار لەقەڵەم بدەن و بەم شێوەیە ببنە مایەی تێکدانی ئامانجی سەرەکی، کە ڕێکخراوکردنی چینی کرێکارە، تا بتوانێ شۆڕش بکا و دەسەڵات بگرێ و کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە دروست بکا.

 لێرەوە مانای ئەندامەتی لەحزبدا دەگۆڕێ و هەموو کرێکارێک دەتوانێ و پێویستە لە حزبی خۆیدا ڕێکخراو و ئازاد بێت. دیسپلینی حزبی بریتی نیە لە پابەندبونی خوارەوە بەسەرەوە لەم ڕێکخراوەدا، بەڵکو بریتیە لە توانای خوارەوە بۆ گەیشتن بەو ئاستەی کە بڕیارەکانی سەرەوە بە بڕیاری خۆی بزانێ و توانای گۆڕینی ئەم بڕیارانەی هەبێ ئەگەر لەگەڵ خواستەکانی ئەم چینەدا نەهاتەوە.

درووستکردنی حزب و گرنگی حزب لای کرێکاران وەک بورژوازی بۆ درووستکردنی دەسەڵاتی کەمایەتی نیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نێوان توێژەکانی سەرمایەدایە، کە پرۆسەی چڕ بوونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا و تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنووسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

 لە نێو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. بەپێچەوانەوە کرێکاران لەنێویەکدا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوو بوون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە کە ڕێگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگار بوونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بوونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی درووستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاری چینی کرێکارن. “مانیفیستی کۆمۆنیست” هەمووی جەختکردنەوە لەسەر ئەم فەلسەفەیەیە کە کرێکاران خۆیان وەک چینێک بە هۆی جێگای لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەتوانن ئەم سیستمە بگۆڕن و خۆیان ڕزگار بکەن. ئەمە بنەمای دروستکردنی حزبە لای مارکس کە لە ئینتەرناسیونالی یەکەمدا پەیڕەوی لێکرد.

 لەهەر هەنگاوێکدا حزب دەچێتە پێش و گەورە دەبێ و جەماوەری دەبێ دەسەڵاتی نوخبەی سەرەوە کەمتر دەبێتەوە و پێویستی بە گۆڕینی شێوازەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن لە حزبدا دەبێتە پێویستیەک. ئەمە تەنیا بە هەڵبژاردنی پلەوپۆستەکان و ” سەنترالیزمی دیموکراتیک” بەرتەسک نابێتەوە. بەڵکو حزب دەبێتە ئۆرگانێک کە هەموو کرێکارێکی سادە دەتوانێ تیایدا بەشداری بڕیارەکان بکات و بڕیارەکان لای گروپێک کۆنابێتەوە کە ساڵی یان چەند ساڵ جارێک وەک سیستمی پەرلەمانی هەڵدەبژێردرێن و تا ئەبەد لە پۆستە “ڕابەریەکانیاندا” دەمێننەوە. دابەشکردنی کار لە ناو ئۆرگانەکانی حزبدا سادە و ئاسان دەکرێ تا هەر کرێکارێک بتوانێ هەر بەرپرسیاریەتیەک بگرێتەخۆ. ئەگەر بورژوازی حزب لەسەر بنەمای مەڵبەندەکانی دەنگدانی پەرلەمانی ڕێک دەخا ، کرێکاران ڕێکخستنەکانی لەسەر بنەمای شوێنی ژیان و کارەوە دەبێ، کە بنکەی خەباتی هەمەلایەنەن دژی بورژوازی. حزبی کرێکاریی لە هەموو هەنگاوێکیدا بەربەستەکانی بەردەم سنوری بەرتەسکی حزبی و خەباتی جەماوەری لادەبا و بەم شێوەیە هەمیشە لە ڕێکخراوەیەکی تایبەتی پیشەییەوە بەرەو ڕێکخراوێکی جەماوەری هەموو چینەکە دەچێ و ڕێگە لە هەموو هەنگاو و سیاسەتێک دەگرێ کە حزب بکاتە سێکت و کۆمەڵێک فەرمانبەری بیرۆکرات کە ئیدارەی حزبێک بکەن کە خۆی بخاتە جێگای چینەکە. ئەمە ئەو جیاوازیە سەرەکیەیە کە حزبی کرێکاریی لە حزبی بورژوازی هەیەتی.

 حزبی کرێکاریی نابێ و ناتوانێ وەک حزبی نوخبە و کۆمۆنیستەکان بمێنێتەوە. حزب وەک ڕۆحی دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی ئایندە دروست دەبێ. هەربۆیە کار و بەرنامە و سیاسەتەکانی حزب و شێوازی کارکردن و پەیکەرەی ڕێکخستن تیایدا ڕۆحی هەنگاو و کارەکانی دەوڵەت و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەی نوێ و شێوازی حکومەتکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەمان لە ئایندەدا نیشان دەدا. بۆیە هەر حزبێک وینەیەکمان لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی و سیستمێکی ئابوری ئایندە نیشان دەدا. حزبی کرێکاری ناتوانێ بەهەمان شێوازی حزبە بورژوازیەکان ڕێک بخرێ و سیاسەت بکا و بەرنامە بۆ دەوڵەت و ئابوری دابنێ. حزبی کرێکاریی ڕۆحی دەوڵەتێکی کرێکاریە کە دەیەوێ سیاسەت وەک دابەشکردنی کارێک نەهێڵێ و هەموو کۆمەڵگە و هاوڵاتیان بەشداری بکەن لە دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژی و بەرنامە و کارەکانی دەوڵەتدا. هەربۆیە حزب لە فەلسەفەی وجودی خۆیدا کاردەکا کە کۆمەڵگە بگاتە ئاستێک پێویستی بە حزب نەمێنێ و دوای شکاندنی بەرگری بورژوازی لەپێناو گێڕانەوەی دەسەڵاتدا بگاتە ئاستێک کە کۆمەڵگە بەبێ حزب بتوانێ بەڕێوە بچێ. وەک گرامشی دەڵێ ” کاتێ حزب بەتەواوەتی دروست دەبێ و کامڵ دەبێ کە ئیتر بوونی نامێنێ کە لەباری مێژووییەوە بەسەر دەچێ. هەر حزبێک ناونانی چینێکە، ئاشکرایە کە حزب کاری کۆتایی هێنان بە جیاکاری چینەکانە ئەمەش کاتێک بەدەست دێت کە خۆی نامێنێ بەهۆی چینەکانەوە، وە تەعبیرەکەی نامێنێ.” [4]

