ڕیفراندۆم

بڵاوکراوەی بۆپێشەوە: سەبارەت بە رفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان

گفتوگۆ لەگەڵ ئاسۆ کەماڵ رێکخەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان… سەبارەت بە رفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان

گفتوگۆ لەگەڵ ئاسۆ کەماڵ رێکخەری ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان… سەبارەت بە رفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان

بۆپێشەوە: ناسیونالیزمی کورد، ریفراندۆمی خستۆتە دەستورەوە و دەڵین ئامانجمان سەربەخۆییە، کەواتە ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بۆ؟

ئاسۆ کمال: لەبەرئەوەی رفراندۆم بڕیاردانی سیاسی خەڵکی کوردستانە لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان و دەبێت خەڵک بەجیا لەحزبە دەسەڵاتدارەکان دەوریان هەبێت لەم رفراندۆمە و جێبەجێکردنی ئەنجامەکەیدا. پێشتر ئەم حزبانە خۆیان بڕیاریان دەدا کە کوردستان ئوتۆنۆمی و لامەرکەزی دەوێ یا فیدرالی لەکاتێکدا خەڵک هیچ دەورێکی نەبوو. گرنگی رفراندۆم لەوەدایە کە ئیتر خەڵکی کوردستان خۆی دەبێتە مەرجەع و بڕیاردەر هەربۆیە پێویستی بە شێواز و میکانیزمێکە تاکو بەشداری خۆی بسەلمێنێ. بەڕای من تەنیا دەوری خەڵک لەوەدانیە کە ڕۆژی رفراندۆم بچن دەنگێک بەبەڵێ یان نەخێر بدەن و تەواو، بەڵکو لە پرۆسەی رفراندۆم و چاودێریکردنی بەڕێوەچونی و پابەندکردنی حزبە دەسەڵاتدارەکان بە جێبەجێکردنی ئەنجامەکەیەوە دەبێ دەور و نەخشیان هەبێ. خاڵێکی تر ئەوەیە کە نابێت خەڵک ڕێگابدا کە حزبە دەسەڵاتدارەکان بچن ئەنجامی رفراندۆم بۆ مامەڵەی سیاسی خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقی و ئێران و تورکیا و ئەمریکا بەکاربێنن و بەشە فیدرالیە قەومیەکەیانی پێ زیاد بکەن. هاوکات خەڵک دەبێ ڕێگەنەدا چیتر ئەم مافی بەرپاکردنی رفراندۆم و سەربەخۆییە بکرێتە قوربانی و پاشکۆی کێشەی حزبەکان لەسەر دەسەڵات و ڕیکەوتنەوەیان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و داوا و ئیمتیازە حزبیەکان و ئەم کێشانە لە مەسەلەی رفراندۆم جیاکرێنەوە و هەمولایەک پابەندی خۆی بەم مافانەی خەڵکی کوردستانەوە پەیڕەو بکا. هەروەها پیویستە جەماوەری کوردستان وەڵامی هەڕەشەکانی عەبادی و ئێران و دەوڵەت و هێزەکانی تر بداتەوە کە دژ بەم مافە دەیانەوێ کارێک بکەن. بەکورتی هەموو ئەمانە مەسەلەی گرنگن لەم پرۆسەی رفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا و ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان دەیەوێ خەڵک هانبدا و ڕیکبخا بۆ گێڕانی ئەم دەورە و دروستکردنی فشارێکی جەماوەری کە خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە ئەنجام بگەیەنێ. بەبێ فشار و دەورگێڕانی خەڵک هیچ مسۆگەرنیە کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە ئەنجامی ئەم رفراندۆمە و سەربەخۆیی جێبەجێ بکەن.

