کۆمۆنیزم

مۆدیلی ئابوری بەلشەفی چی بوە؟


لە بەرنامەوە تا دەسەڵات

*بەشی ١٥ لە کتێبی “حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم” نوسینی ئاسۆکمال

بۆ ئەوەی لە مۆدێلی ئابوری سۆشیالیستی حزبی بەلشەفی تێ بگەین دەبێ ئەو پرۆسەیە باس بکەین کە جێگای چینی کرێکار لە بواری ئابوری و ئیداری دەوڵەتی بەلشەفیدا چیە؟ بزانین چ سیستەمێکی ئابوری و بەرهەمهێنان لەڕوسیادا لەلای بەلشەفیەکان دادەمەزرێ و بۆچی پێی دەوترێ سۆشیالیزم؟ ئایا کۆتایی هێنان بە موڵکایەتی تایبەتی و شەخسی سەرمایەدارەکان و موڵکایەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و کارکردنی هەموو هاوڵاتیەک وەک کرێکار و بەکرێی یەکسانەوە، سیستەمی بەرهەمهێنان دەکاتە سۆشیالیستی؟ ئایا بونی بەرنامە و پلانی ئابوری و دابەشکردنی سەرمایە و بەرهەم بەپێی نەخشە و لەلایەن دەوڵەتەوە، لە دەست شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و ئاژاوە و ئەزمەی بازاڕ و دابەزینی توانای کڕین و ئاستی گوزەرانی کرێکاران ڕزگارمان دەکا؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە ڕوبەڕوی سۆشیالیزمی سەدەی ٢٠ و ٢١ بوەوە و بەلشەفیزم و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، کە لایەک لە دنیای سەدەی ٢٠ و ئێستاش چین و کوبا و بەرنامەی زۆرێک لە حزبە کۆمۆنیستەکانی گرتۆتەوە، تەنیا مۆدێلێک بوە کە لە زیاتر لەسەدەیەکە بە کردەیی بینیومانە و هێشتا لەناو مۆدیلی چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکاندا ڕەواجی هەیە. هەربۆیە لێکدانەوە لەم تەجروبەیەی مۆدیلی سۆشیالیستی بەلشەفی و بەرنامە ئابوریەکەی گرنگیەکی زۆر و چارەنوسازی هەیە لە خستنەڕووی مۆدێلێکی نوێی کۆمۆنیزم کە جیاوازبێ لەم مۆدێلە . بێگومان ڕەخنە لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی پێویستە بەرەو مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی و ئابوری کۆمۆنیستیمان بەرێ.

سۆشیالیزم لە بەرنامەی بەلشەفیدا

حزبی بەلشەفی وەک حزبێکی کرێکاری لە دڵی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەدا شکڵدەگرێ و گەشەدەکا کە هەر سێ چینی کرێکار و جوتیار و سەرمایەداریش پێکەوە دەیانەوێ لەدەست قەیسەریەت و ئەرستۆکراسی ڕزگاریان بێ چونکە قەیسەریەت ڕیگرە لەبەردەم گەشەی سەرمایەداریدا. تێگەیشتنی سۆشیالیستی باو لەڕوسیادا ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بەم سۆشیالیزمە پێویستە سەرمایەداری لە ڕوسیادا گەشەبکا. بەڵام جیاوازی حزبی بەلشەفی لەسیاسەتدایە لەگەڵ باقی سۆشیالیستەکاندا،بەوەی دەڵێن ئەم حزبە لە شۆڕشێکی دیموکراتی بورژوازیدا بەدوای گەیشتن بە سۆشیالیزمەوەیە لەڕیگای گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە.
لە سێ قۆناغی جیای شۆڕشدا ئەم حزبە سێ دروشم بۆ گەیشتنە دەسەڵات بەرزدەکاتەوە، “دیکتاتۆریەتی دیموکراتی شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و جوتیاران”دا لە ١٩٠٥ ،”هەموو دەسەلاتێک بۆ شوراکان”ی نیسانی ١٩١٧ وە “دیکتاتۆریەتی پرۆلیاتاریا” لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ەوە، وەکو دەسەڵاتدارێتی حزبی بەلشەفی باس دەکرێ.
ئەم دروشمانە جەختکردنەوەیە لەسەر دەوری ڕابەری چینی کرێکار لە شۆڕش و دەسەڵاتی سیاسیدا. هەلومەرجی ئابوری هەر شتێک بێت لینین، بەپێچەوانەی مەنشەفیەکانەوە، جەخت لەسەر دەوری ڕابەری و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن بەلشەفیەکانەوە دەکاتەوە.لە دوو بەشی ٨و٩پێشودا ئەم مەسەلەیەمان وەک ناسێنەرەوە و جیاکەرەوەی بەلشەفیزم لە سۆشیال دیموکراتی ئەنتەرناسیونالی دووەم باسکرد.
بەڵام سۆشیالیزم لەم سێ دروشم و سێ قۆناغەدا مانایەکی ڕاستەوخۆیان وەک دامەزراندنی سیستەمێکی ئابوری نیە، بەڵکو لای بەلشەفیەکان سیستەمی ئابوری لە هەر سێ قۆناغەکەدا باسی گەشەپیدانی سەرمایەداریانەی ڕوسیایە. لەبەرئەوەی بەلای ئەوانەوە هێشتا ئوبەری ڕوسیا بۆ سۆشیالیزم ئامادەنیە و لەڕیگەی گەشەپێدانی سەرمایەداری دەوڵەتیەوە بنەمای شۆڕشی ئابوری سۆشیالیستی فەراهەم دەکرێت.
هەربۆیە ئێمە لە لێکدانەوەماندا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبێ ئەم بنەما ئابوریەی شۆڕشی ڕوسیا لە بەرچاوبگرین و بزانین ئایا بەلشەفیەکان چۆن ویستویانە لە ڕێگەی گەشەی سەرمایەداریەوە سۆشیالیزم دامەزرێنن؟
وەک پێشتر وتمان ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لەم لێکۆڵینەوەیەدا بیدۆزینەوەیە پەیوەندی نێوان سەرمایەداری دەوڵەتی و مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی بەلشەفیزمە. لەم ڕیگەیەوە دەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتی لە ئاستی ئابوری و سیاسیدا خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ سەرمایەداری دەوڵەتی و حکومەتی بیرۆکراتی سۆڤیەت و مۆدیلی حزبی بەلشەفیدا چیە؟ لەبەشەکانی پێشودا سەلماندمان کە چۆن مۆدیلی سیاسی حزب و دەوڵەتی بەلشەفی چارەنوسی هەنگاوە ئابوریەکان دیاری کرد و نیشانماندا کە چۆن شۆڕشی کرێکاری لەبەرامبەر ئەرکە سیاسیەکانی، واتە هێنانەئارای مۆدێلی دەسەڵاتدارێتی هەموو چینی کرێکار شکتی هێنا و هەربۆیە ئەرکی ئابوری سۆشیالیستیشی پەیڕەو نەکرد و مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی گونجاو لەگەڵ دیکتاتۆری حزبیدا جێبەجێکرد.
هەربۆیە ئێمە لە لێکدانەوەماندا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دەبێ ئەم بنەما و ئەرکە ئابوریەی بەلشەفیەکان لە شۆڕشی ڕوسیا لە بەرچاوبگرین، کە خۆیان قەناعەتیان پێی بوە و بەرنامەیان بۆداناوە،وە بزانین ئایا بەلشەفیەکان چۆن ویستویانە لە ڕێگەی گەشەی سەرمایەداریەوە سۆشیالیزم دامەزرێنن؟ وە ئەم لێکۆڵینەوەیەمان بۆئەوەیە بزانین بەلشەفیزم چ مۆدێلێکی سۆشیالیستی دامەزراندوە ؟وە لەم پرۆسەیەدا چ گۆڕانکاریەک بەسەر پەیوەندی ئەم حزبە کرێکاریەدا لەگەڵ سەرجەم چینی کرێکارداهاتوە کاتێک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتوە؟

