گفتوگۆ

بەرپرسی کەناڵى ئاسمانى سەناى کوردى بەبۆنەى کردنەوەى لە رۆژى 9.9.2007

کەناڵى ئاسمانى سەناى کوردى دەنگى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستانە
چاوپیکەوتن لەگەڵ ئاسۆ کمال بەرپرسی کەناڵى ئاسمانى سەناى کوردى بەبۆنەى کردنەوەى لە رۆژى 9.9.2007

سەناى کوردى: سەرەتا پیرۆزبایى کردنەوەى کەنالى سەناى کوردى لەخۆمان و سەرجەم خەڵکى ئازادیخواز دەکەین و بەم بۆنەیەوە پێمان خۆش بوو لەگەڵتاندا وەک بەرپرسی کەناڵەکە قسەو باسێک بکەین تاکو بۆ خوێنەرانى رۆشن بکەنەوە کە ئامانجەکانتان لەکردنەوەى ئەم کەناڵە چىیە؟

ئاسۆکمال: بێگومان ئەمە مژدەیەکى خۆشە بۆ سەرجەم ئەو ئینسانانەى کە دەیانەوێت دەنگ وڕەنگى ئازادیخوازان ببیستن.ئامانجى ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان بکەینە دەنگى خۆى لە کەناڵیکى ئاسمانیەوە هەبێت و میدیایەک کەدەنگى ئەم کۆمەڵگە مەدەنیەبێت لەکوردستاندا بکەینەخاوەنى دەسەڵاتى چوارەم .ئەو دەنگ وخواستانەى خەڵکى کوردستان ئەمڕۆ هەیانە بۆ باشترکردنى ژیانیان ،ئەو نارەزایەتیانەى بەرامبەر بە نەبونى خزمەتگوزارى و گەندەڵى هەیانە،خەلک نایانەوێت وابەستەى نادیارى ئایندەى سیاسى و بآهودەیى چاوەروانى سیاسەتەکانى ئەمریکا و فیدرالیزمى شکست خواردوودبن وەک لە کاتى بەیکەر – هاملتن بینیمان،وە لەمەیدانى کۆمەڵایەتیدا هاتنەدەنگى دژ بەسیستەمى پیاوسالارى دەبینین کە ژنان و خەلکى ئازادیخواز لەم ماوەیەدا نیشانیان داوە،ئەو تورەیى و خۆپیشاندانانەى گەنجان دەرى دەبڕن . لەمەیدانى فکرى و فەرهەنگیدا رۆژنامەنوسان و هونەرمەندان لە دژى بیروراى کۆنەپەرستانەى ئیسلامى و عەشیرەتى دەسەڵاتن و تەعبیر لەبیروباوەرى مۆدێرن دەکەن.ئەم کەناڵە دەیەوێت ببێتە مینبەرى ئەونارەزایەتیانە و تریبون و بڵندگۆى ئازادى ویەکسانى بێت لە کوردستاندا.
ئەم کەنالە دەیەوێت باسى راستیەکانى ژیانى خەلک بکات و بڵێت کە دریم لایف ودریم سیتى بۆ دەسەلاتدارانە و خەڵک لە سایەى گرانى و نەخۆشى و کرێچێتى و بێ ئومێدى دا دەژى.دەمانەوێت دەنگى هەموو ئەو ناڕەزایەتیانە بکەینە فشارێک بەسەر دەسەڵاتەوە و هاوشانى میدیا ئازاد وسەربەخۆکانى تر لەبوارى رۆژنامەوانى و رادیۆیدا بتوانین ئەو فشارە بگەیەنینە ئاستى دەسەڵاتى چوارەم بەرامبەر بەدەسەڵاتێکى نامەدەنى کە لە کوردستاندا رێگەى لەم ئازادیانە گرتوە.
بەکورتى ئەم کەناڵە خزمەت بە خواستى مەدەنى و عەلمانى و ژیانیکى باشترى خەڵکى کوردستان دەکات و دەیەوێت ئەم پیداویستیەى کۆمەڵگەى مەدەنى دابین بکات کە دەنگى مەدەنى خەلکى کوردستان بکاتە فشار و دەسەلاتێک بەرامبەر بە دەسەلاتى نامەدەنى ئێستا و وەسیلەیەک بێت بەدەست خەڵکەوە بۆ گۆڕینى ئەم وەزعەى ئێستا بەسەریدا سەپێنراوە.

