هاوڕێیان ..سامان، خه‌سره‌و ، ئه‌مجه‌د ، عبدالله ، ریبوار ، رحمان و کورش
پاش سڵاو
من ئه‌م بابه‌ته‌م ئاماده کردوه که له‌ئه‌نجامى گفتوگۆکانى ئه‌م دواییه پىى گه‌یشتوم و خستومه‌ته به‌رده‌ستتان که ڕاى خۆتانى له‌سه‌ر بده‌ن . من پیم باشه به‌ناوى ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌مانه‌ویت ئه‌م پرۆژه‌یه بگرینه ده‌ست بلاوبکه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ها داوا ده‌که‌م له کۆبونه‌وه‌ى 11-12 سوید ئه‌گه‌ر وه‌ک به‌ندیک دایبنین ،ئه‌وا به‌ناو هاورییانى به‌شدار له‌و جه‌له‌سه‌دا بلاوى بکه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ها من ده‌مه‌ویت ئه‌م باسه له پلنۆمدا باس بکه‌م وبریارى له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه بده‌ین که لیره‌دا هاتوه. من ئه‌م بابه‌ته‌م ڕوو به‌ده‌ره‌وه ئاماده کردوه و له‌سه‌ر ئیوه ڕاوه‌ستاوم بزانم چى ده‌ڵێن؟
هاورێتان
ئاسۆ کمال
حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان،
پێویستی و پێشڕه‌وى
ئاسۆ کمال
کورته‌مێژووى باسه‌که
باسى پیکهینانى ح ک ک ک تازه‌نىیه و له ساڵى 2002ه‌وه ئه‌م باسه خراوه‌ته ڕوو.له کۆنگره‌ى دووه‌مى ح ک ک ع دا ئه‌م باسه هه‌ڵگیرا به‌هۆى نادیارى وه‌زعى عێراق له‌سایه‌ى نزیک بونه‌وه‌ى شه‌ڕى ئه‌مریکا و ڕوخانى به‌عس.به‌شێک له ده‌لیه‌کانى ئه‌وکاته‌ى پیویستى پیکهینانى ح ک ک ک ئێستاش وه‌کو خۆیان ماون ،وه‌ک جیایى کوردستان له عێراق له‌ڕووى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى و تاڕاده‌یه‌ک وه‌زعى جیگیرترى ئابورى له‌چاو به‌شه‌کانى تر‌ى عێراقدا ، که ئه‌مڕۆ ده‌توانین مه‌سه‌له‌ى بارى ئه‌منى و خه‌ته‌رى شه‌ڕى ناوخۆى هێزه شیعه و سونیه‌کانیشى پىزیاد بکه‌ین.
مه‌سه‌له‌یه‌ک که له‌م باسه‌دا گۆڕاوه ئه‌وه‌یه که پێشتر ده‌لیلیکى ده‌ست بردن بۆ پیکهینانى ح ک ک ک ئه‌وه‌بوو که پرۆژه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م حزبه له ئاستى عیراقدا نه‌یتوانیوه به‌سه‌رئه‌نجام بگات و حزب له‌ئاستى عیراقدا دروست نه‌بوه وله چوارچیوه‌ى کوردستاندا ماوه‌ته‌وه،که خۆشحاڵانه ئه‌م فاکته‌ره به‌هۆى پێشڕه‌وى حزبه‌وه له دواى ڕوخانى به‌عسه‌وه توانرا ئه‌م که‌موکوڕیه تاڕاده‌یه‌کى به‌رچاو وه‌لابنرێت و ئێستا حزب خاوه‌نى کادرو په‌یکه‌ره‌ى ته‌شکیلاتى یه له‌شاره‌کانى ناوه‌راست وخواروى عیراقدا.
پیویستى هاتنه‌وه ئاراى باسه‌که
ئه‌م باسه دواى سآساڵ تێپه‌ربوون به‌سه‌ر وه‌زعى سیاسى تازه‌ى عێراقدا و مانه‌وه‌ى جیایى کۆمه‌ڵگاى کوردستان له‌عێراق و خه‌ته‌رى مانه‌وه‌ى کوردستان له‌سایه‌ى وه‌زعى ناجیگیر و پڕمه‌ترسى عێراقدا ،جارێکی تر وه‌ک پیداویستى و زه‌روره‌تێکی ئه‌م قۆناغه هاتۆته‌وه ئارا. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێکی پێشڕه‌وانه‌شه له‌لایه‌ن کۆمۆنیزمى کرێکاریه‌وه بۆ ئارایشدانه‌وه‌ى هێز و گۆڕینى ره‌یلى حزب و هێنانه‌وه مه‌یدانى ده‌ورى خۆى بۆ ڕزگارکردنى کۆمه‌ڵگاى کوردستان له‌ده‌ست سیناریۆى ڕه‌ش و ده‌سه‌لاتى میلیشیایى و فه‌سادى ئیداره‌کانى یه‌کیتى وپارتى و دامه‌زراندنى ده‌وله‌تیکى سه‌ربه‌خۆى مۆدیرن و سکۆلار .
