ڕیفراندۆم

ئاگاپرێس : ریفراندۆم مافی خەڵکە نەک پارتی. پارتی پێش ڕوخانی بەعس خوازیاری گەڕانەوە بۆ بەغداد بوو

ریفراندۆمى گەلى کوردستان کە بریارە لە 25ى 9ى 2017 ئەنجام بدرێت ،تاوەکو ئێستا یەک هەڵویستى لایەنە سیاسیەکانى بۆ خۆى کۆنەکردۆتەوە ، حزبە سیاسیەکان لەگەڵ بارزانى جگە لە بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى بریاریاندا ریفراندۆم بە ناوچەکانى دەرەوەى کوردستانیش بکرێت ، کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى هەرێمیش ئامادەسازى کردوە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەکە، بەڵام پرۆسەى ریفراندۆم بە قۆناغێکى پر لە ململانێ سیاسى دەروات، بەشێوەیەک حزبەکانى کردوە بە دوو بەشەوە، بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتى مەرجى کارا کردنەوەى پەرلەمانیسان کردۆتە بنەماى سەرەکى ،بارزانیش تاوەکو ئێستا ملى نەداوە بە گەڕانەوەى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکانى بزووتنەوەى گۆڕان ولەکاتێکدا گەورەترین کێشەى سیاسى پۆستەکەى بارزانى خۆیەتى ،بۆ قسەکردن لەسەر ریفراندۆم و ناکۆکى لایەنە سیاسیەکان و چۆنێتى بەشداریکردنى خەڵک و بنەماکانى حکومڕانى ئاگاپرێس ئەم مەلەفە دەکاتەوە هەر جارێک کەسایەتیەک دەدوێنێت .

بۆ وەڵامى پرسیارەکانمان ئەم جارە میواندارى ئاسۆ کەمال روناکبیر و چالاکەوانی مەدەنی دەکەین

 

ئامادەکردنى : جەلال هۆرێنى

ئاگاپرێس :ئێستا کاتى ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆى کوردستان ؟

ئاسۆکمال: بەڵێ ٢٦ ساڵە وەختی رفراندۆمە و تەنیا یەکێتی و پارتی هۆکاری درەنگ خستنی بون. چارەکە سەدەیەکە دەبوایە رفراندۆم بکرایە تاکو بڕیاری لەسەر چارەنوسی کوردستان بدرێ و لەو نادیاریە دەرچێ. حزبە دەسەڵاتدارەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ بڕیاری فیدرالیان دا و شکستیان هێنا لەوەی سەدام حسابیان بۆبکا و دواتریش لە ٢٠٠٣ دوای ڕوخانی بەعس دیسان لە عێراقدا بڕیاری مانەوەیان دا بەبێ ئەوەی دەوڵەتی عێراق حساب بۆ فیدرالیەکەیان بکا. ئێستا کە ئەم فیدرالیە شکستی خواردوە و پارتی دەیەوێ دەوڵەتی دیفاکتۆی خۆی بەدی بێنێ ، ناچار ئەم حزبانە ملیان بە رفراندۆم داوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم هەنگاوەی پارتی و هاتنی یەکێتی و بەشێک لە حزبەکانی تریش بەدوایدا لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکدا نیە، بەڵام رفراندۆم خۆی مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە و دەبێت وەک مافی خەڵک گرنگی پێ بدرێ . پێویستە ئەم رفراندۆمە ئلیزامی بێت و پارتی و یەکێتی پابەندی جێبەجێکردنی دەنگی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ببن. هاوکات دەبێ ئەم رفراندۆمە بەبەشداری نەتەوەیەکگرتوەکان بێت تاکو لە ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدابنرێ و شەرعیەت بدرێ بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانیش لە دوای رفراندۆمدا. هەردژایەتیەکی رفراندۆم بەبیانوی ئەوەی پارتی لە پێناو خۆیدا بەرپای دەکا وەک ئەوە وایە خەڵک فیشەک لە قاچی خۆی بدا و چارەنوسی خۆی جارێکی تر تەسلیمی بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی پارتی و یەکێتی بکا کە وەک ٢٥ ساڵی ڕابردوو لە سایەی بێ دەوڵەتیدا دەسەڵاتی میلیشیایی درێژە پێ بدەن.

