وتار

کاتێ ژیان بەخشندەیە

کاتێ ژیان بەخشندەیە

چۆمسکی و دەیڤیدهارڤی و سەلام عەبدوڵا

پێوەری کاتی ژیان و تەمەن ڕێژەیی یە. چی دەبەخشین بە ژیانی خۆمان و هاوچەشنەکانمان لە مرۆڤ و لە هاوچین و هاوخەمەکانمان ئەوە دیاری دەکا کە چەند بە ڕاستی ژیاوین و کاتی تەمەنمان چۆن پێواوە؟

 لە تەموزدا لە لەندەن لە مارکسیزمی ٢٠٢٣ بووین، لەگەڵ گۆنا سعیدی هاوژینم، چووبوین چۆمسکی ببینین کە لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆڕی جەماوەری دەگرێ، کە هاوڕێیانی پارتی کرێکارانی سۆشیالیستSWP ڕێکیان خستبوو. ئەو بڕیار بوو باسی قڵشتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەکا، کە بەداخەوە بەهۆی ناساغیەوە چۆمسکی بە هاوژینەکەی وت ناتوانێ بێتە ئەو چەندین هۆڵەوە کە سەدان کەس چاوەڕێی ئەو بوون. بەڵام هەمومان جگە لە تەندروستی ئەو هیچ شتیكی ترمان بەلاوە گرنگ نەبوە و گرنگ نەبوو کە چەند لەسەرەی چوون بۆ کۆڕەکە وەستاین یان خود چەند چاوەڕیمان کرد کە بێت و بەپێچەوانەوە هەموو ڕێز و خۆشەویستیمان بۆنارد کە تەندروست باش بێت تاکو لەناو کۆڕی چینەکەیدا بمێنێتەوە و بژی و تەمەنی درێژ بێت. بەخۆشحاڵیەوە تا ئەم ساتەش چۆمسکی خەریکی ژیانە بەخشندەکەیەتی.

دەیڤید هارڤیش تەمەنی ٨٧ ساڵە و ڕۆژێکی تر، لەهەمان بەرنامەی مارکسیزمی ٢٠٢٣دا، باسی گەشتێکی لەگەڵ کتێبی “گرۆندرێسە” ی مارکسی بۆکردین. خۆشحاڵ بووین کە تەمەن ڕێگر و باسێکی نەبوو لەوەی هەموو پێکەوە گوێ لە وشە بە وشەی تۆتاڵێتی و گشتتگیری پرۆسەی بەرهەمهێنانی ژیانمان لە سایەی سەرمایەداریدا بگرین و بەدوای وەڵامەوە بین بۆ ئەو کیشانەی ئەم سیستمە چەوسێنەرە بۆ ژیانی ئێمە و نامۆبوون لە ژیان و ئازادیەکانمان دروستی کردوە. بەردەوامی هارڤی لەم شیکردنەوەی تیۆری مارکسدا بە دەیان ساڵ پێمان دەڵێ ژیان و تەمەن مانای ئەوەیە کە ئێمە چەندە خەریکین ژیانێکی باشتر بۆ خۆمان دروست دەکەین و ڕۆژانە هەوڵی بردنە سەری ئاستی وشیاری و یەکگرتوبونمان و کۆبونەوەمان لەدەوری یەکتر دەدەین. کۆبونەوەی ئەم هەموو خەباتکارەی چینی ئێمەی کرێکاران لە لەندەن نیشانی دەدا کە دڵی ئەم خەبات و ئومێدە چەندە “گەنجە”.

 لەم هەفتەیەشدا هەواڵی تێکچوونی تەندروستی هاوڕێ سەلام عەبدوڵامان بیست و هەموو دڵمان لای بوو. بەڕاستی هەموو دڵمان لای ئەم ئازیزانەمانە بەهۆی کاتی تەمەن یان وەک هاوڕێ سەلام کە نیگەرانی تەندروستی ئەوین.

 بەڵام ئەگەر ئەم ٣ مرۆڤە کۆمۆنیست و خەباتکارەی مرۆڤایەتی چەوساوەی ئەمڕۆ سەیربکەیت دەبینی کە ئەو کاتەی ژیانی ئەوان چەندە ڕێژەییە کە تەمەن بۆیان دیاری دەکا! هەموو کاتێکی تەمەنیان گرنگ و چالاکە چونکە ئەم جۆرە مرۆڤانە لە بەرهەمهێنان و خەباتکردن بۆ باشترکردنی مرۆڤە چەوساوەکان ناوەستن. ئەمە لە ڕاستیدا تایبەتمەندی چینی کرێکارە کە بە ناچاری ناتوانن لە ژیاندا لە بەرهەمهێنان بوەستن. بەڵام کاتێک ئەم کارە نەک بۆ ناچاری ژیان بەڵکو بۆ باشترکردنی ژیانمان و خۆشکردنی ژیانمان دەکەین، ئەوسا ئەم هەموو ڕۆژە لە کاری بەرهەمهێنەرانەمان مانایەکی تر بە ژیان و کاتی تەمەن دەدا. ئەو کات ئێمە لە تەمەنی خۆماندا “پیر” نابین ،بەمانا لۆجیکیەکەی، نەک فیزیکیەکەی، چونکە هێشتا بەرهەم دەهێنن و خەبات دەکەین لە پێناو ژیانێکی باشتردا.

چۆمسکی بەرهەمەکانی لە بواری زمانەوانی و شیکردنەوەی سیاسەتی ئەمریکا و دەوری دەزگاکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا. دەیڤید هارڤی دەیان ساڵ کارکردن لەسەر شیکردنەوەی تیۆری زێدەبایی و پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەو جۆرەی مارکس کاری لەسەر کردوە. سەلام عەبدوڵاش بە کاری هەرەوەزی لە خانەقین بۆ دروستکردنی خانویەک یان پێداویستیەکی ناوماڵ بۆ ماڵە کرێکار و هەژارێک، کار بۆ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریوەک خەستەخانەی کۆرۆنا  یان ناشتنی نەمامێک بۆ پاراستنی ژینگە. له ئێستاداهەمومان بە هیوای تەندروستی باشین بۆ هاوڕێ سەلامی ئازیزمان.

هەر یەک لەم هاوڕێیانە بەپێی توانای خۆیان وەک ئەندامێکی چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خەریکی جۆرێک لە  ژیانێکی بەرهەمهێنەرانەن بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی مرۆڤەکان. ئەم جۆرە مرۆڤانە پێمان دەڵێن کە پێوەری تەمەن واتە ئەو کاتەی ئێمەی مرۆڤ هەست بە بونی خۆمان دەکەین کە دەتوانین شتێک بۆ ژیانی خۆمان و گەشەپێدانی توانا و تێگەیشتنمان و ئازادیمان بکەین. ئەم جۆرە مرۆڤانە مانا بە ژیان دەبەخشن و لای هەمومان جوانی دەکەن و لەو دیو ژمارەی ساڵەکان و توانای فیزیکیەوە بەردەوامی ژیانی ڕاستەقینەمان نیشان دەدەن. چینی ئێمە سەدان و هەزاران نمونەی لەم جۆرە مرۆڤانەی هەیە هەربۆیە ئومێدمان بە ئایندەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی دوور لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری هەیە.

Add Comment

Click here to post a comment