بۆپێشەوە: هێشتا بەشیک لە حزبە سیاسیەکان، بەتایبەتی گۆران نەهاتۆتە پشتی ریفراندۆم، ئەم هەڵوێستەی گۆران چۆن لێک دەدەنەوە؟ لاتان وایە هەر لەسەر ئەم هەلوێستەیان دەمێنن یان نا؟

ئاسۆکمال: گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەیانەوێ رفراندۆم بەبارمتەبگرن تاکو پارتی پۆست و پلەکانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە و زیاتری دەکا. ئەوان دەڵێن با رفراندۆم و هەڵبژاردن پێکەوە بکرێ لە یەک کاتدا یان دوای هەڵبژاردن رفراندۆم بکرێ. ئەوان بەم شێوەیە نیشانی دەدەن کە رفراندۆم و سەربەخۆیی بۆیان مەسەلە نیە، بەڵکو کورسیەکانی پەرلەمان و پۆستەکانی حکومەت بۆ ئەوان لە پێشە لە چاو چارەنوسی سیاسی کوردستاندا. لەکاتێکدا چەندین جار پەرلەمان و حکومەت لە کوردستاندا گۆڕاوە و پەکخراوە بەبێ ئەوەی جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە نێو ئەم حزبانەدا هیچی لە وەزعی ژیان و گوزەرانی خەڵک و چارەنوسی سیاسی کوردستان گۆڕیبێت. چۆن گۆڕان و کۆمەڵ دەتوانن بڵێن کە هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خەڵکەوە هەیە؟

گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و ئەوانەی دژی بەرپاکردنی رفراندۆم و سەربەخۆیین لە ئێستادا دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە، لەم دوو ڕییانەی بەهۆی شکستی فیدرالی قەومی و مەزهەبی عێراقەوە دروست بوە ئایا کوردستان بچێتەوە ژێر سایەی حکومەتی شیعەی قەومی عەرەبی یاخود جیابێتەوە لە عێراق باشترە؟ هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ پاساوی هەڵبژاردنی مانەوە لە عێراقدا بەوە بداتەوە کە ئێستا کاتی رفراندۆم و سەربەخۆیی نیە چونکە بە قازانجی بارزانیە و ئەو ماوەی سەرۆکایەتیەکەی پێ درێژدەکاتەوە. ئەی ئەم مانەوەیە ماوەی پاشکۆیەتی بۆ حکومەتێکی مەزهەبی قەومی درێژناکاتەوە کە لایەک عیراقی وێرانکردوە وهەڕەشە دەکا و رفراندۆم بەدژی یاسا و دەستوری عێراقی ناودەبا؟ بارزانی بەبێ رفراندۆمیش ١٠ ساڵە سەرۆکایەتی دەکا و هەر دەیەوێ درێژەی پێ بدا. پارتی و یەکێتی بەبێ رفراندۆم ٢٥ ساڵە حوکمی چەکیان سەپاندوە و هیچ یاسا و پەرلەمانێک ئیعتیباری نیە. ئایا لە ڕێگای دژایەتی بەرپاکردنی رفراندۆم و بەبارمتەگرتنیەوە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەتوانن سیستەمی میلیشیایی بگۆڕن یان بەم کارە مانەوەی فیدرالیزمێک مسۆگەر دەکەن کە خودی یەکێتی و پارتی لەدەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە و خەڵک ١٤ ساڵی تر بەدیار گێرەوکێشەی بڕینی بودجە و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و دەستی چەور سڕین بەسەریەکتری بەغداوهەولیردا درێژەپێدەدەن؟ بەشێک لەمانە بانگەواز بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی دەکەن بەڵام داوای جیابونەوە لە حکومەتی عێراقی ناکەن. ئایا ئێستا چارەنوسی سلێمانی ببەسترێتەوە بە حكومەتی عەبادیەوە ڕێگاچارەی خەلکی کوردستانە؟ ئەگەر لایەن وکەسانیک پێیان وایە کە ڕێگاچارە ئەوەیە کە کوردستان لەسایەی حکومەتی قومی عەرەبی شیعەدا، کە تەنانەت ئامادەنیە مافی رفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستان بسەلمێنێ چونکە لەدەستوری عێراقیدا نەهاتوە، بائەم کەس و لایەنانە بانگەشە بۆ ئەم ڕیگاچارەیەیان بکەن و قەناعەت بە خەڵک بکەن کە مانەوە لەعێراقدا لە سەربەخۆبون باشترە و بەڵگەکانیان بۆ خەڵک بخەنە ڕوو کە حکومەتی عێراقی خەڵکی کوردستان وەک هاوڵاتی یەکسان مامەڵە دەکا و هیچ جیاوازیەکی قەومی و دینی و ڕەگەزی لەبەرچاو ناگرێ. با دەنگی نەخێر لەدەوری ئەم ڕێگاچارەیە کۆبکەنەوە.