ئاگاپرێس :بەبۆچوونى تۆ یەک ریزى نێوماڵى کوردى پێش وەخت رێگایەکە بۆ سەرخستنى ریفراندۆم؟

ئاسۆکمال: ناوماڵی ناسیونالیزمی کورد لەم چارەکە سەدەیەدا یەکڕیز نەبوە مەگەر لەپێناو پێکەوە بەشکردنی دەسەڵات و داهاتدا. هەرکاتێکیش یەکێک لە حزبە دەسەڵاتدارەکان پێویستی بە گۆڕینی هاوسەنگی هێز کردبێ دەستی بۆ هێرش و شەڕ و داخستنی پەرلەمان و هەموو شتێک بردوە . ئەمە لۆجیکی دەسەڵاتدارێتی میلیشیاییە و تاکو ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە سیستەمی زاڵ بێ ناسیونالیزمی کورد یەکڕیزی تیایدا جێگیر نابێ. هەربۆیە رفراندۆم ناکرێ بە یەکڕیزی هێزە میلیشیا ناسیونالیستەکانەوە ببەسترێتەوە و بە پێچەوانەوە دەبێ رفراندۆم بکرێ و دەوڵەتی سەربەخۆ دامەزرێت تاکو خەڵکی کوردستان لەدەست ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە ڕزگاری بێ. مەسەلەی خەڵک یەکڕیزی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە نیە چونکە دەسەڵاتی ئەمانە لەکاتی تاک ئیدارەیی و حکومەتی هاوبەش و حکومەتی بنکە فراوانیاندا تاقیکراوەتەوە و یەکڕیزیان هیچی بۆ خەڵک تێدانیە. گرنگە رفراندۆم بەرپابکرێ و شەرعیەت بە دەوڵەتی سەربەخۆ بدرێ، جا ئەمە تاک حزبیە یان دووانە یان هەموو حزبەکانە گرنگیەکی نیە چونکە تاکو دەوڵەت دانەمەزرێ ئەم بەڵای نایەکڕیزی و یا بەڵای یەکڕیزیەیان لە کۆڵێ خەڵک نابێتەوە و هەردەمەی لایەکیان یەکڕیزی دەکاتە بیانوی ڕێگرتن بە نەخشەکانی ئەوی تریان. ئەم فۆرمۆلەی یەکڕیزیە خۆی بەشێک لە لۆجیکی سیستەمی میلیشیایی لە کوردستان دروست بوە و کاری پێدەکرێ . ئەگەر نا ئەگەر یاسا هەبێت دەبێت ئەم مەسەلانە بەپێی یاسا ببڕێتەوە. بۆنمونە سکۆتلاند کاتێک داوای بەرپاکردنی رفراندۆم دەکا لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێ و ئێتر یەکڕیزی حزبەکانی پێویست نیە. پەرلەمانی سکۆتلاند یان بڕیاریجلەسەر دەدا یان نا. بەڵام لەکوردستان لەبەرئەوەی هیچ کات یاسا دەوری نیە چونکە دەوڵەت نیە ، هەربۆیە کاتێک ئەو حزبانەی ناتوانن خواستەکەی خۆیان بەدەست بێنن داوای یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن . بۆنمونە گۆڕان لەکاتی ڕەشنوسی دەستوردا باسی یەکڕیزی دەکرد و ئەم پرسەی بە پرسی نیشتمانی دەزانی لەبەرئەوەی توانای بەرگرتنی بەم دەستورەی پارتی نەبوو. بەڵام دواتر لە پرسی سەرۆکایەتیدا باسی یاسای دەکرد و خۆی یەکڕیزی نیشتمانی تێکدا! هەربۆیە لە غیابی دەوڵەتدا ناتوانین چاوەڕێی یەکڕیزی نێوماڵی کورد بکرێ و دەبێ ڕادەی بەشداری خەڵکی کوردستان بە پێوەر وەرگرین بۆ شەرعیەتدان بەرفراندۆمەکە و داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان بکەین شەرعیەتی نێودەوڵەتی پێبدا.
پارتی پێویستە ڕیزی ناوخۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و هاوبەشە ئیسلامیەکانی کوردستان لەژێر چەتری باڵادەستی خۆیدا کۆبکاتەوە. ئەم کارەش بۆ هێزێکی بنەماڵەیی و ناوچەگەری وەک پارتی کارێکی سەختە. هەروەها پارتی پیویستی بە پشتیوانی یەکێتیە بەڵام ئەم کارە بۆ یەکێتیش قورسە چونکە دەبێ باڵانسی برابچوکی پارتی و دۆستایەتی ئێران و گۆڕان ڕابگرێ. بەڵام ئەم ڕیگریە سیاسیانە لە چاو بەرژەوەندیەکی ئابوری و سیاسی کە دەوڵەتی سەربەخۆ بە ڕەقیبە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی پارتی دەیبەخشێ قابیلی چارەسەرە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی بەم ناڕەزایەتیانە دەهێنێ کە ئێستا بەم نەخشەیەی پارتی بۆ رفراندۆم هەیە. بەڵام ئەمانە کێشەی خەڵک نیە و هەر کەوتنە دوای شیعارێکی یەکڕیزی نێوماڵی کورد یان دابەشبون بەسەر بەرەکانی پارتی وگۆڕاندا کەوتنە دوای ئەو لایەنانەیە کە جگە لە دژایەتی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵکی کرێکار و ئازادیخوازی کوردستان هیچی تریان نەکردوە و ناکەن.
بزوتنەوەی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان کە لە دەساڵی ڕابردودا دژی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی بەشیوەی جۆراوجۆر لەمەیداندا بوە، دەتوانێ لە مەسەلەی رفراندۆم و سەربەخۆییشدا دەوری گرنگی سەربەخۆیانەی خۆی بگێڕێ و نەکەوێتە دوای هیچ کام لەم دوبەرەی پارتی و گۆڕانەوە و فشاری خۆی بخاتە سەر ئەم پرۆسەیە. هەر جۆرە پاسیڤیزمێک بە بیانوی ئەوەی رفراندۆم و سەربەخۆیی لە بەرژەوەندی پارتیدایە کوشتنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ناڕازیە کە پێویستە لەم پرۆسەیەدا مەرج و خواستەکانی خۆی بسەپێنێ. لەم پرۆسەی رفراندۆم و سەربەخۆییەدا پیویستە بزوتنەوەی فشار لەسەر ئەم حزبانە بە ئاقاری ئەم خواستانەدا بکەوێتە ڕێ.