لەشۆڕشی یەکەمدا
لینین لە ساڵی ١٩٠٥دا دەڵێ” شۆڕش دەسەڵاتی بورژوازی بە‌هێزدەکا.ئەم مەسەلەیە لە ڕژێمی کۆمەڵایەتی و ئابوری ئێستادا واتە سەرمایەداری ناچاریە.”*1هەروەها دەڵێ”مارکسیستەکان بەتەواوەتی باوەڕیان وایە کە شۆڕشی ڕوسیە خەسڵەتێکی بورژوازی هەیە. ئەمە مانای چیە؟ واتە ئەو ریفۆرمە دیموکراتیانە لە ڕژێمی سیاسی و ئەو ریفۆرمە کۆمەڵایەتی و ئابوریانەی کە بۆ ڕوسیا خەسڵەتی پێویستی پەیداکردوە،خۆبەخۆ نەک تەنیا هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارێتی بورژوازی فەراهەم ناکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بۆ یەکەم جار زەمینەی واقعی بۆ گەشەی فراوان و خێرای ئەوروپایی، ونەک ئاسیایی ، سەرمایەداری ئامادە دەکەن و بۆیەکەم جار دەسەڵاتدارێتی بورژوازی وەک چینێک ڕێگەپێدەدەن.” *2
لینین لەساڵی ١٩١٢ش دەڵێ”ئێستا ڕوسیا دەورانی ریفۆرمی بورژوازی بەسەردەبا نەک دەورانی ریفۆرمی پرۆلیتاری، مەسەلەیەک کە ئێستا بە گەیویی کۆتایی خۆی گەیشتوە ئازادی ئابوری پرۆلیتاریا نیە بەڵکو ئازادی سیاسی واتە(لە ناوەرۆکی مەسەلەکەدا) ئازادی تەواوی بورژوایانەیە.”*3

