سێکولار

گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی ئیسکرا سەبارەت بە سێکولاریزم

گفتوگۆی ئاسۆ کمال لەگەڵ کەناڵی ئیسکرا سەبارەت بە سێکولاریزم کە لەلایەن ئاوات فەرخی ئەنجام دراوە

 

ئیسکرا: لەماوەی ڕابردودا 100 هه‌زار ئیمزاتان  بۆ ده‌ستورێكی‌ سیكۆلار کۆکردەوە، ئەم واژۆیانە چی به‌سه‌رهات؟

ئاسۆکمال:ناوەندی سێکولارلە کوردستان کەمپەینی “بەڵێ بۆ دەستورێکی سێکولار لە کوردستان”ی لە سەرەتای مانگی تەموز تا ناوەڕاستی ئابی ٢٠١٥ ئەنجامدا کە نزیک بە ١٠٠هەزار واژۆی خەڵک لە کوردستان و لەدەرەوەی ووڵات کۆکردەوە.ئەم واژۆیانە درایە لیژنەی نوسینەوەی دەستور و پەرلەمانی کوردستان تاکو لە کاتی خستنەڕاپرسی دەستوردا ئەو ئاڵوگۆڕانە لەڕەشنوسی دەستوردا بکەن کە ئەم کەمپینە و ١٠٠هەزار کەس داوایان کردوە.ئەو ئاڵوگۆڕانەش خۆی لەلابردنی مادەی ٦ی دەستور و ئەو مادانەی تردا دەبینەوە کە دینی ئیسلام دەکەنە سەرچاوەی یاسادانان و داڕشتنی یاساکانی باری کەسی بەپێی شەریعەتی ئیسلام و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەدانانی ئەو یاسا دینیانە.کەمپەینەکە بەکورتی ئەوەی داوای دەکرد بریتی بوو لە “، دەستورێکی سێکۆلار دوور لە هەڵاواردەکردنی ئینسانەکان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆف . دەستورێک بە حەق و حەقیقەت هاوڵاتی لە شوێنی شیاوی خۆی دابنێت و ئاین و مەزهەب نەکاتە شوناسی هاوڵاتیبوون”.

ئاشکرایە کاتێک پەرلەمان پەک خرا بەهۆی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە لەلایەن پارتیەوە ئیتر لیژنەی نوسینەوەی دەستور وپرۆسەی دەستور دانان لە کوردستان پەکی کەوت.هەربۆیە ئەو ١٠٠هەزار داوایەی خەڵکی کوردستان بۆ دەستورێکی سێکولار وەک خودی دەستور و پرۆسەکەی لەشوێنی خۆی مایەوەو هەرکات ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکاتەوە ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە کوردستان نوێنەرایەتی ئەو ١٠٠هەزار ئینسانە سێکولارە و دەنگ و بزوتنەوەی سێکولاریستی لە کوردستان دەکەین تا دەستورێکی سێکولار لەکوردستان دادەنرێ.

ئەم هەنگاوە و بەدەنگەوە هاتنی خەڵک بۆ کەمپەینی “بەڵێ بۆ دەستورێکی سێکولار”نیشانی دا کە خەڵکی کوردستان خوازیاری ئازادی و ڕزگاربونە لەدەست یاسا و دەستێوەردانی دینی لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیداو دەیەوێت مافە جیهانیەکانی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی جێگای ئەو یاسا و ڕێسایانە بگرێتەوە. کاری ئەم دوو مانگە لە دەنگدانی ١٠٠ هەزار کەس بە دەستورێکی سێکولار نیشانی دا کە خەڵك هوشیارە بەوەی دەوری یاسا  ئیسلامیەکان بەپێی تەجروبەی دەوڵەتە ئیسلامیەکانی وەک ئێران و سعودیە و هێزە ئیسلامیەکانی وەک داعش و حزبە  ئیسلامیەکانی کوردستان  چ کاریگەریەکی ترسناک و زیانباری لەسەر ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هەیە.