  جیهانبینی کۆمۆنیستی جێگای حزب لای چینی کرێکار وەک ئامڕازێکی کاتی سەیر دەکا کە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتدارێتی بورژوازی پێویستە و لەدوای ئەم بەروارەوە پێویستە حزب و دەوڵەتی کرێکاری لە زوترین کاتدا و وەک بەشێک لە مێژووی دەسەڵاتی کەمایەتی دەبێ جێگاچۆڵ بکا بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادی دوور لە دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و بیرۆکراتی. کۆمەڵگەیەک کە ئازادی دەبێتە ناسینی پێویستیەکانی هەر تاکێک کە خۆبەخشانە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا.لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نیوان ئینسانەکاندا دروست دەبێ، کە پێویستی بەهیچ ناوەندێکی یاسایی و دەزگای چاودێری و لێپرسینەوە و لیدەری نابێ. ئەمە ئەو ڕەوتەیە کە تیایدا توانایی ئینسان تیایدا لەگەشەیەکی بەردەوامدایە و فەلسەفەی ژیان پێک دێنێ. هەربۆیە تاکی کرێکار کە دەبێتە ئەندامی حزبی کرێکاری نابێ بەناوی بەرنامە و بڕیارەکانی حزبەوە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵسووڕانی سیاسی خۆی لەدەست بدا، بەڵکو دەبێ حزب چوارچێوەیەک بێت کە هەموو بۆچونەکانی نێوکرێکاران و هەڵسورڕانی چینایەتی ئەوان بگرێتەخۆ و ساغ بوونەوەی بڕیار و هەنگاوە عەمەلیە هاوبەشەکان بەرئەنجامی پرۆسەیەکی بەشداری چالاکانەی هەموو ئەندامان بێت. هەر کات کرێکاران نەتوانن لە حزبدا چالاکانە کاربکەن ئەوا ئەندامان دەبنە کەسانی پاسیڤی ژێردەستی فەرمانبەرانێکی ئیدارەی حزب کە ئەمە نەخۆشی بیرۆکراتیە،” دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” [5]

 پەیوەندی حزب و چین لای کرێکاران پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە. لەلایەک چینی کرێکار پێویستی  بە دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی هەیە تا بتوانێ لە خەباتی چیانیەتیدا بەسەر دەزگای دەسەلاتداری بورژوازیدا سەرکەوێ . بەڵام لەهەمان کاتدا چینی کرێکار پیویستی بەوەیە کە خودی ئەم حزبە وەک دەزگایەکی چینایەتی لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە بگۆڕێ بۆ ڕیکخراوەیەکی ناچینایەتی و ناسیاسی کە وەک سان سیمۆن دەڵێ “ئیدارەی شتەکانی کۆمەڵگەی پێ بکا ،نەک بیکاتە فەرمانڕەوا بەسەر ئینسانەکانەوە”. ئەم کارە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە دەزگای بیرۆکراتی بورژوازی و سوپاکەی هەڵوەشێنێتەوە، وەک کۆمۆنەی پاریس و ئۆکتۆبەر کردیان، وە تەنیا ئەوەندە بەس نیە کە فەرمانبەرانی حکومەتی کرێکاریی بە هێندەی کرێکارێکی شارەزا موچە وەرگرن، وە یاخود تەنیا ئەوەی کە دەزگاکانی دەوڵەتی کریکاریی هەم یاسا دەرکەن و هەم یاساکان بەڕێوەبەرن، لە جیاتی  ئەو دابەشکردنەی لە نێوان پەرلەمان و حکومەتی بورژوازیدا هەیە، بەڵکو دەبێ ئەم هەنگاوانە سەرەتایەک بن بۆ درووستکردنی سیستمێک کە لەخوارەوەی کۆمەڵگەدا دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن بکرێنە کارێکی سانا و ڕۆژانە کە هەموو تاکێک بتوانێ بەشداری تیایدا بکا، وەک لینین دەڵێ”هەموو چێشت لێنەرێک بتوانێ حوکمی دەوڵەت بکا”. لە سۆشیالیزمدا بەپێی گەشەی تەکنەلۆژی و کۆمینیکەیشن سیستمی ئیداری پێویستی بە دەسەڵاتی سیاسی و سیستمی نوێنەرایەتی نامێنێ و بەرەبەرە دەسەڵاتی سیاسی دەبێ هەڵوەشینرێتەوە و بەشداری ڕاستەخۆی هەموو هاوڵاتیان لە بڕیارەکاندا جێگای ئەم پلەبەندیە سیاسیە بگرێتەوە. حزبی کریکاریی دەبێ ئامڕازی ئەم شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بێت بەسەر دەزگای سیاسی دەوڵەت و حزبدا کە مێژووی کۆمەڵگای چینایەتی دروستی کردوون و سیستمی چینایەتی پێ دەپارێزێ. سیاسەت لە کۆمەڵگەی ئینسانی ئازاددا ئیتر ئاگاداربوونە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زاڵ و زاڵ بوونە بەسەر ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتیدا و ئەو چالاکیە وشیارانەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکترکە کۆمەڵگەی ئینسانی بەرەو شارستانیەتی ڕاستەقینەی ئینسانی دەبا و لەهەموو پاشماوەکانی مێژووی کۆیلایەتی و چەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی پێشوو پاکی دەکاتەوە.

 

 

 

تەوەری سێهەم: بۆچی لەم سەردەمەدا حزبی لەوچەشنە پێویستە، وەک نوێنەری ئاڕاستە سیاسییە جیاوازەکانی چینی کرێکار بێت، وەک ئەنتەرناسیونالی یەکەم، نەک حزبێکی تاک پایە و تاک ئاڕاستە، وەک حزبی بەلشەفی؟

 

ڕەخنە لە مۆدێلی حزبی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و ڕەخنە لە بیرۆکراتی و سێکتاریستی:

 

لادانی بەلشەفیزم لە بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران بریتیە لە گۆڕینی پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک وەک حزبی هەموو چینی کرێکار، کە مارکس و ئەنگلس پێناسەیان کردبوو.

 لێکدانەوەی ئەم لادانە گرنگە چونکە؛

 یەکەم، زۆربەی مۆدیلی حزبی کۆمۆنیستی سەدەی ٢٠و٢١یش پەیڕەو لە مۆدیلی بەلشەفی دەکەن و ئەمە بە مۆدیلی حزبی چینی کرێکار لەقەڵەم دەدرێ و ئەمە ڕێگری بەردەم یەکگرتوو بونی چینەکە و دەورگێڕانی بەشە ڕۆشنبیر و کۆمۆنیستەکەی چینی کرێکارە وەک ڕێکخەر یاخود یەکگرتوکەری چینەکە و مانەوەیەتی لەپەراوێز و سێکتی پاسیڤدا.

دووەم، ناسینی ئەم لادانە ئەو خاڵە ڕۆشن دەکاتەوە کە بۆچی ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری ئیمکانی هەیە بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی و بیرۆکراتی لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتدا.

سێهەمیش، ناسینی بنەماکانی حزبی کرێکاری و جیاوازی سەرەکی لە مۆدیلی بەلشەفی حزبە و بەم پێیەش ناسینی مۆدێلی نوێی کۆمۆنیزمە چ وەک حزب و چ وەک دەسەڵات و بەرنامەی ئابوری.

بۆ چوونە ناو ئەم باسە پێویستە سەرەتا ئەو بنەمایانەی ئینتەرناسیونال بخەینەوە ڕوو کە پەیوەندی بە پێناسەی حزبی کرێکاریەوە هەیە و دواتر مێژوو و پرۆسەی گۆڕانکاریەکان لە ناو حزبی بەلشەفیدا شی بکەینەوە.

 ئینتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا. یەکێک لەبنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕێکخراوەیە بریتی بوو لە:”خاڵی چوارەم. ئەبێ هەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.”[6]

 لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ەوە مارکس لە ئینتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار و دواتر لە ساڵی ١٨٧٢ زیادکردنی ئەم خاڵانەش تێدا دەبێتە بڕیار، کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی و دەنگی هەڵپەساردوو(٢٩بەرامبەر بە٥ و ٨).

 لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لێکراوە:

  • لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکاران ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕێک نەخەن.
  • حزب بۆ یەکگرتوو کردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پێکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان.”[7]

 ئەوەی لێرەدا هاتووە هەمان بنەمایە کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە ”کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵێک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.” [8]

 ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاریی هاتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئینتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە، نەک تەنیا لە ئەوروپا، بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا، حزبی سیاسی کرێکاران لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزرا.

 لە نێو سۆشیال دیموکراتیدا جیاوازی سەبارەت بە فۆرم و ناوەرۆکی کاری حزب هاتەئارا، کە هەرکامەیان بە جۆرێک لایان دا لەو بنەمایانەی ئینتەرناسیونالی یەکەم کە بۆ پێویستی حزبی سیاسی داینا بوو .

 فۆرمی یەکەم باسی لە ڕێکخراوەی فراوانی جەماوەری سیاسی دەکرد، کە بەشداری کاری پەرلەمانی و ڕۆژنامەگەری و کاری جەماوەری سەندیکایی دەکرد، بەڵام لەسەر شۆڕش و گۆڕینی سیستمی سیاسی خۆی لادەدا. هەروەک ئەنگلس لە ڕەخنە لەبەرنامەی ئیرفۆرتدا ئاماژەی بە مەترسی ئەم “ئۆپۆرتۆنیزم”ە کرد، کە لە قاڵبی پەرلەمانتاریزمێکی بێ دەسەڵاتدا دەیەوێ ئامانجی سیاسی بزوتنەوەکە بەرتەسک بکاتەوە.[9]

مەیلێکی ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستی لە سۆشیال دیموکراتی بنەماکانی ئینتەرناسیونالی کرێکارانی گۆڕی سەبارەت بە ناوەرۆکی کاری حزب و دواتر چۆن حزبە سۆشیال دیموکراتەکان بوونە بەشێک لە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و پەرلەمانی بورژوازی، کە چیتر بەرنامەی شۆڕشی سۆشیالیستیان لەدەستور و بەرنامەیاندا نەما. لەم بەشەدا باسی چۆنیەتی گۆڕینی ئەم بنەمایانە لە لایەن بەلشەفیزمەوە دەکەین.

 لادانی بەلشەفی لە بنەماکانی ئینتەرناسیونال بریتیە لە پێناسی حزب وەک بەشێکی تایبەت لە چینی کرێکار، کە خەتێکی سیاسی و بەرنامەیەکی دیاریکراوی هەیە، نەک حزبی هەموو چینی کرێکار.

 ئەم پرۆسەی گۆڕانە لای بەلشەفیزم ئاڵوزترە لە چاو گۆڕانی سۆشیال دیموکراتیدا. چونکە؛

 یەکەم، لەڕوسیادا دەورانی شۆڕشی دیموکراتی بورژوازی بوو و وە چینی کرێکار بەشێک لە هێزی ئەو گۆڕانکاریە شۆڕشگێڕانە بوو و بەمەش زەمینەی دروستکرد بۆ ئەوەی بەلشەفیزم وەک باڵێکی شۆڕشگێڕ خۆی لە مەیلی ڕیفۆرمیستی سۆشیال دیموکراتی و مەنشەفیک جیابکاتەوە و ئەم جیاکردنەوەیەش وەک پێداویستی شۆڕش لەقەڵەم بدرێ.

 دووەم، هەڵوێست بەرامبەر بە شەڕی جیهانیی یەکەم بووە مەسەلەیەک کە چینی کرێکار و بزوتنەوەی سۆشیال دیموکراتی شەق کرد و دیسانەوە جیابوونەوەی بەلشەفیزمی کردە واقعیەتێکی سیاسی.

 

 سێهەم، بەلشەفیزم تا کاتی گرتنی دەسەڵات وەک حزبێکی نهێنی و نیمچە نهێنی کاری دەکرد کە هەموو کارەکتەرەکانی وەک سۆشیال دیموکراتەکانی ناو دەسەڵات و پەرلەمان دەرنەکەوتبوو و وە هەمیشە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوو.

 سەرەڕای ئەم ئاڵۆزیەش بەڵام مۆدێلی بەلشەفی زوو کەوتە بەر ڕەخنەی ترۆتسکی[10] و ڕۆزا لۆکمسبۆرگ[11]وە، وەک فۆرمێکی حزبی جیاواز لە سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیستی سەرەتای سەدەی بیست باسی لێوەکراوە. بەڵام لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا زیاتر حزب، وەک ئەم “ڕۆحی دەوڵەتی بەلشەفی”، جیاوازی سەرەکی خۆی لە بنەماکانی ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاریی نیشان دەدا، کە لێرەدا دێینە سەر باسکردنی.

 لیۆن ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٠٤دا لە ڕەخنەی لەم مۆدیلەی حزبی بەلشەفیدا لە کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”دا دەڵێ” ئەم شێوازە لە سیاسەتی ناوخۆی حزبدا بە دۆخێک کۆتایی دێت کە ڕابەری حزب جێگای حزب و دواتر کۆمیتەی ناوەندی جێگای ڕابەری دەگرێ و سەرئەنجام یەک دیکتاتۆر جێگای کۆمیتەی ناوەندی دەگرێت و دۆخێک دروست دەبێ کە کۆمیتە حزبیەکان بەبێ بەشداری جەماوەری خەڵک هەمیشە سیاسەتەکانی خۆیان دەگۆڕن.” [12]

 ئەم سەنترالیزمە بە تێۆری جێنشینی حزب و نوێنەرایەتی چینی کرێکار دەگات کە لەخوارەوە باسی دەکەین.  بەڵام هەر لەم دەورەیەدا ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ڕەخنەی لەلایەنێکی تری بەلشەفیزم گرت کە پەیوەست بوو بە دیسپلینی ناو حزب . بەلشەفیزم کاتێک حزب دەکاتە نوخبەیەکی ناو چینی کرێکار ئەوا پێویستی بە زاڵکردنی جۆرێک لە دیسپلینیش دەبێ کە جیاوازە لەو خۆدیسپلینەی کە چینی کرێکار لە خەباتی چینایەتیدا نیشانی دەدا.

