وتار

مافی شۆڕشکردن له شەقامی ئێراندا

ڕاپەڕینی ژینا لە ئێران و کوردستاندا مافی خەڵکی ناڕازی لە شۆڕشکردن دژی جمهوری ئیسلامی ئێران بە کردەوە نمایش کرد. ئەم ڕاپەڕینە هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵکی ئازادیخواز و دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تۆقاندنی ڕژێمی ئیسلامی گۆڕیوە بە قازانجی خەڵک. خەڵک هێرش دەبەن و ڕژێم ترسی لێ نیشتوە و بەرگری دەکا. ئەوەی ئەم ئاڵوگۆڕەی دروستکردوە، هوشیاری ئەم خەڵکە ناڕازیەیە بە مافی شۆڕش و ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەر. ئەم ئاگاییە لە پرۆسەیەکی دورودرێژی خەبات و خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و قوڵبونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم ڕژێمەدا شکڵی گرتوە. ڕاوەستانەوەی ژنانی ئێران دژی بە حیجابی ئیسلامی و سەرکوتی ئازادیەکانی ژنان بوە ئەو ئاگرەی ئەم جارە نەک هەر دەسەڵاتی حکومەت، بەڵکو یاسا و فەرهەنگی ئیسلامی ئەم ڕژێمەشی سوتاند و خستیە پێی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی خۆپیشاندەر و ناڕازیەوە. ئەمە شەڕە لەسەر هەژمونی فکری و کەلتوری و سیاسی، وە بەم هەنگاوە سەرەتاییانە دەڵێین پراتیکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران. لەم سەرەتایەدا کردەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر مافی شۆڕشکردنی وەک ئەمری واقیع و دیفاکتۆ سەپاندوە، هەرچەند ئایندەی پراتیکی ئەم جەماوەرە شۆڕشگێڕە نیشانمان دەدا کە ئایا ئەم مافی شۆڕشکردنە چەندە بوەتە ئاگاییەک بۆ خودی ئەم جەماوەرە و چەندە ڕادیکاڵ ڕۆچوەتە نێو ئەم خەباتە کۆمەڵایەتیەوە و چەندە بوە بە پراتیکی کۆمەڵایەتی شۆڕشکردن دژی سەرتاپای سیستمی دەسەڵاتدار. وەک ڕۆزا لوکمسبورگ دەڵێ “لۆژیکی پرۆسەی مێژوویی پێش لە لۆژیکی زاتی ئینسانەکانەوە دێت، کە بەشداری لە پرۆسە میژوویەکەدا دەکەن.”[1]

بەڵام هەر لەم سەرەتایەوە پرسیاری زۆر لەسەر ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە هەیە. پرسیار نەک تەنیا لەسەر ئایندەی ئەم ڕاپەڕین وشۆڕشە و مۆدێلێک کە لە جێگای جمهوری ئیسلامی دادەمەزرێ. بەڵکو پرسیار لەسەر ئەوەی کە ئایا لەم پرۆسەی ڕاپەڕینە جەماوەریەدا دژی جمهوری ئیسلامی جگە لە ژنان و گەنجان دەتوانێ زۆربەی کرێکاران و مامۆستایان و کارمەندان و توێژە هەژارەکانیش بێنە مەیدان؟ ئایا ئەم گۆڕانی هاوسەنگی هێزە چ گۆڕانێک لە ئاستی توانایی ڕیکخراوبون و وشیاری چینایەتی ئەم چین و توێژە ستەملێکراوانەدا دروست دەکا؟ ڕیزی ژنان و گەنجان و خەڵکی ناڕازی جگە لە حیجابی ئیجباری چ خواست و کێشەیەکی تر دێنێتە مەیدان؟ ئایا مەیدانەکانی قوڵکردنەوەی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە کامانەن؟ ئەم ناڕەزایەتیانە چ کاریگەریەکی حزبە ئۆپۆزسیۆنە تەقلیدیەکانی گۆڕەپانی سیاسی، کە لەدەرەوەی ئێرانن، بەسەرەوە دەبێ؟ ئایا لەم دەورەیەدا جمهوری ئیسلامی دەتوانێ ئەم ڕاپەڕینە شکست پێ بێنێ یاخود توانای خەباتکارانەی ئەم جەماوەرە پاشەکشە بە ڕژێمی ئیسلامی دەکا و کۆمەڵێک مەرج و ڕیفۆرمی بەسەردا دەسەپێنێ؟ ئایا بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی چ دەرسێکی لە مێژووی شۆڕشی بەهمەنی ١٩٧٩ بینیوە، کە لە بەرامبەر ئەم هێزە ئیسلامیە و خومەینیدا شکستیان خوارد؟ ئەمانە پرسیار گەلێکن کە لە کار و کردەوەی جەماوەری بەرینی خۆپیشاندەران و ڕابەر و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران وەڵامیان پێ دەدرێتەوە و ئێمەش دەتوانین بە کردەوە بیانزانین، نەک تەنیا لە ڕێگەی بەرنامەی پێشتر دوبارەکراوەی حزبێک یان مەزەندەکردنی چاودێرێکەوە بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانەی شۆڕش لە ئێراندا بدەینەوە؟