جیایى کۆمه‌ڵگاى کوردستان له عێراق و ستراتیژى کۆمۆنیزمى کرێکارى
دواى ڕوخانى ڕ‌ژێمى به‌عس هه‌رچه‌ند حزبه ناسیونالیسته ده‌سه‌لاتداره‌کانى کوردستان به‌شداریان له پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و هه‌لبژاردنه‌کان و ده‌ستوردا کرد ،به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه نه‌بوه مایه‌ى تێکه‌لاوبونه‌وه‌ى سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت ئابورى کوردستان له‌گه‌لڕ باقى عێراقدا. ئه‌م پرۆسه‌یه بریتىبوو له ڕێکه‌وتنى سیاسیانه له‌سه‌ره‌وه و دابه‌شکردنى پۆسته‌کانى ده‌سه‌لات له مه‌رکه‌زدا و وه‌رگرتنى بودجه‌یه‌ک بۆ کوردستان. وه‌زعى سیاسى عێراق له‌پاڵ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ى به‌سه‌رپه‌رشتى ئه‌مریکا بۆ سازدانه‌وه‌ى ده‌سه‌لات به‌ڕێوه ده‌چوو ، هاوکات شه‌ڕى هێزه سونیه ئیسلامی و به‌عسیه‌کان و تیرۆریزمى ئه‌لقاعیده دژى ئه‌مریکا و دژى هێزه شیعه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش به‌شى ته‌واوکه‌رى بوو. به‌م پآیه باردودۆخى نائه‌منى و شه‌ڕى ده‌سه‌ڵات له عێراقدا بۆ خۆى ئه‌جینداى تایبه‌تى خۆى هه‌یه و کوردستان وه‌ک حاله‌تیکى شاز له‌م چوارچیوه‌یه‌دا حساب ده‌کرێت. باڵاده‌ستى فکرى و سیاسی ئیسلامى سیاسى له عێراقدا و ته‌بدیل بوونى هێزه شیعه وسونیه‌کان به چوارچیوه‌ى کۆمه‌لایه‌تى بۆ پاراستنى ئه‌منیه‌تى خه‌ڵکی هه‌ر ناوچه‌یه‌ک و به‌م پآیه سه‌پاندنى دابه‌شکردنى تایفی به‌سه‌ر ژیانى خه‌لکدا ، چوارچیوه‌یه‌کى سیاسى جیاوازى داوه به ململانآى سیاسى له عێراقدا و هه‌ڵسورانى کۆمۆنیستى له کوردستاندا ناتوانێت به‌شێک بێت له‌م ململانآ سه‌راسه‌ریه و چوارچیوه‌یه‌کى ته‌واو جیاوازى هه‌یه. ئه‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى به‌هۆى پاشکۆییان بۆ سیاسه‌ته‌کانى ئه‌مریکا له‌عێراق و چاوله‌ده‌ست بوونى ئه‌مریکا بۆ هێشتنه‌وه‌ى ئیداره محلیه‌کانیان ئه‌مڕۆ وه‌زعى سیاسى کوردستانیان کردۆته پاشکۆى ئه‌و به‌ناو پرۆسه سیاسیه‌ى عێراق ، له‌واقیعدا ئیلحاقێکی ئیجبارىیه که له‌سه‌ره‌وه به‌زۆر ڕاگیراوه و کوردستان له‌و کێشه و شه‌ڕانه‌دا هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی نىیه. به‌لام ئه‌م نه‌خشه فۆرماڵیه‌ى یه‌کێتى وپارتى له ده‌سه‌لاتى مه‌رکه‌زیدا هه‌یانه له نزیک خستنه‌وه‌ى خه‌ته‌ری ژێرده‌سته‌بونه‌وه‌ى کوردستان و بونه قوربانى شه‌ڕى ده‌سه‌لاتى شیعه و سونه و زه‌مینه خۆشکردن بۆ به‌هێزبونه‌وه‌ى ئیسلامى سیاسى له کوردستان ده‌ور و کاریگه‌رى هه‌یه. هه‌ڵبژاردنه‌کانى تا ئێستا و رفراندۆمى ده‌ستوور ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌ن که وه‌زعى دیفاکتۆى کوردستان له‌م پرۆسه‌یه‌دا به زیانى سه‌ربه‌خۆیی و دوباره چوونه ژێر ڕه‌حمه‌ت وڕکێفی حکومه‌تى ئیسلامى وعه‌ره‌بى عێراق ده‌ڕواته پێشه‌وه.
ستراتیژى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستان بریتىیه له کارخستنى ده‌ورى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى حزبه ناسیونالیسته ده‌سه‌لاتداره‌کانى کوردستان و دامه‌زراندنى ده‌سه‌لاتێکی سوسیالیستى و دابینکردنى ئازادى و یه‌کسانى و خۆشگوزه‌رانى له کوردستاندا. ئه‌م ململانآ سیاسى و فکرى و کۆمه‌لایه‌تیه ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ى کوردستاندا ده‌توانێت بچێته پێشه‌وه و په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌وخۆى به ململانآى کۆمۆنیزمى کرێکارى له ئاستى عێراقدا له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامى سیاسى و ئه‌مریکادا نىیه یان به‌شیوه‌یه‌کى ده‌قیقتر بڵێم دوو ستراتیژ و دوو ململانآ و دوو هاوکێشه‌ى سیاسى جیاوازن و په‌یوه‌ندیه‌کى گشتیان پیکه‌وه هه‌یه.سه‌رکه‌وتن و ستراتیژى سه‌رکه‌وتنى کۆمۆنیزم له کوردستان نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه و له گره‌وى سه‌رکه‌وتن له‌ئاستى سه‌راسه‌ریدا نىیه و به‌پیچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته که سه‌رکه‌وتنیش له کوردستان به‌ماناى سه‌رکه‌وتن له‌سه‌رتاسه‌رى عیراقدا نىیه . ستراتیژى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستاندا بۆ گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌لات ئه‌م ده‌وره‌یه له که‌ناڵى یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى کوردستان و جیابونه‌وه و مه‌سه‌له‌ى دامه‌زراندنى ده‌وله‌تى سه‌ربه‌خۆوه تێپه‌ڕ ده‌بێت. هه‌روه‌ها شیوازى ململانىَ و سیاسه‌ت و تاکتیک و مه‌سائلى کێشمه‌کێشى فکرى و سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى و هه‌لومه‌رج و ئاستى ناره‌زایه‌تى ئابورى وجه‌ماوه‌رى و هتد له کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا جیاوازه له عێراق . هه‌ربه‌م پآیه ستراتیژى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستان بۆ گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌لات به‌ته‌واوه‌تى جیاوازه له ستراتیژى کۆمۆنیزمى کرێکارى له عێراقدا ، هه‌م له‌ڕوى که‌ناڵ و ئه‌لقه‌ى ئه‌سڵی و مه‌سائلی خه‌باتى ڕۆژانه‌وه و هه‌م له‌ڕووى چوارچیوه‌ى ململانآى ده‌سه‌لات و جوغرافیاى سیاسیه‌وه. هه‌ربۆیه به‌قالب و چوارچیوه‌ى ئێستاى ح ک ک ع ه‌وه له کوردستاندا ، واته وه‌ک به‌شێک له حزب و ستراتیژیه‌کی سه‌راسه‌رى عێراقى ، ناتوانێت ببێته وه‌سیله‌ى گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌لات له کوردستاندا . ئه‌مه ئه‌رک و چوارچیوه‌یه‌کى جیاواز و سه‌ربه‌خۆیه که به ح ک ک ک وه‌ڵام ده‌درێته‌وه. به‌تایبه‌ت له کاتێکدا چاره‌نوسى کوردستان له‌ئاستى سه‌راسه‌ریدا به‌ده‌ستى کۆمۆنیزمى کرێکارى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به فه‌ورى چاره‌سه‌رناکرآ ، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م ئه‌رکه چاره‌نوس سازه پیویست به ڕێکخراوێکه له کوردستاندا ،که بۆ ستراتیژى جیابونه‌وه‌ى کوردستان و دامه‌زراندنى ده‌سه‌لاتیکى سکۆلار و دابینکردنى ئازادى وخۆشگوزه‌رانى و نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى ،بتوانێت سه‌ربه‌خۆ چوارچیوه‌ى کۆکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکی کوردستان بێت بۆ به‌سه‌رکه‌وتن گه‌یاندنى ئه‌م ئه‌رکانه. ئه‌م مه‌سه‌له ستراتیژی و سه‌ره‌کیانه‌ى کۆمه‌ڵگاى کوردستان له‌سایه‌ى گه‌شه‌ى ناره‌زایه‌تى دژ به ئه‌حزابى ناسیونالیستى ده‌سه‌لاتدار و قبوڵ نه‌کردنى ئیسلامى سیاسى وه‌ک به‌دیل و چوارچیوه‌ى ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه له‌لایه‌ن خه‌لکى کوردستانه‌وه ، زه‌مینه و فرسه‌تى بۆ کۆمۆنیزمى کریکارى فه‌راهه‌م کردوه تا وه‌کو قوتبى سه‌ره‌کی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت ده‌ربکه‌وێت و ئه‌م واقیعه‌ته پیویستى فه‌ورى کۆمۆنیزمى کریکارى له کوردستاندا به حزبى ک ک ک نیشان ده‌دات.
ئارایشى کۆمۆنیزمى کریکارى له کوردستان و گۆڕینى ڕه‌یلی حزب
له‌ناو حزبدا باسى ئارایشى تازه‌ى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستان ، له‌ڕوانگه‌ى جیاجیاوه باس ده‌کرێت.
سه‌ره‌تا ئه‌م هه‌نگاوه‌ى کۆمۆنیزمى کرێکارى ئێستا له‌دڵى هه‌لومه‌رج و مێژوویه‌کى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌چێته پێش که کاریگه‌رى خۆى له‌سه‌ر حزبى تازه له کوردستاندا داده‌نێـت. له‌بارى به‌رنامه و سیاسه‌تى گشتى سه‌باره‌ت به ناسیونالیزم و ئیسلامى سیاسى و مه‌سه‌له‌ى ژنان و چاره‌نوسى کوردستان و خه‌باتى رۆژانه‌ى چینى کریکار و چینه هه‌ژاره‌کانه‌وه هه‌مان به‌رنامه و سیاسه‌تى کۆمۆنیستى په‌یڕه‌و ده‌کا و پێشڕه‌وى و ته‌جروبه‌کانى ڕابردوو به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت. به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى سه‌ره‌کى ئه‌وه‌یه که چۆن له‌قالبى تا ئێستاوه که وه‌ک گروپى فشار کارده‌که‌ین بگۆڕێت، وه له کار و سیاسه‌تى عه‌مه‌لیدا و له نه‌خشه و ستراتیژى عه‌مه‌لیدا بتوانێت ڕه‌یلى کۆمۆنیزمى کرێکارى بگۆڕێت و بتوانێت حزبى تازه بکاته خاوه‌نى ئه‌و هێزه کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌ى که ده‌توانێت ئه‌م به‌رنامه و سیاسه‌تانه له دنیاى واقعدا بباته پێشآ و جآبه‌جآى بکات.
به‌م پآیه پرۆسه‌ى پیکیهنانى ح ک ک ک پرۆسه‌ى جیاکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌شکیلاتى به‌شى کوردستان له عێراق نىیه به‌ته‌نها ، به‌ڵکو پرۆسه‌یه‌کى سیاسى ته‌شکیلاتىیه که ڕه‌وتێکی ڕه‌خنه‌گرانه ده‌بێت له که‌موکوڕى و چوارچیوه‌ى فکرى و عه‌مه‌لى پێشووى حزب و له ڕه‌وتێکى خه‌باتکارانه‌ى سیاسی‌دا کارده‌کات بۆ گۆڕینى عه‌مه‌لى حزب له گروپێکی فشاره‌وه بۆ حزبێکی سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى. بمانه‌وێت یان نا ئێمه له‌وه‌زعیه‌تى ئێستادا ناتوانین گه‌ره‌نتى ئه‌وه‌بکه‌ین که ئه‌م پرۆسه‌یه پێش له راگه‌یاندنى ح ک ک ک به‌سه‌ره‌نجام ده‌گات و داوایه‌کی وا خه‌یاڵىیه و خۆى مقاوه‌مه‌ت کردنه له‌به‌رامبه‌ر پێویستى پیکهینانى خێراى ئه‌و حزبه‌دا و ڕاگرتنى وه‌زعى حزبه له حاله‌تى لاوازى ئێستایدا. به‌لام ئه‌مه به‌ماناى ئه‌وه نىیه که ئه‌و بۆچونه‌ى ده‌یه‌وێت ڕاگه‌یاندنى ئه‌م حزبه به‌شێوه‌یه‌کی فۆرماڵى و ته‌نها به کۆبونه‌وه‌یه‌کی ته‌شکیلاتى بسپیرێت دروست بێت. ئه‌م بۆچونه‌ش به نه‌بینیى ئه‌و پرۆسه سیاسیه‌ى ده‌بێت ئه‌م حزبه‌ى تێدا شکڵ بگرێت و ئه‌و ئاڵوگۆڕه سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تیه له بۆچون و ستراتیژى و پراتیکیدا نیشان بدات ، به‌هه‌مان شێوه له‌سه‌ره‌تاوه میراتى لاوازى و که‌موکوڕیه‌کانى پێشوو ده‌کاته تاپۆى حزبى تازه و ڕێگه له پیکهاتنى حزبێکی سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى ده‌گرێت.
