ڕیفراندۆم

وه‌فدێكی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ سه‌رانێكیاندا بۆ كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا

وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌فدێكی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆی كوردستان له‌ سه‌رانێكیاندا بۆ كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، داوا ده‌كه‌ن له‌ پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییدا پشتیوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
به‌پێی بڵاوكراوه‌یه‌كی ناوه‌نده‌كه‌ كه‌ وێنه‌یكه‌ی بۆ  وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌: رۆژی چوارشه‌ممه‌ 2ی ئابی 2017، له‌ شاری له‌نده‌ن له‌ به‌ریتانیا وه‌فدێكی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ (سه‌وسه‌ن سه‌لیم، ده‌شتی جه‌مال و ئاسۆ كمال) سه‌ردانی كۆمسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپایان كرد و نامه‌یه‌كیان گه‌یانده‌ ده‌ستیان.
له‌ باره‌ی نامه‌كه‌وه‌ هاتووه‌: ناوه‌رۆكی ئه‌م نامه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی رفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و داوای پشتیوانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌م مافه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی سه‌رنج بو سه‌باره‌ت به‌ به‌یانی وه‌فدی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ عیراق سه‌باره‌ت به‌ رفراندۆم له‌ كوردستان.
دواتر به‌شی سیاسی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا رایانگه‌یاند: كه‌ نامه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن به‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا و داوای كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن له‌ بروكسل تا وه‌فدی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بچێت و خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و رفراندۆم له‌گه‌ڵیان تاوتوێ بكا و پشتیوانی یه‌كێتی ئه‌وروپای بۆ راكێشێت.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌م وه‌فده‌ به‌پێی ئامانج و به‌رنامه‌یه‌كه‌ كه‌ ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ سه‌رخستنی خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌رپاكردنی رفراندۆمێكی ئازاد و ڕه‌سمی ئه‌نجامی ده‌دا و له‌ وڵاته‌كانی تریش به‌رده‌وام ده‌بێ. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و ئاماده‌یی ده‌ربڕینی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا و په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانه‌ له‌ سه‌لماندنی مافی رفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی كردن و چاودێری رفراندۆم و دانپێدانان به‌ ئه‌نجامه‌كه‌یدا.
ده‌قی نامه‌ی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا:
كۆمسیۆنی ئه‌وروپا
بروكسل
بلجیكا
به‌ڕێز ژان-كلاود یۆنكر سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا
ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ 17 ته‌موزی 2017 راگه‌یه‌ندراوه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ كاری 18 ساڵه‌ی كه‌مپینه‌كه‌ی بۆ به‌دیهێنانی رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
كه‌ ئێستا به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ (پ دك و ی ن ك) رفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ له‌ 25 سێپته‌مبه‌ری 2017 دا ده‌كرێت.
كوردستانی عیراق له‌ سه‌ده‌ی رابردودا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامدا بوه‌ له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دام حسین و رژێمه‌كانی پێشتریشه‌وه‌، كه‌ جیاكاریان كردوه‌ سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌وه‌ی كردویاننه‌ته‌ هاوڵاتی پله‌دوو.
له‌ 2003 به‌دوای روخانی سه‌دامه‌وه‌، حكومه‌تی فیدرالی تایفی به‌ هه‌مان شێوازی سه‌پاندنی دۆكترینی عه‌ره‌بی و شیعه‌  جوڵاوه‌ته‌وه‌ و كوردستانی عیراق له‌باری سیاسی و ئابوریه‌وه‌ ناجێگیربوه‌، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی جێگاناكۆكه‌كان به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه‌.
ئێمه‌ پێمان وایه‌ كه‌ باشترین بژارده‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی عیراق جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ عیراق، چونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌مان ناسنامه‌ی باڵاده‌ستی عه‌ربی هه‌ڵگرتووه‌و هه‌ڵوێست و كرداره‌كانیان نه‌گۆڕاوه‌ و هه‌مان ڕه‌فتاری ڕژێمه‌كانی پێشوی عیراق ده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكی كوردیان ده‌چه‌وسانده‌وه‌. باشترین ڕێگاچاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ش بریتی یه‌ له‌ ماف دان به‌ خه‌ڵكی كوردستان تا ڕیفراندۆم بكه‌ن و ڕێگه‌یان پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی خواستی خۆیان بخه‌نه‌ ڕوو ئاخۆ ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆبن یان نا.
