ڕیفراندۆم

رفراندۆم و مافی جیابونەوە ڕێگاچارەی خەڵکی کوردستانی تورکیایە

ماوەی دووڕۆژ سەرجەم خەڵکی کوردستانی تورکیا ڕژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریان دژ بە سیاسەتە شۆڤێنیەکانی حکومەتی ئیسلامی تورکیا بەرپاکرد. ئەم بزوتنەوەیە جەماوەریە نیشانی دەدا کە حکومەتی ئیسلامی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ناتوانێ درێژە بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتار و زیندانی کردن خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی تورکیا بێ دەنگ بکات و بەپێچەوانەوە درێژەپێدانی سەرکوتی قەومی و سڕینەوەی مافە مەدەنی و ئینسانیەکانی خەڵکی کورد لەتورکیا حکومەت و دەوڵەتی تورکیا ڕوبەڕوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و نافەرمانیەکی گەورەی مەدەنی دەکاتەوە.

تەجروبەی دەیان ساڵی مانەوەی کێشەی کورد لە تورکیادا نیشانی داوە کە مانەوە لە چوارچێوەی دەستور و دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر پلەدوویی و بەڕەسمی نەناسینی مافی هاوڵاتی یەکسانی کوردزمان لەگەڵ هاوڵاتیانی تری تورکیادا و سەپاندنی ناسنامەی قەومی تورکی بەسەر هەموو هاوڵاتیاندا ڕیگای داواکردنی مافی زمان و ئۆتۆنۆمی کردۆتە ڕێگایەکی داخراو کە تائێستا لە لایەن ناسیونالیزمی کورد لەتورکیادا (PKK)درێژەی پێدەدرێ و ڕێگای حکومەت و سوپای تورکیاشی داوە لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئیدعای هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی ئەم ریفۆرمە کەلتوریانە بکا و لەپاڵیشیدا بەتوندترین شێوە درێژە بەسیاسەتی سەرکوتی قەومی خەڵکی کورد بدا.مانەوە لە چوارچیوەی ئۆتۆنۆمی ڕیگایەکە کە خواستەکانی خەڵکی کوردستانی تورکیا بۆ ڕزگاربون لە ستەمی قەومی تەنیا دەکاتە داوای سەهم و پشکی حزبە ناسیونالیستەکان لە حکومەتی تورکیا و شەڕی ٣٠ساڵەی تائێستای تورکیا نیشانی داوە کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگاچارە نیە .

ڕێگاچارەی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامی و دەوڵەتی شۆڤێنستی تورکیا بەسەر خەڵکی کوردستانی تورکیادا بەڕەسمی ناسرانی مافی جیابونەوە و بەرپاکردنی رفراندۆمێکی ئازاد بۆ خەڵکی کوردستانی تورکیا دەزانێ و بەرزکردنەوەی ئەم داوایە خەباتی ئێستا بۆ کۆتایی پێهێنانی ستەمی قەومی بەسەرکەوتن دەگەیەنێ. ئەمڕۆ وێڕای پشتیوانی کردن لەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کوردستانی تورکیا کرا بۆ بەدیهێنانی مافە مەدەنی و ئینسانیەکانیان و داوای ئازادکردنی ئۆجالان کە لەلایەن خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کوردستانی عێراقەوە جگە لەپارتی ،گرنگە ڕێگاچارەی رفراندۆم و داواکردنی مافی جیابونەوە لەلایەن خەڵکی کوردستانی تورکیاوە بگیرێتە بەر تا بتوانێ کۆتایی بێنێ بە سیاسەتی سەرکوتی قەومی و شۆڤێنیستی حکومەتی ئیسلامی تورکیا. بێگومان ئەگەر بزوتنەوەی شٶڕشگێڕانە لە سەرانسەری تورکیادا بێتە ئارا بۆ گۆڕینی دەستور و بنەماکانی دەوڵەتی تورکیا کە لەسەر ناسنامەی قەومی تورکی دامەزراوە و دەوڵەتێکی غەیرە قەومی بۆ هەموو هاوڵاتیان و دانیشتوانی تورکیا پێک بێنێ ئەوا لەو ڕیفراندۆمەدا خەڵکی کوردستان دەنگ بە مانەوە لەگەڵ دەوڵەتێکی سکۆلاری غەیرە قەومی تورکیادا دەنێن .ئەگەر ئیمکانی ئەم ئاڵوگۆڕە لە دەستور و بنەماکانی دەوڵەتی تورکیادا نەبێ ئەوا ڕێگای جیابونەوەی کوردستانی تورکیا ڕێگای کۆتایی هێنان بە مانەوە لەسایەی سەرکوتی دەوڵەتی قەومی تورکیادا دەبێ. ئەمە تەجروبەی سەرکەوتوی کۆتایی هێنان بە شەڕ وکێشەی قەومیە کە لە تەیموری ڕۆژهەڵات و باشووری سودان تاقیکراوەتەوە و لە شوێنەکانی تریش وەک سەحرای ڕۆژئاوای مەغریب خراوەتە ڕوو.

 

Add Comment

Click here to post a comment