هه‌ردوو ئه‌م بۆچونانه ئه‌مڕۆ له‌ناو حزبدا هه‌ن و کاریگه‌رى خۆیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى پیکهێنانى ح ک ک ک داده‌نێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێکن له بۆچوونى ئه‌و حزب وڕابه‌ریه‌ى له ئێستادا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ى له‌به‌رده‌مدایه. دروست کردنى ئه‌م حزبه به‌بآگوێدان به ماتریال و مێژووى ح ک ک ع دروست نىیه و ناتوانێت واقعى بێت و نابێت ئه‌م هه‌نگاوه له پێشڕه‌وى و ده‌ستکه‌وته‌کانى تا ئێستاى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستاندا جیابکرێته‌وه . هه‌ربۆیه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونانه و لابردنى کاریگه‌ریان پێویسته ،به‌ڵام ده‌بێت ئاگادارى ئه‌وه‌بین که پرۆسه‌ی پیکهینانى ح ک ک ک بریتى نىیه له یه‌کلاکردنه‌وه‌ى جه‌ده‌ل و کێشمه‌کێشى ئه‌م بۆچوونانه له چوارچیوه‌ى ته‌شکیلاتى حزبدا و ئه‌مه ته‌نها کاتێک ده‌توانێت به‌شێک له‌و پرۆسه‌یه که ئاماده‌یى سیاسى و هه‌ڵسوڕانى کۆمه‌لایه‌تى بۆ ساغکردنه‌وه‌ى حزبى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى ده‌ستى پآکردبێت . ئه‌و ده‌سته‌یه‌ى حزب له کوردستان دروست ده‌که‌ن پیویسته به‌و ستراتیژ و هه‌ڵسورانه سیاسى وکۆمه‌لایه‌تیه‌یان له ماوه‌یه‌کى کورت‌دا چوارچیوه و ماتریال و مه‌یدانه‌کانى کارى ئه‌م حزبه‌یان به‌رجه‌سته کردبێته‌وه و له قالبى کێشه‌ى بۆچوونه‌کان ده‌ریان کردبێت و کردبێتیان به کێشه‌ى ڕه‌وت و پراتیکیکى جیاواز.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ى پیکیهنانى حزب له کوردستاندا ده‌بێت کاتێک ده‌توانێت هه‌نگاوێکی پێشڕه‌وانه بێت که تواناى گۆرینى ره‌یلى حزبى هه‌بێت. بۆچونی له‌چه‌شنى ئه‌وه‌ى که پیویستى ح ک ک ک له‌وێوه ده‌بینآ که نه‌مانتوانیوه له‌عێراقدا کارێک بکه‌ین یان ریکخراوى کوردستان له‌ناو حزبدا چالاک نىیه و کادره‌کانى رابه‌رى ده‌وریان پێشوویان نىیه، یاخود ته‌نها له‌به‌ر جیاوازى وه‌زعى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى کوردستان ح ک ک ک پیویسته. ئه‌م بۆچوونانه به‌رنامه‌یه‌کى پآنىیه بۆ بنیات نانى حزبیکى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تى و له‌هه‌مان وه‌زعیه‌تى که‌موکوڕیه‌کان و سونه‌ت و بۆچونى کۆنه‌وه ده‌ست پآده‌کات و هه‌ربۆیه ناتوانێت له‌م ده‌وره‌یه‌دا نه‌خشێکی پێشڕه‌وانه‌ى هه‌بێت ،و به‌پێچه‌وانه‌وه خۆى سه‌ره‌تا ئه‌م نائومێدى و پاسیڤیزمه ڕێگرێکه له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ى که دروست بوونى ئه‌م حزبه بکاته هاتنه‌وه‌مه‌یدانێکی به‌هێزى کۆمۆنیزمى کرێکارى له کوردستاندا و ئومێدێک به ده‌ورى ئه‌م حزبه له کۆمه‌ڵگادا په‌یدا ببێت.
بۆچوونێک که له سه‌ره‌تاى ئه‌م نوسینه‌دا باسکرا جیاوازیه‌کى بنه‌ڕه‌تى له‌گه‌ل ئه‌م پاسیڤیزمه‌دا ئه‌وه‌یه که پیویستى پیکهینانى حزب له کوردستاندا وه‌ک نه‌خشه‌یه‌کی ستراتیژى دروست و پێشڕه‌ویه‌ک له مه‌یدانى سیاسى و هه‌نگاوهه‌ڵهێنان بۆ ده‌سه‌لاتدا جێگیر ده‌کات. دامه‌زراندنى ئه‌و حزبه ده‌کاته پرۆژه‌یه‌کى دیاریکراو له هه‌لومه‌رجى ئێستادا که بتوانێت وه‌ڵامى خواستى کۆمه‌ڵگاى کوردستانى پآبداته‌وه و بتوانێت بچیته ململانآى حزبه ده‌سه‌لاتداره‌کانه‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دیاریکردنى چاره‌نوسى کوردستان. حزبێک که بتوانێت ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانى ئێستا دژ به‌ئیداره‌ى ئه‌م دوو حزبه ڕێک بخا و ڕابه‌رى بکا و ببێته قوتبى ئه‌سڵى و حزبێکی جه‌ماوه‌رى ئۆپۆزسیۆن که ئاڵوگۆڕى ژیانى ڕۆژانه به‌وه‌وه گرآ بخوات. حزبێک که له مه‌یدانى فکرى و سیاسی‌دا بتوانێت نوێنه‌رایه‌تى ئازادى و مۆدێرنیزم و سکۆلاریزم بێت و بتوانێت هێزى لاوان و ژنانى ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به‌ده‌ورى خۆیدا کۆبکاته‌وه و ئیسلامى سیاسى له‌م مه‌یدانه‌دا تێک بشکێنآ و کۆمه‌ڵگاى کوردستان له‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه و هێرشه‌کانى ڕزگاربکا.