١ – ئەنجامی رفراندۆم دەبێ دەستبەجێ لەڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد ببرێتە پێش و لەکاتێکی دیاریکراوی ماوە کورتدا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنرێ.

٢ – داوا بکرێ لە نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی رفراندۆم بکا و ڕەسمیەت بە ئەنجامەکەی و دەوڵەتی سەربەخۆ بدا.

٣ – ئامدەکاری بکرێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەستدرێژیەک لەلایەن دەوڵەتی عەبادی یاخود تورکیا و ئێرانەوە.

٤ – رفراندۆم هەموو ناوچە کوردنشینەکان بگرێتەوە و رفراندۆمی تایبەت بەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێم بکرێ کە هەموو دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئازادانە بڕیار بدەن سەبارەت بە پەیوەست بون بە کوردستان یان گەڕانەوەیان بۆ عێراق.

ئەم بزوتنەوە جەماوەری و سیاسیە ئازادیخوازە ئەرکی گرنگی دوای رفراندۆم فشاردانانە لەسەر پارتی و یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی سەربەخۆیی و ڕێگە گرتن لە هەر یاریکردنێک بەم مەسەلەیەوە. هاوکات لە پرۆسەی ڕاگەیاندنی دەستور و دروستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتیشدا گرنگە کە بەشداریەکی جدی بکا بۆ ڕێگەگرتن لەم حزبانە کە هەوڵی سەپاندنی هەمان ڕەشنوسی دەستوری کۆنەپەرستانە دەدەن کە پێشتر ویستویانە و دامودەزگاکا و ئیدارەی پێشوو لەسەر هەمان بنەمای باڵادەستی میلیشیاکانیان دادەنێنەوە. لەم پرۆسەیە دا خەڵک دەتوانن چالاکانە دەور بگێڕن بۆ گۆڕینی سیستەمی میلیشیایی بە سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتو کە بتوانێ ئیرادە و خواست و مافەکانی خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و ئازادیخوازان بەرجەستە بکا. خواستەکانی خەڵک لە ١٧ شوبات و خواستی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی وگەندەڵی و بەڕەسمی ناسینی ئازادیەکانی خەڵک دەتوانێ بکرێتە چوارچێوەی خواستەکانی خەڵک لە دانانی دەستور و دامودەزگای دەوڵەتی سەربەخۆدا.

ئاگاپرێس :ئەم ریفراندۆمەى کوردستان بە ریفراندۆمى پارتى دیموکراتى کوردستان ناودەبرێت ،بۆ بەرژەوەندى حزبى و کەسێتى بارزانى یان ریفراندۆمى میللەتێکە؟

