بابەتی هەڵبژاردە

کلتورى جەماوەر یا کلتورى دەسەڵات بەرپرسە لە کوشتنى ژنان

پرسیارى سەرەکى بزوتنەوەى یەکسانى خوازى ژن وپیاو لە کوردستان لەبەردەم دەسەلاتدا ئەوەیە کە دواى 16 ساڵ لە کوشتنى 12 هەزار ژن ئەو ڕێگایانەى تا ئیستا گیراونەتە بەر بۆچى نەک نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە نەهێڵێت بەڵکو کوشتنى ژنان بەپێى ئامارەکان زیاد دەکات؟

ئیستا کوشتنى ژنانى کورد لە کوردستانەوە گواستراوەتە بۆ ئەوروپاش. جیاوازى لەنیوان کوردستان و ئەوروپا لەوەدایە کەلیرەدا ئەمە کیشەى کومینتى ماینورەتیە (کەمایەیتە) ولەکوردستان کیشەى ماجوریتى(زۆرایەتى) کۆمەلگایە. کێشەکە لە ئەوروپا لە ئەنتگراسیۆن (تیکەڵ بوون) دایە کە بەهۆى سیاسەتى نسبیەتى کلتورىیەوە.تائیستا کوشتنى ژنانى پەنابەر لەو ووڵاتانەدا پاساو دراوە.بەڵام لە کوردستان کوشتنى رۆژانەى ژنان کە بەپێى ئامار هەفتەى 5ژنە تەنها سیاسەتێکى هەڵەى دەسەڵات نىیە. ئەمە باسى سەرجەم سیستەمى زاڵى کۆمەڵایەیتە لەکوردستان. ئامارى کوشتنى 12 هەزار ژن دواى 16 ساڵ لە دواى 16 ساڵ لە 16 ساڵدا یان سوتانى 2222 لەم سێساڵەى دواییدا ،بەڵگەى ناکۆکى سیستەمى کۆمەلایەتى پیاوسالارىیە لەگەڵ ژیان وئەمنیەتى ژناندا. هەربۆیە پێش ئەوەى بزانین هەنگاوەکان چیى بوون پیویستە بزانین ئەو نیزامە کۆمەلایەیتەى لە کوردستان کاردەکات چىیە کەوا دریژە بە کوشتنى ژنان دەدات؟ دەسەڵات وا کیشەکە پاساو دەدا کە سەرچاوەى ئەم توندوتیژیە کلتورى دواکەوتوانەى جەماوەرە و دەسەلات هەوڵ دەدات چاکى بکا ،بەڵام ئەمە کاتى دەوێت و دیموکراسى بۆ کوردستان زۆرى دەوێ! راستیەک هەیە کە لەپێشدا دەبێت بیڵێین ئەویش ئەوەیە کە کلتورى ژن کوژى لەم 16سالەدا لەکوردستان زال بوە و پیشتر ئەمە کلتورى زال نەبوە ،بۆیە دەبیت بزانین کە چى ئەم کلتورەى زال کردوە و دریژەى پىدەدا ،بۆچى لەگەڵ ئەم دەسەلاتەدا ئەم کەلتورە هاتوە و چ پەیوەندیەک لەنیوان ئەم کلتورە و دەسەڵاتدا هەیە و دەسەلات چى بەامبەر دەکا؟
پیویستە ئەم سیستەمە کۆمەڵایەیتەى لە کوردستان وەک سیستەمێکى یاسایى و قەزایى و تەنفیزى کاردەکات بناسین و بزانین ئەم سیستەمە چ پەیوەندیەکى لەگەڵ کلتورى ژن کوژیدا هەیە. کاتێک باس لە سیستەمى یاسایى دەکەین ،سەیردەکەین کە 16 ساڵە کار بە یاساى بارى کەسێـتى حکومەتى بەعس دەکرێت و ئەم دەسەڵاتە ئەم یاسایانەى سەپاندوە. یاسایەک کە توندوتیژى و بێمافى بەرامبەر بەژنان پیادە دەکا و پاریزەرى سیستەمى پیاوسالارى و ژن کوشتنە. دواى 9ساڵ لە فشارى بزوتنەوەى یەکسانیخوازى ژنان کە ریکخراوى سەربەخۆى ئافرەتان لە ریزى پێشەوەى بوو وە تالەبانى وەکو خۆى وتویەتى لەژێرکاریگەرى وتاربێژى 8مارسى ئەم بزوتنەوەیەدا ئەویش رایگەیاند کە دەبێت کوشتنى ژنان قەدەغە بکرێت و یاساى غسل العارى بەعس لاببرێ .پارتی دیموکراتى کوردستانیش دواى چەند ساڵێک هاتە پاى پەسەندکردنى ئەم هەنگاوە.
