کۆمۆنیزم

ووتار لە کۆنگرەى سێهەمى حزب سەبارەت بە جیابونەوەى کوردستان

هاوڕێیانى ئازیز..سەرەتا پیرۆزبایى کۆنگرەى سێهەمى حزب لە هەموومان دەکەم

یەکێک لەباس وبڕیارە گرنگەکانى کۆنگرەى سێهەمى حزبمان ، سیاسەتى جیابونەوەى کوردستانە کە لێرەدا پێشکەشى دەکەم.
ئەم تاکتیکە لەپێش ڕووخانى بەعسدا حزب بەپآى باسێکى هاوڕآى ئازیزمان منصور حکمت لەساڵى 1995 پەیرەوى لێکرد و ئێستا دواى ماوەیەک لە ڕوخانى دیسانەوە ئێمە گەڕاوینەتەوە سەرى. بێگومان بۆ بەشى عێراقى ڕێکخستنەکانمان ئەم مەسەلەیە پێویستى بەڕۆشنکردنەوەیەکى زیاترە.
کۆمۆنیزمى کرێکارى لەم تاکتیکەدا لە کۆمۆنیزمى تەقلیدى و ناسراوى عێراقى لەچەشنى حزبى شیوعى جیاوازە و بۆ یەکەمین جارە کۆمۆنیزمى کرێکارى لە عێراقدا مەسەلەى جیابونەوە و دەوڵەتى سەربەخۆ بۆ چارەسەرى کێشەى کورد دەخاتەڕوو. بناغەى ئەم سیاسەتەى ئێمە لە ڕابردوو و ئێستادا ئەوەیە کە وەک کۆمۆنیزمێکى عەمەلى وەڵامدەرەوەى ستەم و کێشەکانى خەڵکى کوردستانە و دەیەوێت سەرجەم کۆمەڵگاى عێراق لەدەست ئەم کێشە قەومیە رزگاربکات کە ساڵانێکی دوورودرێژە بەدەستیەوە دەناڵێنآ و کۆسپێکی گەورەى بەردەم خەباتى چینایەتیە لە عێراقدا. حزبى شیوعى عیراق لەکاتیکدا لەپاڵ حزبى بەعسدا وەستابوو و جەبهەى لەگەڵدا هەبوو کە ئەم ڕژێمە هێرشى عەسکەرى دەکردە سەر کوردستان و هیچ کات چارەسەرى عادلانە و مافى جیابونەوەى نەسەلماندوە لەپێناو پاراستنى یەکپارچەیى خاکى عێراق . هەربۆیە ئێمە کۆمۆنیزمێکی نوێین لە عێراقدا کە سوسیالیزمیمان دەوێت و سیاسەتى جیابونەوەى کوردستانیش لە عێراق پەیڕەو دەکەین.
ئێمە ڕێگاچارەى یەکەم بۆ هەموو کێشەکانى عێراق بەسوسیالیزم دەزانین و کار بۆ دامەزراندنى سوسیالیزم لە عیراقدا دەکەین بۆ کۆتایى هێنان بە هەموو ستەم و کێشەیەکى قەومى و دینى و نایەکسانیەک . بەڵام لە هەلومەرجى ئێستادا تاگەیشتن بە دامەزراندنى جمهوریەتى سوسیالیستى لە عیراقدا وەڵاممان بۆ کێشەى کورد پیویستى بە ڕێگایەکى فەورى و تاکتیکیکى عەمەلىیە کە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و ڕێگە لەبەردەم سەرکەوتنى سوسیالیزم لە عیراقدا هەموارتر بکات. ڕێگاچارەى دوەمیشمان بۆ کێشەى کورد دامەزراندنى دەولەتیکى سکۆلارى ناقەومیە لە عیراقدا کە لە دواى ڕوخانى بەعسەوە ئێمە کارى بۆ دەکەین بەڵام بەپآى هەلومەرجى سیاسى و پرۆسەى دامەزراندنەوەى دەوڵەت و دەسەلاتێک کە ئێستا هێزە ئیسلامى و ناسیونالیستە کورد و عەرەبەکان لە سایەى ئەمریکادا بەڕێیان خستووە بەپێچەوانەوە ئێستا ئەم پرۆسە و دەسەڵاتە کێشە و ململانآى قەومى ودینى زیاتر کردوە و کێشەى کوردى بەچارەسەرنەکراوەیى هێشتۆتەوە. هەربۆیە ئێمە جیابونەوە و پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆ لەرێگاى رفراندۆمەوە بە ڕێگاچارەى سێهەممان دەزانین کە لە ئێستادا بە ڕێگاچارەى کارساز و عەمەلى دەزانین و کارى بۆ جێبەجێکردنىدەکەین.
