پارتی و یەکێتی پرسی کورد لەباکور..

ئاسۆکمال: یەکێتی و پارتی بەپێی سیاسەتی ڕۆژ و بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیادا مامەڵە لەگەڵ کێشەی پەکەکەدا دەکەن

یەکێتی و پارتی لەچوارچێوەی دوو قوتبی ئێران و تورکیا و سیاسەتەکانی ئەمریکادا بەدوای دیاریکردنی هەڵوێستی خۆیانەوەن بۆ دەورگێڕان لە پرۆسەی بەناو ئاشتی تورکیادا

نوچەنێت: پرۆسەی ئاشتەوایی لە تورکیا و رۆڵی پارتی و یەکێتی.
ئاسۆ کەمال : سەبارەت بەم تەوەرەی ئێوە دیاریتان کردوە پێویستە سەرەتا لەسەر گفتوگۆی بەناو ئاشتی لە تورکیا قسەبکەین، تا دواتر بزانین دەوری یەکێتی و پارتی چیە؟
سەرەتا پێویستە بزانین ئەو پرۆسەی بەناوی ئاشتیەوە هەیە لە تورکیا چیە؟
پێوەرەکانی گفتوگۆ بۆ ئاشتی لە تورکیا ڕۆشنە، کە دوولایەن دوای ٣٠ساڵ شەڕی سەربازی دەبێ ڕێگای سیاسی بگرنە بەر بۆ چارەسەری کێشەی کورد. بەڵام ئایا ڕێگایەک کە تورکیا بۆ گفتوگۆ گرتویەتیەبەر کامەیە؟

سەرکردەی پەکەکە کە لایەنی وتوێژەکەیە زیندانیەکی ئینفرادیە، کە باری تەندروستی و دەرونی و ژیانی، هیچ پێویستیەکی سەرەتایی ئارامی و مرۆیی و دەست ڕاگەیشتنی بە هیچ کۆمەکێکی زانیاری تێدانیە، تا بتوانێت بڕیارێکی دروست بدا و لەژێر فشار و هەڕەشەی جۆراوجۆری دەوڵەتی تورکیادایە.

لایەنی گفتوگۆکاری دەوڵەت دەزگای میتی تورکیایە، نەک دەزگایەکی سیاسی و مەدەنی حکومەتی تورکیا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت مەبەست چارەسەری سیاسی کێشەی کورد نیە، بەڵکو چەک دانانی پەکەکە و کۆتایی پێ هێنان بە هێزە سەربازیەکەیەتی. ئەم هەلومەرجە هیچ پێوەرێکی گفتوگۆیەکی سیاسی دوولایەنی یەکسانی تێدا نیە و دەوڵەتی تورکیا شێواز و ڕێگایەکی بۆ گفتوگۆ داناوە کە هەموو ئیمکانیەتی سود وەرگرتنی لەم وتووێژەی خستۆتە خزمەت ئامانجی خۆیەوە، کە لەزاری ئۆردوگانەوە بە”کار لە پێناو کۆتایی هێنان بە تیرۆری پەکەکە” بەئاشکرا ناوی دەبا، واتە لەناوبردنی پەکەکە ئامانجە نەک ئاشتی و چارەسەری سیاسی و سەلماندنی مافی خەڵکی کوردستانی تورکیا لەبڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا. هەربۆیە بەپێی قسەی ئۆردوگان و ئەجیندای ئەم گفتوگۆیە شەڕە نەک ئاشتی. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ لەڕێگای فشارهێنان بۆ ئۆج ئالانەوە چەک بە پەکەکە دابنێ و خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خەڵکی کوردستان، دژ بە حکومەتی تورکیا کە ڕوولەگەشەیە شکست پێ بێنێت.
ئامانجی تورکیا لەم بەناو گفتوگۆیە، کۆتایی هێنان بە کێشەی شەڕی پەکەکە لە ناو تورکیادا نیە، بەڵکو لابردنی ڕێگریەکانی بەردەم ستراتیژی باڵادەستی تورکیایە لەناوچەکەدا. تورکیا بە بەشداری لە وێرانکردنی سوریادا دەیەوێ دەروازەیەک بکاتەوە کە ئیخوانە هاوپەیمانەکانی بگەنە دەسەڵات و کاریگەری ئێران لەسەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕەقیبێک نەهێڵێ و دەستی درێژکا بۆ دۆستانی ئیخوانی میسر و تونس و حەماس. پەکەکە و دەیەپە کۆسپێکن لە بەردەم ئەم نەخشە و ستراتیژیەدا و وەکو گویل دەڵێ “دەیانەوێ لە سەرئێشەی پەکەکە خۆیان لادەن “تا لەئاستی ناوچەکە بەدوای بەرژەوەندیەکانیانەوەبن .