ئیستا دواى چەند ساڵ کە ئەم بەندە لە یاساى بارى کەسێتیدا کراوە و کوشتنى ژنان بەپێى یاسا کراوەتە تاوان بەڵام بۆ ئەم یاسایە ناتوانێت وەڵامدەرەوە بێت؟ وەڵامەکەى ئەوەیە کە لەبەرئەوەى هەموو بەندەکانى ترى ئەو یاسایە لە زەواج ،تەڵاق،سەرپەرشتى،سەفەر و پەویەندى خۆشەویستى و سێکس و هتد.. لەدژى ماف ویەکسانى ژنانە و پیادەکردنى ئەم یاسایانە سەرچاوەى توندوتیژی بەردەوامە بەرامبەر بە ژنانە و هیچ پشتیوانیەکى یاسایى نىیە بۆ ئەوەى ژنان بتوانێت مافەکانى بپارێزێ لەو دەستدریژیانەى کە ئەم یاسا ئیسلامیانەى کردۆتە داب ونەریت و ڕێسا و یاساى ناوخەڵک بەپێى ئیسلام و شەریعەت و مەلاى مزگەوت و پیاوسالارى کاردەکا. بەم پێیە ژنان لە کوردستاندا لەبەردەم سیستەمێکى یاسایى دژى ژن و توندوتیژ دانراون کە پیادەکردنى لەکۆتاییدا دەگاتە کوشتن و سوتاندن و لیدان و هەڕەشەیەکى بەردەوام.
لەکاتیکدا کچانى لاو لە کوردستان لەگەل دنیاى مۆدیرندا بەهۆى تەکنولوژیا(موبایل ، ئەنتەرنیت،سەتەلایت …هتد) ئاشنایە و نایەویت لە قالبى سیستمى پیاوسالارى باوک و برا و مێردا بمینیتەوە ،دلدارى دەکا سیکس دەکا،دەچیتەدەرەوەو لەژیانى کۆمەلایەتیدا دەیەوێت بەشدارى بکا. لەکاتیکدا یاسا هیچ کام لەم مافانەى دەستەبەرنەکردوە و بەرەسمى نەناسیوە، لیرەدا هەموو یاسا و شەریعەت ومەلا و دابونەریت و کلتورى پیاوسالارى ریگریەتى و هەربۆیە ریگاکەى ئەوەیە لەم یاسا و دەسەلاتانە یاخى دەبێت و سزاى کوشتن بەپێى ئەمانە دەدرێت.بەم پێیە کە ئەم یاسایانە سیستەمى پیاوسالارى دەپارێزن و ئەو کلتورە پێک دەهێنن کە دەسەلات بەناوى کلتورى جەماوەرەوە پێمان دەفرۆشێتەوە و لەراستیدا ئەمە کەلتورێکە کە دەسەلات دەیپارێزێت بەپێى یاسا و بۆیە دەکرێت بڵێین کەلتورى کوشتنى ژنان کەلتورى دەسەلاتە کە لەکۆمەڵگادا رەسمیەتى پیدەدرێت و پیادەدەکرێ. ئیتر یاساى دانانى کوشتنى ژنان بەتاوانى گەورە لەم چوارچیوە یاساییەدا 8ساڵە ناتوانێت کاربکات بۆ نەهێشتنى ئەم تاوان و توندوتیژیە.هەربۆیە سەرەراى یاساى تاوانى کوشتنى ژنان پیویستە ئەو یاسا وسیستەمە یاساییەى بارى کەسێـتى کە دەبێـتە سەرچاوەى پاراستنى ژنان لەدەستدریژى بۆسەر مافەکانیان پیویستە دابنرێت و کاریپیبکرێت. پیویستە ئەو مافانەى ژنانى لەسەر دەکوژرێت یاسایى بکرێتەوە و پەیرەو بکرێت. سەیرکەن لەبەریتانیا سیستەمى یاساى کچان وژنان دەپاریزێت ولەژیر ناوى فەحسى پەردەى کچێنى و زەواج و سێکسى دەرەوەى شەرع و سەفەر وچونەدەرەوەى بێ ئیزنى مێرد وباوک روبەروى سزا و کوشتن نابیتەوە. هەربۆیە هەر گۆرانێک لەیاساکاندا دەبێت ڕیشەیى بێت و وەڵامى خواست وماف وئازادیەکانى فەردى ژنان بداتەوە و ئەمە پشتیوانەى قانونى بێت دژى دابونەریت وکەلتورى عەشیرەتى و پیاوسالارى.
