سێکولار

کوردستان ژینگەی بە ئیسلامی بوون یا سێکولار بوونی دەسەڵاتە؟

ئاسۆ کەمال:
ئەمە پرسیارێکە کە شەپۆلی شەڕی داعش و کێشەی دوو قوتبی ئیسلامی شیعە و سونەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە خستویەتیە بەردەم کوردستان.پرسیاری ئەوەی ئایا کوردستان لەم گێژاوە ئیسلامیەی ناوچەکەدا چ ئاراستەیەک دەگرێ و لەبەرامبەر بەدیلی دەوڵەت و خەلافەتی ئیسلامیدا چ بەدیلێک هەیە؟ وەڵامی جۆراوجۆری لەلایەن هێزە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانی کوردستانەوە پێ دراوەتەوە.
بەڕیز کامیل محمود لە وتاری (بوونی عه‌لمانی و نه‌بوونی عه‌لمانیه‌ت له‌ جیهانی ئیسلامیدا) كة لة سايتي كوردستان نيت دابةزيوة لە ڕوانگەی ئیسلامیەکانی کوردستانەوە دەیەوێ پێمان بڵێ کە کوردستان ژینگەی بە ئیسلام بونی دەسەڵاتە و دوفاقی دەسەڵات لەوەی بە بیروبۆچون عەلمانیە و بە کردەوە ئیسلامیە بڕناکا و دەسەڵات دەبێ ئیسلامی “زۆرینە” بێ.
نوسەر ئەو بەڵێنە ناباتە سەر  کە “وه‌ڵامی بابه‌تی و زانستی” بەم دوفاقیەی دەسەڵات بداتەوە. نابینین زانستیانە لەم وتارەیدا بیسەلمێنێ کە پەیڕەو پرۆگرام و فکری  دەسەڵاتی یەکێتی وپارتی چۆن سێکولارە؟ سەرەڕای ئەمەش ئەنجامگیری زانستی و توێژینەوە بابەتیەکەی نوسەر سەبارەت بە هۆکاری چەمانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر ئیسلام و شەریعەتەکەیدا دەبێتە یەک ڕستە کە کوردستان “خاكه‌كه‌ی عه‌لمانیه‌تی لێ ناڕوێ”.
پارتی و یەکێتی لە چارەکە سەدەیەکی دەسەڵاتدارێتياندا دەوری دینیان لە یاساکان و سیستەمی دادوەری و لەژیانی کۆمەڵایەتیدا برەو پێداوە و دابونەریتی عەشایری و دواکەوتوانەیان ژیاندۆتەوە و هیچ هەنگاوێکیان بۆ سێکولاریستەکردنی سیستەمی دەوڵەتی نەناوە. لە خویندن و پەروەردەدا دینی ئیسلام بە هەموو تێکستە توندڕەوەکانیەوە لە قۆناغی سەرەتاییەوە مناڵی پێ دەترسێندرێ و مێشکی پێ لەقاڵب دەدرێ تا کردنەوەی کۆلیژی شەریعەتی ئیسلامی کە کادری سەلەفی دروست دەکا. لەیاسای فرەژنی و هێشتنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای سزادانەوە بگرە تاکو دروستکردنی لیژنەی فەتوای ئیسلامی و دانانی بودجە بۆ شوێنە ئیسلامیەکان و حزبە ئیسلامیەکان. سەرەڕای ئەم هەموو خزمەتەی دەسەڵات بە ئیسلام و ئیسلامیەکان هێشتا کامیل مەحمود دةليت پەیڕەو پرۆگرام و فکری دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی سێکولارە. ئایا ئەم یاسا و ڕێسایانەی یەکێتی و پارتی چ پەیوەندی بە بنەمای سێکولاریزمەوە هەیە کە جیاکردنەوەی ئاینە لەدەسەڵات و دەستور و یاسا و خوێندن و پەروەردە؟ دەستور و یاساکان کە پەیڕەو و پرۆگرام و فکری دەسەڵاتە بەچیدا سێکولارە کە ناسنامەی ئیسلامی و ئاینی بەسەر هاوڵاتیاندا فەرز دەکا و شەریعەتی ئیسلام دەکاتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان و یاسای باری کەسی بەپێی شەریعەتی چوارژنە و نیوە ئینسان بونی ژنان لە شایەتی لەدادگا و میراتی و هتد..دا داناوە؟ بۆچی هەموو ئەمانە بەمانای ئیسلامی بوونی فکر و پەیڕەو و پرۆگرامی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی هەژمارناکرێ؟
