بابەتی هەڵبژاردە

نهێنی ئەم ریفراندۆمە چیە؟

پارتی پرۆژەی ریفراندۆمی دوای ساڵێک کردۆتە ئەمری واقیع پاش ڕاکێشانی یەکێتی. سەیر لەوەدایە ئەوانەی ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام دەدەن دەڵێن کە پابەندنابن بە ئەنجامەکەیەوە، واتە دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن. کەواتە نهێنی پشتی پەردەی بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمە چیە ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیە؟

سەرەتا جێگای سەرسوڕمانە کاتێک باسی ڕیفراندۆم لە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا گەرمە، بەڵام لە ئاستی عێراق و لە لای دەوڵەتی ئەمریکا و بەریتانیا و لە ئاستی نێودەوڵەتی و لای نەتەوە یەکگرتوەکان و تەنانەت لە سەردانەکانی بارزانی بۆ لای سەرکردەی وڵاتانی دەرەوە هیچ باسێكی لێوەناکرێ.
بەپێچەوانەوە مەسەلەیەکی چارەنوسازی وا لەهەر شوێنێکی هاوشێوەی کوردستاندا کراوە، بۆنمونە تەیموری ڕۆژهەڵات، باسوری سودان و تەنانەت سکۆتلاند ئەم باسە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.

ئاشکرایە جیاوازی ئەم ڕیفراندۆمەی کوردستان لەوانەی جیهان، ئەوەیە کە لایەنی داواکاری ڕیفراندۆم لە کوردستان داوای جیابونەوە ناکات تا پیویست بکات سەرەنجی جیهانی بۆ ڕاکێشێت؟
سیاسەتی ڕیفراندۆمی پارتی شاراوە و نادیارە. ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، بەڵام سەربەخۆیی ئامانج و ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە نیە، ئەی کەواتە ئەم ڕیفراندۆمە بۆچیە و لە پێناو چیدایە؟

دیارە مەبەستی پارتی و یەکێتی لە ریفراندۆمێکی نافۆرماڵ و ناڕەسمی نیە و ئەگەر ریفراندۆم هەر بۆ دەرخستنی ڕای خەڵکی کوردستان بێ لەسەر سەربەخۆیی ئەوا لە ئەم کارە لە ساڵی ٢٠٠٥کراوە ولەسەدا٩٨،٥ خەڵکی کوردستان دەنگی بەسەربەخۆیی داوە و دیسانەوە پیویست بەدووبارەکردنەوەی ریفراندۆمێک نیە کە بڕیاری ریفراندۆمەکە جێبەجێ نەکرێ.
بەڵام ئەگەر ریفراندۆمێکی ڕەسمی دەکرێ ئەوا پێویستە ئەم حزبانەی کە پێشنیاری ریفراندۆمیان کردووە پێویستە بەرنامەی ڕیفراندۆمەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی وەک نەخشەڕێگا و بەرنامەیەک بخەنەڕوو، وە ماوەی ٦مانگ دیاری بکرێ لەکوردستان تاکو هەموو حزب و رێكخراوە و گروپ و کەسێک مافی ئەوەی هەبێت لەو پرۆسەیەدا بەشداری بکا و ئازادانە بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆی بکا.
هەروەک حزبی نیشتمانی سکۆتلەند کاتێ داوای ڕیفراندۆمی کرد ئەو حزبە بەرنامەی خۆی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند خستەڕوو کە لەباری ئابوری و سیاسییەوە چی دەکا؟ مەسەلەی دراو و پەیوەندی لەگەڵ بەریتانیاچی لێ دەکا؟ پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپاوە چی لێ دێت؟ لەسەر نەوت وزۆر مەسەلەی تر چی دەکا؟ وەبەکورتی نەخشەڕێگای سکۆتلەندی سەربەخۆی ئاشکراکرد و بانگەشەی بۆکرد تا خەڵک بزانن لەو ڕیفراندۆمەدا بۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدەن؟ یاخود باشوری سودان بڕیاری ڕیفراندۆمی بەپێی لەپێشەوە ڕێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی سودان کرد کە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی دەنگی هێنا جیادەبێتەوە و هەموو چارەسەری کێشەو مەسەلەکانی ئەم ماوەی گواستنەوە و ئینتقالیە بەڕیکەوتنی نوسراو ولەژێرچاودێری نێونەتەوەییدا ئەنجام دا.