لەشۆڕشی دووەمدا
لینین لەساڵی ١٩١٧دا دوای شۆڕشی شوبات دەڵێ” شەڕی ئیمپریالیستی لەڕوانگەی ئۆبژێکتیڤەوە دەبوایە بەناچاری بەشێوەیەکی بێ وێنە خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریای دژی بورژوازی خێرابکردایە و بیگۆڕیایە بە شەڕی ناوخۆیی نێوان چینە دژ بەیەکەکان.
ئەم گۆڕینە بەهۆی شۆڕشی شوبات-مارسی ١٩١٧ دەستی پێکردوە کە لەیەکەم قۆناغیدا یەکەم لێدانی هاوبەش بوو لە قەیسەریەت لەلایەن دوو هێزەوە بوو کە بەئیمەی نیشاندا ؛یەکێکیان تەواوی بورژوازی ڕوسیا و دوەمیان لەلایەن شورای نوێنەرانی کرێکاران کە دەستی کردوە بە ڕاکێشانی نوێنەرانی سەربازان و جوتیاران.”*4
” خەباتی نێوان ئەم سێ هێزە(پاشماوەی قەیسەریەت، بورژوازی و شورا کریکاریەکان) دیاریکەری وەزعێکە کە ئێستا هاتۆتە ئاراوە و ڕاگوزەرە لە قۆناغی یەکەمی شۆڕش بە قۆناغی دوەمی شۆڕش.”*5
بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستیە چیە؟
لینین دەڵێ” سەرکەوتنی پرۆلیتاریا ئیمکانی نیە لەڕوسیا، لە داهاتویەکی نزیکدا، مەگەر یەکەم هەنگاوی ڕیگەبدات کە کرێکاران پشتیوانی زۆربەی جوتیارانی خەباتکار لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی هەموو موڵکایەتی زەویوزاری گەورە بەدەست بێنن (وە خۆماڵیکردنی هەموو زەویەکان، ئەگەر دانماننا بەم بەرنامەیەی ‘١٠٤’ کشتوکاڵدا.کەوەک بەرنامەی جوتیاران لەناوەرۆکدا مایەوە). لەپەیوەند بەم شۆڕشە جوتیاریەوە و لەسەر بنەمای ئەمە ئیتر دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە و پێویستە، لەپێناو چاودێری بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەرهەمەکاندا، وە کارکردن بە ‘سیستەمی کاری ناچاری’،هتد..ئەگەر لە تێکڕای خۆیدا و لە گەشەکردنیدا سەیری بکەین ، دەبینین ئەم کارانە گواستنەوەیەکە بەرەو سۆشیالیزم، کە لەڕوسیا یەکسەر دەست پێ ناکا ، بەیەک کەڕەت، بەبێ هەنگاوی گوزەر و تێپەڕین ، بەڵام جێبەجێکردنی مومکینە بەتەواوەتی و خۆی دەسەپێنێ بەشیوەی جەختکردنەوە بەهۆی ئەم هەنگاوانەوە.” *6
کاتێک لە دروشمی ئەم قۆناغەی دوەمی شۆڕشی ١٩١٧ دەڕوانین بریتیە لە” ئاشتی ، نان و ئازادی”.” پرۆلیتاریا بەڕێکەوتن لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەیدا( جوتیاران و پرۆلیتاریای وڵاتانی شەڕکردوو و پرۆلیتاریای جیهانی) دەتوانێ سەرەتا لەڕیگای بەدەستهێنانی کۆماری دیموکراتی و سەرکەوتنی تەواوی جوتیاران بەسەر خاوەن موڵکەکان و سەرنگومی نیوە دەسەڵاتی گوچف-میلیوکف و دواتر لەڕێگای گەیشتن بە سۆشیالیزم، واتە تەنیا ئامڕازێ کە دەتوانێ ” ئاشتی ، نان و ئازادی “بداتە میللەتانی ستەملێکراو لەدەست شەڕ ، هەنگاو هەڵگرێ و هەنگاو هەڵدەگرێ.”*7