سەناى کوردى: ئایا بەرنامەکانتان چى دەبێت؟
ئاسۆ کمال: ئیمە دەمانەوێت بەرنامەى هەمەلایەنە و گشتى پێشکەش بکەین کە سەرجەم بوارەکانى ژیان و کێشە گرنگەکانى خەڵکى کوردستان بگرێتە خۆى. لەسەرەتاوە زیاتر لە ستۆدیۆدا بەرنامەکانمان ئامادەدەکەین بەڵام هەوڵدەدەین لە ماوەیەکى کەمدا بگوێزینەوە بۆ دەرەوەى ستۆدیۆش.بەرنامە سەرەکیەکانمان بریتى دەبێت لە باس وخستنەڕووى کێشەکانى ژیان و گوزەرانى کریکاران ، فەرمانبەران وبێکاران و چینە ژیردەسەتەکانى کوردستان و داواکارى ونارەزایەتیەکانیان بگەیەنین بەهەموو لایەک و لەم رێگەیەوە پشتیوانیان بکەین و بەشداربین لە هەوڵى سەرخستنى خواستەکانیاندا.لەسەر مەسەلە کۆمەلایەتیەکانى ژنان کە دەزانین چ دیاردەیەکى دزیۆى کوشتنى ژنان بەردەوامە و دەمانەوێت دەنگ و فشار لەسەر دەسەلات بەردەوام بکەین تا گۆرینى قانون و هەنگاوى عەمەلى بۆ گۆرینى ئەم وەزعە.هەروەها لەسەر خواستى لاوان و مافەکانى مناڵان و خواستە کۆمەلایەتیەکانى تر بەرنامەمان دەبێت. لەسەر برەودان بە فەرهەنگ و هونەرى مۆدێرن و پێشکەوتوو و رەخنە لە داب ونەریت وفەرهەنگى کۆنەپەرستانە وە هەروەها گرنگى دەدەین بە بلاوکردنەوەى گۆرانى ومۆسیقا وکارى هونەریش . هاوکات لەسەر مەسەلە سیاسیەکانى کوردستان و خویندنەوەى ڕووداو و پیشهاتەکان وریگاچارەکانى کارى جدیمان دەبێت.
سەناى کوردى: خەڵک چۆن دەتوانن بەشدارى بکەن لەبەرنامەکانتاندا؟
ئاسۆ کمال: ئێمە لەسەر شاشەى تەلەفزیۆنى سەناى کوردى ژمارە تەلەفۆنى 00447760131203 و ئیمەیلى سەناى کوردیمان sanatvkurdi@yahoo.comمان بڵاوکردۆتەوە کە هەموو کەسێک دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات و لەپێشنیار و تیبینیەکانى خۆى ئاگادارمان بکاتەوە. لێرەوە بانگەوازى هەموو کەسێک دەکەین کە دەیەوێت ئەم دەنگەى کۆمەڵگەى مەدەنى کوردستان بەرزبکاتەوە هاوکاریمان بکات ، چ بەرناردنى بەرهەم بێت یا پیشنیار بێت یان کۆمەکى فەنى ومادى بێت. هونەرمەندان دەیانەوێت لەبەرنامەکاندا بەشدارى بکات کار وبەرهەمەکەى باس بکات لەگەلماندا ئێمە پێشوازى لێدەکەین. دەرگاى ئێمە کراوەیە بۆ ریکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و بەرنامەى تایبەتیان بۆ دادەنێین .ئێمە هاوکارى و تەنسیق لەگەڵ رۆژنامە و میدیا ئەهلى و ئازادەکان و رۆژنامەنوسان و پەیامنیران بەگرنگ دەزانین و دەتوانن لەبەرنامەکانماندا بەشدارى بکەن. ئێمە مینبەر و تریبونى هەموو ئەو کەسانەین کە نارازین بە هەلومەرجى ئێستاى ژیانیان و خوازیارى دەسەلاتێکى مەدەنى و سکۆلار و دنیایەکى باشترن و دەرگاى سەناى کوردى بۆ هەمووان کراوەیە وپێشوازى گەرمیان لێدەکەین.

سەناى کوردى : دواپرسیارمان ئەوەیە کە پەیوەندیتان لەگەڵ بەشى عەرەبى و ئینگلیزیدا چۆنە؟
ئاسۆ کمال: ئێمە یەک ئامانجى هاوبەشمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە دەسەلاتێکى مەدەنى وعەلمانى لەعیراق وکوردستاندا دابمەزرێت و ژیانێکى باشتر بۆ خەڵک دابین بکرێت کە دوور لەشەڕ و داگیرکارى وتیرۆریزم بێت، هەربۆیە پەیوەندیەکى نزیک لەنیوانماندایە وهاوکارى نزیکى یەکتردەبین لە سەرخستنى ئەم بەرنامە هاوبەشەماندا.