ئاشکرایە کە نوسەر دەزانێ ئەم دەسەڵاتەی کە پشتی بە ئیسلام بەستوە خزمەتی زۆری بە گەشەی حزبە ئیسلامیەکان کردوە و کلتوری مۆدێرنی خەڵکی کوردستانی بەرەو دواوە بردوە و هەژمونی فکر و دابونەریتی دواکەوتوانەی زاڵکردوە. بەڵام ئەو پێی وایە کە دەسەڵات لەبەربەهیزبونی ئیسلام ” ماستاو بۆ دین و دینداران سارد ده‌كه‌نه‌وه‌ “.لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە یەکێتی و پارتی بەهۆی فشارەوە نیە کە پشت بە ئیسلام دەبەستن بەڵکوهۆیەکەی ئەوەیە کە ئاین و دەزگا دینیەکانی ئیسلام دەتوانێ ئەو وەسیلەیە بێت کە کۆنەپەرستی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێی بکرێتە یاسا ویاساکانی بێ مافی و کۆیلەکردنی ئینسانەکان بەناوی دینەوە ڕەسمیەتی پێ بدەن و وەک نوێنەری ئەم ئاین و یاسایانە شەرعیەت بە دەسەڵاتی یاساییخۆیان بدەن.
نوسەر بەم دەورەی یەکێتی وپارتی ناڕازیە و دەڵێ ”  ته‌وزیفی ئایین و زانایانده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جێگا پێیه‌ك بۆ خۆیان له‌كۆمه‌ڵگه‌ موسڵمانه‌كاندابكه‌نه‌وه‌” .سەیر لەوەدایە کە  ئەمە هەمان کارێکە کە ئیسلامیەکانیش دەیکەن.ئیسلامیەکان بە ناوی نوێنەرایەتی ئاسمان و یەکێتی و پارتیش بەناوی نوێنەرایەتی زۆرینەی ئیسلامی سەرزەوی . بۆچی بۆ ئیسلامیەکان حەڵاڵە کە کارتی بەهەشت و ئیسلامەتیان پێ بێت و بۆ دەسەڵاتێک کە پشتی بەئیسلام بەستوە حەرامە؟
ئەم پێش بڕکێ و شەڕ و فشاری ئیسلامیەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا لەسەر هەویەتی ئیسلامی و کارکردنیان بۆ زیاتر ئیسلامی کردنی دەستور و یاساکان و ژیانی گشتی لە کوردستاندا لەپێناو هەژمونی فکری و سیاسیدایە بەسەر کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا. پێداگری ئیسلامیەکان لەسەر ئەوەی یەکێتی و پارتی عەلمانین بەهۆی ئەم پێش بڕکێ دەسەڵاتەوەیە کە بواریان لەبەردەم ناسنامە و بەدیلی ئیسلامی سیاسیدا بەرتەسک کردۆتەوە بەوەی کە ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان لە بەرنامەی دەسەڵاتیاندا و لەیاساکاندا ئیسلام پەیڕەو بکەن ئیتر بۆچی ئیسلامیەکان دەبێ ببنە نوێنەری ئیسلام و موسڵمانان؟  لەکاتێکدا بەرنامەی ئیسلامیەکان دژ بە “عەلمانیەتی دەسەڵات” تەنیا دژ بەو ڕوبەری ماف و ئازادیانەیە کە تائێستا وەک بەرهەمی خەباتی خەڵکی ئازادیخواز و کرێکار و ژێردەستە پاریزراون و بەدیلی ئیسلامی سیاسی بۆ دەسەڵات تەنیا بێ مافی زیاتر و کۆیلایەتی زیاتر بۆ خەڵک دێنێ.هەرچۆن لەو شوینانەی ئیسلامیەکان دەسەڵاتدارن لە ئێران و سعودیە ولای داعش ولای شیعەی عێراق و شوێنەکانی تر دەیبینین.ئیسلامیەکان بەرنامەیان بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەلاتی ستەمکار و دژی ئازادی یەکێتی و پارتی نیە بەڵکو خوازیاری زیاتر ئیسلامی کردن و سەپاندنی کاملی شەریعەتی ئیسلامە بەناوی” شكۆو سه‌روه‌ری ئیسلام وه‌ك ئایینی زۆرینه‌” .ئایا ئەمە هەمان حوکمی جمهوری ئیسلامی ئێران و سعودیە و داعش نیە؟ کاتێک کە شەریعەتی ئیسلامیت وەک “ئاینی زۆرینە” سەپاندلەدەستوردا ڕاتگەیاند کە نابێت هیچ یاسا و ڕێسایەک پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت و  چۆن ” ئازادی ئه‌وانیتری ئاییندارو بێ ئایینیش له‌چوارچێوه‌ی یاسادا به‌هه‌مان شێوه‌ پارێزراوبێت “؟ مەگەر شەریعەتی ئیسلام حوکمی کوشتن بۆ بێ ئاینیەکان و “وەرگەڕاو” لە ئیسلام بە کوشتن و سزای گیانی و مادی دانەناوە؟  ئەم خۆڵە دەکەنە چاوی خەڵک تا ئەمڕۆ دەنگ بە بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی و دەستوری ئیسلامی بدات و سبەینێ بەڵای وەک ئێران و سعودیە و داعشی بەسەر بێنن.