ناکرێ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەخەڵک بڵێن ئێمە لەگەڵ رفراندۆم و سەربەخۆیین بەومەرجەی پارتی هەڵبژاردن بکا و کورسیەکانی ئێمە مسۆگەر بێت. خەڵک نابێ دوای ئەم کێشەی حزبانە بکەوێ کە ٢٦ ساڵە بەردەوامە و کۆتایی نیە. لەبەرئەوەی تا دەوڵەتێک نەبێ کە پەیوەندی نێوان حزبەکان و ئۆرگانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان تیایدا دیاریکراو بێ، دەبێ وەک دەورانی دەرەبەگایەتی دیوان و سوڵحی عەشایری دەوربگێڕێ، کە لە کوردستان پەرلەمان و ڕێکەوتنی نیشتمانی ئەم خەسڵەتە خێڵەکیەی هەیە. هاتنەمەیدانی خەڵک پێکەوە بۆ بڕیاردان لە رفراندۆمدا و پیداگریان لەسەر جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی ئەم دۆخ و جەوەی کێشەی حزبەکان دەگۆڕێ بە دۆخ و فەزایەک کە خەڵک دەخاڵەت دەکەن و بەشداردەبن لەوەی کە ئایندەی سیاسی کوردستاندا دەوربگێڕن بە قازانجی خۆیان.

بۆپێشەوە: ریفراندۆم ئامرازو وەسیلەیەکە بۆ وەرگرتنی رای هاوڵاتیان لەسەر پرس و کیشەیەکی دیاریکراو، چارەسەرکردنی، تا چەندە لاتان وایە ریفراندۆم دەتوانێت، پرسی خەڵکی کوردستان چارەسەربکات و کوردستان بکاتە دەوڵەت؟

ئاسۆکمال: خەڵک دەتوانن لە ڕیگای رفراندۆمەوە بڕیار بدەن بە مانەوە لەعێراق یان سەربەخۆبون. ئەم بڕیارە دەتوانێ ئیتر ئەم کێشەی کوردە لە عیراقدا چارەسەر بکا. ئەگەر خەڵک بڕیاریاندا لە عیراقدا بمێننەوە ئەوا نیشانی دەدا کە خەڵک بە مامەڵەی حکومەتی عیراقی ڕازین و نایانەوێ لەم حکومەتە فیدرالیە قەومی و مەزهەبیە جیاببنەوە. کە بەپێی تەجروبەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ تاوانانەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەدوری دەزانم خەڵک دەنگ بەمانەوە بدەن. هاوکات ئەم حکومەتە شیعە قەومیە عەرەبیەی ئێستاش لە ١٤ ساڵی ڕابردودا سەرەڕای ئەوەی دەسەلاتی بەرتەسک بوە بەڵام لەناوەرۆکدا نیشانی داوە هەمان سیاسەت و عەقڵیەتی شۆڤینیستانە و ستەمکارانەی هەیە. هەر لە جێبەجێنەکردنی رفراندۆم لە جێگاناکۆکەکان کە بەپێی دەستور دەبوایە بکرایە تاکو نەسەلماندنی مافی رفراندۆم بۆ خەڵکی کوردستان و بەرزکردنەوەی شمشێری “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق” بەڕوی خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستاندا. هەربۆیە ئەگەر خەڵک دەنگ بەمانەوە بدەن لەم رفراندۆمەشدا لەوانەیە پاش ماوەیەک لە بەهێزبونەوەی حکومەتی عێراقی و دەستپێکردنەوە بە جیاکاری و ستەمکردن لە خەڵکی کوردستان و سەپاندنی یاسا و سیاسەتە ئیسلامی و ڕەگەزپەرستانەکان دیسانەوە ئەم کێشەیە سەرهەڵبداتەوە. هەربۆیە هەرچەند رفراندۆم میکانیزمێکی گونجاوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە عیراقدا و چارەسەری دەربازبون لەم دۆخە نائارام و نادیارەی فیدرالیزمی قەومی لە عێراقدا دروستی کردوە، بەڵام ئەگەر خەڵک بڕیارێکی دروست نەدات لەوانەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێویست بە ئەنجامدانی رفراندۆمێکی تر ببێت. بەڵام ئەمە ئەگەرێکی دورە و زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان خوازیاری سەربەخۆییە. لەم کاتەدا رفراندۆم دەبێتە ئەو میکانیزم و ڕێگا گونجاوە کە خەڵکی کوردستان کێشەی مانەوەی لەعێراقدا کۆتایی پێ دێنێ و ئەوکات قۆناغی ئەوە دەست پێ دەکات کە چۆن ئەنجامی رفراندۆم جێبەجێ دەکرێ، واتە چۆن دەوڵەت دروست دەکرێ.