به‌کورتى خاڵى ده‌ست پێکردنه‌کانى ئه‌م دوو بۆچوونه جیاوازه ، ڕوانگه‌ى مانه‌وه له کارى رۆتین و تێڕوانینى پاسیڤیستى ناکامى و پاشه‌کشه‌کانى ڕابردوو ده‌کاته خاڵى ده‌ستپیکردنى و به‌رنامه‌ى رۆتین وپاشه‌کشه‌ى بۆ کۆمۆنیزمى کرێکارى هه‌یه و باسى ح ک ک ک ته‌نها مانه‌وه‌یه‌کى ته‌شکیلاتى و رۆتین سه‌رچاوه‌که‌یه‌تى نه‌ک هیچ شتیکی تر. به‌م پىَیه نوسخه‌یه‌ک له حزبیکى فۆرماڵ ده‌داته ده‌ست که له‌سه‌ره‌تاوه لاوازى و پاسیڤیزمى ئاشکراى بۆ خۆى هه‌ڵبژاردوه. به‌ڵام به پیچه‌وانه‌وه له ڕوانگه‌ى کۆمۆنیزمى کرێکاریه‌وه هه‌میشه ئارایش و دروستکردنى حزب له‌په‌یوه‌ند به نه‌خش و سیاسه‌ت وستراتیژى بزوتنه‌وه‌که‌ى له کۆمه‌ڵگادا پێناس ده‌کرێت و ده‌بێت سه‌ره‌تا پێش له ئارایشى ته‌شکیلاتى نیشانى بده‌یت که کام سیاسه‌ت و ستراتیژ و نه‌خشه‌ى عه‌مه‌لیت بۆ کۆمۆنیزم له کوردستاندا پآیه تاکو بتوانیت له‌ده‌ورى ئه‌مانه حزبێکی تازه و ئارایشێکی تازه شکڵ پآبده‌یت؟ لێره‌وه مه‌سه‌له‌ى ئه‌وه دێته ئاراوه که خودى پێکهێنانى حزب ده‌بێت به تیڕوانین و سونه‌تێکه‌وه بێت که بتوانێت ڕه‌یلى حزب بگۆڕێت و له‌و مه‌تریاله‌ى ئێستا و ته‌جروبه‌ى ڕابردوومان سوود وه‌رگرێت تاکو حزبێکى سیاسى و جه‌ماوه‌رى بنیات بنآ و ئه‌و پرۆسه‌یه نیشان بدات که ئه‌م حزبه تازه‌یه‌ى تێدا بنیات ده‌نرێت. پرۆژه‌ى بنیات نانى حزبێکی سیاسى ناتوانێت سه‌رکه‌وتوبێت ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ پڕکردنه‌وه‌ى که‌موکوڕیه ته‌شکیلاتیه‌کانى ڕابردوومان بێت له کوردستاندا.
له‌ساڵى ڕابردوودا له باسى ئارایشى رابه‌رى و گۆڕینى ته‌رحى لیده‌ری به رابه‌رى جه‌ماعى دا ئه‌م تێڕوانیانه به‌شێوه‌ى تر خۆیان ده‌رخستوه. کێشه‌ى لاوازیه‌کانى حزبى ئێمه له ئارایشى ته‌شکیلاتیه‌وه نىیه، به‌ڵکو سه‌ره‌تا کێشه‌یه‌کی سیاسى یه . لیده‌ر بێت یان رابه‌رى جه‌ماعى ده‌بێت ڕابه‌رى سیاسى خه‌ڵک بێت نه‌ک ته‌شکیلات .ئه‌گه‌ر لیده‌ر نه‌توانێت رابه‌رى خه‌ڵک بێت به‌گۆڕینى ئارایشه‌که بۆ ڕڕبه‌رى جه‌ماعى حزب نابێته خاوه‌نى رابه‌رى سیاسى کۆمه‌ڵگا، به‌ڵکو کێشه‌که له شوێنى خۆى ده‌مێنێته‌وه. هه‌ربۆیه له‌نێوان لایه‌نگرانى ته‌رحى لیده‌رى و رابه‌رى جه‌ماعیدا ده‌توانێت جدلێکی سکولاستیکى و کلامى بخوڵقێت به‌بآ ئه‌وه‌ى وه‌زعى حزب له کۆمه‌ڵگادا له‌شوێنى خۆى جوڵابێت و ته‌کانێکی سیاسى وکۆمه‌ڵایه‌تى بۆ پێشه‌وه دابێت. بردنه‌وه ناوه‌وه‌ى باسى لیده‌ر و رابه‌رى جه‌ماعى بۆ ناو ده‌رونى ته‌شکیلات ده‌توانێت سه‌رگه‌رمى به ده‌ورى لیده‌رى و ئایدیالیزه‌کردنى په‌یدابکات و به‌پیچه‌وانه‌شه‌وه بۆ رابه‌رى جه‌ماعیش وایه ده‌توانیت بکرێته ده‌رمانى ده‌رده‌کانى حزب و مۆدیلى لیده‌رى دوور ده‌ست ببینآ له هه‌ر ده‌وره‌یه‌کدا بۆ حزب . ئه‌م ته‌فسیره ته‌شکیلاتى و یه‌ک بعد و یه‌ک ته‌وه‌ریانه له‌باسى حزب و رابه‌رى یه‌ک سونه‌تى باڵاده‌سته و یه‌کێک له رێگریه‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى شکل گیرى حزبى و کۆمۆنیزمێکی سیاسى و جه‌ماوه‌رىیه ، به‌تایبه‌ت کاتێک پآى ئه‌م پرۆژه سیاسیانه یه‌کسه‌ر ده‌کێشرێته پاى قه‌راراتى ته‌شکیلاتى و حه‌سم کردنى ئه‌م گرفته سیاسیانه به‌ده‌نگ و خستنه‌ڕووى باسى حقوقى ئه‌فراد له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست و کاریگه‌رى سیاسى‌دا. لاوازیه‌کانى پرۆژه‌ى کۆنگره‌ى رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یه‌کێک له ئاکامه‌کانى ئه‌م مامه‌ڵه ته‌شکیلاتى و فۆرماڵیه‌یه له‌گه‌لڕ گرنگترین پرۆژه‌یه‌کی سیاسى که چه‌ند ساڵه حزبى پآده‌ناسرێته‌وه و له‌ده‌وره‌ى پێشوودا به‌شێوه‌ى که‌مپینى رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پێشڕه‌وى جدى له‌خۆى نیشان دابوو . به‌بآ ڕه‌خنه‌گرتن له‌م بۆچوونانه ده‌توانێت مه‌سه‌له‌ى پیکهینانى ح ک ک ک هه‌مان چاره‌نوسى هه‌بیت و ڕاگه‌یاندنى فۆرمالى ئه‌م حزبه له کوردستاندا له‌جیاتى پێشڕه‌وى ببێته مایه‌ى لاوازى و ساردبونه‌وه‌ى زیاترى حزب له کوردستاندا .
ئه‌وله‌ویاته‌کانى ئه‌م قۆناغه
هه‌نگاوى یه‌که‌م له‌م پرۆسه‌یه‌دا کۆبونه‌وه‌ى جه‌معێکه که هاوفکرى و ئاماده‌یى پێویستیان هه‌بێت له ده‌ورى ئه‌و تێڕوانینه‌ى سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجى سیاسى کوردستان و ستراتیژ و مه‌یدانه‌کان و ده‌ور و نه‌خش و جیگاو ڕێگاى واقعى کۆمۆنیزمى کریکارى له کوردستاندا. لێره‌وه دیاری کردنى قۆناغه‌کان و ئه‌وله‌ویه‌ته‌کان.
1- سه‌ره‌تا ده‌بێت قۆناغى ئێستاى کۆمۆنیزمى کرێکارى به قۆناغى ده‌ست پێکردن بۆ ناساندنى هه‌ویه‌تى سیاسى و به‌رنامه‌ى سیاسى بناسین و لێره‌وه وه‌ڵامدانه‌وه به مه‌سه‌له سیاسیه‌کانى ئێستاى کوردستان بکاته میحوه‌رى ده‌رکه‌وتنى سیاسى خۆى.
- کۆنگره‌ى رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئه‌و پرۆژه سیاسیه و جه‌ماوه‌ریه‌یه که له ده‌ورى خواستى سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و به‌رپاکردنى رفراندۆم ده‌بێت بخرێته‌کار. کۆکردنه‌وه‌ى ئیلیتى سیاسى و که‌سایه‌تى ناسراو له ده‌ورى مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆیى و به‌رپاکردنى رفراندۆم و هێنانیان بۆ به‌شدارى له کۆنگره‌ى رفراندۆمدا و کردنه‌وه‌ى بنکه و ده‌رکردنى رۆژنامه‌یه‌کى جه‌ماوه‌رى و دانانى سایت و ده‌رکه‌وتنى له سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له حه‌ساس و سه‌ره‌کیه سیاسیه‌کان و دانانى کۆڕ‌و کۆنفرانس و دروستکردنى لیژنه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ووڵات و ده‌ستدانه کارى جه‌ماوه‌رى و میتینگ و خۆپیشاندان و هتد.. به‌کورتى به‌ڕێخستنى بزوتنه‌وه‌یه‌ک بۆ سه‌ربه‌خۆیی و رفراندۆم که له‌ئاستى سیاسى و له کۆمه‌ڵگادا وه‌ک هێزێکی سیاسى و جه‌ماوه‌رى مه‌وجودیه‌تى خۆى نیشان بدات و مۆرى خۆى بدات له ڕوداو و ئاڵوگۆڕه سیاسیه‌کان .
- هاوکات مه‌سه‌له‌ى ئازادى راده‌ربرین و ئازادى حزب و ریکخراوه‌کان و هه‌لویستگیرى له‌سه‌ر هه‌لویسته‌کانى ئه‌حزابى ده‌سه‌لاتدار له پرۆسه‌ى سیاسى عیراقدا و هتد.. ئه‌و مه‌یدانه سیاسیانه‌ن که پیویسته به‌پلاتفۆرم و نه‌خشه‌ى دیاریکراوه‌وه بتوانین له‌سه‌ریان کاربکه‌ین بۆ کۆکردنه‌وه‌ى هێز و سازدانى به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزسیۆنى به‌رفراوان که له‌م ده‌وره‌یه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و پلاتفۆرمه که ئه‌م چه‌ند خاله ڕێک بکه‌ون.
2- هاوکات ئه‌م قۆناغه بۆ کۆمۆنیزمى کریکارى قۆناغى ده‌رکه‌وتنه وه‌ک ڕێکخه‌ر و ڕابه‌رى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریانه‌ى له‌شاره‌کانى کوردستان بۆ دابینکردنى پیداویستیه‌کان و دژ به گه‌نده‌ڵى ئیداره‌کانى یه‌کیتى وپارتى له‌ئارادایه.