ژینگەی کۆمەڵایەتی و مەدەنی کوردستان بۆ بەئیسلامی بونی دەسەلات ئەگەر ڕێگر نەبوایە ئەوا لەسایەی ئەو هەموو خزمەتەی دەسەڵات بە ئیسلام و ئیسلامیەکان و سود وەرگرتنی هێزە ئیسلامیەکان لەشەڕی ناوخۆ و فشاری دەوڵەتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکانی ناوچەکە ئەوا دەمێک بو کوردستان بوبو بە ئەفغانستان و پاکستان و سعودیە. لەم چارەکە سەدەیەدا بزوتنەوەی مەدەنی و سێکولار و چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستاندا جێگەی دەستی بەو خەباتەوە دیارە کە کۆمەڵگەی لەدەست ئەم ئایندە تاریکە ئیسلامیە کەمێک دورخستۆتەوە.خەبات بۆ ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی ڕەخنەگرتن و هۆنراوە و ئەدەب و شانۆ و دراما و مافی یەکسانی ژن و پیاو و خۆپیشاندانی ١٧ شوبات و خەبات دژی گەندەڵی و خەبات دژی کۆنەپەرستی و سوکایەتی مەلاکان بە ژنان و کۆمەڵگە و ناڕەزایەتی بە پرۆگرامی ئیسلامی خویندن و پشتیوانی لە کۆبانی و هتد..مێژووی خەباتی ئازادیخوازان و یەکسانی خوازان بوە لە کوردستان. ئەمانە مێژووی خەبات دژی ئەو دەسەلاتە بوە کە کامیل مەحمود ئینکاری لەم واقیعەی کوردستان دەکا و دەیەوێ وێنە یەک ڕەنگیە دڵخوازەکەی خۆی تەنیا پیشان بدات بەوەی کە کوردستان “خاكه‌كه‌یعه‌لمانیه‌تی لێ ناڕوێ” و سیکولاریزم لە کوردستان وەک “كۆمه‌ڵگه‌ ئیسلامییه‌كان ته‌قه‌بولی ناكه‌ن”و ئەگەر دەسەڵات جێبەجێی بکات” ناسه‌قامگیری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌بێت”.بەڵێ ئەو فاکت و واقعیەتەی خەباتی ئازادیخوازانە و مەدەنیانە لەکوردستان نیشانی دەدا کە کوردستان خاکەکەی دەوڵەتی ئیسلامی تەحەمول ناکا و فشار و هەڕەشەی ئیسلامیەکانیش بۆ ناسەقامگیری وەڵام دەداتەوە،هەرچۆن ئیمارەتی ئیسلامی هەورامان کۆتایی هات وئێستاش شەڕ دژی داعش بەردەوامە.
لەکۆتاییدا کامیل مەحمود دوای ئەم هەموو بەڵێن و فاکتە بەناو “زانستی و بابەتیانە” لەسەر (بوونی عه‌لمانی و نه‌بوونی عه‌لمانیه‌ت له‌جیهانی ئیسلامیدا) دێت و دەڵێ با” كۆتایی به‌چه‌له‌حانێی بێزه‌نتیانه‌ی نێوان ئیسلامی و عه‌لمانی بهێنرێت كه‌ تا ئێستا جگه‌ له‌خۆخه‌ریككردنی بێ سوودو دواخستنی ره‌وتی گه‌شه‌كردنی بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ موسڵمانه‌كان هیچیتری لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.” ئەم بەڕێزە ئەگەر سەیری ئاوێنە بکا دەزانێ کە کێ خەریکی دواخستنی ڕەوتی گەشەکردنی بوارەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە ؟ کێ دەیەوێ ئیسلام بکاتە بەدیلی دەسەڵات و یاسا و دەستور و لەژێرناوی زۆرینەدا بەرنامە و شەریعەتی ئیسلامی بسەپێنێ و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بەرتەسک بکاتەوە و نمونەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە هەڵەبجە و هەورامانی دوێنێدا کە مەیدانی ئەنسارئیسلام و زەرقاوی و ئەلقاعیدە بوو ئەمڕۆ بکاتە سەردابی بەهەشتی سبەینێی ئەو “خاكه‌كه‌یعه‌لمانیه‌تی لێ ناڕوێ” و ئیسلام زۆرینەی دەسەڵاتدارە.
لە کوردستان ڕێگەی بەردەم سێکولاریستەکردنی دەسەڵات ڕێگەچارەیەکە بۆ تەسلیم نەبون بەو هەڕەشە شاراوانەی ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگەی دەکات. سێکولاریستەکردنی دەسەڵات و یاساکان و خوێندن و پەروەردە ڕێگەگرتنەلەوەی کۆمەڵگە تەسلیمی یاسا و شەریعەتی کۆنەپارێزانە ببێ و بەربەریەتی داعش لە کوردستان ڕەسمیەت پەیدابکا. ئیمە لە ڕێگای کاریگەری دانان لەسەر ڕای گشتی وپەرلەمان و ژیانی کۆمەڵایەتیەوە دەمانەوێ سیستەمی سیاسی و پەروەردەیی و دادوەری کوردستان بکەین بە سیستەمێکی سێکولار.

Add Comment

Click here to post a comment