لەبوارى جیبەجیکردنى یاسا و دەزگا قەزاییشدا هەرچەند بە ڕوکەش دادگا هەیە بەڵام ئەمانە جگەلەوەى هەمان یاساى دژى ژنى بارى کەسێتى ئێستا پەیڕەو دەکەن هەروەها ئەم دادگایانە لەدەسەلاتى حزبەکان سەربەخۆییان نىیە و پاریزراویش نین و هەربۆیە بەپێى ئامارەکانى 16 سالى رابردوو لە 12 هەزار کەیسى تاوانى کوشتنى ژنان دادگا ژمارەى تاوانباران لەپەنجەکانى دەست تیپەرناکەن وئەو یاسایەى کوشتنى ژنان بەتاوان دادەنێت چاویان بەم دادگایانە ناکەوێ. بەشێکى زۆرى هۆى ئەم ناکاراییەى دادگا بوونى دەزگایەکى قەزایى ترە لە سیستەمى دەسەلاتداریتى حیزبە چەکدارە ناسیونالیستەکانى کوردستانە ئەویش مەکتەبى کۆمەلایەتى حزبە دەسەلاتدارەکانە.ئەم مەکتەبانە باڵادەسترن لەژیانى کۆمەلایەتیدا و نەک بەپىى یاسا بەلکو بەپىى ێولحى عەشایرى و یاسا وبەرژەوەندى حیزبیان خەریکى ئازادکردنى تاوانباران و گۆرینەوەى خوینى ژنان بە پارە و ژن وموڵکن.لیرەدا کە ئەم سیتەمی قەزایى حزبىیە بالادەستە ئیتر پۆلیس و دەزگاى تەنفیزى حکومەت کە بەپێى یاسا کاربکات بۆ دۆزینەوەى تاوانباران وتەسلیمکردنیان بەدادگا و دەورگیرانى داواکارى گشتى هەمووى دەبیتە شتیکى لاوەکى وپەراوێز لەچاو دەورى سەرۆک عەشیرەت و مەسئولى حزب و باوک و برا و خزم و مەلا و هتد..واتە ئەو دەسەڵاتانەى کە ژیانى ژنانیان پێسپیردراوە و بریار بەدەستى ئەسلی وبەرەسمى ناسراون لە سیستەمى پیاوسالارى وعەشیرەتیدا. ئەمە ناکۆکیەکى قەزاییە کە هەرچەند بتەوێت یاساى باشت هەبیت وەک مەرەکەبى سەرکاغەز دەور دەگیرێت و بەبێ هەلوەشاندنەوەى مەکتەبى کۆمەلایەتى حیزبەکان و جیاکردنەوەى دادگا وسیستەمى قەزایى لە حکومەت ودەزگاى تەنفیزى و دەسەڵاتى حیزبەکان وە بەبێ دروستکردنى دادگاى تایبەت بە کوشتنى ژنان و بونى عونێرى ژن لەنیو قازى ودادگادا ناتوانرێت چاوەروانیەکى زۆر هەبێـت لەوەى بکوژى ژنان و و تاوانباران بەرامبەر بەژنان بەپێى یاسا سزا بدرێن و هەروەک لە 16 ساڵى رابردوودا بینیومانە کە سیستەمى قەزایى ودادگا نەیتوانیوە جیگاى ئومێدى ژنان بن. بەپیچەوانەوە سیستەمى قەزایى دەسەڵات کە مەکتەبە کۆمەڵایەتیەکان و دیوانى عەشیرەتەکانە سەرچاوەیەکى ئازادکردنى هەزاران بکوژى ژنان بون و پەیوەندى نیوان کلتورى ژن کوژى و دەسەڵات لەم دیوەخان و مەکتەبە کۆمەلایەتیانەدا رۆژانە پتەوکراوەتەوە.
ئەم دیاردە گەورەیە کە قوربانیانى شەڕێکى نهێنى ڕۆژانەیە دژ بەژنان لەکۆمەڵگادا بەردەوامە لەلایەن دەسەڵاتەوە نەخشەیەکى ستراتیژى بۆ روبەروبونەوەى نىیە، هەورەک ئەوەى ژنان هاوڵاتیەکى سایەى ئەم دەسەڵاتە نەبن.تەنانەت وەک پەتاى کۆلیرا یان لافاوێک حسابى بۆ نەکراوە و بەشێک لەو ملیاردەها دۆلارەى بودجە نەخراوەتە خزمەت نەهێشتنى ئەم کەلتورى ژن کوژى و فریاکەوتن و قەرەبوکردنەوەى قوربانیانى.هیچ باسێک لە بودجەیەک بۆ سیستەمى یارمەتیدانى قانونى و گرتنى محامى و پرۆسەى دادگا نىیە. بودجە بۆ کەمپەینى دژى توندوتیژى نىیە.
