وتار

باوەڕ بە١٠٠ ڕۆژی مەسرور یان ١٠ هەزار ڕۆژی حکومەتی بنەماڵە بکەین

مەسرور بارزانی لە ١٠٠ڕۆژی حکومەتەکەیدا وتارێکی دا ئەوەندە باسی چاکسازی کرد کە وەک ئەوەی بە کودەتایەک هاتبێتە جێگای حکومەتێکی گەندەڵ و دزی پێشوو. یەکێک نەزانێ ئەمە خۆی یەکێک لە باڵادەستەکانی بنەماڵەیەکە کە ١٠٠٠٠ ڕۆژە بە باوک و ئامۆزا و برا و بزرازاوە حکومی کوردستان دەکەن، لەوانەیە پێی وابێ ئەمە حکومەت و بەرنامەیەکی تازەیە و کوردستان بەدەستی ئەم پیاوە دەچێتە قۆناغی بوژانەوە و کرانەوە و دادپەروەریەوە.
ئەم سەرۆکە تازەیە لەم ١٠٠ ڕۆژەشدا ئەگەر پارەی نەوتی بخستایەتە سەر حسابێکی بانکی لە کوردستان و بیوتایە بە پێی نەخشەیەکی ئاشکرا بۆ پێویستیەکانی خەڵک بۆ کارەبا و سوتەمەنی و خانو و تەندروستی و خوێندن و کارگە و کێڵگە و ڕێگاوبان خەرجی دەکەم. هێشتا باوەڕی پێدەکرا وەک ١٠هەزار ڕۆژەکەی تر لەلایەن بنەماڵەکەی خۆی و بنەماڵە هاوپەیمانەکەیەوە وەک پێشوو نادزرێ.
بەڵام یەک وشەش لەسەر ژمارەی ئەو دۆلارانەی لە فرۆشتنی نەوت پەیداکراوە لەم ١٠٠ ڕۆژەدا ناڵێ و وەک قەوانی پێشوو دەڵێ حکومەت داهاتی نەوت و خەرجکردنی ئاشكرا دەکا.
ئەم پاڵەوانەی دژی گەندەڵی ناڵێ لەم ١٠٠ ڕۆژەدا چ گەندەڵیەکی گەورەی ئاشكرا کردوە، بێگومان ئەگەر کارێکی وای بکردایە ئێستا بنەماڵەکەی خۆی و سەرۆک حکومەتی ئامۆزای و باوکی سەرۆکی هەرێمی پێشووی دەبردە دادگا و خەڵکیش بڕوای بە بانگەشەی دژایەتی گەندەڵیەکەی دەکرد. مەگەر کێ هەیە نەزانێ کە گەندەڵی گەورەی کوردستان لەلایەن ئەم دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە کراوە و ئەوانەی تر لەسایەی ئەم سیستەمی خزمایەتیەدا بەشێکیان بەرکەوتوە.
ئەم کاربەدەستە نوێ یە باسی خزمەتگوزاری دەکا بەڵام ئەوەی نەخشەیەتی فرۆشتنی کارەبا و ئاو و خەستەخانە و کەرتە گشتیەکانە بە کۆمپانیا شەریکەکانی خۆیان.
لەسەر پەیداکردنی کار و دانەوەی قەرزی موچەکانیش یەک وشەی نیە جگە لە درێژەدان بە بەرنامەی حکومەتە موچەدزەکەی پێش خۆی و باسنەکردنی بیمەی بێکاری یان دامەزراندن و دابینکردنی ژیانی خەڵکی کرێکار وهەژار و کەم دەرامەت. بەپێچەوانەوە دەڵێ لەسەر ڕاوێژەکانی لەگەڵ بانکی جیهانی بەردەوام دەبێ تا بزانێ چۆن درێژە بەو شۆکی هەژارکردنەی خەڵک بدا کە ئەم دەزگا نیولیبرالیەی جیهانیشی سەرسام کردوە کە چۆن توانیویانە لەماوەیەکی زۆر کورتدا ئەم بەرنامەی هەژارترکردنەی خەڵک بەم شیوەیە پەیڕەوبکەن.
بێگومان لەم سەرۆکە تازەیە چاوەڕوانی باسی ئازادی جۆرێک لە گێلیە کە کەسێک خۆی داوای لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنوسێکی وەک سەردەشت عوسمانی لەسەربێ دێت و لە ئاهەنگی ١٠٠ڕۆژەی حکومەتەکردنیدا بە باس و یادەوەری وا ڕۆژەکەی خۆی تاڵ دەکا.
بێگومان خەڵکی کوردستان هیچ باوەڕ بە کەسێک ناکەن کە ٢٨ ساڵ چەوساندبێتنیەوە بە ١٠٠ڕۆژ دەیانباتە بەهەشت. ئەوە تەنیا کەسان و لایەنێکی وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان باوەڕی پێدەکەن کە ئامادەن لەسەر شەریک بون لە پۆست و داهاتدا نەک ١٠٠ ڕۆژ بەڵکو ١٠٠٠٠ڕۆژ ئیمزای دەسەڵاتی ئەم بنەماڵە سەرمایەدارانەی سەروەریان بکەن. بەپێچەوانەوە خەڵکی کوردستان لەهەر فرسەتێکی گونجاودا دەنگی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانیان شانبەشانی خەڵکی عێراق و لوبنان و ئێران و فەرەنسا و شیلی بەرزدەکەنەوە دژ بەدەسەڵاتی ئەم بنەماڵە و حزب و حکومەتە سەرمایەدارانە. ئەو کاتە خەڵکی کوردستان بە مەسرور بارزانی دەڵێ ” لە کاتێکی خراپدا هاتیت و وتارە چاکسازیت پینەی چارۆکە دڕاوەکەتان ناکا و بەلەمی حکومەتەکەتان لەدەست ئەو ئاراستەیە ڕزگاری نابێ کە بەرەو گێژاوی شۆڕش و ڕاپەڕینی چینە چەوساوەکان دەچێ و لەوێدا وەک حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی لەناودەچێ بە هەموو کابینەی حزبە سەرنشینەکانیەوە.”

Add Comment

Click here to post a comment