- دانى پلاتفۆرمێکى ڕۆشن بۆ چۆنیه‌تى به‌ره‌و پیشه‌وه چوون و سه‌راسه‌رى کردنه‌وه و لیک هه‌ڵپیکانى ئه‌م بزوتنه‌وه و حه‌ره‌کاتانه و کۆکردنه‌وه‌ى رابه‌ران و ده‌سته‌کانى له‌ده‌ورى و ته‌بدیل بوونى رابه‌رانى حزبى به رابه‌رانى ئه‌م ناره‌زایه‌تیانه و ناسرانیان له ئاستى سه‌راسه‌ریدا و پیکهینانى ریکخراوه‌یه‌کی محلى و سه‌راسه‌رى له‌م ده‌ستانه، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن که حزب ده‌کاته خاوه‌ن بنکه‌ى جه‌ماوه‌رى و هێزى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌ده‌ردا کۆده‌کاته‌وه و تواناى فشار هێنان بۆ سه‌ر ئیداره‌ى ئه‌حزابى حاکم و گۆڕینى ته‌وازنى هێز و سه‌پاندنى ریفورمى ئابورى وئیدارى پآ ده‌به‌خشىَ.
- کۆکردنه‌وه‌ى ژنان ولاوان له‌ده‌ورى پلاتفۆرمێکى ڕۆشن که بتوانێت به‌ره‌یه‌کی فراوان له‌نێو ئه‌م توێژانه‌دا دروست بکات بۆ سه‌پاندنى قانون و ریفورم له وه‌زعیه‌تى ژیان و مافه فه‌ردى و مه‌ده‌نیه‌کانیاندا و لیک هه‌ڵپیکانى خه‌باتى ئه‌وان له‌گه‌لڕ ئه‌و ناره‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریانه‌ى له‌ئارادان. سازدانه‌وه‌ى ریکخراوه‌ی تایبه‌تى ژنان و لاوان و په‌ره‌پیدانى سه‌نته‌رى پاریزگارى له مافى مناڵان.
3- پیویسته که وه‌سیله‌ى کاراى ڕاگه‌یاندن وه‌ک ڕۆژنامه و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن به‌ده‌سته‌وه بگیرێت تاکو بتوانرێت ئاماده‌یى سیاسى و فه‌رهه‌نگی کۆمۆنیزمى کریکارى له‌و کێشه و مه‌سائله سه‌ره‌کى و ڕۆژانه‌یه‌ى کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا دابین بکات. هاوکات ئاڵوگۆڕ له زمانى ته‌بلیغى و ده‌رچوون له قالبى ووتنه‌وه‌ى عمومیات و هه‌لخراندنى خه‌ڵک به‌ده‌ورى مه‌سائلى دیاریکراو و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى فکرى و سیاسى بزوتنه‌وه‌ى ناسیونالیستى و ئیسلامى سیاسى و چوونه مه‌یدانى شه‌ڕى سونه‌ت وئه‌فکارى دواکه‌وتوانه وه‌ک ڕچه‌شکینیکى ماکسیمالیستى مارکسیستى دنیاى ئه‌مڕۆ.
4- ده‌بێت کۆمیته شار و گه‌ره‌که‌کان و په‌یکه‌ره‌ى ته‌شکیلاتى ح ک ک ک ساغ بکرێته‌وه و له‌به‌رهه‌مى هه‌ر چوونه پێشه‌وه‌یه‌کى سیاسى و کۆمه‌لایه‌تیدا ئه‌ندامگیرى و ته‌شکیلات سازى بکرێته میحوه‌رێکی سه‌ره‌کى و نه‌خشه و هێزى پێویستى بۆ ته‌رخان بکرێت. سازدانى خانه‌ى حزبى له‌گه‌ره‌که‌کان و شوێنه‌کانى کاردا له‌لایه‌ن کادر و ئه‌ندامانى حزبه‌وه به‌هۆى مناسه‌باتى کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌رفیهى و هونه‌رى و مه‌سائلى جۆراوجۆرى شوێنى ژیان وکاره‌وه ، یه‌کیک له‌و پرۆژانه ده‌بێت که زۆر زوو ده‌توانێت شه‌به‌که‌یه‌کی کۆمه‌لایه‌تى به‌رفراوان به‌ده‌ورى حزبدا کۆبکاته‌وه.
5- پرۆژه‌ى مالى و ئه‌و هه‌نگاوه قانونیانه‌ى حزب و ریکخراوه‌کانى ده‌کاته خاوه‌نى بودجه و داهات له‌لایه‌ن ئیداره‌کانى حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه.
6- دروستكردنى ڕێکخراوى ده‌ره‌وه‌ى وو‌ڵاتى ح ک ک ک و دیاریکردنى ئه‌وله‌ویات و چوارچیوه‌ى نوآى کارى ده‌ره‌وه.
هاتنه‌مه‌یدانى رابه‌رانى ئه‌م مه‌یدانانه و دامه‌زراندنى ئه‌م جه‌معه رابه‌ریه که بتوانێت خه‌باتى کۆمۆنیستى له‌م مه‌یدانانه‌دا له به‌رنامه وستراتیژیه‌کى هاوبه‌شدا لیک هه‌لپیکآ ، خالى ده‌ست پیکردنى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستانه و ده‌ستپیکردنى بنیاتنانى حزبیکى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى نوآیه. له‌م قۆناغه‌دا حزب توانیویه‌تى له ڕووى سیاسى و جه‌ماوه‌رى و ڕێکخراوه‌یىیه‌وه سه‌روسیما و جیگاى خۆى له کۆمه‌ڵگا و له ململانىَى هێزه‌کاندا نیشان بدات و خۆى ئاماده‌کات بۆ قۆناغى باڵاتر له نیشاندانى هێز و مانۆرى سیاسى و کارکردن بۆ گۆڕینى ته‌وازنى هێز. قۆناغێک که تواناى سیاسى و ڕێکخراوه‌یى و جه‌ماوه‌رى و عه‌سکه‌رى حیزب گه‌شه‌ى پیویستى کردوه و ده‌بیت کاربکات بۆ دانانى نه‌خشه وتاکتیکى گونجاو بۆ بوونى به هێزى سه‌ره‌کى ویه‌که‌م چ له‌ئاسته محه‌لیه‌کاندا و چ له‌ئاستى سه‌راسه‌ریدا و پشتیوانى نیو نه‌ته‌وه‌یى بۆ کۆمۆنیزمى کریکارى وپرۆژه کۆمه‌لایه‌تیه‌کانى راکێشاوه.