لەم مەیدانەی دەستوردا ئەم ڕاستیەمان بۆ سەلما  کە سەرەتا لە ڕاگەیاندنی ناوەندی سێکولار لە کوردستان ڕامان گەیاند کە،کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە و خوازیاری گەیشتن بە سیستەمێکی پێشکەوتوی سێکولارە و کوردستان پێویستی بە گۆڕینی

سیستەمە سیاسی و پەروەردەیی و یاساییەکەی هەیە بە سیستەمێکی سێکولار. ئەم هەنگاوە ئاڵوگۆرە   سێکولاریستیە وەک  بەشێک لە پاکێجی گۆڕانکاری و شۆڕشی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و کۆنەپارێزی ئێستای کوردستانە بە سیستەمێک کە یاسا و دەستور و هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی کردنی خەڵک مانای هەبێ و ڕاستەقینە بێت ،ئەگینا ناتوانین خەو بە دەستوری سێکولار و یاسای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانیەوە لە کوردستان ببینین .تاکوخاوەنی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بنەماڵەیی و پترۆمیلیشیاییە بین

 

ئیسکرا: کارو چالاکی ئێستای ناوندی سێکولار چیە؟

:

ئاسۆکمال؛ ناساندنی سێکولاریزم و گەڵاڵەنامەی سێکولاریزم بەرای گشتی وەک چەمکێکی فیکری،یاسایی و سیاسی ،وەک پرەنسیپێک و چوارچێوەیەک بۆ سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ، وە ئاشناکردنی ڕای گشتی بە ئەزمونەکانی سیستەمە سێکولارەکانی ئەمڕۆی جیهان و میکانیزمەکانی کارکردنی ئەم سیستەمە. باسکردنی دەور و کاریگەری دین لە یاسا و دەستور و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەوری ئیسلامی سیاسی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و دەوری بزوتنەوەی سێکولاریستی لە  شەڕی فکری و سیاسی دژی داعش و بەدیلی ئیسلامی لەناوچەکەدا .

 

ئەم کارە لەم ڕێگایانەوە دەبرێتە پێشەوە:

١- سایتی سێکولار گفتوگۆ لەگەڵ کەسایەتی و نوسەران بکا و تەوەری دایەلۆگێکی فیکری و زانستی دابنێ.

٢- دانانی کەناڵیکی یوتیوب بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو چاوپێکەوتن و کلیپی ریکلامی ناوەند.

٣- کارکردن بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی هەفتانە و بەردەوامی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی و سود وەرگرتن لە مینبەر و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکانەوە.

٤- گرتنی کۆڕ ،پانێل و کۆنفرانس لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ولە زانکۆو پەیمانگەکان و لەنێوەندە فەرهەنگیەکاندا و لە ووڵاتانی دەرەوە.

٥- بەریوەبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (فەیس بوک وتیوتەر وهتد

٦- بەرهەمی لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتنە گرنگەکان لە  گۆڤاری “سێکولار”دا بڵاوبکرێتەوە

٧- هەڵوێستگرتن لە ئاستی ڕوداوەکان لە ڕێگای دەرکردنی بەیاننامە و وتە و ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەوانی.

 

٨- سەردانی حزب و رێکخراوی ناوخۆیی و جیهانیەکان و دانیشتن لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و دەزگا نێودەوڵەتیەکان بۆ ناساندنی ناوەندی سێکولار و تۆماری سەدهەزار ئیمزای “داوای جیایی دین لەدەوڵەت لە کوردستاندا” و ڕاکێشانی پشتیوانیان لە ناوەندی سێکولار و گەڵاڵەنامەکەی.

.

ب- کاراکردن و فراوانکردنەوەی دەستەکانی کار لە کوردستان و دەرەوەی وڵات و دابەشکردنی کارەکانی سەرەوە بەسەر ئەندامانی دەستەکەدا.

 

ئیسکرا:لە کوردستان فکر و بیری ئیسلامی چ کاریگەریەکی لەسەر فەزای فکری و لێکۆڵینەوە و زانست و پەروەردە هەیە و چ ڕێگریەکی لەبەردەم سێکولارکردنی فکری کۆمەڵگەدا هەیە؟