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ کە هەر لە ساڵی ١٩٠٤ەوە ڕەخنەی لەم مۆدیلە بەلشەفیە گرت کە حزبی کرێکاری دەبێ پەیڕەو لە “دیسپلینی  کوێرانە و سەربازی بکا” . لە بەرامبەر ئەم تیۆریەی حزبی لینیدا لە کتێبی ” چەند پرسیارێک سەبارەت بە ڕێکخستن لە سۆشیال دیموکراسی ڕوسیا “دا دەڵێ “ئەو دیسپلینەی لینین لە خەیاڵیدایە بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنرێ نەک لەلایەن کارگەوە، بەڵکو لە ڕێگەی سەربازی و بیرۆکراتیەتی دەوڵەتی ئێستاوە لەلایەن هەموو میکانیزمی دەوڵەتی مەرکەزیی بۆرژوازیەوە. ئایا چ هاوبەشیەک هەیە لە نێوان گوێڕایەڵی ڕێکخراو لەسەر چینی چەوساوە و خود دیسپلینی  و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی بۆ ڕزگاری؟ خود دیسپلینی سۆشیال دیموکراتی تەنیا جێگاگرتنەوەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا بورژوازیەکان نیە بە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی سۆشیالسیتی. چینی کرێکار هەست کردن بە دیسپلینی نوێ بەدەست دەهێنێ، خود دیسپلینێکی ئازادانەی سۆشیال دیموکراسی، نەک لە ئەنجامی سەپاندنی دیسپلینێک لەلایەن دەوڵەتی سەرمایەداریەوە، بەڵکو بە لەڕەگ هەڵکێشانی ئەم دیسپلینەی سەرمایەداری، ئەو خووە کۆنەی کە بەگوێڕایەڵی و ملکەچ کردنەوە گرتوویەتی.[13]

 ئەم سەنترالیزم و دیسپلینە لەلای بەلشەفیزم کاتێک تێدەگەین کە تیۆری جێنشینی لای لینین بەکامڵی دەخرێتە ڕوو لەکاتی دەسەڵاتدا.

 لینین لە کتیبی “نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆمنیزمدا دەڵێ “هەموو کەسێک دەزانێ کە جەماوەر دابەش دەبێ بەسەر چینەکاندا، وە دژایەتی جەماوەر بە چینەکان نامومکینە تەنیا بە دژایەتی زۆربەی زۆر نەبێ، بەبێ دابەشکردنی بەپێی سیستمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی، بەو توێژانەی کە جێگایەکی تایبەت لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا دەگرن، وە چینەکان بە شێوەیەکی ئاسایی، لەزۆربەی کاتەکاندا، لانی کەم لە وڵاتە مۆدێرنە هاوچەرخەکاندا، حزبەکان پێشڕەویان دەکەن، وە حزبە سیاسیەکان، بە شێوەیەکی گشتی، چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان. ئەمانە هەمووی سەرەتا ئەبجەدیەکانە، ئەمانە زۆر سادە و ڕۆشنن.”[14]

 لێرەوە لینین بەو ئەنجامگیریە دەگا کە؛ “دیکتاتۆریەتی حزب یان دیکتاتۆریەتی چینەکە؟ و دیکتاتۆریەتی حزبی سەرکردەکان یان دیکتاتۆریەتی حزبی جەماوەر؟ ” هیچ جیاوازیەکی نیە، وە بە جیاوازی دانان لە نێوان ئەمانەدا دەڵی؛ ” ئەمە تێکەڵوپێکەڵی فکریە.”[15]

 لەوەڵامی سپارتاکیستەکانی  ئەڵمانیا و ڕۆزا لۆکسمبورگدا کە ڕەخنە لەم تێڕوانینە دەگرن ، لینین دەڵێ “ئەم پرسیارە دێتە خەیاڵ : کێ دەبێ بە دیکتاتۆریەت هەڵبسێ ؛ حزبی کۆمۆنیست یان چینی کرێکار..ئایا دەبێ بەشێوەیەکی مەبدەئی کاربکەین بۆ دیکتاتۆریەتی حزبی کۆمۆنیست یان دیکتاتۆریەتی چینی کرێکار.” [16]

 بەپێی تیورێەکەی سەرەوەی لینین کۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر چینەکاندا و چینەکانیش بەسەر حزبەکاندا و حزبەکانیش بەسەر گروپێکی سەرکردەی نەگۆڕدا. هەربۆیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واتە دیکتاتۆریەتی حزب و دیکتاتۆریەتی کۆمیتەی ناوەندی و دواتریش دیکتاتۆریەتی سکرتێر و لیدەری حزب. ئەمە تیۆری جێنشینی لینینە، حزبی کۆمۆنیست جێنشین و نوێنەری چینی کرێکارە. هەربۆیە دیکتاتۆریەت و بڕیار وسیاسەتەکانی حزبی کۆمۆنیست واتە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و بەشداری سیاسی و بڕیاری ئەو چینە.

 لێرەوە جیاوازی نێوان بنەماکانی ئینتەرناسیونالی کرێکاران لەگەڵ ئەم تیۆری جێ نشینیەی حزبی بەلشەفیدا ڕۆشن دەبێتەوە. ئیتر حزب نەک هەموو چینی کرێکاری ڕێکخراو نیە، بەڵکو جێگر و نوێنەری ئەوە، وە دیکتاتۆریەتی ئەم بەشە کۆمۆنیستەش هەمان دیکتاتۆریەتی چینەکەیە. واتە مۆدیلی دەوڵەت بریتیە لە مۆدێلی دەوڵەتێکی تاک حزبی، کە لە جێگای چینی کرێکار حوکم دەکا و ئەم دەستەی حوکمڕانەش جێگیرن و بەپێی سەنترالیزمێک کاردەکەن کە دەسەڵاتی نوخبە و تاکە کەسی سەرکردە دەکاتە مۆدیلی حوکمڕانی و سیستمی سیاسی.

 بۆ ئەوەی پێویستی سەرهەڵدانی ئەم جۆرە لە تیۆری حزبی سیاسی بناسین، پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم حزبە لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا. لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو؟ وە دەزانین کە چۆن بنەما و کارەکتەرە سێکتاریستیەکانی بەلشەفی چۆن بوونە ڕۆحی دەوڵەتێکی تاک حزبی و دیکتاتۆری نوخبە و تاکەکەسی، وە بوون بە بنەمای پەیڕەوکردن لە بەرنامەی موڵکایەتی دەوڵەتی و سەرمایەداری دەوڵەتی؟

 بەلآم پێش ئەوە گرنگە شرۆڤەیەکی ئەم بۆچوونەی لینین لەسەر حزب بکەین و بزانین ئەم بەلشەفیزمە چ جیاوازیەکی ڕیشەیی لەگەڵ حزبی کرێکاریدا هەیە.

 بنەمای یەکەم کە بەلشەفیزم گۆڕی ئەوەبوو، کە چیتر حزب بریتی نەبوو لە هەموو چینی کرێکار و خەباتی سەرجەم ئەم چینەشی لەخۆدا ڕەنگ نەدەدایەوە، بەڵکو تەنیا ئەو مەیل و بەشەی لە کرێکاران نیشان دەدا کە بەدەوری بەرنامەیەکی حزبیدا کۆبوبوونەوە و پەیڕەویان لەیەک ناوەند و دەستەیەک لە ڕابەران دەکرد. ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو بنەمایە بوو کە مانیفیستی کۆمۆنیست ڕایگەیاندبوو کە ”کۆمۆنیستەکان حزبێکی جیاواز لەبەرامبەر حزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن، یان کۆمەڵیک بنەمای سیکتاریستی تایبەت بە خۆیان دانانێن کە بزوتنەوەی کرێکاران لەو شکڵ و قاڵبە بدات.”

 بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو بنەمایەی ئینتەرناسیونالی یەکەمدا ناکۆک بوو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد و دەڵێ “ئەبێ هەڵەکانی دابەشبوونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دووبارە نەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.” بەلشەفیزم ئەم هەڵەیەی دووبارە کردەوە بەوەی حزبی تەنیا وەک بەشێک و گروپێکی دیاریکراو کە خاوەن بەرنامەیەکی دیاریکراوە دەناساند، وە مامەڵەی حزبی وەک یەکگرتنی هەموو بەشەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی نەدەکرد. بەپێچەوانەی  بڕیارنامەکەی ١٨٧١ی ئینتەرناسیونال  کە ” حزب بۆ یەکگرتوو کردنی هەموو چینە موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوو کردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.”