پیویستە لە ئێستاوە فشاربخرێتە سەر نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا تا بەشداری سەرپەرشتی رفراندۆم بکەن و ڕەسمیەتی پێ بدەن و ڕەسمیەت بە ئەنجامەکەی بدەن. نەبونی شەرعیەت و ڕەسمیەتی نێودەوڵەتی و دانپێدانەنانی لە لایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و دەوڵەتەکانەوە کێشەیەکی سیاسی سەرەکی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێ. لەوانەیە ئیسرائیل و سعودیە دان بەم دەوڵەتەدا بنێن، بەڵام لە نەبونی دانپێدانانی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و ئێران و تورکیادا ئەم دەوڵەتە لە گۆشەگیریەکی سیاسیدا ژیان بەسەر دەبا و و ئاو.لانی کەم مامەڵەی ناڕەسمی وەک ئێستا دەکرێ. تا ئەم کێشە سیاسیە هەبێ، کێشەی پەیوەندی بە بازاڕی نەوت و قەرزی نێودەوڵەتی و بازرگانی بەردەوام دەبێ.. ئەمەش دەستی مافیای دەسەلاتدار بۆ دەربازبون لەهەر شەفافیەت و لێپرسینەوەیەک تاڕادەیەک واڵا دەهێڵێتەوە، و هەروەها دەبێتە بیانوی درێژەپێدانی بەرنامەی نیولیبرالی گرتنەوە لە موچە و خزمەتگوزاریەکان و پشتیوانی دەوڵەت بۆ مادە خۆراکیەکان و سوتەمەنی

لەڕوی ئیداریشەوە ئەم دەوڵەتە لە ئیدارەی هەمان دوو زلهێزی میلیشیایی کوردستان پێک دێت. ئەم یەکخستنی ئیدارەی سەربازی و مەدەنی و مالیە کە ٢٥ ساڵە نەکراوە ئیتر دەکەوێتە ژێر فشاری فۆرمالی دامەزراندنی دەوڵەتەوە. بێگومان ئەمە لەڕێگەی ئیرادەی مەدەنیانەی یەکێتی و پارتیەوە ناچێتە پێش، بەڵکو لە ڕێگەی کێشمەکێش و لەوانەیە شەڕی لێڕەو لەوێشەوە بچێتە پێش بۆ یەکلایکردنەوەی دامودەزگا ڕەسمیەکان بەقازانجی پارتی یان یەکێتی. دامەزراوەیەکی لەبابەتی دەوڵەتی لوبنان دروست دەبێ کە هەرچەند ڕەسمیە بەڵام مۆری دەسەڵاتی میلیشیایی پێوە دەبێ. ئەم ڕاستیە بۆ سەرجەم بوارەکانی یاسایی و دادوەری و بەڕێوەبردن و پەروەردەش دروستە کە سیستەمی پێشوی میلیشیایی-ناوچەگەری- عەشیرەتی وتاک حزبی لە ژێر فشاری ڕەسمیەت و فۆرمالیزمی دەوڵەتدا دەیەوێ خۆی بگونجێنێ تا شەرعیەت بەخۆی بدا، بەڵام ئەم دووحزبە دەسەڵاتدارە خۆیان بە پێی پێکهات و سیاسەت و سونەتی کارکردنیانەوە خۆیان ڕیگری بەردەم دروست بونی دەوڵەتێکی مەدەنی و سێکولار دەبن. هەربۆیە ناکۆکی ڕیزی ناڕەزایەتیە مۆدێرن و ئازادیخواز و سێکولار و یەکسانیخوازی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخواز دژ بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەم حزبانە دیسانەوە زامنی هەر بەرەو پێشەوە چونێکی سیاسی و باشبژێویەکی خەڵکە.