ئاسۆکمال:بەگشتی کۆمەڵگەی کوردستان لەژێر کاریگەری فکر و بیرو دابونەریتی ئیسلامدایە و بزوتنەوەیەکی فکری وسیاسی ڕەخنەگرانەلەئیسلام نەیتوانیوە ئەم فەزا فکری و کۆمەڵایەتیە بگۆڕێت وببێتە بەدیلی ئیسلام وەک بیروباوەڕی زاڵ لە کۆمەڵگەدا.لە٢٥ ساڵی دەسەڵاتدارێتی ناسیونالیزمی کوردیشدا هەرچی زیاتر جێگەو ڕێگای ئیسلام بەهێزتر کراوە. لەبواری یاساکاندا شەریعەتی ئیسلام هێلراوەتەوە وتەنانەت فرەژنی زیاد کراوە.لەبواری سیاسیدا کۆمەک و بودجە دراوەتە حزبە ئیسلامیەکان و لەسەر داوای جمهوری ئیسلامی ئێران لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دراوە.لەبواری ئیدارە و کۆمەڵایەتیدا سوڵحی عەشایری و ئیسلامی لەلایەن مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکانی یەکێتی و پارتیەوە کراوە و تاوانبارانی کوشتنی هەزاران ژن ئازادکراون.لەپەوروەردە وخوێندندا هەمان وانە و تێکستە ئیسلامیەکان دەخوێندرێ و کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی هەزاران کادیری توندڕەوی پەروەردەکردوە.وەزارەتی ئەوقاف ومزگەوتەکان بونەتە مەڵبەندی هێرشکردنە سەرمەدەنیەت و ئازادیخوازی و کارگەی فکر و  کادری داعشی دروستکردن.

ئەم فاکتەرانە کاریگەریان لەبواری فکری،سیاسی و پەروەردەیدا داناوە و جیاکردنەوەی دین و ئیسلام لەدەسەڵاتیان سەخت کردوە و شەڕی  سێکولاریز م لەسەرئاستی گۆڕینی سەرجەم سیستەمەکەیە.ئێمە پێویستمان بە بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەفکر و دابونەریت وکلتور وسیاسەت و دامودەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی هەیە.پێویستمان  بەبزوتنەوەیەکی جەماوەریە بۆ گۆڕینی یاساکان و دانانی دەستورێکی سێکولار ووەلانانی دەسەڵاتی ئیسلامیەکان ویەکێتی زانایانی ئیسلام و هەڵوەشانوەی لیژنەی فەتوا.پێویستمان بەکاری گروپ و ڕێکخراوە و کەمپەینەبۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی مەلاکان بۆسەر ژنان و نوسەران و ئازادیخوازان.پێویستمان بەکاری گروپ و لایەنە پەروەردەییەکانەبۆ گۆڕینی مەنهەجی خوێندن و پەروەردە بە مەنهەجێکی زانستی وسێکولار.

ئیسکرا: لە کوردستان بزوتنەوەی ڕەخنەگری دینی هەیە؟لە چ ئاست و

بوارێکدا لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا لە ململانێدایە؟

ئاسۆکمال: کۆمەڵگەی کوردستان لەناوەڕاستی سەدەی بیستەوە ڕەوتێکی ڕوو لە مەدەنیەتی  ڕۆژئاواوڕوو لەزانست و پێشکەوتویی تێایداسەرهەڵدەدا کە ڕەخنە لەدواکەوتویی دینی دەگرێ وسەرەتا لە شیعر و ئەدەب و دواتر لە خوێندن و سیاسەتیشدا دەبینرێ.بەڵام وەک بزوتنەوەیەکی فکری و ڕەخنەگرانە نەبوە کە بنەماکانی دین و ئیسلام لە فەلسەفە و سیاسەت  و کۆمەڵگەدابگۆڕێ وناسیونالیزمی کورد کە بزوتنەوەی باڵادەست بوە لە کوردستاندا هەمیشە پشتی بەدواکەوتویی فکری و بەئیسلام بەستوەوباڵی چەپی ئەم بزوتنەوەیەش کە “کۆمەڵەی  ڕەنجدەران” بوە خۆی لەم جۆرە ڕوبەڕوبونەوەیە پاراستوە. “حزبی شیوعی” یش وەک بزوتنەوەیەکی ریفورمیستی بورژوازی لەمێژوی خۆیدا لە کوردستان ڕوبەڕوبونەوەی فکری وڕەخنەگرانەی لە ئیسلام نەبوەو ئەوەی هەبوە لە پەراوێزی ململانێ لەگەڵ  دەرەبەگایەتیداڕەخنەی لەدەوری مەلا و دابونەریتی دواکەوتوانەگرتوە بەڵام لەمێژوی نزیکیدا هاوشێوەی حزبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکان ڕێز بۆ فکر و دابونەریت و پیرۆزیەکانی ئیسلامدادەنێت.