لەئاستى تەنفیزیدا باسێک نىیە لە دانانى تیمى پۆلیس و فریاکەوتنى تایبەت و شیلتەرى پیویست وستاندارد نىیە و چاکسازى لەو شیلتەرانەى ئیستا گرتوخانەیەکى محتەرەمانەن کە ژنان توشى کەئابە و بیزارى زیاتر دەکەن.
لە جیاتى گۆرینى سیستەمى خویندن و پەروەردەیەکدا کە بەشێکى پیکهینەرى ئەو کەلتورە نایەکسان وپیاوسالارى وئیسلامیەیە ، باس لە چاکردنى مەلا و فەتواکانیان دەکرێت وەک ئەوەى خودى ئەو ووتارى هەینیانەى ئەم مەلا و ئیسلامیانە نەبێت کە جەوى کۆمەڵایەتى لەدژى ژنان رۆژانە هەلدەخرێنێ و دەوردانەوە بەمەلاکان بۆ ئاگادارکردنەوەى ژنان و رەسمیەت پیدانەوەى کەلتورى دژى ژنى ئیسلامىیە و دژایەتى رەوەندى عەلمانیەتى بزوتنەوەى یەکسانى خوازى ژنانە کە داواى لابردنى شەریعەت لە یاساى بارى کەسێتى و لەدەستور و جیاکردنەوەى دین لەدەسەڵات دەکات. بیگومان میدیاى دەسەلاتیش رۆژانە ئەم سیستەمە یاسایى وقەزایى و کەلتوریە بەرهەم دێنێتەوە،
ئەمانە ئەو کارە سەرەکی و مەیدانانەن کە بزوتنەوەى یەکسانى خوازى ژن وپیاو بەبێ دەست بردن بۆى و پیکەوە کارپیکردنى ناتوانیت وەزعى ژنان گۆرانى جدى بەسەر دیاردەى کوشتنى ژناندا بهینیت. ئەمانە هەورەک سەپاندنى قانونى دژى کوشتنى ژنان مومکینە بەڵام پیویستى بە فشارى جدى هەیە و تەنها لەژێر فشاردا دەسەڵات ریگاى پێدەدا چونکە لە بناغەدا دژایەتى جدى و بنەرەتى لەژیانى کۆمەلایەتى وسیتەمى قەزایى و تەنفیزى و یاسایى ئیدارەى کوردستاندا هەیە و وەزعیەتى شیواوى کۆمەلایەتى کوردستان ودەسەلاتى میلیشیایى حزبە ناسیونالیستەکان بەبێ ئەم فشار و نارەزایەتیانە ناتوانێـت ئەم پەڵەى شەرمى کلتورى ژن کوژیەى دەسەڵات لەسەر جەماوەرى کوردستان و کۆمینتى کوردیە لەدەرەوە لابەرێت.
بیگومان گواستنەوەى ئەم دیاردەیە بۆ دەرەوە رەنگدانەوەى ئەو جەوە پیاوسالاریەى کوردستانە کەوەک پشتیوانیەیەک دەبیتە هاندەرى زیندوبونەوە و کارابونى ئەو پیاوسالاریە لەدەرەوەش. نمونەى قسەى ژنیکى کورد لە سوید لەکاتى کوشتنى دوعادا دەمەویـت بکەمە کۆتایى ئەم باسەم کە وتى ئەگەر پیاوێکى کورد لە سوید هاوسەرێکى کوردى هەبێت بەو شیوە توندوتیژە مامەڵەى لەگەلدا دەکات کە سیستەمى پیاوسالارى لە کوردستان ریگەى پیدراوە بەڵام هەمان پیاوى کورد ئەگەر لەگەڵ ژنێک هاوسەر یا هاورێیەکى سویدى بێت بەپیچەوانەوە وەک سیستەمى سویدى کە رێز بۆ مافى ژنان دادەنێـت ناچارە مامەڵەى بکات . هەربۆیە بۆ نەهێشتنى توندوتیژى بەرامبەر بەژنان پێویستە سیستەمى کۆمەڵایەتى پیاوسالارى نەهێڵین.ئەمە دەرگاى کردنەوەى ژیانێکى مەدەنى و ئاسودەیە بۆ ژنان و سەرجەم کۆمەلگاى کوردستان.
‏04‏/03‏/2008

Add Comment

Click here to post a comment