دامه‌زراندنى حزب و ئاینده‌ى ئه‌م پێشڕه‌وىیه
کۆبونه‌وه‌ى جه‌معێک که ئه‌م پرۆژه‌یه به‌ده‌سته‌وه بگرن و هاوفکرى سیاسى و عه‌مه‌لیان له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه هه‌بێت ، خالى ده‌ست پیکردنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌یه. تمرکز و به‌ده‌سته‌وه گرتنى ئه‌م مه‌یدانانه له کوردستان یه‌که‌م خاڵى گرنگه و سه‌رکه‌وتنى ئه‌م پرۆژه‌یه‌یه دابین ده‌کات. هه‌روه‌ک پێشتر باسم کرد ح ک ک ع به‌شێک له‌م پرۆسه‌یه‌یه و له‌م ڕوه‌وه پێویسته مه‌تریال و نفوزى ئه‌و بگوێزینه‌وه بۆ ناو حزبى تازه. نه‌خشه‌ى دامه‌زراندنى حزب به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه ده‌توانێت سه‌رکه‌وتوو بێت:
- ده‌سته‌یه‌ک ئه‌م پرۆژه‌یه له‌گه‌لڕ ح ک ک ع و ح ک ک ڕ حیکمه‌تیستدا تاوتۆى بکه‌ن و هاوفکرى و ڕاوێژى پیویست له‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى بکرێت و له‌و بریار و هه‌نگاوانه‌ى په‌یوه‌سته به ح ک ک ع بریارى حزبى بۆ وه‌رگیرێت.
- ح ک ک ع ئه‌م پرۆژه‌یه په‌سه‌ند بکات و ئه‌و داوایانه‌ى ده‌سته‌که که ماتریال و پشتیوانى سیاسى و مه‌عنه‌وى بخرێته پشتى ئه‌م پرۆژه‌یه بریارى له‌سه‌ر بدات.
- له کوردستان کادره‌کانى رابه‌رى و رۆژنامه‌ى ئۆکتۆبه‌ر و ته‌شکیلات ببنه به‌شێک له‌م پرۆژه‌یه و به‌بآ ڕاوه‌ستانى کارى ڕۆتینى حزبى و به‌ناوى رێکخراوى کوردستانى حزبه‌وه به‌شدارى ئه‌و نه‌خشه سیاسى و کۆمه‌لایه‌تیه‌ى سه‌ره‌وه بکه‌ن. کۆمیته‌ى رابه‌رى و کۆمیته ته‌شکیلاتیه‌کان به‌ناوى خۆیانه‌وه بمێننه‌وه و ده‌سته‌که بریتىی نىیه له ئارایشدانه‌وه‌ى کۆمیته‌ى رابه‌رى .
- له‌ده‌ره‌وه‌ش ده‌سته‌که نه‌خشه‌ى خۆى بۆ ئاماده‌کردنى دامه‌زراندنى کۆمیته‌ى ده‌ره‌وه‌ى خۆى ده‌خاته به‌رده‌م و تا ئه‌وکاته نه‌خشه‌که له‌لایه‌ن حزبه‌وه په‌سه‌ند ده‌کرێت و له‌سه‌ر کاتى ده‌ستپیکردنى ده‌برێنه‌وه ، هیچ لیستێک بۆ ئه‌ندام و کادر جیاکردنه‌وه ده‌ست پێناکرێت.
- له‌بوارى مالیدا ده‌بێت بۆ چوونه پێشى ئه‌م پرۆژه‌یه پیویسته ڕێکه‌وتنێک هه‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌ى پیویست که له‌لایه‌ن ح ک ک ع ته‌رخان بکرێت بۆ پشتیوانى مالى ئه‌م پرۆژه‌یه و دابینکردنى ئیمکاناته مادیه‌کانى.
- ده‌سته‌که نه‌خشه و به‌رنامه‌ى خۆى بڵاوبکاته‌وه و ماوه‌ى لانى که‌م سآ مانگ و لانى زۆر شه‌ش مانگ دابنێت بۆ خۆئاماده‌کردنى بۆ ڕاگه‌یاندنى ح ک ک ک . له‌م باره‌وه ئه‌م هه‌نگاوانه پێویسته:
- ئارایشى ده‌سته‌که وته‌قسیم کارى پیویست له په‌یوه‌ند به نه‌خشه‌ى ئه‌م چه‌ند مانگه و گرتنى ئه‌و پۆست و مه‌یدانانه‌ى له‌سه‌ره‌وه باسکران.
- دانانى که‌مپینیکى ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر پیویستى و هه‌نگاوه‌کانى پیکهێنانى ح ک ک ک بۆ ناساندنى ده‌سته‌که و به‌رنامه‌که‌ى و ڕاکێشانى که‌سانێک که ئاماده‌یى به‌شداریان له‌م پرۆژه‌یه‌دا هه‌یه.
- دانیشتن و دایه‌لۆگ له‌گه‌لڕ که‌سایه‌تى و کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه‌کان که خۆیان به کۆمۆنیست و سوسیالیست ناوده‌به‌ن و بانگه‌وازکردنیان بۆ هاتنه ناو ئه‌م پرۆژه‌یه و کارکردن له پیناو دامه‌زراندنى ح ک ک ک دا.
- کارکردن بۆ کۆکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ک بۆ به‌رێوه بردنى کاروباره‌کان. :…….
04/03/200
Add Comment