ڕیفراندۆم

ناڕەزایەتی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق

ەسەر بانگێشتی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕۆژی ١٨ سێپتەمبەری ٢٠١٧ کۆبونەوەیەکی لایەنە سیاسیەکان کرا سەبارەت بە بڕیارێکی پەرلەمانی عێڕاق دژ بەرفراندۆمی خەلکی کوردستان و بڕیاردرا کە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراقدا بکرێ و یاداشتێک بدرێتە پەرلەمان.
لە ڕۆژی ١٩ سێپتەمبەری ٢٠١٧ سەعات ١١ بەیانی گردبونەوەکە بەبەشداری زیاتر لە ١٠٠ هاولاتی و بەشداری نوێنەرانی (حزبی شیوعی کوردستان- کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی ،حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-پارێزگای سلێمانی
،حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان- کۆمیتەی سلێمانی ،حزبی سۆشیالیستی کوردستان -مەلبەندی سلێمانی وپارتی نەتەوەیی کوردستان – پارێزگای سلێمانی) دەستیپێکرد . سەرەتا بەڕێزئاسۆ کمال ڕێکخەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان سوپاسی ئامادەبوان و کەنالەکانی ڕاگەیاندن کرد و ئامانجی گردبونەوەکەی باسکرد کە گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی خەلکی کوردستانە بە پەرلەمانی عێراق. پاشان یاداشتەکەی خوێندەوە و یاداشتەکەی ڕادەستی بەڕێزئەشواق جاف ئەندام پەرلەمانی عێراق کرد تا بگەیەنێت بە پەرلەمانی عێراق. بەدوایدا بەڕێز عوسمان زیندانی نوێنەری حزبی شیوعی کوردستان پارێزگای سلێمانی یاداشتەکەی بەزمانی عەرەبی خوێندەوە. پاشان بەڕێز ئەشواق جاف پشتیوانی لە یاداشت و گردبونەوە ناڕەزایەتیە دەربڕی.هەروەەها کەنالەکانی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتنیان لەگەل حزبە بەشداربوەکانی نێوگردبونەوەکەدا کرد.
لە کۆتاییدا گردبونەوەکە بە دروشم دان دژی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کۆتایی پێهات.

یاداشتنامەی ناڕەزایەتی خەلکی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێڕاق

پەرلەمانی عێراق لەڕۆژی ١٢ سێپتەمبەر بڕیارێکی دژ بەرفراندۆمی خەلکی کوردستان بە دەنگی زۆرێنەی فراکسیۆنەکانی پەسەند کرد. ئەم پەرلەمانە ڕایگەیاند دژی رفراندۆمی کوردستانە لەبەرئەوەی نایاسایی و دژی دەستوری عێراقە وهاوکات حکومەتی عێراق سەرپشکدەکا لە هەر کارێک کە دژی رفراندوم بیکا، لەبەرئەوەی رفراندوم دژی یەکپارچەیی عێراقە
ئێمەئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بە دژی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەولەتیەکانی مافیچارەی خۆنوسین دەزانین و هەروەها بە بڕیارێکی دادەنێین کە هانی حکومەتی عێراق دەدا بۆ گەرمکردنی ئاگری شەڕی قەومی و نائارامی لە عێراقدا .
پەرلەمانی عێراق بەم بڕیارەی نیشانی داوە سەنگەری دژی مافی خەلکی کوردستان بۆ بەرپاکردنی رفراندوم و سەربەخۆیی کوردستان گرتوە و بەرپرسیاری سەرەکی ئەم پێشێلکاریانەیە و هەربۆیە ئێمە بەتوندی ئەم بڕیارەی سەرکۆنە دەکەین و داوا دەکەین ئەم بڕیارە هەلوەشێننەوە . وەپێویستە کە بزانن ئێمە وەک خەلکی کوردستان بەهەموو توانامانەوە بەرانبەر ئەم هەڕەشانە و بڕیارێکی شۆڤینستانە دەوەستینەوە .
ئەمە هەمان سیاسەتی سەدەیەکی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە دژی مافەکانی ئازادی و مافی خەلکی کوردستان لە بڕیاردان لە چارەنوسی سیاسی کوردستاندا. ئەم هەڕەشەیەی پەرلەمان کە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکا هەموو کارێک دژی رفراندوم و جیابونەوەی کوردستان بکا نیشانەی دوپاتکردنەوەی هەمان سیاسەتی شەڕ و شۆڤینستی بەعس و ناسیونالسیتی عەرەبی یە کە جینۆساید و کیمیایی باران وئەنفالی کردوە.