 بابزانین ئەم جیاوازیانەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئینتەرناسیونالی کرێکاران و مارکسدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

 ئەم لێکدانەوەی لینین لە حزب لە زانستێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆ ڕۆشنکردنەوەی پێویستی و چۆنیەتی کاری حزبی بورژوازی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ڕاستە، نەک بۆ حزبێکی کرێکاری، کە فەلسەفە وبنەماکانی بوون و کارکردنی پێچەوانەی حزبێکی بورژوازیە. بابزانین ئەم پێناسە لینینیە بۆ حزب کە بریتیە لە پلەکانی “جەماوەر- چین- حزب – سەرکردە” ، یان  ئەوەی” چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە” ، بۆچی لای چینی کرێکار “ئەلف و بایەکی” جیاوازە؟

 حزبی بورژوازی، کە نوێنەری توێژێکە لە چینی بورژوازی، دەتوانی ئەم پێناسەیەی بۆ بکەی و پێی بڵێی  کە گروپێکی تەقریبەن جێگرن. چونکە حزبە جۆراوجۆرە بورژوازیەکان بەرئەنجامی ململانێی توێژەکانی سەرمایەن کە لە نێو ئەم چینەدا بەهۆی چڕ بوونەوەی کەڵەکەی سەرمایەوە بەرژوەندی جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە. چینی بورژوازی لەسەر بنەمای کەڵەکەی سەرمایە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری پەیوەندیەکانی ناوخۆی چینەکە ڕێک دەخا. بێگومان ئەم پەیوەندیانە لە ناکۆکیەکی بەردەوامی نیوان توێژەکانی سەرمایەدایە، کە پرۆسەی چڕ بوونەوەی سەرمایە لەدەستی کەمایەتیەکی چینەکەدا، واتە سەرکردەکان، وە تێکشکانی بەرەبەرەی سەرمایەدارە بچوکەکان وەک یاسایەک چارەنووسی هەموو ململانێ فکری و سیاسی و ئابوریەکانی نێو ئەم چینە دیاری دەکا.

 هەربۆیە ئەگەر چی بە گشتی هەموو ئەم حزبە بورژوازیانە پارێزەری سیستمی سەرمایەداری و کۆیلایەتی هێزی کاری کرێکارانن، بەڵام ئەم حزبانە لەنێوخۆیاندا هەندێ جار دەچنە شەڕی سەروماڵی لەگەڵ یەکتردا.

 لەنیو چینی کرێکاردا یاسای کەڵەکەی سەرمایە و قازانج دەور ناگێڕێ لە ڕێکخستنی ناوخۆیی ئەم چینەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە یاسایەک کە پەیوەندی ناوخۆی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دیاری دەکا بریتیە لە خەبات و هاوپشتی چینایەتی نێوان هەموو کرێکاران بۆ گۆڕینی سیستمی ململانێی سەرمایەداری. ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی هەموو چینی کرێکارە. لێرەوە جیاوازی بنەڕەتی لە شێوەی حزب و کاری حزبی لای کرێکاران دروست دەکا کە جیاوازە لە حزبی بورژوازی. هیچ بەرژەوەندیەکی جیاوازی ئابوری و ململانێیەک لە نێو کرێکاراندا نیە لەسەر چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر کار و بەرهەم و سامانی کەسانی تردا تا پێویست بە پێشبڕکێ و شەڕی سیاسی و سەربازی بکا. هەربۆیە دروستبوونی “حزب و سێکتە جێگیرەکان و سەرکردە نەگۆڕەکان” یاسای زاڵ بەسەر گەشەی سیاسی خەباتی چینایەتی کرێکاراندا نیە. هیچ ئەنجامگیریەکی لەم جۆرە کە ، “چینەکە حزبە و حزبیش سەرکردەیە”، بەو چەشنەی لای بورژوازی یاسایەکی سادەیە لای چینی کرێکار ناتوانێ سازگاربێ، مەگەر ئەوەی ئەم حزبە کرێکاریە ببێتە حزبێکی بیرۆکراتی و لەکاتی  بەدەسەڵات گەیشتنیشیدا بگۆڕێ بۆ حزبێکی بورژوازی کەمینە.

 بەپێچەوانەوە کرێکاران لەناو یەکتردا بەرژەوەندیان لە یەکگرتوو بون و نەهێشتنی ناکۆکیەکاندایە، لەبەرئەوەی ڕێگەیان لێدەگرێ وەک هێزێک بتوانن چەوسێنەران لەدەسەڵات بخەن. ئەمە باسی ڕزگاربوونی چینێکە بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانی و دابەش بوونی بەسەر ولات و نەتەوە جیاکاندا. چینێک کە کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ ئینسان دروست دەکا نەک بۆ چین و دەستەیەکی دیاریکراو. لێرەدا هیچ باسێک لە ڕەوتێکی سیاسی و فکری نیە کە بەهۆی ئایدیۆلۆژیەکەیەوە دەتوانێ کۆمەڵگە بگۆڕێ و یان ئیمتیازی دروستکردنی دەوڵەتی بدرێ بە کۆمۆنیستەکان لەبەرئەوەی لەباری تیۆریەوە دەربڕی هەلومەرجی ڕزگاریی چینی کرێکارن.

 هەربۆیە بەپێچەوانەی فۆرم و میکانیزمەکانی کاری حزبە سیاسیە بورژوازیەکانەوە حزبە کرێکاریەکان بریتی نین لە “چەند گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان.”

 گرامشی ئەمە زیاتر ڕووندەکاتەوە کە حزب و یەکێتی کرێکاری بریتین لە ڕێکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکار، کە دەیانەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ئەم خواستە هاوبەشە دروست نابێ ئەگەر جەماوەری ئەم چینە نەیەنە مەیدانی سیاسەتەوە. حزب ئەو ئامڕازیە کە ئەم هاتنە مەیدانە ڕێک دەخا و چالاکی دەکا و جەماوەر ڕوناکبیر دەکا و ریفۆرمی مۆراڵی تیادا پێک دێنێ. بەڵام حزب نەک وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو وەک چینێک کە دەیەوێ دەوڵەتێک دروست بکا. چین حزب دروست دەکا ، وەحزبەکان شەخسیەتی دەوڵەت و حکومەت پێک دێنن. حزب “ڕۆحی دەوڵەتە”. ئایا پرۆسەی ئەم دروستبوونەی حزب چۆنە؟

 هەموو چینێک ڕۆشنبیرانی خۆی هەیە. ئەمانە دەربڕینێکن لە گەشەی ستراکتۆری چینەکەیان و نوێنەرایەتی بەردەوامبونێکی مێژوویی دەکەن. ئەم کاتیگۆری و توێژی ڕۆشنبیرەی چینی کرێکار بە شێوەیەکی مێژوویی دروست دەبن، لە ژێرکاریگەری گشتی لە کۆمەڵگەدا و بەپێی هەلومەرجی دروستبوون، ژیان و گەشەی چینەکەوە، تا ئەرکی خۆیان نەک تەنیا لە بواری ئابوری، بەڵکو لە مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا جێبەجێ بکەن، بەتایبەت لەوەڵامدانەوە بە مەسەلە ئاڵوزەکانی دەسەڵات پەیداکردنی چینەکە.

