نارەزایەتیەکان

خۆپیشاندانەکانی ئێستا بەرەو کوێ پێویستە ئاراستە بکرێ؟

خۆپیشاندانەکانی ئێستا بەرەو کوێ پێویستە ئاراستە بکرێ؟
دوای چەند ساڵ لە مانگرتن و بایکۆت و خۆپیشاندان هێشتا حکومەتی بارزانی و تاڵەبانی ئامادەنین خواستی لابردنی پاشەکەوتی موچەی مامۆستایان وکرێکاران و فەرمانبەران وەڵامبدەنەوە. پرسیارێک دەبێ بکەین، چۆن ئەم خۆپیشاندانانە دەتوانێ ئەم فشارە دابنێ و ئەم خواستە بسەپێنێ بەسەر حکومەتدا؟
سەرەتا دەبێ بزانین کە ئەم حکومەتە بەئاسانی دەستبەرداری ئەم سیاسەتی بڕینی موچەیە نابێت چونکە ئەمە بەشێکە لەستراتیژی هەر کابینەیەکی حکومەتی کە بیەوێ بەپێی بەرژەوەندیەکانی چینە سەرمایەدارەکانی کوردستان و عێراق ئیدارەی ئابوری و سیاسی کوردستان ڕێکبخات. ئەمە بەرنامەی هاوبەشی حکومەتی بنکە فراوانیش بوو کە هەر پێنج حزبەکەی تێدابوو و هاوکات پێشنیاری بانکی جیهانی وسندوقی قەرزی نێودەوڵەتیە بۆ کوردستان و عێراق کە موچە و خانەنشینی کەم بکاتەوە و خزمەتگوزاریەکان لەسەر بودجەی حکومەت نەمێنێ و دامەزراندنی کەرتی گشتی نەهێڵێ. ئەم حکومەتەی هەرێمیش سەرەڕای گەندەڵی و کۆنترۆڵ و دابەشکردنی میلیشیانەی داهات ئەم بەرنامەی بڕینی موچە و خزمەتگوزاریەکانی کردۆتە بەرنامەی ستراتیژی خۆی و هەربۆیە ئامادەنیە مل بۆ خواستی خۆپیشاندەران بدات و بەهێزی چەکدار سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکان دەکا.
خەڵک دەبێ چی بکا؟
گرنگترین مەسەلەیەک ئەوەیە کە بزانین بۆچی سەرەڕای خۆپیشاندانی سەدان هەزارکەسی هێشتا ناتوانین فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەین بۆ گۆڕینی ئەم سیاسەتە ئابوریەی بڕینی موچە؟ ئەگەر سەرنج بدەینە سەر دوو ساڵی ڕابردوی ناڕەزایەتیەکان ئەوەیە کە هێشتا ڕێکخراوێکی سەرتاسەری موچەخۆرانی لە کوردستان کە ئەم ناڕەزایەتیانە ڕێک بخا و نوێنەرایەتی بکا لەئارادانیە و هەر شارە و شارۆچکەیە و تەنانەت ناوەندەکانیش بەجیا و بەبێ بونی بەرنامەی هاوبەش ئەم کارە دەکەن. لەکاتێکدا نمونەی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی تری هاوشێوەی کوردستان و عێراق دەبینین کە سەندیکا و یەکێتیە کرێکاری و فەرمانبەری و مامۆستایان لە ئاستی سەراسەریدا ئەم خۆپیشاندانە دەکەن و فشار بۆ دەوڵەت دەهێنن کە دابنیشن و خواستەکانیان جێبەجێ بکەن ، وەک یەکێتی کار لە تونس، یەکێتیە کرێکاریەکانی یۆنان و ئەمریکای لاتین و باشوری ئاسیا. ئەم ڕێکخراوە سەرتاسەریانەش دژی هەمان بەرنامەی بڕینی موچە و خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەتن کە بانکی جیهانی وسندوقی قەرزی نێودەوڵەتیە.
لە نەبونی ڕێکخراوێکی جەماوەری سەراسەریدا ناڕەزایەتیەکان بەرەو کوێ دەچن؟
لە ئێستادا حزبەکانی لەدەسەڵات دەرکراون وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان دەیانەوێ وەک ١٧ شوبات خواستی خۆپیشاندەران بکەنە گۆڕینی دەسەڵات و حکومەتی یەکێتی و پارتی و وەک کەمپینێکی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری داهاتوی لێ بکەن. ئەمە بەهۆی نەبونی ڕێکخراوێکی سەراسەری موچەخۆرانەوەیە کە ئەم حزبانە دەتوانن سود لەو بۆشاییە وەرگرن و لە ئاستی سەراسەریدا لە جێگای ئەم ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەریە ئەوان خۆیان وەک نوێنەر و قسەکەری ئەم خۆپیشاندانە دەربخەن و بسەپێنن. لە کاتێکدا کە ئەگەر ڕێکخراوێکی سەراسەری بێتە مەیدان ئەوکات ئەم حزبانە دەبێ بچنە دواوە و ناچارن ڕێگا بۆ نوێنەرانی خەڵکی خۆپیشاندەر بکەنەوە کە دەوری خۆیان بگێڕن و ئەوان نەبنە دەم سپی ئەم ناڕەزایەتیانە و دیسانەوە بە پاکێجەکانیانەوە بچنەوە بۆ وەرگرتنی پۆست و کورسیەکانی پەرلەمان.
خۆپیشاندەران چۆن ئەم کارە بکەن؟
دەستە و گروپەکان و قسەکەرانی خۆپیشنادەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و خەڵکی ناڕازی دەتوانن لە شاروشارۆچکەکان لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و خواستەکانیان بکەن بەیەک لیست و بڕیاربدەن کە پێکەوە ڕوبەڕوی حکومەت ببنەوە و شێوازی مانگرتن و فشاردروستکردنەکان دابنێن. ئەم داخوازیانە دەبێ لەسەر بڕیاری خۆپیشاندەران بێت و نابێ بەرنامەی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات بکرێتە دروشم و داخوازی ئەم خۆپیشاندانانە. دامەزراندنی ئەنجومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە نمونەیەک لەم هەوڵەیە کە لە ئاستی شاری هەولێردایە وپێویستە لە ئاستی سەراسەریدا دروستبکرێ.ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاوبەهەنگاو داخوازیەکان بسەپێنرێ و لەسەرویانەوە داخوازی موچەی تەواو و بێ دواکەوتن. حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەیانەوێ ئەم خۆپیشاندانانە تەنیا دروشمی ڕوخانی دەسەڵات بێت بەبێ ئەوەی خەڵک بتوانێ کە هیچ دەستکەوتێکی واقعی بەدەست بێنێ و دوای ڕێکەوتنی ئەم حزبانە لەگەڵ یەکێتی و پارتی خەڵک دەستبەتاڵ ئاشبەتاڵی لێ بکا.
بێگومان ئومێدی سەرکەوتنی ئەم خۆپیشاندانە ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاترە بەوەی بوەتە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری لە کوردستاندا بەڵام بەبێ هەنگاو بۆ ڕێکخراوێکی سەرتاسەری سەربەخۆ ناتوانرێ بەسەرکەوتن بگا و تەجروبەی ناکامیەکانی ڕابردوو دوبارە دەکەینەوە. ئەمڕۆ دوای دەیەیەک لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان پێویستە خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و مامۆستا و خانەنشینانی کوردستان ئامڕازێکی نوێ بۆ سەرکەوتنی ئەم خەباتە بەدەستەوە بگرن.

Add Comment

Click here to post a comment