سەرچاوەى ئەم سیاسەتى جیابونەوەیە لەم دەورەیەدا لە مانەوەى کێشەى کوردەوە لە عێراقدا و خەتەرى چارەسەرنەکرانى ئەم کێشەیە لەسەر ئایندەى خەڵکى کوردستان و ژێردەستە بونەوەى ئەم خەڵکە و کاریگەرى درێژەکێشانى ئەم کێشەیە بۆ شەرى قەومى لە عێراقدا. هەلومەرجى سیاسى دواى ڕوخانى بەعس لە دانانى مەجلسى حوکم و قانونى ئیدارەى ئینتقالى و دواتریش هەڵبژاردنەکان ئەوەیان نیشان داوە کە کوردستان لەژێرناوى ئەم پرۆسە بەناو دیموکراسیەدا ئیلحاق دەکرێتەوە بە عێراقەوە و بەبآئەوەى هیچ حسابێک بۆ ڕا و مافى خەڵکى کوردستان بکرێت لە دیاریکردنى چارەنوسى سیاسى کوردستاندا و وە وەک خەڵکى تەیمورى شەرقى و بیابانى ڕۆژئاواى مەغریب و تەنانەت باشوورى سودانیش مافى بەرپاکردنى رفراندۆم بۆ پرسى مانەوە یان جیابونەوەى بۆ بەڕەسمى بناسن.ئەم پرۆسەى ئیلحاق کردنەوەى کوردستان بۆ یەکیتى و پارتى بوەتە مایەى ئەوەى بەشێک لە دەسەلاتیان لە مەرکەزدا بەدەست بهێنن و تالەبانى ببێتە سەرۆک کۆمارى عێراق . بەڵام ئەم دەستکەوتانەى ئەم حزبانە لەم هەلبژادنەوە بەدەستیان هێناوە کاتیە و هەر لە ئێستاوە لیستى شیعەى سەرکەوتو هەڕەشە دەکات کە دەستور و دەولەتێکى ئیسلامى و عەرەبى لە عیراقدا دادەسەپێنآ کە خەڵکى کوردستان دەکاتەوە هاوڵاتى پلەدوو و ژێردەستەى حکومەتی ئیسلامى وعەرەبى لە عێراقدا. بێگومان بەگۆڕینى تەوازنى نێوان لیستى شیعە و کورد و بەهاتنە ناوەوەى هێزە قەومى – ئیسلامیە سونیەکان ئەم هاوکێشە و هاوسەنگیەى ئێستا تێک دەچێت و ئەمریکاش تاسەر تواناى مانەوەى خۆى و بونى بەچەترى ئەم تێکەولێکە و هێزە ناکۆک و دژبەیەکانە نابێت و شیرازەى ئەم وەزعیەتە هیچ ئارامى و ئاسودەیەکى بەشوینەوە نىیە .چارەنوسى خەڵکى کوردستانیش لەبەردەم هەڕەشەى گەرانەوەى بۆ ژێردەستەیى حکومەتى ئیسلامى و عەرەبى مەرکەز و بونە قوربانى شەڕى دەسەڵات و شەڕى فیدرالیزمى قەومى ئەم هێزانە دەبێت.
هەربۆیە تاکە ڕێگایەک کە ئێستا بتوانێت خەڵکى کوردستان لەم هەڕەشانە دوور بخاتەوە و کێشەى کورد بە شێوەیەکى عادلانە چارەسەر بکات گەڕانەوە بۆ رفراندۆمیکى ئازادانە بۆ بریاردان لەسەر سەربەخۆبونى کوردستانە. ئەمە بەقازانجى خەڵکى کوردستان و باقى خەڵکى عێراقیشە کە فتیلى شەڕى قەومى دەکوژێنێتەوە. ئێستا لە دواى نزیک بە دوو ساڵ لە فیدرالیزمى دیفاکتۆ وەزعى شارێکى وەک کەرکوک بارۆمەترێکە بۆ زانینى ئەو خەتەرەى کە ئەگەر تەوازنى نیوان ئەم هێزانە لەمەرکەزدا تێک بچێت چۆن ئەم ئاگرى شەڕە قەومیە کڵپە دەستێنآ.ناوبردنى کێشەى کەرکوک بە دووەم کێشە دواى کێشەى تیرۆر لە عێراقدا ئەم واقعیەتە و ئەو ئایندە پڕلەمەترسیە نیشان دەدات.