 لەدرێژەی ئەم باسەدا کە چۆن گروپە جیاوازەکان دروست دەبن ؟ گرامشی دەڵێ؛ ”دروستبوونی گروپە ڕۆشنبیرە کۆمۆنیستیەکان لە ناو چینی کرێکاردا کێشەیەکی ئاڵۆزە لە بەرئەوەی کە فۆرمی جۆراوجۆر وەردەگرن کە لە مێژووی ڕاستەقینەی شکڵگرتنی توێژ و کاتیگۆری جیاوازی ڕوناکبیرانی ئەم چینەوە هاتوون.

  بەڵام خۆجیاکردنەوەی ئەم گروپانە وەک سێکتی جیاجیا بەمانای زاڵبوونی“سێکتاریزمە کە خۆی ناسیاسی بوونە”. ئەم گروپانە ناتوانن حزبی سیاسی چینی کرێکار دروست بکەن تالەم سێکتانە ڕزگاریان نەبێ. حزبی سیاسی کرێکاری پێویستە بریتی بێت لە کۆکردنەوەی هەموو هەوڵ و گروپ و بەرنامە پراتیکیەکانی سەرتاسەری چینەکەی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایەداری. حزب خۆی ووشیاربونەوە و گەشەکردنی ئەم خواستە کۆلێکتیڤ و هاوبەشەیە لەناو ئەم چینە و توێژە ڕوناکبیرەیدا. ئەم حزبە کاتێ لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێ کە ”لێکدانەوەیەک لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هەبێ و نوێنەرانی هەوڵی خەبەرکردنەوەی ئەو خواستە هاوبەشە هەبێ و لە شکستەکانی ڕابردووی بکۆڵێتەوە” . هەروەها “کاتێک ئەم حزبە دەبیتە پێویستیەکی مێژوویی کە هەلومەرج بۆ “سەرکەوتن”، و بۆ گەشەی بوونی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی، لانی کەم لە پرۆسەی دروستبووندا بێت. وە ئەم دۆخە ڕێگە بە گۆڕان وئیڤۆلوشنی ئایندەی بدا و ئەم پێشکەوتنانە بەچاو ببینرێ.”

 تێگەیشتنی مارکس و ئەنگلس لەم تێگەیشتنە بەرتەسک و سیکتاریستیە جیاواز بووە کە تا ئێستا زاڵە بەسەر هەموو بەشانەی بەناوی مارکسیزم، لینینزم، ترۆتسکیزم، ماویزم و حیکمەتیزم و هتد لەسەدەی ٢٠و تائێستاش هەرلەو قاڵبانەدان. ئەوان کۆمۆنیزمیان وا لێکداوەتەوە کە “ئامانج و مەیلە گشتیەکانی چینی کرێکار لە دۆخی گشتی خۆیەوە سەرهەڵدەدا کە لەوێدا خۆی دەدۆزێتەوە. ئەم ئامانج و مەیلانە لە هەموو چینەکەدا پەیدا دەبێ، هەروەها بزوتنەوەکەی فۆرمی زۆر جۆراوجۆر لە سەریدا ڕەنگ دەداتەوە، کەم تا زۆر خەیاڵی یاخود کەم تا زۆر پەیوەندیدار بەو هەلومەرجەوە کە چینەکەی تێدایە.”  [17]

 ئەمە زانستی ئاناتۆمی سیاسی چینی کرێکار و خەباتە چینایەتیەکەیەتی .

 بە پێی ئەم زانستە حزبی کرێکاری سەرەڕای بەرنامە و ڕەوت و مەیلە جیاجیاکانی نێو چینی کرێکار دەتوانێ هەموو ئەم بەرنامە و مەیل و ڕابەرانە جۆراوجۆرانە لەیەک قاڵبی حزبیدا کۆبکاتەوە ، چونکە بنەمای پێویستی حزبی کرێکاری  وەک ئینتەرناسیونالی کرێکاری دەڵێ ” بۆ یەکگرتوو کردنی هەموو چینە کە دژی موڵکدارەکان و سەرمایەدارانە” و ” بۆ یەکگرتوو کردنی خەباتی ئابوری و سیاسی هەموو چینەکەیە دژی سەرمایەداران و حکومەتەکەیان.” کەواتە حزبی چینی کرێکار دەبێ هەموو ئەو گروپە سیاسی و ڕێکخراوە جەماوەریانەی کرێکاران لە گشتێکدا دژ بە چینی بورژوازی و حکومەتەکەی کۆبکاتەوە لەبەرئەوەی کە “ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاریی ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ”[18]

 حزبی کرێکاری وەک ئەم ئامڕازە سیاسیە خۆی لەسەر بنەمای ململانێی مەیلەکان دروست نەبووە و ئامانجی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێو چینی کرێکار نیە، وەک لە حزبی بورژوازیدا وایە. بەپێچەوانەوە حزب لێرەدا ئەرکی نەهێشتنی ئەو ناکۆکیانەی نێو چینی کرێکار و یەکگرتوو کردنی سەرجەم چینەکەیە و دواتریش کۆتایی هێنان بە خودی پێویستی حزب و دەسەڵاتی سیاسی حزبە لە کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیدا.

 کێشەی بەلشەفیزم لەگەڵ ئەم بنەمایانەی ئینتەرناسیونالی کرێکاریدا لەوەشدایە کە ئەم فۆرمە بەلشەفیە لە حزب، تەنیا یەک بەش و زیاتریش نوخبەیەک لە ڕۆشنبیران بە خاوەنی حزب دەزانێ، کە بە بەرنامەیەک و هێڵێکی سیاسی خۆی لە باقی چینەکە جیادەکاتەوە. ئەم جیابونەوەیە بە مانای هێشتنەوەی حزبە وەک کەمایەتیەک  و ئەم سێکتەش دواتر لەناو خودی حزبیشدا بەردەوام ڕوو لە چڕ بوونەوە لە دەستەیەکی هەڵبژێردراودا دەکا کە میکانیزمەکانی مانەوەی ئەم دەستەیە مسۆگەر دەکا. هەربۆیە لای لینین حزب لەکۆتاییدا بریتیە لە ” گروپێکی تەقریبەن جێگیر لە کەسانی زۆر ناسراو و بە نفوز و بە تەجروبەوە دەبرێنە پێش، کە پێیان دەڵێن سەرکردەکان” نەک لە هەموو چینی کرێکار کە دەیەوێ کۆمەڵگەیەکی دوور لەدەسەڵاتی سیاسی کەمایەتی و نوخبە دامەزرێنێ.

 هەربۆیە حزبی کەمایەتی بۆ حوکم کردن بەسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگەدا بەناچاری فۆرمێکی بیرۆکراتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ .

 بیرۆکراتیزم حوکمی کەمایەتیە لە بنەڕەتدا و نیشانەی جیابونەوەی حزبە لە سەرجەم چینەکە. لە کاتێکدا حزب جێگای چینی کرێکار دەگرێتەوە و سەرکردەش جێگای حزب دەگرێتەوە، ئیتر حزب و سەرکردە وەک کەمایەتیەک حوکمی چینەکە دەکەن بەناوی نوێنەرایەتیەوە، ئەمە لە کۆتاییدا دەوڵەتێکی بیرۆکراتی و دیکتاتۆری فەردیش بەرهەم دەهێنێ.

 هەربۆیە بیرۆکراتیزم لە دەوڵەتی سۆڤیەتدا بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ئابوری نەبوە، وەک مەنسور حیکمەت باسی دەکا [19]،بەڵکو بەرهەمی مۆدیلی سیاسی سۆشیالیزمی دەوڵەتی کە بەلشەفیزم نوێنەرایەتی دەکا و لەسەرەتاوە لە هەناوی حزبدا بووە و دواتر کە ئەم ڕۆحی دەوڵەتە دەبێتە دەوڵەتی بەلشەفی یەکسەر نیشانەکانی دەبینین.

 هاوکات ئەم مۆدێلە لە حزبی کەمایەتی بە ناچاری سێکتاریستە و نوێنەری گروپێک و خەتێکە نەک هەموو چینەکە. مانەوەی ئەم توخمی سیکتاریزمە لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا خۆی نیشانەی ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئەو وشیاریە چینایەتیەیە سەبارەت بە خواستی هاوبەشی کرێکاران، وە هەروەها بەمانای نەبوونی دۆخی سەرکەوتنە و دروستنەبوونی ئەو فشارەیە کە حزب دەکاتە پێویستی مێژوویی.

 سێکتاریزم ڕوو لە مەحفەلیزم و گروپ چێتی دەکا و لە ناوخۆی حزب و لە ناو چینی کرێکاردا لەو قۆناغانەدا، کە بزوتنەوەکە توشی گۆڕانی هەلومەرجی دەرەوە دەبێ، ناتوانێ بەشێوەی فراکسێۆنی دەورەی ڕاگوزەر تێپەڕێنێ، تاکو دواتر لە ڕێگەی یەکێتی ئیرادە و سەنترالیزمێکی دیموکراتیەوە سەرجەم ئاستەکانی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری و یەکپارچە کۆبکاتەوە. بەگشتی کاتێک ئەم جیابوونەوە سێکتاریستیانە دەبێ لە ناو چینێکدا پێویستە ئەو”بنەما و مەبدەئە دیاریکراوەکانە چاک بکرێ” کە زاڵن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئەم سێکتاریزمە.

 لێرەوە جیاوازی نێوان خۆدیسپلینی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لەگەڵ دیسپلینی بیرۆکراتی لینین تێدەگەین.

 ئەم حزبە سێکتاریستە نەک وەک ” ڕێکخراوکردنی خواستی کۆلێکتیڤ و هاوبەشی چینی کرێکارە، کە دەیەوێ دنیای سەرمایەداری بگۆڕێ. ” بەڵکو وەک توێژ و کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی کە سێکتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسپلینێکی دیاریکراوی هەیە کاردەکا . خۆدیسپلینیەک کە کرێکار لە خەباتی چینایەتیەوە فێری دەبێ و پشت ئەستورە بە ئامانجی کۆمەڵایەتی گۆڕینی کۆمەڵگەی ئینسانی ، لەم حزبەدا جێگای نیە و لە جیاتی ئەو دیسپلینی کوێرانەی سەربازی جێگای دەگرێتەوە.

 بیرۆکراتیەت لەگەڵ ئەم سێکتاریزمەدا دوانەن و تەواوکەری یەکترن. کاتێک سێکتاریزم دەبێتە قاڵبی حزب و بزوتنەوەیەک ئەوا میکانیزمی کارکردنی ئەم حزب و گروپە بیرۆکراتیانە دەبێ. کێشانی ئەو سنورانەی کە حزب و گروپەکە خۆیان لە یەکتری پێ جیادەکەنەوە دەبێتە شێوازی جیابونەوەی ئەم گروپی ڕۆشنبیرانە لە چینەکەش. لەم حاڵەتەدا کە لیدەرەکان و جەماوەر هاوئاهەنگ نابن ئەوا “ڕابەرەکان” توشی شەلەل دەبن و حاشیەیی دەبن. “لە نەبوونی پەیوەندی ئۆرگانی لە نێوان ڕوناکبیران و جەماوەری کرێکاراندا یان کورتکردنەوەی ئەم پەیوەندیە بۆ پەیوەندی بیرۆکراتی “ڕابەری” بە “ئەندامانەوە”، ئەم ڕوناکبیر و ڕابەرانە دەبنە تاقم و دەستەیەک کە خۆیان بە “سەربەخۆ” لە چین دەزانن و خۆیان “بەدەوڵەت” دەزانن. هەربۆیە توشی کاردۆنیزم دێن، واتە هەوڵنەدانی لیدەر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو کەسانەی لیدەریان دەکا و داوای دیسپلین و ملکەچیان لێ دەکات بەبێ نیشاندانی عەقلانیەت. لە کاتێکدا لە حزبی کرێکاریدا ئەبێ لە گروپی لیدەری بپرسرێتەوە، نەک ملکەچی بێت. ئەمە جیاوازی فەلسەفەی حزبی کرێکاریە لە حزبی بورژوازی کە سەرەوە خزمەت دەکا نەک سەروەر بێت.

 لە کتێبی “میری مۆدێرن”دا گرامشی، باسی سەنترالیزمی دیموکراتیک وەک پێچەوانەی سەنترالیزمی بیرۆکراتیک دەکا. ئەو باسی پەیوەندی “ئۆرگانیکی” بەشەکانی حزب دەکا، نەک دابەشکردنی پۆستەکانی ڕابەری و ئەندام و ملکەچی خوارەوە بۆسەرەوە. سەنترالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاریدا “مانای جێگیرکردنی بەردەوامیە لە ڕێکخراوکردنی بزوتنەوە ڕاستەقینەکەدا، وەک یەک بوونی ئەو هێزەی خوارەوەیە لەگەڵ بڕیارەکان کە لە سەرەوەیە، بەشداری بەردەوامی ئەو توخمانەیە کە لە خوار پلەدارەکانەوە دێن و بەرزکردنەوەی ئەم توخمانەی خوارەوەیە لە چوارچێوەی دەزگای لیدەرشیپی کە زەمانەتی بەردەوامی و کۆکردنەوەی ڕێکوپێکی تەجروبەکان دەکا”. ئەمە نمونەی “ڕۆحی دەوڵەت”ی کاتی کرێکارانە کە لە حزبی کرێکاریدا خۆی وەکو ئەنتی تێزی حزبی بیرۆکراتی بورژوازی نیشان دەدا ، پێمان دەڵێ کە چۆن چینی کرێکار لە ئێستاوە لە قوتابخانەی حزبدا خۆی ڕادەهێنێ لەسەر دژایەتی بیرۆکراتی “فەرمانبەرانی دەوڵەت” و هەڵوەشانەوەی حزب و دەوڵەت و بیرۆکراتیەتەکەی.