ڕۆشنبیران و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەرەتای دەیەی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا جەوێکی نوێیان هێنایە ئارا بە ڕەخنەگرتن لە فکر و یاسا و دابونەریتی ئیسلامی لەکوردستان.لەدوای ١١سێپتەمبەریشەوە مەیدانی سیاسی لە ئیسلامیەکانی کوردستان بەرتەسک بوەوە و ئێستاش لەدوای هاتنی داعش ڕەوتی ڕەخنەگری لە فکر و دەوری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیسلام و ئیسلامیەکان بەرەو پێش دەچێ و شەڕی داعش فشارێکی لەسەر ئیسلامیەکانی کوردستان داناوە و بەم پێیەش بزوتنەوەی ڕەخنەگری و دژی ئیسلامی و سێکولاریستی سەریهەڵداوە.سەرەڕای ئەوەی دۆخی گشتی ناوچەکە و باڵادەستی ڕژێمە ئیسلامیەکانی ئێران و سعودیە وتورکیا و گەشەی ئیسلامی داعشی و ئەلقاعیدەیی کوردستانی لەناوگێژاو و لەبەردەم خەتەری بەدیلی ئیسلامی سیاسیدا ڕاگرتوە بەڵام ئومێد و . هەوڵ و تێکوشان هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم مەد و ڕەوەند و بەدیلە ئیسلامیەبزوتنەوەی ڕەخنەگری فکری و سیاسی ئیسلام وەک بەشێک لەم هەوڵ و تێکۆشانەیە کە ناوەندی سێکولار دەیوێت دەورێکی کاریگەر و سەرەکی تێداببینێ .هەروەک پێشتر باسم کرد خودی ڕاگەیاندنی ناوەندی سێکولار و کۆبونەوەی ١٠٠هەزار دەنگ بۆ دەستورێکی سێکولار نیشانەکانی بونی ئەم ڕەوت و ئومێدەیە لە کوردستان.

بەڵام ئەمە تەنها سەرەتای بەڕیکەوتنی بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە دەوری ئیسلام و ئیسلامیەکان و کاری گەورە و فراوانی فکری و فەرهەنگی و ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری  جۆراوجۆری پێویستە تابتوانین باس لە بونی بزوتنەوەیەکی سێکولاریستی کاریگەر  لەکوردستاندا بکەین.ململانێ لەگەڵ ئیسلام و ئیسلامی سیاسیدا دەبێ بچێتەبواری فکر و لێکوڵینەوە ویاسا و پەروەردە و سیاسەتەوە و ڕەخنەگرتن لە چەقبەستویی فکری و سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان بگرین و بەدیلی سێکولاریستی لەم مەیدانانەدا بەڕۆشنی بۆ خەڵکی ئازادیخواز و سێکولار بخەینەڕوو.چارتەر و گەڵاڵەنامەی

سێکولاریزم لە کوردستان کە بنەماکانی سیستەمێکی سێکولار لە کوردستان دەست نیشان دەکەن دەبێ لە مەیدانی کێشمەکێشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا قوتب بەندی دروست بکا و ببێتە بەرنامەی کاری هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی وناوەندە فکری و ڕۆشنبیریەکان.ئەمە کارێکە کە ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە دەستوری خۆماندا دامان ناوە و جدین لەسەری.

 

ئیسکرا:کاریگەری ئێران و سعودیە و تورکیا لەسەر ئیسلامیەکانی کوردستان و بە ئیسلامیکردنی کوردستان چۆنە؟ ئایا لە دۆخی زاڵبونی شەڕی شیعە و سونە و دەستی باڵای ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا کوردستان چەندە دەتوانێ سیستەمێکی سێکولار دامەزرێنێ؟ئەو مەیدانانە کامانەن کە کوردستان لە چاو عێراق و ناوچەکەدا دەتوانێ بەرەو سێکولاربون و دورکەوتنەوە لە ئیسلامیزم تیایدا وەرچەرخێت؟