ئەمە کورتەی ئەو پرۆسە ئاشتیەیە کە نەک هیچ چارەسەرێکی سیاسی تێدا نیە، بەڵکو کێشەی کورد و سیاسەتی سەرکوتی قەومی و دەستور و دەوڵەتی قەومی تورکیا جێگای باس نین. تەنانەت چارەسەری سیاسی کۆتایی هێنان بەشەڕی سەربازی پەکەکە، بە لێبوردنی گشتیش نازانێ وەک ئەو لێبوردنە گشتیانەی سەدام حسین لەکاتی سەرکەوتن یا مفاوەزات دەیدا و دواتر دەکەوتەوە گرتن و کوشتن لەشارەکاندا. سەرۆکی ئەو هێزەی گفتوگۆی بۆ ئاشتی لەگەڵ دەکا، دەبێ هەر زیندانی بێ. سەرکردەکانی پەکەکە دەبێ بچنە ئەوروپا و وڵاتانێکی تر بەمەرج و بەڵێنی قورسەوە. ئایا ئەمانە پێوەر و مەرجەکانی گفتوگۆی ئاشتین یان گفتوگۆی لایەنێکی شەڕکەرە کە مەرجەکانی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە بەرامبەرەکەی دەکاتە ئەجێندای گفتوگۆ.
لەم پرۆسەی بەناو ئاشتی لەتورکیادا دەوری یەکێتی و پارتی چیە؟
تائێستا لەلایەن تورکیاوە یەکێتی و پارتی وەک لایەنێکی ناوبژیوان، یان ناوەندێکی گفتوگۆ و دانوسان باس نەکراون و ئەوەی دەیبینین تەنیا قسەو ڕاگەیاندنی ئامادەیی یەکێتی و پارتی خۆیانە، بۆ ئەم دەورگێڕانە. لەڕاستیدا یەکێتی و پارتی بەپێی سیاسەتی ڕۆژ و بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیادا مامەڵە لەگەڵ کێشەی پەکەکەدا دەکەن. دەورانێک پارتی لەبەرەی شەڕی تورکیادا بوو لەدژی پەکەکە و ئێستاش خوازیاری دوورڕاگرتنی کێشەی پەکەکەیە لەوەی زیان بە پەیوەندیە ئابوریەکانی پارتی و تورکیا بگەیەنێ. لەسوریاشدا پارتی و پەکەکە لەدوو بەرەی ناکۆکدان و ململانێیەکی توند لەنێوانیاندا هەیە لەسەر دەورگێڕان لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئایندەی کوردستانی سوریا، لێرەوەیە لە تورکیادا بەشداری لە کۆنگرەی ئەکەپە هەڵدەبژێرێ نەک بەدەپە. یەکێتی نیشتمانی ئەو بەرژەوەندیە ڕاستەوخۆ ئابوریە بە تورکیاوە نایبەستێتەوە و هەربۆیە ئیدعای چارەسەری سیاسی کێشەی پەکەکە دەکا، بەڵام لەڕێگای ساتوسەودا لەگەڵ ئەکەپەوە. هەردولاش یەکێتی و پارتی، لەچوارچێوەی دوو قوتبی ئێران و تورکیا و سیاسەتەکانی ئەمریکادا بەدوای دیاریکردنی هەڵوێستی خۆیانەوەن بۆ دەورگێڕان لەم پرۆسەی بەناو ئاشتیەی تورکیادا، کە خۆی لەخۆیدا جگە لەتورکیا هیچ لایەنێکی تر دەورێکی سەرەکی تێدا ناگێڕێ.