رفراندوم و سەربەخۆیی مافی خەلکی کوردستانە، دەبێ حکومەت و پەرلەمانی عێراق ئەم مافە بەڕەسمی بناسێ . هەر دژایەتیەی کردنێکی هیچ ناگەیەنێ جگە لەتەئکیدکردنەوە لەوەی خەلکی کوردستان دەبێ لەژێر دەست و سایەی ئەم پەرلەمان وحکومەتەدا بۆ یەک ڕۆژ نەمێنێتەوە و بڕیاری جیابونەوە لەم حکومەت و پەرلەمانەی عێراق بدات. پەرلەمان و حکومەتێک کە بڕیاری دژایەتی مافی رفراندوم و سەربەخۆیی وەک مافێکی ڕەوای خەلکی کوردستان بدا ، نیشانی دەدا کە مانەوە لەگەل ئەم پەرلەمان وحکومەتەدا تەنیا مانای قبولکردنی ژێردەستەیی وپلەدوویی و ملکەچی یە. ئەمەش ڕێگایەکە کە خەلکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەدوبارە بونەوەی نادا.
پەنابردنی ئێمە بۆ رفراندوم وەک ڕێگەی ئاشتیانە و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەلک وەک ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ جیابونەوە لە عێراق بەمانای لاوازی و ترسی خەلکی کوردستان نیە لە ڕاگەیاندنی راستەوخۆی سەربەخۆیی بەلکو رفراندوم لە سۆنگەی پاراستنی ئارامی و ئاشتی و ڕێگرتن لە شەڕ پەنای بۆ دەبەین. بەلام پەرلەمانی عێراق ڕێگای دژایەتی ئەم مافەی رفراندومی هەلبژاردوە و زمانی هەڕەشە و گوڕەشەی دەرچون لە یاسا و دەستوری هەلبژاردوە . هەربۆیە ئێمە ش بەرانبەر بەم پێشێکاریانە پەنادەبەینە بەر هەموو ڕێگەیەکی ڕاوەستانەوەی جەماوەری و سیاسی و پەرلەمانی و نێودەولەتی بۆ شکست پێدانی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق و هەر هەولێكی حکومەتی عراقی کە بیەوێ خەلکی کوردستان بکاتەوە ژێردەستە و پاشکۆی دەولەتی عێراق.

ئێمە بانگەوازی خەلکی کوردستان دەکەین کە بادژایەتی خۆمان بۆ ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بە پێداگری لەسەر بەرپاکردنی رفراندوم و جیابونەوە و ڕاگەیاندنی دەولەتی سەربەخۆ وەلام بدەینەوە.
هاوکات کۆمەلگەی نێودەولەتی لە دوژمنایەتی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لەگەل خواست و مافی خەلکی کوردستاندا ئاگادار دەکەینەوە و داوای هەلوێستیانیان لێ دەکەین بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا و داوایان لێدەکەین کە ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق وەک بەلگەی دژایەتی دەولەتی عێراق بەرامبەر بەمافەکانی خەلکی کوردستان بە حساب وەرگرن و کۆتایی بەو بانگەوازانەیان بهێنن کە دەیەوێ خەلکی کوردستان تەسلیم بەم پەرلەمان وحکومەتەی عێراق بکاتەوە بەناوی دەستور و وەرگرتنی مۆلەتی رفراندوم و سەربەخۆیی لەم حکومەت و پەرلەمانەی عێراق.

واژۆکان
ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان- کۆمیتەیپارێزگای سلێمانی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-پارێزگای سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان- کۆمیتەی سلێمانی
حزبی سۆشیالیستی کوردستان -مەلبەندی سلێمانی
پارتی نەتەوەیی کوردستان – پارێزگای سلێمانی
١٩ سێپتەمبەری ٢٠١٧

Add Comment

Click here to post a comment