ئاسۆکمال:ئەمڕۆ بەداخەوە چوارچێوەی شەڕو ململانێی ئیسلامی شیعەو  سونە دۆخی ئێستا و ئایندەی نزیکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی  خستۆتە ژێرکاریگەری خۆیەوە.حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانیش  بەوپییەی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریان لەگەڵ ئەم هێزە ناوچەییانەدا هەیە کوردستانیان خستۆتە ناو ئەم گێژاوەوە.حزبە ئیسلامیەکانی کوردستانیش بەدوای هەموو فرسەتێکدا دەگەڕێن کە ئەم فشارانەی ئێران یان تورکیا یان دەوری سعودیە جێگاو ڕێگای ئەوان باشتر بکا لە ناودەسەڵات و لە هێشتنەوەی سیستەمی سیاسی و یاسایی و پەروەردەیی لە کوردستاندا لەسایەی یاسا و ڕێسا ئیسلامیەکاندا.هەرچەند شەڕی دژی داعش لە ئێستادا بەزیانی ئەوان شکاوەتەوە بەڵام لەستراتیژدا بەدوای بەدیلی ئیسلامیەوەن وەک داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکانی ناوچەکە و ئایندە و بەرژەوەندی ستراتیژی خۆیان لەم ململانێیەی هێزە ئیسلامیەکانی ناوچەکەدا دەبینن.

بەڵام ئەمە چارەنوس و بەدیلێک نیە کە خەڵکی کوردستان خوازیاری بن. سەرنجی دنیا لەسەر ئەوەیە کە کوردستان و تەجروبەی کۆبانی نیشانی دا کە داعش و بەدیلی ئیسلامی لەم شوێنەدا شکستی خواردوە و خەڵکی کوردستان ئامادەنیە و ڕێگا بەم بەدیلە ئیسلامیە نادات. هاوکات کاردانەوەی خەڵک لە بەرامبەر ئەم شەڕەی داعشدا هەرچی زیاتر زەمینەی دورکەوتنەوە لە بەدیل و سیاسەتی ئیسلامی  لە کوردستاندا هێناوەتە ئارا و ئەمەش دەتوانرێ سودی لێوەرگیرێ لەلایەن بزوتنەوەی ئازادیخوازانە و سێکولاریستیەوە لە کوردستان کە ببێتە بنەمای کارکردن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و یاسایی و پەروەردەیی کۆوردستان بەرەو سیستەمێکی سێکولار. پێویستە ڕەخنە و شەڕ لەگەڵ داعشدا بەرەو ڕەخنە و ململانێ لەگەڵ فکر و بەدیلی ئیسلامی داعش ببرێت. پێویستە دورخستنەوەی کوردستان لە شەڕی قوتبە شیعەو سونە ئیسلامیەکانی ناوچەکە بەرەو پێویستی سێکولار کردنی دەسەڵات و جیابونەوەی لە دەسەڵاتی شیعە لە عێراق و ڕێگەگرتن لەبونە بەشێک لە پلان و دەستێوەردانی سیاسی و عەسکەری و ئەمنی تورکیا و ئێران و سعودیە ببرێت.

ئەمڕۆ زەمینەکانی سێکولار کردنی سیستەم و کۆمەڵگە لە کوردستاندا لەبارە و بەشێک لە پاکێجی گۆڕانکاری و شۆڕشی گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی و کۆنەپارێزی ئێستای کوردستانە بە سیستەمێک کە یاسا و دەستور و هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی کردنی خەڵک مانای هەبێ و ڕاستەقینە بێت ،ئەگینا ناتوانین خەو بە دەستوری سێکولار و یاسای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانیەوە لە کوردستان ببینین تاکوخاوەنی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بنەماڵەیی و پترۆمیلیشیاییە بین.ئەمڕۆ دەرچون و چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی کوردستان بە گۆڕینی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە دەکرێ وخەڵکی کوردستان فرسەت و پۆتانشێل و خواستی ئەوەیان هەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مۆدێلێکی سێکولار و جیا لە ئیسلام نیشان بدەن و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەم توانا و خواستە ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان هەیە و پێوسیتە ئەم ئیرادە و هێزە بهێنینە مەیدان.

Add Comment

Click here to post a comment