 ئێمه‌ خوازیارین ئێوه‌ ببینین تا گوێبیستی ڕاو پشتگیری ئێوه‌ بین له‌سه‌ر مافی بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی خه‌ڵكی كوردستان و ڕێگایه‌ك بدۆزینه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشگیری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. ئێمه‌ ئۆرگانێكی مه‌ده‌نین ولۆبی ده‌كه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ مافی خه‌ڵكی كوردستان تا ڕیفراندۆم بكه‌ن و ڕیفراندۆمه‌كه‌ش به‌ فه‌رمی بناسێنرێت و مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان ڕاگه‌یه‌ندرێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، بانگه‌وازی ده‌كه‌ین بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا تا به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌وخۆ له‌ ئه‌ستۆ بگرن بۆ چاودێری كردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی ڕیفراندۆم كه‌ تیایدا خه‌ڵكی كوردستان ئازادانه‌ بتوانن ده‌نگ بده‌ن به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی عیراقدا بمێننه‌وه‌ یان جیاببه‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین كه‌:
 1-نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ فه‌رمی ڕایگه‌یه‌نێت كه‌ ئاماده‌ن چاودێری و سه‌رپه‌رشتی پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌كه‌ بكه‌ن و لیژنه‌یه‌ك له‌ پسپۆڕان پێك بێنن بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگانه‌كه‌و ئاشكراكردنی ئه‌نجامه‌كه‌ی.
2-نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رپرسیارێتی پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت دژی هه‌ر توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی حكومه‌تی عیراق و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ.
 3- نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كاربكه‌ن له‌سه‌ر بڕیاری خه‌ڵكی كوردستان و فشاربخه‌نه‌ سه‌ر حزبه‌ سیاسیه‌كان و حكومه‌تی عیراق تا كار به‌ بڕیاری خه‌ڵكه‌كه‌ بكه‌ن.
هه‌ربۆیه‌، ئێوه‌ ئه‌ركێكی سه‌ره‌كیتان له‌ ئه‌ستۆیه‌ به‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ناجێگیره‌ی كوردستان و هیوادارین ڕه‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌م داواكاریانه‌ی سه‌ره‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بێ هیوایی خۆمان پیشانده‌ین سه‌باره‌ت به‌ ڕازی بوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌فدی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ عیراق له‌سه‌ر ڕیفراندۆم كه‌ له‌ به‌رواری ۲٥ی ته‌مووزی ۲٠۱۷ بڵاوكرایه‌وه‌*١.
ناڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌یه‌ كه‌ دووخاڵ تیشكی خراوه‌ته‌ سه‌ر:
 1_بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌بێ له‌ئه‌نجامی  گفتوگۆ و رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی یه‌وه‌ بێت.
 2_گفت و گۆیه‌كی ئاشتیانه‌ و بنیاتنه‌رانه‌ كه‌ سه‌ربكێشێ بۆ چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عیراقدا.
یه‌كه‌م؛ ئێوه‌ دانتان نه‌ناوه‌ و باسی مافه‌ بنچینه‌یی خه‌ڵكی كوردستانتان نه‌كردووه‌ له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و مه‌رجی پێشوه‌ختتان داناوه‌ كه‌ بریتی یه‌ له‌ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی فیدڕال.
به‌پێی ماده‌ی ٢.١ و ۲ ی گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و و ماده‌ی ۲ی بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی ۱٥۱٤ ی ۱٤كانوونی یه‌كه‌می ۱۹٦٠ و CCPR , ICESCR ، خه‌ڵكی كوردستان مافی بڕیاردانی چاره‌نوسی خۆی هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی قوربانی جینۆساید و داگیركاری بوه‌ له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا. لێره‌وه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا پێویسته‌ به‌ڕاوه‌ستاوی پشگیری له‌و مافه‌ بكات و داوا له‌ حكومه‌تی عیراق بكات ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات.