لەشۆڕشی سێهەمدا

لینین دروشمی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە” ئاشتی ، نان و ئازادی” دادەنێ .
کەواتە سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەگەر هەلسەنگێنرێ دەبێ لە ڕوانگەی ئەم دروشمەی شۆڕشەوە بزانین کە تا چ ڕادەیەک سەرکەوتوبوە؟
“ئاشتی” دژی شەڕی جیهانی یەکەم دروشم و داوایەکی ڕۆشنە کە پەیوەندی بە کۆتایی هێنانی بەشداری ڕوسیا لە جەنگی جیهانیدا هەیە و ئەمە ناوەرۆکی سۆشیالیزم ڕۆشن ناکاتەوە، بەڵام داوایەکی چینی کرێکار و جوتیاران وسەربازانی ڕوسیا بوە و بەلشەفیکەکان توانیویانە لەڕێگەی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە ڕوسیا لەو شەڕە جیهانیە دەربهێنن.
لە دروشمی “نان و ئازادی”دا سۆشیالیزم بەوە ڕۆشن کراوەتەوە کە “خەڵک دەتوانن لەبەرامبەر”گرانی و نەبونی” نان بەدەست بهێنن تەنیا لەڕێگەی ئەو هەنگاوانەی کە لەبەرامبەر پیرۆزبونی سەرمایە و موڵکایەتیدا سەری ڕیز دانانەوێنن.” لەم بارەیەشەوە دەوڵەتی سۆڤیەتی موڵکایەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویەکانی کردە موڵکی دەوڵەت و هەوڵی دابینکردنی “نان”ی دا.
“ئازادیش ، لەبەرئەوەی ئەم حکومەتە، حکومەتی خاوەن زەویەکان و سەرمایەداران لەخەڵک دەترسێت و لەگەڵ خانەدانەکانی رۆمانوفەکاندا خەریکی بەندوبەستە.”*8 بەلشەفیەکان بە لەدەسەڵات خستنی کرنسکی و کادیتەکان کۆتایی بە دەسەڵاتی هێزە بوروازیەکان هێنا و بەم مانایە “ئازادی” لەدەست دەسەڵاتی بورژوازی جیبەجێکرد.
گرنگی ئۆکتۆبەر لەوەدایە کە چینی کرێکار شۆڕش بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا دەبا و چاوەڕوانی بورژوازی ناکا و ناکەوێتە دوای جێگیر بونی دەسەڵاتی “دیموکراتی” بورژوازیەوە تا داخوازیەکانی شۆڕشی بۆ جێبەجێ بکا.وەک لینین دەڵێ”مەسەلەی سەرەکی هەر شۆڕشێک مەسەلەی هێزی دەسەڵاتدارێتیە لەوڵاتدا.بەبێ ڕۆشنکردنەوەی ئەم مەسەلەیە ناتوانرێ سەبارەت بە بەبەشداری ئاگایانە لەشۆڕشدا و بەشێوەیەکی سەرەتایی باسی ڕابەری بکرێ.”.”لەڕوسیا دەوڵەتێک لە چەشنی کۆمۆنەی پاریس هەیە(شورای کرێکاران وسەربازان)”هەربۆیە دەبێ “حکومەتی کاتی (بورژوازی) یەکسەر لەکاربخرێ” و “کرێکارانی وشیار لایەنگری تاک دەسەڵاتی شوراکانی کرێکاران و جوتیاران و سەربازانن”.*9
شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەم گرتنە دەستی دەسەڵاتەدا و جێبەجێکردنی دروشمی شۆڕش” ئاشتی ، نان و ئازادی” سەرکەوتوبوو، بەڵام دەبێ بزانین کە لەم سێ شۆڕشەدا لای بەلشەفیەکان باس لە گۆڕینی سیستەمی ئابوری ڕوسیا بە سیستەمێکی سۆشیالیستی نیە .بەڵکو ناوەرۆکی ئابوری ئەم شۆڕشانە باسی گەشەپیدانی سەرمایەداریە و لەدواتردا و تەنیا لەم “دەرگایەوە” گواستنەوە بۆ سۆشیالیزم ئیمکانی هەیە.
سۆشیال دیموکراسی ڕوسیا ،بە هەموو باڵەکانیەوە، لینین و بەلشەفی و بلیخانوف و مەنشەفیەکان، لەسەر پێویستی گەشەپێدانی سەرمایەداری لەڕوسیا هاوڕابون .لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەم دەورانە شۆڕشگێرانەیەی ڕوسیادا دژ بە یۆتۆپیای پۆپۆلیستەکانی نارودنیک و سۆشیال شۆڕشگێڕەکان بوە کە دەیانویست لە قەیسەریەتی فیودالی و ئەرۆستۆکراسیەوە بچن بۆ سۆشیالیزم بەبێ تێپەڕین بە سەرمایەداریدا. بەڵام لەهەمان کاتدا بەلشەفیزم دژی ئەو ڕەوتە سۆشیال دیموکراتیە مەنشەفیەش بوو ،کە لەم شۆڕشە دیموکراتیە و لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ڕوسیا و ئەزمەی دەسەلاتدارێتی بورژوازی ڕوسیادا ، دەیویست لە سایەی دیموکراسی پەرلەمانی و دەوڵەتی بورژوازیدا وەک ئۆپۆزسیۆنێک بمێنێتەوە و لەگەڵ شۆڕشی سیاسی سۆشیالیستی بەسەر حکومەتی کاتی بورژوازیدا نەبوو. بەڵام لێرەدا پرسیارەی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بەلشەفیەکان لە شۆڕشی ڕوسیادا و دوای گەیشتن بەدەسەڵات چیانکرد بۆ قۆناغی” گەیشتن بە سۆشیالیزم”؟ وەچ جۆرە سۆشیالیزمێکیان دامەزراند؟

سۆشیالیزم دوای دەسەڵات

چۆنیەتی گەیشتن بە سۆشیالیزم گرێ کوێرەی بەلشەفیەکان و شۆڕشی ئۆکتۆبەرە. بۆ تێگەیشتن لەم ڕیبازە سۆشیالیستیەی بەلشەفیەکان ئێمە دەبێ لە سێ بواری جیادا هەنگاوەکانی حزبی بەلشەفی هەڵسەنگێنین لەبوارەکانی ئابوری ، لەبواری پەیوەندی لەگەڵ چینی کرێکار و بزوتنەوەی شورایی و سەندیکایی ، وە لەبواری حزب و دەسەڵات – دەوڵەت تابزانین بەرنامەی “گەیشتن بە سۆشیالیزم” چی بوە و بەرەو کوێ چوە؟