ڕیفراندۆم ئەگەر بڕیاری خەڵکە لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان. پێویستە پارتی و یەکێتی ئەو بەرنامەیە نیشانی خەڵک بدەن کە چەند کات پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک بڕیاری ریفراندۆمەکە و وە بۆچی ئەو ماوەیەی پێویستە و لەگەڵ کێدا ڕێکدەکەون لەسەر ئەو کاتە؟ لەگەڵ‌ حکومەتی عێراق چی دەکەن؟ کێشەی نەوت و گازی عێراق و کوردستان و کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و سنور چۆن چارەسەر دەکەن؟ لەگەڵ تورکیا و ئێران و نەتەوە یەکگرتوەکان چی دەکەن؟

لە نادیاری ئەم بەرنامەی سەربەخۆییەدا و شاراوەیی ئامانج لە بەرپاکردنی ئەم ڕیفراندۆمەدا، بارزانی پار ڕایگەیاند “سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ دەكات”.
بەم شێوەیە بارزانی پێمان دەڵێ کە مەبەست لەڕیفراندۆم سپاردنی کارتی سەربەخۆیی کوردستانە بەدەست “سەرکردایەتی سیاسی کوردستان (بێگومان لە ئیستادا پارتی دیموکراتی کوردستانە)” تاکو بەپێی بەرژەوەندی ئەم حزبە ببێتە مایەی یاریکردن لەسەر پەتی ئەم سیناریۆ و هاوپەیمانی و نەخشانەی لەناوچەکەدا هەن و بەم پێیە جێگا و ڕێگا و ستراتیژی پارتی و بارزانی مسۆگەر بکا. مێژووی سەدەیەک لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە دژی داگیرکەرانی ئینگلتەرە، ڕژێمی پاشایەتی، قاسم، سەلام و بەعس پێویستە ئەوەی لای خەڵک ڕۆشنکردبێتەوە کە داواکانی خەڵک بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کراوەتە لیستێک لە داواکاری پلەوپۆست و پارە و ڕەسمیەتدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی و میلیشیایی ئەم “سەرکردایەتیە سیاسیەی کوردستان” لەژێر ناوی جۆراوجۆری لامەرکەزی، حوکمی زاتی و فیدرالیدا. ئێستاش لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە کارتی سەربەخۆیی بۆ هەمان ئامانج و بەهەمان مەبەست بەکاردەهێنرێ و هیچ کات بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەیەکجاری کۆتاییهێنانی ئەم چارەنوسە سیاسیە نایەت. ئەمە نهێنی پشتی پەردەی ڕیفراندۆمێکە کە پابەندنیە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانەوە.

لای ئۆپۆزسێۆنی گۆڕان هەموو خراپەکارییەکانی دەسەڵات بەهۆی “خواردنی سێوی پەرلەمانەوە” بوە و لێرەش هەر شینی ئەوە دەکا کە ڕیفراندۆم تا پەرلەمانەکە لەگۆڕ نەیەتەوە دەرێ حەڵال نیە. کوردستان لە چارەکە سەدەیەکی خودموختاری خۆیدا بە ڕێکەوت ناوبەناو پەرلەمانێکی بێ سەر و زمانی بووە و هەمیشە بڕیار بەدەستی یەکەم “سەرکردایەتی سیاسی”بووە و هیچکام لە دۆستە دیموکراسیەکانی جیهانیش کێشەیان لە پەکەوتنی “پەرلەمانی کوردستان” نەبووە. کردنی سیاسەتی ڕیفراندۆم بە ئەمری واقیعی کوردستان نیشانی دەدا کە پرۆسەی دیموکراسی و پەرلەمانی لە کوردستان هیچ دەور و نەخشێکی لەسەر دیاریکردنی کوردستان نیە و پارتی ئەو هێزەیە لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە دەیەوێ یەکێتی و حزبەکانی کوردستان بخاتە بەردەم ئەمری واقعی “کارتی سەربەخۆیی”یەوە .

پارتی بەم کارتە لەلایەک کاریگەری میحوەری شیعە و ئێران بەرتەسک دەکاتەوە لە کوردستاندا و لەلایەکی ترەوە باڵا دەستی خۆی نیشانی تورکیا و ئەمریکا دەدا. لەسەروی ئەمانەشەوە ڕوخساری مەسەلەی قەیرانی سیاسی لە کوردستان لە پۆستی سەرۆکایەتی و داخستنی پەرلەمانەوە دەگۆڕێ بۆ شەڕی چارەنوس و سەربەخۆیی . هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک لەلایەن یەکێتی و بەڕێکخستنی ڕیفراندۆم لەلایەن پارتیەوە ئەو گیانە ناسیونالیستیە دەکاتەوە بەبەر ئەم دەسەڵاتەیاندا کە دەنگی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و هەژاری کزدەکا.

ئەم ڕاستیانەی سەرەوە ئەو ڕاستیە دەخەنە ڕوو کە بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی کوردستان یاریکردنێکە بە عەقڵ و مەزاجی خەڵکی کوردستان و سیاسەتێکە کە یاریکردنە لەسەر حسابی مافی بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنوسی خۆی کە دەمێکە دەبوایە وەک خەڵکی کوردستان خۆمان ڕیفراندۆم و سەربەخۆیمان ئەنجام بدایە و نەمان هێشتایە ئەم مافەش وەک باقی ژیانمان بکرایەتە یاری و دیاری دەسەڵات.

Add Comment

Click here to post a comment