بۆپێشەوە: بەشیکی زۆری نووسەران و هاوڵاتیان و تەنانەت بەشێک لەلایەنە سیاسیەکانیش گومانیان لە پارتی هەیە، کە ئاکامی دەنگی هاوڵاتیان بکاتە، کارتێکی گوشار بۆ ئامانجەکانی خۆی، ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، چ هەنگاوێکی خستۆتە دەستورەوە بۆ رێگاگرتن لە یاری کردن بە دەنگی هاوڵاتیان؟

ئاسۆکمال: بەڵێ ئێمەش وەک لە ڕاگەیاندنی ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ڕامانگەیاندوە” بەپێی تەجروبەیەک کە ئێمە و خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستان هەمانە، پێویستە کە خەڵکی کوردستان خۆیان لە مەیداندا بن و بزوتنەوەیەکی فشاری جەماوەری سازبکەن تا لەم ڕێگەیەوە پێداگری جدی بکەن لە سەر جێبەجێکردنی ئەنجامی دەنگەکانیان تا حزبە دەسەڵاتدارەکان یاری بە چارەنوسیان نەکەن.” بەڵام ڕێگای ئێمە جیاوازە بۆ وەستانەوە بە ئەگەری ڕودانی ئەم گومانەمان لە پارتی. ئێمە ئەنجامی ئەوە ناگرین لێی کە دەبێ دژی رفراندۆم بوەستینەوە یاخود بیبەستینەوە بە مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمان و داخوازی حزبی لەم بابەتە. لەبەرئەوەی یەکەم دژایەتی رفراندۆم یاخود دەنگدان بە نەخێر، واتە درێژەدان بەمانەوە لەسایەی دەوڵەتی عێراقێکی قەومی عەرەبی شیعەی سەر بە جمهوری ئیسلامی ئێراندا و ئەمە بێگومان دژی بەرژەوەندی و مافی خەڵکی کوردستانە. هەروەها کاراکردنەوەی پەرلەمان ناتوانێ زەمانەتی ئەوەبکا کە پارتی ئەنجامی رفراندۆم نەکاتە کارتی فشار، چونکە هەروەک بینیومانە لەوە ئاسانتر نیە بۆ پارتی و یەکێتی کە پەرلەمان داخەن و پەکی بخەن کاتێ بزانن ڕێگرە لەبەردەم دەسەڵاتیاندا.

ڕێگای ئێمە دروستکردنی گوشاری جەماوەری و حزب و پەرلەمان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە. ئێمە دەڵێین پیویستە لەدوای ئەنجامدانی رفراندۆمەوە کاتێکی دیاریکراو بۆ گفتوگۆ دابنرێ لەگەڵ حکومەتی عەبادیدا، ئەگەر حکومەتی عێراقی ئامادەنەبوو دان بەم رفراندۆمە وسەربەخۆییدا بنێ ئەوا پێویستە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان یەکلایەنە سەربەخۆیی ڕاگەیەنن و ڕەسمیەتی نێودەوڵەتی و دەولەتانی بۆ بەدەست بهێنن. ئەگەر پارتی و یەکێتی لە دوای رفراندۆم ڕێگای ساتوسەودایان گرتە بەر لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا و کەوتنە مامەڵە لەسەر زیادکردنی بەشە فیدرالیەکەیان ئەوا ئێمە دژی ئەو هەنگاوەیان خەڵک هاندەدەین کە ڕێگایان لێ بگرێت لە رێگای و کۆبونەوە و خۆپیشاندان. هاوکات لە ئێستاوە کاردەکەین کە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ رفراندۆم و سەربەخۆیی بەدەست بهێنین.