دوای گرتنی دەسەڵات ئابوری ڕوسیا بەناوی کۆمۆنیزمی جەنگی بەڕیوە دەچوولە ١٩١٨تا ١٩٢١ ،کە وەک ترۆتسکی دەڵێ” ڕیکخستنی بەکاربردن بوو لە قەڵایەکی گەمارۆدراودا” کە پشتیوانی پیشەسازی جەنگ و ڕزگارکردنی خەڵک بوو لە برسێتی*10 و بە “هاوشیوەی ‘سۆشیالیزمی جەنگ’ی وڵاتە سەرمایەداریەکان”ی دادەنێ.!
ئەم بەرنامە سۆشیالیستیە لە کانونی دوەمی ١٩١٨ پەرلەمانی ڕوسیا بەناوی” جاڕنامەی مافەکانی خەڵکی کرێکار و چەوساوە” بڵاویدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێ کە ” هەڵوەشانەوەی مولکایەتی تایبەتی زەوی. دەکرێتە موڵکی گەل. چاودیری کرێکاری و لیژنەی باڵا بۆ ئابوری نیشتمانی . کردنی کارگە و کانەکان و هێڵی ئاسن و بانکەکان دەکرێتە موڵکی دەوڵەت. هەموو کەس دەبێ کار بکا و چەکدارکردنی کارگەران و دروستکردنی سوپای سوری سۆشیالیستی و چەک کردنی هەموو چینە موڵکدارەکان.” *11
دواتر لەساڵی ١٩١٩لینین لە “پێشنیاری تەواوی بەرنامەی حزب کۆمۆنیستی ڕوسیا “*12دا باس لەو هەنگاوە ئابوریانە دەکا کە دەوڵەتی سۆڤیەت دەیگرێتەبەر. لێرەداشدا ڕۆشنە کە سۆشیالیزم بریتیە لە “گواستنەوەی موڵکایەتی تایبەتی زەوی و کارگەکان و دامودەزگاکان و بانک بۆ موڵکایەتی دەوڵەت”. هەروەها باسی “دروستکردنی سەندیکا و هەرەوەزیە بەرهەمهێنەر و بەکاربردن” کراوە “*13 بەڵام سەرەڕای ئەمانەش بەرنامەی حزب لە ١٩١٩ ئەوە پەسەند دەکا کە” دەسەڵاتی شوراکان لە بواری دابەشکردندا بەردەوام دەبێ لە جێگرتنەوەی بازرگانی لەڕیگەی دابەشکردنی بەرهەمەکان بەشیوەی دابەشکردنێکی ڕیکوپیك لەئاستی نیشتمانیدا بەپێی نەخشەیەکی سەرتاپاگیری.” * 14
ئەمە پوختەی موڵکایەتی سۆشیالیستی بوو لە ڕوسیادا کە هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لە موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران و خاوەن زەویەکانەوە کردبوە موڵکی دەوڵەت. جگە لەمە شێوازێکی تری موڵکایەتی گشتی بەرهەمهێنەران لە ڕوسیادا لەبەرنامەدا نەبوە و جگە لە موڵکایەتی دەوڵەت هیچ مۆدێلێکی تر لە شیوەی موڵکایەتی ڕاستەوخۆی بەرهەمهێنەران نابینین.
بەڵام وەک ترۆتسکی دەڵێ ” گۆڕینی فۆرمی موڵکیەت مەسەلەی سۆشیالیزم چارەسەر ناکا بەڵکو تەنیا دەیخاتەڕوو.” *15
هەربۆیە موڵکیەتی دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە هەروەک موڵکایەتی تایبەتی سەرمایەداران تەنها یەکێک لە شێوەکانی موڵکایەتیە نەک گۆڕینی سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت. ئەمە شتێک سەبارەت بە سۆشیالیزم ناگەیەنێ . بەم شێوەیە بەرنامەی بەلشەفیەکان لە ١٩١٧ تا ١٩١٢١ باسی گۆرینی فۆرمی موڵکایەتیە لە سەرمایەداری خسوسی و فەردیەوە بە موڵکایەتی دەوڵەت و خۆماڵیکردنی زەوی و بانک و کارگەکان.
وەک مارکس دەڵی ” ‘پەیوەندی موڵکایەتی’ بریتیە لە ‘دەربڕینێکی قانونی’ یە لە ‘پەیوەندی بەرهەمهێنان’ێکی دیاریکراو*16.
کەواتە مەسەلەی سەرەکی سۆشیالیزم بریتیە لە گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنان نەک شکڵە قانونیەکەی کە موڵکایەتیە. ئەم شکڵە قانونیە دەتوانێ لە سەرمایەداریشدا لە فۆرمی موڵکایەتی تایبەتی تاکە کەسیەوە بگۆڕێ بە موڵکایەتی چینایەتی دەوڵەت،17* بەبێ ئەوەی پەیوەندی بەرهەمهێنان و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هیچ ئالوگۆڕێکی بنەڕەتی و چینایەتی بەسەردا هاتبێ.
باسەیری ئەم واقعیەتە بکەین لە ڕوسیادا.
لینین پێشتر وتی کە ” لەپەیوەند بەم شۆڕشە جوتیاریەوە و لەسەر بنەمای ئەمە(شۆڕشە جوتیاری) ئیتر دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە”. *18ئەم شۆڕشە زەوی خاوەن موڵکە گەورەکانی کردە موڵکی دەوڵەت و هاوکات “دابەشکردنی کشتوکاڵی کە میراتی ڕابردوو بوو دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر زیادی کرد ، وە لە ١٩٢٦ تا ١٩٣٦لە ١٦ ملێۆنەوە بوە بە ٢٥ ملێۆن پارچە زەوی.”*19
دواتر گەشەی موڵکایەتی تایبەتی جوتیاران بوە مایەی گەشەی جوتیارە دەوڵەمەندەکان کە سلفەیان لەدەوڵەت وەردەگرت و باجی سەر جوتیارە هەژارەکان کاریگەری زیاتری هەبوو لەسەر ژیانیان و زێدەبەرهەمی گەنمی عەمباری دەوڵەمەندەکان بوە ئامڕاز کۆیلەکردنی جوتیارە هەژارەکان. و پاشان ئەمە کاریگەری لەسەر دەولەت دانا و یاسای کریکاری کرێگرتە لە کشتوکاڵدا و بەکرێدانی زەوی لە ساڵی ١٩٢٥ دەرکرا و ٦٠٪ گەنمی ئامادە بۆ بازرگانی لەدەستی ٦٪جوتیاراندابوو و بەشیوەیە گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ هەلوەشانەوەی خۆماڵیکردنی زەوی لە ١٩٢٥ دەستیپێکردەوە. *20
ئەمە شکستی سۆشیالیزم بوو لە کشتوکاڵدا کە لینین و بەلشەفیەکان پێیان وابوو لەسەرکەوتنی شۆڕشی جوتیارانەوە “دەستپێشخەریەکانی دواتری کرێکاران ئیمکانی هەیە”.
هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە لای بەلشەفیەکان ئەوە ڕۆشن بوە کە جێبەجێکردنی سۆشیالیزم وەک سیستەمێکی ئابوری مومکین نیە و پێویستە سەرەتا سەرمایەداری دەوڵەتی پەرەپێبدرێ. لینین لە ساڵی ١٩١٨دا دەڵێ” لە کۆماری سۆشیالیستی سۆڤیەت گواستنەوە بۆ سەرمایەداری دەوڵەتی هەنگاوێکە بۆ پێشەوە؟ ئایا ئەمە خیانەت لە سۆشیالیزم نیە؟”*21. ئەو بۆ پاساوی ئەم سیاسەتە ئابوریە باس لە شێوازەکانی موڵکایەتی لە ڕوسیاسا دەکا و دەڵێ “توخمەکانی شیوازە کۆمەڵایەتی-ئابوریە جۆراوجۆرەکانی ڕوسیە بریتین لە:
١-ئابوری پاتریارکال،ئابوریەک کە بەڕادەیەکی زۆر خەسڵەتی سروشتی و جوتیاری هەیە.
٢- ئابوری کاڵایی بچوک (هەموو ئەو جوتیارانەی دەغڵ و دان دەفرۆشن لەم گروپەن)
٣-سەرمایەداری تایبەت
٤- سەرمایەداری دەوڵەتی
٥- سۆشیالیزم
ئەمانە وەک ئابوریەکی تێکەڵاو کە لە سەرەوە باسکراوە و بە “قۆناغی گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ کۆمۆنیزم” ناسێنراوە. دواتر لە ١٩٢١ حزبی بەلشەفی بەرنامەی نوێی ئابوری “نیپ” جێبەجێ دەکا. لینین لە پاساوی ئەم سیاسەتەی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیادا گەشەپیدەدا دەڵێ؛”مەگەر ڕۆشن نیە کە، ئێمە لە باری مادی،ئابوری و بەرهەمهێنانەوە هێشتا لە’بەردەگای’سۆشیالیزمدانین؟ وە هیچ ڕیگەیەککی ترمان جگە لەم ‘دەرگایە'(سەرمایەداری دەوڵەتی) ناتوانرێ لەدەرگایەکی ترەوە بەرەو سۆشیالیزم هەنگاو بنێین؟”.*22
هەروەها لینین لەنێو ئەم شێوازە ئابوریانەدا دۆست و دوژمنەکانی سۆشیالیزم دیاری دەکا و دەڵێ:
“ئەوە سەرمایەداری دەوڵەتی نیە کە لێرەدا خەبات دژی سۆشیالیزم دەکا، بەڵکو وردەبورژوازی سەرەڕای سەرمایەداری خسوسیە کە بە ڕیکەوتن و لەیەک کاتدا هەم دژی سەرمایەداری دەوڵەتی و هەم دژی سۆشیالیزم دەجەنگن.”*23.
لە ڕوانگەی ئابوری بەلشەفیەکانەوە لە بەرئەوەی سەرمایەداری دەوڵەتی دژی سۆشیالیزم ناجەنگێ کەواتە ترسی شکستی سۆشیالیزم لە ئابوری کاڵایی بچوک و لەگەڵ وردەبورژوازیدایە.
هەربۆیە لینین دەڵێ:”یان ئێمە وردەبورژوازی دەکەینە پاشکۆی کۆنترۆل و حسابی خۆمان ، یان ئەو ئێمە بەناچاری و حەتمی حکومەتی کرێکاری دەپوکێنێتەوە. بەهەمان شێوەی ناپلیۆنەکان و کاونیاکەکان، کە بەهەمان شێوە لەسەر زەمینەی هەمان وردە خاوەن موڵک سەریان بەرزکردەوە و شۆڕشیان لەناوبرد.”*24.
پەنابردنە بەر ئەم نەخشە ئابوریە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە “گەیشتن بە سۆشیالیزم” پیویستی بە گەشەپیدانی هیزەکانی بەرهەمهێنانە و ئەمەش لەڕیگەی سەرمایەداری دەوڵەتیەوە دەکرێ. هەڵسەنگاندنی لینین ئەوەیە کە “ئێمە دەبێ لە سەرمایەداری وەک ئەڵقەیەکی ناوەڕاستی پەیوەستکردنی بەرهەمهێنانی بچوک و سۆشیالیزم ،و وەک ئامڕازێک، ڕیگایەک، شێوە و چۆنیەتی بردنەسەرەوەی ئاستی هێزە بەرهەمهێنەرەکان سودی لێوەرگرین.”*25
لەبەرئەوەی “سەرمایەداری دەوڵەتی لە باری ئابوریەوە لەئاستێکی باڵاتر لە ئابوری ئێستای ئێمەدایە”*26
لەدرێژەی ڕۆشنکردنەوەی چۆنیەتی کارکردنی سەرمایەداری دەوڵەتی دا باس لەڕیگەی ئیمتیازات و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان’کۆپراسیۆن’ەکانەوە و دەڵێ”نمونەی ئەوەی چۆن حکومەتی سۆڤیەت گەشە بەسەرمایەداری دەدا تا بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی دەبا، بریتیە لە ئیمتیازەکان. ئەمە بریتیە لە ڕیکەوتنامەی نێوان حکومەتی سۆڤیەت لەگەڵ سەرمایەداری دەوڵەتی.خاوەن ئیمتیازەکە –سەرمایەدارێکە،کۆمپانیایەکە،یانەیەک و کارتل وترەستێکە.ئەم ئیمتیازە لەبورای پیشەسازی گەورەی ئامێرەکاندایە.
کۆمەڵەی هەرەوەزیش جۆرێک لە سەرمایەداری دەوڵەتیە کە لە بەرهەمهینەرانی کاڵابچوکەکاندایە.ئازادی ئەم کۆمەڵە هەرەوەزیانە لە دۆخی ئێستای ڕوسیادا بەمانای ڕیگەدان بە ئازادی و مافە بە سەرمایەداری.
“ئەمە تاقیکردنەوەیەکە لە پیشبڕکێ لەگەڵ سەرمایەداری تایبەت(خسوسی)دا،یان ئێمە لەم پێشبڕکێیەدا بەسەر سەرمایەداری تایبەتدا سەردەکەوین یان شکستی تەواو دێنین.”*27
حزبی بەلشەفی لێرەوە دەبێ وەک سەرمایەدارێکی دەوڵەتی کە بەرهەمهێنان و بازرگانی و ئیدارەی دەوڵەتی بەدەستەوەیە پێشبڕکێ بکا لەگەڵ سەرمایەداری خسوسی و کۆمپانیا و ترەستە بازرگانی و خاوەن موڵک و سەرمایەدا.
وەک ترۆتسکی دەڵی ” خەبات لە پێناو زیادکردنی داهاتی کار، ناوەرۆکی چالاکی حکومەتی سۆڤیەتی پێک دەهێنێ.” *28
ئەم زیادکردنە پێیوستی بە”کاری بەپارچە” و سەعات کاری زیاتر لە “٧” سەعاتی فەرمی بوو. لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا لەساڵی ١٩٣٦ کە ستالین ڕایگەیاند سۆشیالیزم لە ڕوسیادا بەئەنجام گەیشتوە بەوەی کە “ڕۆبل بوەتە تاکە ئامڕازی ڕاستەقینەی جێبەجێبونی بنەمای سۆشیالیزم بۆ کرێی کار.”*29
لێرەوە هەموو شێوازەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە ڕوسیای بەلشەفیدا دەستی بەکارکردەوە و لەپاڵ ناچارکردنەوەی کرێکاران بە کارکردن بە کرێ بۆ دەوڵەت و لێسەندنەوەی زەوی لە جوتیاراندا و خاوەندارێتی سەرمایەداری دەوڵەت بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پارە ، یاسایی کەڵەکەبونی سەرمایە دەستپێکردو ئەمەیان بە “کەڵەکەبونی سەرەتایی سۆشیالیستی” لەقەڵەمدا هەرچۆن کەڵەکەبونی سەرەتایی سەرمایە لەسەرمایەداریدا هەیە.*30