جآبەجآبونى ئەم ڕێگا چارەى جیابونەوەیە فرسەتى لەبارى لەبەردەمدایە .ئەمڕۆ نەمانى سوپاى بەعس و ناجیگیرى دەولەتى مەرکەزى و ئالوگۆرى ناوچەکە ، لەدەست کورت بونەوەى تورکیا وئیران و پەشێوى وەزعى سوریا و ئیران ، وە هەروەها بەهۆى چوونە سەرى ئاستى تەوەقعى خەڵکى کوردستان بەرامبەر ژیانى مەدەنى و جیکەوتنى داواى سەربەخۆیی کوردستان و دورکەوتنەوەى لە کێشەى تیرۆر و بەدەسەلات گەیشتنى شیعەى سیاسى و کەوتنەوە ژێر دەستى عێراقێکى عەرەبى و ئیسلامى ، ئەمانە هەمووى فاکتەر و زەمینەى شکڵ گرتن و سەرکەوتنى بزوتنەوەیەکى جەماوەرى و سیاسىیە لە کوردستاندا کە بۆ دامەزراندنى دەولەتێکى سەربەخۆى مەدەنى وسکۆلار و ناقەومى لە کوردستاندا بێتەمەیدان.
حزبى ئێمە بە پتیوانى کردن لە پێکهێنانى کۆنگرەى رفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان هەنگاوى عەمەلى دەستپێکردوە بۆ شکڵ پێدان و ڕێکخستنى ئەو بزوتنەوە جەماوەرى و سیاسیە و دەیەوێت بەچەشنى کۆنگرەى دژى ئاپارتایدى باشوورى ئەفریقا ئەم کۆنگرەیە بکاتە ئەو بەرە جەماوەریە بەرفراوانەى کە هێزى خەلکى کوردستان ئامادەدەکات و لە هەموو ار وشارۆچکەکانى کوردستاندا رێکى دەخات و دەیهینیتە مەیدان بۆ ئەنجامدانى رفراندۆم و دامەزراندنى دەولەتى سەربەخۆى کوردستان . ئەم کۆنگرەیە هەروەک لەم ڕۆژانەدا لە ڕیزى پێشەوەى مانگرتنى خویندکارانى زانکۆى سلێمانى بوو لە دژى گەندەڵى لە کاروبارى خویندندا و لەریزى ڕێپیوانى مامۆستایانى سلێمانیدا بوو بۆ زیادکردنى مووچە و دابینکردنى زەوى و خواستە ڕەواکانى تریان ، هەربەم شێوەیە لەڕیزى پێشەوەى سەرجەم خەباتى خەڵکى کوردستاندا دەبێت بۆ دامەزراندنى دەسەڵاتیکى مەدەنى و دابینکردنى ئازادى و یەکسانى لە کوردستاندا. ئێمە لە پرۆسەى دانانى دەستوردا دەمانەوێت حەرەکەتى ڤیتۆى خەلکى کوردستان بین دژ بە دەستورى ئیسلامى و قەومى و دەمانەوێت مافى رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نەک تەنها بسەلمێنرێت بەڵکو زەمانەتى جیبەجیکردنى بکرێت و سەقفى زەمەنى پیادەکردنى لە نزیکترین فرسەتدا بێت.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق نوێنەرایەتى ئەم بەرە ئینسانى و سکۆلار و نا قەومیە دەکات کە لەبەرامبەر ئەو هێزە ناسیونالیستە کوردى و عەرەبى و ئیسلامیانەى دەیانەوێت کێشەى کورد بۆ سەپاندنى سیناریۆى رەش و شەڕى قەومى بەکاربێنن ، ڕاوەستاوە و بەم ڕێگاچارە ئینسانیەى چارەنوسى خەڵکى کوردستان و عێراق لە دوبارەبونەوەى سیناریۆى شەڕى قەومى ڕزگاردەکا و بەرەى ژێر پآى ئەم دەسەڵاتانە دەردەکێشآ.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق لە ڕێگاى گرتنە بەرى ئەم سیاسەتە عەمەلى و عادلانەوە بۆ چارەسەرى کێشەى کورد وەڵام بە کێشەى چارەنوسى خەڵکى کوردستان دەداتەوە و هەروەها خزمەت بە بەهێزکردنى بەرەى چەپ و سکۆلاریزم و ئینسانى لەسەرجەم عێراق و ناوچەکەدا دەکات.

بژى حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراق
بژى سوسیالیزم
سوپاس

Add Comment

Click here to post a comment