نارەزایەتیەکان

کوشتاری ٣ ئەندامی په‌که‌که‌ لەپاریس  درێژەی سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کوردە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە 

کوشتاری سیاسی ٣ ژنه‌ ‌چالاکوانی سیاسی به‌ناوه‌کانی؛ ساکینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا سۆیله‌مه‌ز له‌ئه‌ندامانی په‌که‌که‌ لە شاری پاریسدا لەڕۆژی ٩/١١/٢٠١٣دا کردەوەیەکی تیرۆریستانەیە کە خزمەت بەسیاسەتی درێژەدانی سەرکوتی خەڵکی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەکا. ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئەم کوشتارە سیاسیە مەحکوم دەکا و داوا لەدەوڵەتی فەرەنسا دەکا کەتاوانبارانی ئەم کارە تیرۆریستیە بدۆزێتەوە و دادگاییان بکا وبە سزای خۆیان بگەیەنێ و ئەو هێزو دەسەڵاتەی لەپشت ئەم تاوانە بوە ئاشکرا بکاو ڕوبەروی سزای نێودەوڵەتیان بکاتەوە.

ئۆردوگان و دەوڵەتی تورکیا لەکاتێکدا بەمەرجەکانی چەک داماڵین لەپەکەکەوە خەریکی قسەکردنە لەگەڵ ئۆج ئالاندا و ئەم بەناو گفتوگۆیەش بە بەشێک لەشەڕ بۆ لەناوبردنی تیرۆر ناودەبا، ئاشکرایە کە ئەم سیاسەتە پڕ لەڕق و قینەی قەومیە زەمینەیەکی سیاسی دروست دەکا کە هەر دەستەوتاقمێکی نێودەسەڵات و نێو دەزگاکانی میت و سوپا لەتورکیا و دەرەوەی تورکیادا خۆی بەبەشێک لەم شەڕە دەزانێ و بەدوای فرسەتی پیادەکردنی ئەو سیاسەتی تۆڵە لەم تیرۆرەدا دەگەڕێ. ئەم کردەوە تیرۆریستیەی لەپاریس ئەنجام دراوە دەچێتە خانەی چالاکی لەم جۆرە سیاسەتی پاکتاوکردنەوە کە ئێستا لە کوردستانی تورکیا و عێراق و سوریا بەشێوەی هێرشی عەسکەری دەوڵەتی تورکیا دژ بە هێزەکانی پەکەکە و خەڵکی ناڕازی و چالاکوانی سیاسی کورد ئەنجام دەدرێ و لە ئەوروپاش بەشێوەی تیرۆری کەسانی سیاسی. ئەم تیرۆرەی لەپاریس ئەنجام دراوە بەشێک لەو شەڕەیە کە بۆ شکست پێهێنانی پەکەکە و خەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیا دژ بە سیاسەتی سەرکوتگەرانە و عەسکەرتاریەتی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستانی تورکیا و ناوچەکە لەئارادایە.

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە پشتیوانی لەخەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیا دەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوتی قەومی دەوڵەتی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا لەڕێگای رفراندۆمێکی ئازادەوە تا کۆتایی بەم کارەسات و کوشتار و تیرۆر و شەڕانە بێت کە دەوڵەتی شۆڤێنیستی تورکیا بە دریژەدان بەم سیاسەتە بۆ چەندین دەیەیە خەڵکی کریکارو زەحمەتکێش و ستەم لێکراوی کوردستانی تورکیای کردۆتە قوربانی.

 

‏11‏/01‏/2013

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان/ ڕیکخراوی ده‌ره‌وه‌

Add Comment

Click here to post a comment