ئێمە رفراندۆم و سەربەخۆیی بە ماف و کاری خەڵکی کوردستان دەزانین نەک بڕیارێکی پارتی و یەکێتی و دەبێ لەپێشدا تەئکید بکەین کە ئایا پارتی و یەکێتی دوای رفراندۆم چی دەکەن، ئەوکات داوای رفراندۆم بکەین. ئێمە ٢٠ ساڵە داوای رفراندۆم دەکەین و ڕامانگەیاندوە کە تەنیا جیابونەوە و دروستکردنی دەوڵەت ڕێگاچارەیە. ئێستا کە ئەم حزبانە هاتونەتە سەر ئەوەی رفراندۆم بکەن پێویستە فشار دروستبکەین کە ئەنجامەکەی جێبەجێ بکەن. ئەمە تەنیا ڕێگای ئێمەیە کە لەڕێگەی هێنانەمەیدانی خەڵکەوە ئەم خواستە سەربخەین.

ئێمە دەڵێین ئەم ڕێگاچارەی جیابونەوە لە ١٩٩١ پێویست بوو بگیرێتە بەر و ئەگەر لەوکاتەوە یان لە ٢٠٠٣ کە بەعس ڕوخا بگیرایەتەبەر، دۆخەکە لە…. مانەوە لەسایەی فیدرالیە قەومیەکەی پارتی و یەکیتی باشتر دەبوو کە تەنیا لە قازانجی ئەم حزبانە بوە و داهات و دەسەڵاتیان لەسایەیدا گەشەی کردوە. بەپێچەوانەوە ئەگەر لەوکاتەوە کوردستان جیابوایەتەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرایە ئێستا ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە چوارچیوەیەکی دەوڵەتێکدا دەبوو کە هاوڵاتی بوون و یاسا و دامودەزگا و پەیوەندی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێوان حزبەکان مانایەکی دیاریکراوی یاسایی و نێودەوڵەتی دەبوو نەک وەک ئێستا هەموو ئەمانە تەنیا لە سنوری دەسەڵاتی دوو حزبی چەکداری بنەماڵەیی و عەشیرەتی و ناوچەگەری و دابەشبوو بەسەر ئێران و تورکیادا چەقی بەستوە. جیابونەوە لەعێراق و دروستکردنی دەوڵەت لە کوردستاندا هەنگاوی یەکەمە تا هەر ماف و یاسا و دامودەزگایەک مانا پەیدا بکا و شەڕکردن لەسەر نەمانەوەی بارزانی بەسەرۆکی هەتاهەتایی دەوڵەتی کوردستان گرنگ دەبێ و دەبێ بەبەشێک لەو گۆڕانە کە لەسیستەمی عەشیرەتی میلیشیاییەوە دەبێتە سیستەمێکی دەوڵەتی مەدەنی و دامودەزگایەک کە خەڵک دەتوانێ لێبپرسێتەوە و بیگۆڕێ. بەڵام لە حکومەت و دەسەڵاتێکدا کە ٢٦ ساڵە دوو حزبی چەکدار خۆیان نەبێ هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتی ئیعترافیان پێ ناکا و ئێستاش بۆ رفراندۆم نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا پێیان دەڵێ بڕۆن مۆڵەت لە عەبادی وەرگرن، دەبێ بارزانی سەرۆک بێ یان تاڵەبانی دەبێ چ جیاوازیەکی بۆ خەڵک هەبێ؟ ئەمانە سەرۆکی دەوڵەت نین، بەڵکو سەرۆکی دەسەڵاتەکەی خۆیانن و هەر لەنێوخۆیاندا ئەم پۆست و پلانە گرنگی هەیە. ئەگەر کەسێک کێشەکەی هەر پۆستەکەی مسعود بارزانیە ئەوە دیارە بە تەمای ئەوەیە کە لەسایەی گۆڕینی ئەو پۆستەدا شتێکی دەست بکەوێ و لەوە زیاتر داواکاری نیە. بەڵام ئەگەر کەسێک کێشەی ئەوەی هەبێ کە ئەم سیستەمە بەتێكڕا جێگای ریفۆرم نیە ئەوکات ڕێگاچارەکەی دەبێ بە دروستکردنی دەوڵەت تاکو دەستور و یاسا تیایدا مانای هەبێ و ڕێگە نەدرێ کە بارزانی ئەو دەستور و یاسایە وەک ڕەشنوسی دەستور بکاتە سیستەمێکی دیکتاتۆری و ئەگەر دەستوری لەم چەشنەشی سەپاند هەوڵی گۆڕین و شۆڕشی دژی ئەو دەوڵەتە بدا بەرەو دەوڵەتێکی مۆدێرنتر و پابەندبوو بە ئازادیە سیاسیەکانەوە. جیابونەوە لە فیدرالیزمی قەومی و مەزهەبی و حکومەتەکەی لە عێراقدا و دروستکردنی دەوڵەت لە کوردستاندا ئەو زەمینەیە سازدەکا کە فشار و ناڕەزایەتیەکان دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و مافیایی لەکوردستان بتوانێ بەئەنجام بگا و ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی سیاسی و بەڕیوەبردندا دروست بکا.