دووه‌م، حكومه‌تی فیدڕال و ده‌ستوری عیراق له‌ ساڵی ۲٠۱٤ ه‌ لێك هه‌ڵوه‌شاون و له‌ ئێستادا حكومه‌تی عیراق وه‌ك به‌شێك له‌ تایفه‌ی شیعه‌ی سه‌ربه‌ ئێران ڕه‌فتار ده‌كات. ئه‌وان هه‌روه‌ها ڕایان گه‌یاندوه‌ كه‌ بڕیاری ڕیفراندۆم ڕازی نین و نكوڵی ده‌كه‌ن له‌م مافی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌م داواكاریه‌ به‌ لادان له‌ یاساو ناده‌ستوری داده‌نێن.
جیا له‌وه‌ش، ئه‌وان ده‌ڵێن كه‌ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ یاسا شكێننیه‌. كه‌واتا چۆن ده‌كرێت یه‌كێتی ئه‌وروپا چاوه‌ڕێ بكات ئه‌م حكومه‌ته‌ دان به‌ ڕیفراندۆمدا بنێت؟ ئێران دژی ڕیفراندۆمه‌كه‌یه‌، كه‌وایه‌ چۆن ئه‌وان پێی ڕازی ده‌بن؟ ئایا ئێوه‌ هیچ بیرۆكه‌و پلانێكتان هه‌یه‌ تا دڵنیابن له‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق دان به‌و مافه‌دا ده‌نێت و ڕێگه‌ ده‌دات به‌ كرداری خه‌ڵكی كوردستان ئه‌زمونی ئه‌و مافه‌ی خۆی بكات؟
سێیه‌م، ده‌ستوری عیراق چوارچێوه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان چونكه‌ خۆمان ده‌یبینین كه‌ چۆن عیراق له‌ڕووی ئایینی و قه‌ومیه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ۱٤ساڵه‌دا. ئه‌م سیسته‌مه‌ فیدڕالیه‌ خه‌ڵكی عیراقی زیاتر دابه‌شكرد و له‌ هه‌مو كات زیاتربۆشایی نێوان عیراق و كوردستانی فراوانتركرد. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌م ده‌ستوره‌ له‌دژی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و وه‌ك هاوڵاتی پله‌ دوو مامه‌ڵه‌یان ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و عیراق به‌ وڵاتی عربی ده‌زانێت و هیچ كوردێك یان هاوڵاتیه‌كی نا عرب یه‌كسان نین و به‌م پێیه‌ش ناسنامه‌ی وڵاته‌كه‌ هی ئه‌وان نی یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌م ده‌ستوره‌ وه‌ك ئامرازێك دژی ڕیفراندۆم به‌كاردێت چونكه‌ سووره‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق و وتویانه‌ كه‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ له‌ده‌ستوردا نیه‌.
 له‌كۆتاییدا، خه‌ڵكی كوردستان نایه‌وێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی شیعه‌دا بژی و به‌ڵگه‌و ئه‌زمونی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ جیاوازه‌كانی عیراق كه‌ دژی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوون و هه‌ركاتێك هێزی سه‌ربازی دروست بكه‌نه‌وه‌ په‌لاماری كوردستان ده‌ده‌ن. له‌ مێژووی عیراقدا ئێمه‌ شایه‌تحاڵی سێ په‌یماننامه‌ی نێوان حزبه‌ كوردیه‌كان و حكومه‌تی عیراق بووین له‌ ساڵانی ۱۹٥۸، ۱۹۷٠ و ۲٠٠۳.
 له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رله‌نوێ بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بكا و به‌ شیوه‌یه‌كی به‌هێز پشگیری خۆی پیشاندات بۆ ڕیفراندۆم له‌ كوردستانی عیراق. باوه‌ڕمان وایه‌  ڕیفراندۆم ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ بۆ ده‌ربڕینی خواستی خه‌ڵكی كوردستان و بڕیاره‌كه‌یان داهاتوی ئه‌م هه‌رێمه‌ و عیراق پارێزراوتر و جێگیرتر ده‌كات و دووری ده‌خاته‌وه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ شه‌ڕ و توندو تیژییه‌ك.
له‌گه‌ڵ ڕێزدا
ئاسۆ كه‌مال به‌رپرسی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
‏02‏/08‏/2017

Add Comment

Click here to post a comment