ڕیفراندۆم

دژ بە شەڕی حکومەتی عەبادی بۆسەر خەڵکی کوردستان ڕادەوەستین

ئاشکرایە کە هێرشی ئەمڕۆی حکومەتی عەبادی بۆ سەر کەرکوک لەدرێژەی بڕیاری پێشوەختی حکومەت و پەرلەمانی عێراقە کە دژ رفراندوم و شکست پێهێنانی بڕیاری سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان داویانە و هەر لە سەرەتاوە خۆیان بۆ شەڕ دژی خەڵکی کوردستان ئامادەکردوە. ئەمە بەشێک لە ستراتیژی ئەم حکومەتی عەبادی بوە کە دوای شەڕی دژی داعش دەستبکات بە سەپاندنەوەی دەسەڵات بەسەر کوردستاندا و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لەڕیگەی لەشکرکێشیەوە.

ئێمە وەک خەڵکی کوردستان هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە بەرگری لە مافی سەربەخۆیی و بڕیاری رفراندومی ٢٥ سێپتەمبەر و ڕاکیشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆبەرگرتن بەم شەڕەی حکومەتی عەبادی بڕیاری داوە و  ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی لە کەرکوکەوە دەستپێکردوە.

پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بزانێ کە ئێمە بەرگری لە بڕیاری سەربەخۆیی خۆمان دەکەین بەرامبەر بە حکومەتێکی مەزهەبی وشۆڤێنستە کە بەناوی یاسا و دەستورەوە شەڕ دژی ئەم مافی سەربەخۆییەی خەڵکی کوردستان بەرپادەکا. ئەم حکومەتە مەزهەبیە ١٤ ساڵە بەدرێژەدانی شەڕی مەزهەبی عێراقی وێرانکردوە و ئێستاش دەیەوێ شەڕی قەومیش دژ بە خەڵکی کوردستان هەڵگیرسێنێ. دەبێ ئەم هەڕەشەی شەڕەی ڕوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەینە بەڵگەیەک کە بزانن خەڵکی عێراق و کوردستان لەسایەی ئەم حکومەتەدا ئاسایش و پێکەوەژیان و ئازادی نابینن و بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ جیابونەوە لەم حکومەتە ڕەوا و ناچاریە.

پاشگەزبونەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان لە ئەنجامی رفراندوم و بڕیاری سەربەخۆیی نەک بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و ئێران خەڵکی کوردستان لەو سیاسەتە داگیرکاریانەی ئەم دوو حکومەتە ناپارێزێ بەڵکو هێرشی زیاتر و هەمەلایەنتر بۆ سەر خەڵکی کوردستان درێژەپێدەدەن تاکو ژێردەستە و ملکەچی دەسەڵاتی مەزهەبی و کۆنەپەرستانە و داگیرکەرانەیانی دەکەن. هەربۆیە نابێ ڕێگە بەو دەنگانە بدرێ کە خەڵکی کوردستان تەسلیم بەم حکومەتە دڕندە و مەزهەبیە بکەنەوە ، بەڵکو دەبێ خەڵکی کوردستان بۆ بەرگری دژ بەم حکومەتە شۆڤینیستیە مەزهەبیە ئامادەبکرێ.

پێویستە له‌ده‌ره‌وه‌ی ولاتیش وەک ڕەوەندی کوردستانی بەهاتنە سەر شەقامەکان و مانگرتن و خۆپیشاندان لە دەرەوەی وڵات لە بەردەم سەفارەتەکانی عێراقدا فشاربخەینە سەر ئەم حکومەتە کە دەست لەم شەڕ فرۆشتنەی هەڵگرێ. هاوکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان ناچاربکەین کە دژ بەم هێرشانەی حکومەتی عێراقی ڕاوەستن و داوای کشانەوەی هێزەکانی عێراق لە کەرکوک بکەن و هێزی پاراستنی ئاشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەو جێگایانە دابنرێن و دان بەماف و بڕیاری سەربەخۆیی خەلکی کوردستاندا بنێن.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بەردەوامە لە ڕاکێشانی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ بڕیاری سەربەخۆیی و ڕاوەستانەوە دژی ئەم هەڕەشانەی حکومەتی عێراق و داوای بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکا بۆ چارەسەری کێشەی نێوان حکومەتی عێراق و کوردستان و جێبەجێکردنی بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان و رفراندوم لە کەرکوک وجێگاناکۆکەکاندا.

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان                                          16‏/10‏/2017

Add Comment

Click here to post a comment