بۆپێشەوە: ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان، لەسەرەو دروستکراوە، چۆن و لە چ رێگایەکەوە، هاوڵاتیان بەشداری پێدەکات تا رۆڵ و نەخشی خۆیان بگێرن؟

ئاسۆکمال: ئێمە دەمانەوێ هەموو هاوڵاتیەکی کوردستان و هەموو کەسێک کە پشتیوانی لە خواستی سەربەخۆیی کوردستان دەکات لەم ناوەندەدا کاربکا. ئێمە هاوڵاتی کوردزمان، عەرەب زمان، ئینگلیزی زمان ولایەنگری حزبی جیاجیامان لەگەڵدایە. هەموو ئەو ٧ ئامانج و کارانە کۆی کردوینەتەوە کە لە بانگەوازی هەڵسوراواندا ڕامانگەیاندوە. لە شارەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، کەنەدا، ئوسترالیا و ئەمریکا هەڵسوڕاوان لەم ناوەندەدا کاردەکەن.

کاری جەماوەی و کۆڕو کۆبونەوە و ڕیپیوان و خۆپیشاندان ڕێک دەخەین بۆ فشاردانان لەسەر حزبە دەسەڵاتدارەکان تاکو رفراندۆمێکی ئازاد بەرپابکەن و هیچ ڕێگریەک بۆ هیچ کەسێک دروست نەکرێ بۆ دەربڕینی ڕای خۆی بە”بەڵێ” یان “نەخێر” لەم رفراندۆمەدا. هانی دیالۆگێکی مەدەنیانە و شارستانیانە دەدەین و دژی تەخوینکردن و ناوزەدکردن بە خائین و خۆفرۆش و دژی فشار هێنانی ئەخلاقی و دەرونی ڕادەوەستین. لۆبی لەوڵاتانی دەرەوە دەکەین بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی و هەڵسوراوان دەتوانن نامە بنێرن  و کۆببنەوە لەگەڵ ئەندام پەرلەمان و حزب و ڕێکخراوە جیهانیەکان بۆ بیستنی دەنگ وخواستی خەڵکی کوردستان و فشارهێنان بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان ویەکیتی ئەوروپا بۆ سەرپەرشتی رفراندۆم. فشار  بۆ دەسەڵاتداران دەهێنین کە دەبێ ڕێگە بۆ خەڵک بکەنە بەشداری پرۆسەی رفراندۆم و سەربەخۆیی بکا و بودجە دانێن بۆ گەیشتنی دەنگی خەڵک لە ڕیگەی میدیا و لەڕیگەی چاودیری سندوقەکان و بەشداری لەپرۆسەی دانانی دەستور و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا. بەگشتی دەمانەوێ خەڵکی کوردستان دەور ودەخالەتی هەبێ لە سەرجەم ساتەکانی ئەم پرۆسەیەدا. هەربۆیە بانگەواز و پێشوازی لەهەر کەسێک دەکەین کە بێتە ناو ئەم ناوەندە و کاربکا بۆ ئەو ئامانجانە.

Add Comment

Click here to post a comment