“سەرمایەی جێگیر لە پیشەسازی ڕوسیادا بازیدا لە ١٠،٣ملیار ڕۆبلەوە لە ١٩٢٨بۆ ٢٢،٦ملیار ڕۆبڵ لە ١٩٣٢ و بۆ ٥٩،٩ ملیار ڕۆبڵ لە ساڵی ١٩٣٧دا”*31. لەگەڵ ئەم گەشەی گەورەیەی سەرمایەشدا “ئەگەرچی ڕێژەی توانای بەرهەمهێنەری کاری کرێکاری ڕوسی نزیکەی ٤لەسەر ٥ی توانای بەرهەمێنەری کاری کرێکارێکی بەریتانی بوو، لەم کاتەدا ئاستی گوزەرانی کرێکاری ڕوسیا چارەک یان ١لەسەر ٣ێی ئاستی گوزەرانی کرێکارێکی بەریتانی بوو.”*32
ئەمەش نیشانی دەدا کە یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زێدە بەرهەم و چونە سەری توانای بەرهەمهێنەری کاری کرێکاران لەلایەک، وە هەژاری و کەمبونەوەی توانای کڕین و دابەزینی ئاستی گوزەران لای جەماوەری کرێکار لەلایەکی ترە ،کە دەبێتە هۆی دروستبونی قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری ،لەڕوسیاشدا هەر هەمان یاسا بەسەر سەرمایەداری دەوڵەتیشیدا زاڵ بوو.
کاتێکیش کە ئابوری ڕوسیا توشی” هەڵئاوسانی گەورەی مالی بوو ئەمە بوە هۆی سەپاندنی باجی قورس بەسەر هاوڵاتیانی زەحمەتکێشدا.”*33.
بەکورتی ئەم سیاسەتەی “نیپ” کە ١٩٢١ داڕیژراو لە “کۆنگرەی ١٢ ساڵی ١٩٢٣ گەشەی پیدرا” لە کۆتاییدا بوە سەرکەوتنی هەموو میکانیزمەکانی سەرمایەداری لەچەشنی بازاڕ و بەهای گۆڕینەوە و بازرگانی و کاری بەکرێ و پارە و سەعات کاری زۆر و جیاوازی کرێ و ئیمتیازات دان و پاداشت وکاری بە پارچە و توندبونەوەی سەختی کار و کەڵەکەی سەرمایە و هەڵئاوسانی مالی. بەم پێیە “یاساکانی مافی بورژوازی” لەپرۆسەیەکدا جێگیرکران، کە لینین لەسەرەتاوە دەیوت”ترسی لە “نیپ” نەبوو چونکە لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.” *34
بەڕای من ئەمە پرسیاری سەرەکیە لە لینین و بەلشەفیزم کە چۆن سەرەڕای “نیپ” و سازدانەوەی سەرمایەداری لەڕوسیادا “چۆن لە حکومەتی سۆڤیەتدا دەسەڵاتدارێتی کرێکاران و زەحمەتکێشان مسۆگەرە.”؟!
هەر چەند لە بەشی ١٣و١٤ ی پێشودا ئەم مسۆگەریەی کە لینین باسی دەکا نیشانمان دا کە لەسایەی دیکتاتۆری حزبیدا چۆن بەرەبەرە دەسەڵاتدارێتی شورایی و ئازادی سیاسی لەناو حزب و لە کۆمەڵگەدا نەما.
بەڵام پیویست دەکا بەتایبەت بزانین کە مۆدیلی ئابوری سۆشیالیزمی دەوڵەتی و “نیپ” چۆن ئەم مسۆگەریەی لینینی بەتەواوەتی نەهێشت؟ زۆر پیویستیشە بزانین ئەم ئابوریەی سەرمایەداری دەوڵەتی چ ئاڵوگۆڕێک لە پەیوەندی حزبی بەلشەفی بە چینی کرێکارەوە دەهێنێتە ئاراوە؟ وە ئایا حزب و دەوڵەتی بەلشەفی چۆن دەگۆڕێن لەگەڵ ئەم سەرمایەداریە دەوڵەتیەدا؟
سەرچاوەکان:
*1 دوتاکتیکی سۆشیال دیموکراسی لە شۆڕشی دیموکراتیدا،ل٢٤٦،فارسی، منتخب اثار.
*2هەمان سەرچاوە ، ل ٢٥٤
*3لینین،دوو ئۆتۆپی،ل٣٤٦، فارسی، منتخب اثار.
4* لینین ، نامەکان لە دوورەوە، ل ٤٥٠، فارسی، منتخب اثار.
5*لینین، بەرنامەی جەنگی شۆڕشی پرۆلیتاریا،ل ٤٤٩، فارسی، منتخب اثار.
6* لینین، نامەکانی دووری، نامەی پێنجەم، ئەرکەکانی ڕیکخستنی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ بۆ دەوڵەت،مارسی ١٩١٧.https://www.marxists.org/ara…/archive/lenin/1917/letters.htm
7* لینین ، نامەکان لە دوورەوە، ل ٤٥٠، فارسی، منتخب اثار.
8* لینین، بەرنامەی جەنگی شۆڕشی پرۆلیتاریا،ل ٤٤٩، فارسی، منتخب اثار.
9* لینین ، دەربارەی دەسەڵاتی دوولایەنە،ل ٤٥٦و٤٥٧، فارسی، منتخب اثار.
10* ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ و سیاسەت بەرامبەر بە کۆلاک.*https://www.marxists.org/a…/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm
*11 لینین، المختارات، ل ٤٤٥-٤٤٤، بەرگی ٧.
12* بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا
https://marxists.catbull.com/…/works/1919/tarhe-barnameh.pdf
13* هەمان سەرچاوە ل ١٧
*14 هەمان سەرچاوە
*15 ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ و سیاسەت بەرامبەر بە کۆلاک.
https://www.marxists.org/a…/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm
*16مارکس، بەرەو ڕەخنە لە ئابوری سیاسی
https://libcom.org/…/economic-content-socialism-lenin-it-sa… ‘Towards a Critique of Political Economy’ (Preface), MESW: p 181
*17 مارکس ، کاپیتاڵ
45 DK III, ibid; Capital III, ibid
18لینین، نامەکانی دووری، نامەی پێنجەم، ئەرکەکانی ڕیکخستنی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ بۆ دەوڵەت،مارسی ١٩١٧.
*19ترۆتسکی، شۆڕشی خیانەتلێکراو، بەشی دووەم، کۆمۆنیزمی جەنگی، نیپ
https://www.marxists.org/a…/archive/trotsky/1936-rb/ch02.htm
*20 هەمان سەرچاوە
*21لینین، دەربارەی چەپڕەوی مناڵانە و مەیلی بورژوازی بچوک، ل ٥٢٠، المختارات، عەرەبی،مجلد٧، دارالتقدم.
22* هەمان سەرچاوە ، ل ٥٢١-٥٢٢

23* لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل٧٩٩و ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/…/works/1921/apr/21.htm
24* هەمان سەرچاوە، ل ٨٠٧
25* هەمان سەرچاوە ، ل ٨٠٠
26* لینین، دەربارەی چەپڕەوی مناڵانە و مەیلی بورژوازی بچوک، ل ٥٣٠، المختارات، عەرەبی،مجلد٧، دارالتقدم.
27* لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٥-٨٠٧، فارسی، منتخب اثار.
*28 ترۆتسکی،” شۆڕشی خیانەتلێکراو”، بەشی چوارەم، بزوتنەوەی ئیستاخانوفیزم.
https://www.marxists.org/a…/archive/trotsky/1936-rb/ch04.htm
*29 هەمان سەرچاوە
*30 ئارنست ماندل، بیرۆکراسی،
https://www.marxists.org/…/mandel/works/1973/boorkorasi3.pdf
*31 تۆنی کلێف، سەرمایەداری دەوڵەتی لە ڕوسیا،ل٢٢
https://ayman1970.files.wordpress.com/…/d8b1d8a3d8b3d985d8a…
*32 هەمان سەرچاوە ، ل٣١
*33 ، ترۆتسکی،” شۆڕشی خیانەتلێکراو”، بەشی چوارەم، هەڵئاوسانی دارایی سۆشیالیستی
https://www.marxists.org/a…/archive/trotsky/1936-rb/ch04.htm
*34 لینین، دەربارەی باجی کەلوپەل ، ل ٨٠٠، فارسی، منتخب اثار. https://marxists.catbull.com/archive/…/works/1921/apr/21.htm

Add Comment

Click here to post a comment