کۆمۆنیزم

کولتـــووری خۆرئــاوا و ڕۆژهەڵاتیــی

دەستخۆش هاوڕێ عمر بۆ بابەتەکەت و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەکی ڕەخنەگرانەی سودبەخش و ڕۆشنگەریانەیە. ڕەخنەکانت دروستن لە دیدگای مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ “ڕەگ و ڕیشەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە هزر و کولتـــوور و شارســـتانی ئەوروپای خۆرئــاوادایە، کە پێچەوانەی کولتوور و بیری نەتەوەیی ئیسلامی، ناسیۆنالیزم، و چەپی خۆماڵی و ڕۆژهەڵاتیــیە”!.

ئەم گۆڕانکاریە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا لە ساڵانێکی کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بوو کە ئەم گروپە بەهۆی بنبەستی دیدگای سۆشیالیزمی دەوڵەتیەوە بۆ گەیشتنە دەسەڵات لە ڕێگەی شۆڕشێکەوە کە خۆیان وەک نوێنەر و جێگرەوەی چینی کرێکار ڕابەری دەکەن ، پێویستیان بە ستراتیژێکی ترە کە لەگەڵ “ڕژێم چەینجی” ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بێتەوە کە سەلتەنەت تەڵەب و پاشایەتی خوازەکانی ئێران ئومێدیان پێ بەستبوو و ئەمە ڕیشەی ئەو لیبرالیزمەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە کە وەک گروپێک دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵگرتنی ناسنامەی کەلتوری و ئەجێندای سیاسی بزوتنەوەی لیبرالیزمەوە لە ئێران خۆی “پێش لە کرێکارانی ئێران” بە دەسەڵات بگات و ئەمەیان کردبوە دروشمی کۆنگرەی حزب لەو کاتەدا و نوسینی حزب و دەسەڵاتی سیاسی و ئەم باسەی “ئایا سەرکەوتنی کۆمۆنیزم لە ئێراندا مومکینە؟” ئەو تێڕوانین و سیاسەت و کەلتورە دەخاتەڕوو. جیایی گروپی “کۆمۆنیزمی کرێکاری” لە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی و خۆدانان بە نوێنەری شەرعی و جێگرەوەی ئەو چینە ئاکامەکەی ئەوە دەبێ کە ئەم گروپە لە ڕێگەی ئەم جۆرە پڕۆژانەوە بیەوێت بگاتە دەسەڵات و ئەمەش خەیاڵێکە و پڕۆژەیەکی ناکامە. ئەم بۆچونە لای لیبرالەکانی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەبینین . بەپێچەوانەوە کۆمۆنیزم و چینی کرێکار سیستمی سەرمایەداری ڕۆژئاوا بە بەشێکی باڵادەستی ئەم سیستمە جیهانیە دەبینێ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە سایەی سیستمە دیکتاتۆری و دژە ئازادیەکاندا هێشتۆتەوە و ئەمە پێداویستیەکانی بازاڕی جیهانی و کەڵەکەی جیهانی سەرمایە و دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری وەڵام دەداتەوە.

ئەگەر سەرنجێکم لەسەر بابەتەکەشت هەبێت ئەوەیە کە تێکەڵاوکردنی ئەم خۆشباوەڕیە لیبراڵیەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ ئامانجی سێکۆلارکردنی کۆمەڵگە و دامودەزگاکانی بەڕیوەبردندا هەڵەیە. چینی کرێکار و شۆڕشی کۆمۆنیستی دین لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی لە ژیانی گشتی و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا دووردەخەنەوە و زەمینەکانی مانەوە و بەرهەمهێنانەوەی دین لە هێشتنەوەی دواکەوتویی خەڵکدا ڕیشەکێش دەکەن و بەم پێیە ئەرکی سێکۆلاریزەکردن و ڕیشەکێش کردنی دواکەوتویی دینی بەشێک لە خەباتی چینایەتی و فکری و فەرهەنگی چینی کرێکارە. ڕاستە ئەم سێکۆلارکردنەی دەوڵەت بورژوازی لە سەدەی ١٩ و ٢٠ دا لە ڕۆژئاوا کردویەتی، بەڵام لە زۆر جێگای تری دنیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەکارهێنانی دین وەک کۆڵەکەیەکی دەسەڵاتی بورژوازی لە جێگای خۆیەتی، بەڵام ئەم سێکۆلایزەکردنە بەتەنیا خۆی نابێتە ئامانج و ناسنامە و بە جیا لە خەباتی چینایەتی ناتوانێ ببێتە پڕۆژە و بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بۆ گەیشتنە دەسەڵات.

Add Comment

Click here to post a comment