سەرکەوتن لەم شەڕەی نێوان خەڵکی ڕاپەڕیو دژ جمهوری ئیسلامیدا دەتوانێ خۆی لە بە دەستهێنانی هەر دەستکەوتێک بۆ ژنان و ئازادی نیشان بدات. بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایەک دەبێت بۆ درێژەپێدانی ئەم خەباتە بۆ سەپاندنی خواستی زیاتر و پێشڕەوی زیاتر. ئەمە یاسای شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکانە کە لە هەر پاشەکشەیەکی دەسەڵاتدا جەماوەر زیاتر ڕابەرانی ئەم دەسەڵاتە غافڵگیرتر دەکەن بە هێرشێکی گەورەتر. هەرچۆن شۆڕشی بەهمەن بەجۆرێک شای گێژکرد، کە دوای شۆڕش دەیوت نازانم بۆ خەڵک شۆڕشیان کرد، هەر ئاواش ئەم دوو هەفتەیەی ڕاپەڕینی ژینا لیدەری خامەنەئی خستۆتە کۆماوە کە نازانێ بۆچی خەڵک لە دژی دەسەڵاتەکەی هەستاون.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ناسینی پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینەی ژینایە بە هەموو هۆکار و تواناییە شاراوەکانی ئەم ڕاپەڕینە، کە ئێستا لە دژایەتی حیجاب و ئازادی سیاسیدا خۆی دەرخستوە، بەڵام لە قوڵایی خۆییدا هەموو ڕەگەکانی لە زەوی ئەو ستەمە هەمەلایەنەی سیستمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جمهوری ئیسلامی ئێراندایە. هەروەها پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینی ژینایەی ئێران بە هەموو ئەو تان و پۆ جیهانیەوە کە گرتویەتیە خۆ لەگەڵ ئەو خەباتە جیهانیەدا، کە وەک بورکان هەر جارە لە گۆشەیەکی جیهاندا بەڕووی سیستمی زاڵی سەرمایەداری ئێستادا دەتەقێتەوە.

هەربۆیە لێرەدا لە گۆشەی مافی شۆڕشکردنەوە پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینەی ئێران بە سەرجەم پرۆسەی خەبات و شۆڕش لەمڕۆی دنیای سەرمایەداردا پێشکەش دەکەینەوە، کە پێشتر ئەم باسەم لە کتێبی “کۆمۆنیزمی نوێ”دا کردوە.

ڕۆزا لوکمسبورگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکانی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیا، بەزمانی ئینگلیزی*1 Rosa Luxemburg: Organizational Questions of the Russian Social Democracy
https://marxists.com/…/luxe…/1904/questions-rsd/ch01.htm

Add Comment

Click here to post a comment