ئاسۆکمال: ڕاستە ئەم رفراندۆمەی سێپتەمبەر پارتی پێشنیاری کردوە بەڵام خودی ریفراندۆم مافی خەڵکە نەک پارتی. پارتی پێش ڕوخانی بەعس خوازیاری گەڕانەوە بۆ بەغداد بوو. من ئەوکات کە سەرپەرشتی کەمپینی رفراندۆم بۆسەربەخۆیی کوردستانم دەکرد لە ڕۆژنامەی “الحیاة” لەوەڵامی مەسعودبارزانیدا وتارێکم نوسی کە لە چاوپێکەوتنێکی ئەو ڕۆژنامەدا وتبوی ڕێگای ئەوان گەڕانەوەیە بۆ بەغداد. بەڵام ئێستا پارتی بەرژەوەندیەکانی لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئەمری واقیعدایە و دەیەوێ لە ڕێگای رفراندۆمێکەوە بگات بەم ستراتیژیە. ئێمە دەبێت دژایەتی رفراندۆم نەکەین لەبەرئەوەی پارتیش لە بەرژەوەندیدایە بەڵکو دەبێ فشار لەسەر یەکێتی و پارتی دابنێین ئەنجامی ئەم رفراندۆمە بۆ هیچی تر بەکارنەهێنن جگە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. سەربەخۆیی ئەگەر ئێستا لە قازانجی پارتیش بێت سبەینێ پارتی دەخاتە ژێرباری پابەندبون بە یاسا و هەلومەرجێکەوە کە ناتوانێ وەک ئێستا بە یاسای چەک و میلیشیا بیسەپێنێ.
هەربۆیە باسکردنی لەوەی کە رفراندۆم و سەربەخۆیی خزمەت بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکا بەڵگە نەویستە و ئەگەر ئەم دوو حزبە بزانن کە ئەم سیاسەت و ستراتیژە لەدژی بەرژەوەندیەکانیانە وەک ڕابردوو لە دژی دەوەستن و لە ئەنجامدانی رفراندۆم پەشیمان دەبنەوە. لە ئێستادا رفراندۆم و سەربەخۆیی خاڵی هاوبەشی نێوان دەسەڵات و خەڵکە و خەڵکی کوردستانیش بەرژەوەندی لەوەدایە کە لەسایەی دەوڵەتێکدا بژی نەک لەسایەی ئۆردوگایەکی میلیشیاکاندا کە هیچ سیستەم و یاسا و ماف و پێوەری هاوڵاتی و هیچ ڕەسمیەتێکی نێودەوڵەتی و هیچ ئایندەیەکی سیاسی و ئابوری دیاریکراوی نیە و هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی دەوڵەتی عێراق و تورکیا و ئێراندایە.
ئەو بۆچونە کە لەم پرۆسەیەدا تەنیا بەرژەوەندی پارتی دەبینێتەوە و بۆیە لە ژێر ناوی دژایەتیکردنی پارتیدا داوای پاسیڤ بونی خەڵک دەکا ڕێگە بۆ پارتی و یەکیتی خۆش دەکا کە بەبێ دەور و دەخاڵەتی خەڵک چیان دەوێ ئەو کارەبکەن. هەربۆیە ئەگەر کەسێک نیگەرانە لەوەی کە ئەم پرۆسەیە بە قازانجی پارتی تەواو نەبێ دەبێ هانی خەڵکی ناڕازی بدا کە خۆیان دەوربگێڕن لە فشاردانان لەسەر ئەم حزبانە کە نەتوانن بە ئارەزوی خۆیان یاری بە رفراندۆم و ئەنجامەکەی و دەوڵەتی سەربەخۆوە بکەن.
هەر پاسیڤ بونێک سەبارەت بە چارەنوسی سیاسی کوردستان هەر چەند لە ڕوکەشدا شۆڕشگێڕانە بێ لە ناوەرۆک و واقیعدا جگە لە تەسلیم بون بە قەدەری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هیچ کارێکی تر ناکا، ئەمە ئەو هەڵوێستەیە پاسیڤیستانەیە کە بزوتنەوەی چەپ و کرێکاری و کۆمۆنیستی بەدرێژایی مێژوو لە کوردستاندا بوەتە مایەی شکستی بەرامبەر بە ناسیونالیزمی کورد و سەرانی عەشیرەتگەر و ناوچەگەری کە بتوانن یاری بە چارەنوسی سیاسی خەڵکی کوردستان بکەن و خواستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بکەنە وەسیلەی وەرگرتنی پلە و پۆست و دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و داهات لە کوردستاندا. ئەمە ئەو دەرسە مێژووییە کە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنسیتی و کرێکاری و ئازادیخوازی نابێ لە مەسەلەی رفراندۆم و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆدا دوبارەی بکاتەوە و دیسانەوە بەدەستی خۆی شکستێکی تری مێژوویی تۆماربکا.

ئاگاپرێس :ئەگەر هەموو حزبەکان نەهاتنە بەرەى ریفراندۆم ئایا دەتاوانین بڵێن ئەمە ریفراندۆکى گەلێکە ؟ ئەگەر ریفراندۆم لە سەدا 98 نەهێنا وەکو ساڵى 2005 ئەمە ماناى ئەوە نیە پارتى بەتەنها ریفراندۆمى ئەنجام داوە؟

ئاسۆکمال: هەروەک لەوەڵامی پریاری دوەمدا باسمکرد لە غیابی دەوڵەتدا ناتوانین چاوەڕێی یەکڕیزی نێوماڵی کورد بکرێ و دەبێ ڕادەی بەشداری خەڵکی کوردستان بە پێوەر وەرگرین بۆ شەرعیەتدان بەرفراندۆمەکە و داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان بکەین شەرعیەتی نێودەوڵەتی پێبدا.

Add Comment

Click here to post a comment