 دواتر لە پراتیکی حزبی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا ئەم ڕاستیە دەبینین کە “دەرکەوتنی بیروکراتی نیشانەی پڕبوونی گروپی لیدەرە کە دەبێتە هێزێکی محافەزەکار و داخراو کە لەدایک بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن دەخنکێنێ، هەرچەند ئەو هێزانە هاوئاهەنگیش بن لەگەڵ بەرژەوەندیە سەرەکیە زاڵەکانیشدا.” هەربۆیە گرامشی بیروکراتیەت وەک خەتەرترین پەیوەندی شاراوە باس دەکا و وەک هوبسبام دەڵێ “گرامشی ئاگاداربووە لە خەتەری بیرۆکراتی و مەرکەزیەتی بیرۆکراتی و دژی گەشەی ستالینی بووە لە سۆڤیەتدا و ئەمە کێشەی لە زینداندا بۆ دروست کردووە. ئەمە هەمان ئەو هوشداریانەیە کە مارکس دەیدات کاتێک دەڵێت ”چینی کرێکار دەبێ خۆی لە نوێنەرانەکانی و فەرمانبەرەکانی بپارێزێ” و فێرمان دەکا کە حزب و سیاسەت ئامڕازن بەدەست چینی کرێکارەوە بۆ ئامانجی کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتی و هەرکات ئەم ئامڕازانە پیرۆزکران ئەوا بزانن کە ئامانجەکە لە پیرۆزی کەوتووە.

 بەڕۆشن بوونەوەی ئەم گۆڕانکاریانەی بەلشەفیزم بەسەر مۆدیلی حزبی کرێکاری جێگا مەبەستی ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاراندا هێنای ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە کێشەی مۆدیلی بەلشەفی، تەنیا ستالین نیە، وەک ترۆتسکی و تۆنی کلێف دەڵێن، یان “نەبوونی بەرنامەی ئابوری نیە” وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ، بەڵکو مۆدیلی ئەو سۆشیالیزمە دەوڵەتیە یە کە خۆی لە حزب و دەوڵەت و ئابوریدا وەک پاکێجێک نیشان دەدا. هەربۆیە وەک لەسەرەتاوە ووتمان پێویستە بچینە سەر لێکدانەوە لە مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و کارکردی ئەم مۆدێلی بەلشەفی لەکاتی دەسەڵاتدا لە بواری سیاسی و ئابوریدا و لێرەوە دەزانین بۆچی فۆرمی سۆشیالیزمی بەلشەفی بەرەو بیرۆکراتیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەی سەرمایەداری دەوڵەتی چوو. کە لەبەشەکانی داهاتودا درێژە بە شرۆڤەی مۆدیلی سیاسی و ئابوری بەلشەفی دەدەین بۆ تێگەیشتن لە سەرجەم ڕەهەندەکانی ئەم مۆدیلەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی.

  ئەنجامگیریی ئەم باسە گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەمایەی ئینتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لەسەر پیویستی بوونی حزبە کرێکاریەکان وەک حزبی هەموو  چینەکە و کارکردنی ئەم حزبە بۆ یەکخستنی خەباتی سیاسی و ئابوری دژی سەرمایەداران و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن هەموو چینی کرێکارەوە بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی ئابوری و نەهێشتنی چینەکان و کۆمەڵگەی چینایەتی. ئەم مۆدێلە لە حزبی کرێکاری دەتوانێ وەڵامی ئەو هەموو دابەشکردن و جیابونەوانە و لەیەکتر دابڕانە بداتەوە کە ئێستا ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستەکان دەرگیرین و خستونیەتە پەراوێزی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خەباتی چینایەتی کرێکارانی لاوازکردوە.

 بەتایبەت ئەم باسە لەم دەورانە شۆڕشگێڕانەی جیهانی ئەمڕۆدا چارەنووسی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ئێستای دژی نیولیبرالیزم و سەرمایەداری گلۆباڵ دیاری دەکا بەوەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەبنە هێزێکی کۆمەڵایەتی خاوەن هەژمونی سیاسی و حزبی کە وەک بەدیلی سەرمایەداری جارێکی تر هێزی چینایەتی خۆیان نمایش بکەن یان هێشتا درێژە بە مێژووی مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی شکستخواردووی سەدەی ٢٠ و بەلشەفیزم دەدەین؟ ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە دەبێ بەپراتیکی لە خۆمانی بگرین تا بتوانین لەم پاژنەی ئەکیلیز (ئەشیل) Achilles_heel [20]سێکتاریزم ڕزگاربین.

[1] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤، بە زمانی ئینگلیزی

The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
https://www.marxists.org/…/in…/iwma/documents/1864/rules.htm

[2] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٦، بە زمانی ئینگلیزی

The International Workingmen’s Association, 1866,Instructions for the Delegates of the Provisional General Council, The Different Questions

https://www.marxists.org/…/…/documents/1866/instructions.htm

[3] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، بەزمانی ئینگلیزی

https://www.marxists.org/…/hague-conference/resolutions.htm2

[4] گرامشی، دەفتەرەکانی زیندان، میری مۆدێرن، ل ١٥١، بە زمانی ئینگلیزی

Gramsci, Prison Notebooks, The Modern Prince, P151

[5] سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

http://www.asokamal.com/index/?p=1635

[6] مارکس، ئەنتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1864/rules.htm

[7] مارکس، بڕیارنامەی ئەنتەرناسیونال ، ١٨٧٢https://www.marxists.org/archive/marx/iwma/documents/1872/hague-conference/resolutions.htm2

[8] مارکس و ئەنگلس، مانیفیستی کۆمۆنیست

https://www.marxists.org/kurdi/marx/babetekan/marx_1848_manifesti_komonist.pdf

[9] ئەنگلس ، ڕەخنە لە بەرنامەی ئیرفۆرت، بە زمانی ئینگلیزی

 https://marxists.catbull.com/archive/marx/works/1891/06/29.htm

[10] ترۆتسکی ، کتێبی “ئەرکە سیاسیەکانی ئێمە”  https://www.marxists.org/archive/trotsky/1904/tasks/ch04.htm

[11] ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکان

https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm

[12] ئارنست ماندل، سەبارەت بە خۆڕیکخراوەیی چینی کرێکار و حزبی پێشڕەو،  https://www.marxists.org/farsi/archive/mandel/works/1990/khod-sazmandehi-hezb.htm

[13] ڕۆزا لوکمسبورگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکانی سۆشیال دیموکرارت ڕوسیا، بەزمانی ئینگلیزی Rosa Luxemburg: Organizational Questions of the Russian Social Democracy

https://marxists.catbull.com/archive/luxemburg/1904/questions-rsd/ch01.htm

[14] لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمداhttps://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm

 

[15]   هەمان سەرچاوە

[16] لینین ، نەخۆشی چەپڕەوی مناڵانە لە کۆمۆنیزمدا

https://www.marxists.org/arabic/archive/lenin/1920-lwc/05.htm

[17] گرامشی ، پەڕاوەکانی زیندان، سێکتاریزم و بیرۆکراتی لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا

http://www.asokamal.com/index/?p=1577

[18] مارکس، ئینتەرناسیونالی کرێکاران، ١٨٦٤، بە زمانی ئینگلیزی The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
https://www.marxists.org/…/in…/iwma/documents/1864/rules.htm

[19] مه‌نسوور حیکمه‌ت هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت

http://hekmat.public-archive.net/

[20] https://en.wikipedia.org/wiki/Achilles%27_heel

Add Comment

Click here to post a comment